راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌نباردا
شه‌ڕی‌ داعش به‌بێ‌ پشتیوانی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كان قورستر بووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تائێستا خه‌ڵكی‌ شاره‌كانی‌ ئه‌نبار ئاماده‌نین پشتیوانی‌ سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن، بۆیه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش زۆر زه‌حمه‌تتر بووه‌.
14.04.2016  |  به‌غدا
الانبار  ( :وێنه احمد الربيعي )
الانبار ( :وێنه احمد الربيعي )

دوای‌ دوو ساڵ له‌شه‌ڕی‌ داعش، هێشتا ئه‌و گروپه‌ به‌ به‌هێزی‌ ماوه‌ته‌وه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق‌و هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌بێ‌ پاڵپشتی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ری‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ شه‌ڕه‌كه‌ درێژخایه‌ن بووه‌و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا به‌بێ‌ كێشه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌.

 

سوپای‌ عێراق به‌هاوكاری‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان توانی‌ پاش شه‌ڕێكی‌ قورس هه‌ردوو شاری‌ رومادی‌‌و هیت له‌داعش بسه‌نێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا زۆر شاری‌ تر ماون ئازاد بكرێن‌و ئه‌وانه‌شی‌ ئازادكراون چه‌ندین كێشه‌ی‌ ئه‌منی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییان تێدایه‌ كه‌ هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌مه‌ترسی‌ داعش.

 

له‌وه‌ ده‌چێت وه‌ك پێویست ئاماده‌كاری‌ نه‌كرابێت بۆ شه‌ڕی‌ داعش، چونكه‌ ده‌ركه‌وت به‌ته‌نها هێزی‌ سه‌ربازی‌‌و تانك‌و فرۆكه‌ ناتوانن شه‌ڕه‌كه‌ ببنه‌وه‌ به‌بێ‌ پشتیوانی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌و عه‌شیره‌ته‌كان‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ لۆكاڵییه‌كان.

 

به‌راورد به‌و شه‌ڕه‌ی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا ساڵانی‌ پێشوو به‌رامبه‌ر قاعیده‌ به‌ڕێوه‌یان برد، ئه‌م شه‌ڕه‌ی‌ ئێستای‌ داعش قورستره‌و كاتی‌ زۆرتری‌ ده‌وێت، ئه‌وكات سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر قاعیده‌دا زۆر ئاسانتر بوو.

 

سه‌لمان مه‌حلاوی‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ شاری‌ قائیم له‌خۆرئاوای‌ ئه‌نبارو سه‌ر سنوری‌ سوریا، ئه‌ندامانی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ له‌هه‌زاران كه‌س پێكدێن‌و به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ به‌یعه‌تیان به‌داعش داوه‌، به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك مه‌حلاوی‌ یه‌كێك بوو له‌دیارترین سه‌ركرده‌ی‌ سه‌حوه‌كان كه‌ له‌دژی‌ قاعیده‌ شه‌ڕیان ده‌كرد‌و توانیان له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ریان بپه‌ڕێنن.

 

مه‌حلاوی‌‌و زۆربه‌ی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ تر خۆیان به‌بێ‌ تاوان ده‌زانن‌و له‌وه‌ ده‌ترسن له‌لایه‌ن عه‌شیره‌ته‌كانی‌ تره‌وه‌ تۆڵه‌یان لێبكرێته‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ داعش به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كانیاندا بگرێت.

 

له‌سه‌ردانێكی‌ نهێنیدا مه‌حلاوی‌ سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ بۆ حكومه‌ت باس بكات، له‌و كاته‌دا به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كێك بووم له‌و كه‌سه‌ دیارانه‌ی‌ شه‌ڕی‌ قاعیده‌م ده‌كردو به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ئه‌ندامانی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌م كوژران، به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك توانیمان ئاسایش بۆ شاری‌ قائیم بگێڕینه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ئێمه‌ به‌رپرس نین له‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌مان كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش‌و حكومه‌ت‌و ئه‌وه‌ش ده‌زانێت، من له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆم دانیشتبووم كاتێك هه‌واڵم بۆ هات كه‌ سوپا پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌و داعش هاتووه‌، ته‌له‌فۆنم كرد بۆ ئه‌فسه‌رێك كه‌ په‌یوه‌ندی‌ باشم له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌، ئه‌و وتی‌ فه‌رمان له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ ده‌بێ‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ین، هه‌موانیش ده‌زانن عه‌شیره‌ته‌كان به‌ته‌نها شه‌ڕی‌ داعشیان پێ‌ ناكرێت".

 

دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌كه‌وتنی‌ قائیم، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن چه‌كدارانی‌ داعش مه‌حلاوی‌‌و چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی‌ تریان ده‌ستگیر كردووه‌و له‌باڵه‌خانه‌یه‌كدا له‌ناوه‌ڕاستی‌ شار كۆیان كردوونه‌ته‌وه‌و ناچاریان كردوون به‌یعه‌ت به‌داعش بده‌ن، ئه‌وانیش بۆ پاراستنی‌ ئه‌ندامانی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌یان ناچاربوون شه‌ڕی‌ داعش نه‌كه‌ن، شه‌وێك له‌شه‌وانی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2014 مه‌حلاوی‌ توانیوێتی‌ به‌ره‌و ئه‌رده‌ن هه‌ڵبێت.

 

به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ له‌و كاته‌ی‌ له‌ئه‌رده‌ن بووه‌، مه‌حلاوی‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ كراوه‌و ئه‌ویش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ شه‌ڕی‌ داعش بكات ته‌نها پاڵپشتی‌‌و چه‌كی‌ پێویسته‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ چه‌كدارای‌ عه‌شایه‌ری‌ رێككه‌وتوون، به‌ڵام دواتر ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ستیان لێ‌ به‌رداون.

 

مه‌حلاوی‌ ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت حكومه‌تی‌ عێراقیش به‌نهێنی‌ دانوستانی‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان ئه‌نجامدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش، به‌ڵام حكومه‌ت جدی‌ نه‌بوو".

 

به‌بۆچوونی‌ مه‌حلاوی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و ئه‌مه‌ریكا رێگا سه‌خته‌كه‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعشیان هه‌ڵبژاردووه‌، چونكه‌ به‌بێ‌ پاڵپشتی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ كات‌و تێچوونی‌ زۆری‌ ده‌وێت‌و كاولكاریی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت "پێشووتر شه‌ڕی‌ كۆڵانه‌و كۆڵانمان له‌گه‌ڵ قاعیده‌ كردو تیایدا سه‌ركه‌وتوو بوین، چونكه‌ شاره‌زایمان له‌ناوچه‌كانی‌ خۆماندا هه‌یه‌".

 

ناكۆكی‌ هۆزه‌كان

ئه‌مڕۆ له‌ئه‌نبار دابه‌شكارییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ر دوو به‌ره‌، كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م دابه‌شكارییه‌ش له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ ئه‌و ده‌مه‌ سه‌ركرده‌ی‌ سه‌حوه‌كانی‌ گۆڕی‌ به‌چه‌ند كه‌سێكی‌ نزیك له‌حكومه‌ت بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ ئه‌نباردا جه‌ماوه‌ریان هه‌بێت.

 

به‌ره‌ی‌ یه‌كه‌م له‌و عه‌شیره‌تانه‌ پێكهاتوون كه‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن‌و به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كانی‌ حه‌دیسه‌و رومادی‌‌و به‌غدادیان كرد، ئه‌وانیش پێكهاتوون له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ "بو نمر، بو فه‌هد، بو عه‌لوان، بو عوبێد، بو محه‌ل"، به‌ره‌ی‌ دووه‌میش چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی‌ هه‌مان ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی‌ تێدایه‌، به‌ڵام داعش ناوچه‌كانی‌ كۆنترۆڵكردوون‌و وایكردووه‌ تۆمه‌تباربن به‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌كه‌ن.

 

عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار به‌خواستی‌ خۆیان هه‌ڵیاننه‌بژاردووه‌ كه‌ له‌پاڵ حكومه‌تدا بن یان دژی‌ بن، به‌ڵكو جموجۆڵه‌كانی‌ سوپا له‌و پارێزگایه‌ وایكرد به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌شبن، بۆ نموونه‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپا له‌ناوچه‌كانی‌ عانه‌و راوه‌و قائیم‌و هیت له‌مانگی‌ ئابی‌ 2014 به‌بێ‌ به‌رگری‌ به‌و پێیه‌ی‌ پێیان وابوو شاری‌ گرنگ نین، وایكرد عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌سه‌ر داعش حیساب بن.

 

به‌هه‌مان شێوه‌ مانه‌وه‌ی‌ سوپا له‌شاره‌كانی‌ حه‌دیسه‌و به‌غدادو رومادی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ گه‌وره‌ی‌ تێدایه‌ وه‌ك به‌نداوو وێستگه‌ی‌ كاره‌باو سه‌ربازگه‌، وایكرد عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌م ناوچانه‌ بچنه‌ پاڵ حكومه‌ت، چه‌ند عه‌شیره‌تێكیش له‌ناو شاره‌كاندا مانه‌وه‌‌و بێلایه‌نیان هه‌ڵبژارد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌یانتوانی‌ شه‌ڕی‌ داعش بكه‌ن.

 

ئه‌حمه‌د كوبه‌یسی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌هه‌ولێر ده‌ژی‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان چه‌ند مانگێكیان ویست تا روماد‌و هیت‌و كوبه‌یسیان ئازادكرد، كه‌چی‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئێمه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا ئه‌و شارانه‌مان له‌قاعیده‌ پاككرده‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاوها كاول بكرێن".

 

كوبه‌یسی‌ ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانی‌ عه‌شیره‌ته‌كانیان بكردایه‌و چه‌ك‌و موچه‌یان پێبدانایه‌، ئه‌وا ئازادكردنی‌ شاره‌كان زۆر خێراترو ئاسانتر ده‌بوو، چونكه‌ چه‌كدارانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیاندا شاره‌زان‌و ده‌توانن زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ كۆبكه‌نه‌وه‌".

 

جاران چه‌كدارانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌یه‌ك كاتدا سێ‌ كاری‌ گرنگیان ئه‌نجام ده‌دا، شه‌ڕی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانیان ده‌كردو زانیاری‌ هه‌واڵگرییان كۆده‌كرده‌وه‌ ده‌یاندا به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌یانتوانی‌ ئاسایش له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا بسه‌پێنن، به‌ڵام وه‌ك كوبه‌یسی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ ناوازه‌یه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سوپا زانیاریی‌ هه‌واڵگری‌ پێویستی‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.

 

نه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و نه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌یانتوانی‌ بڕوا به‌گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان بهێنن كه‌ بچنه‌ پاڵیان بۆ شه‌ڕی‌ داعش، هه‌رچی‌ ئه‌و دانوستانانه‌ش كه‌ له‌هه‌ولێر‌و ئه‌رده‌ن‌و توركیا‌و وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌ڕێوه‌چوون، سه‌رجه‌میان شكستیان هێنا.

 

ئێستا پێنج گروپی‌ چه‌كداری‌ سوننه‌ی‌ كاریگه‌ر هه‌ن كه‌ بریتین له‌"ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ شۆڕشگێڕان" كه‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوان ده‌یان عه‌شیره‌تی‌ سوننه‌یه‌، هه‌روه‌ها "سوپای‌ ئیسلامی‌"‌و "سوپای‌ موجاهیدین"‌و "كه‌تائب سه‌وره‌ عه‌شرین"‌و "سوپای‌ راشیدین".

 

ئه‌م گروپانه‌ پشتگیری‌ پرۆژه‌ی‌ سه‌حوه‌كانیان كردو ده‌یان چه‌كداریان چوونه‌ ناویه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ حكومه‌ت رایگه‌یاند "گاردی‌ نیشتیمانی‌" پێكده‌هێنێت به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌م گروپانه‌ پشتیوانیان كرد، به‌ڵام حكومه‌ت پرۆژه‌كه‌ی‌ نه‌برده‌ سه‌ر.

 

زیاده‌ڕه‌وی‌ له‌توندوتیژیدا

یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی‌ وایكردووه‌ هێزه‌ لۆكاڵییه‌كان پشتیوانی‌ سوپا نه‌كه‌ن، ئه‌و رێوشوێنه‌ تونده‌یه‌ كه‌ داعش گرتوویه‌تیه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌نێوان عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان‌و حكومه‌تدا دروست نه‌بێت، ئه‌ویش به‌به‌كارهێنانی‌ زه‌برو زه‌نگ.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو داعش وێنه‌و ڤیدیۆی‌ له‌سێداره‌دانی‌ پێنج كه‌سی‌ له‌ئه‌نبار بڵاوكرده‌وه‌ به‌بیانووی‌ سیخوڕیكردن بۆ حكومه‌ت، له‌نێو ئه‌وانه‌دا هه‌رزه‌كارێكی‌ ته‌مه‌ن 15 ساڵ هه‌بوو.

 

داعش هه‌ر پێنج كه‌سه‌كه‌ی‌ له‌قاچه‌وه‌ به‌دارێكدا هه‌ڵواسی‌ كه‌ له‌پشته‌وه‌ ده‌ستیان به‌سترابۆوه‌، به‌و شێوه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر فیشه‌ك نرا به‌سه‌ریانه‌وه‌و دواتر له‌سه‌ر وێنه‌كانی‌ نوسیبوو "ئه‌مه‌ چاره‌نووسی‌ سیخوڕه‌كانه‌".

 

داعش باش له‌مه‌ترسی‌ هێزی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌و عه‌شیره‌ت‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كان تێده‌گات‌و نایه‌وێت هه‌مان چاره‌نووسی‌ قاعیده‌ی‌ هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌وته‌ كوشتوبڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ بترسێنێت.

 

فالح عیساوی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش متمانه‌ی‌ به‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و شارانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌زانێت خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ رازی‌ نین‌و ده‌یانه‌وێت رزگاریان ببێت".

 

عیساوی‌ ده‌شڵێت "داعش كۆمه‌ڵكوژی‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ ئه‌نبار ئه‌نجامداوه‌ كه‌ له‌نێویاندا خه‌ڵكی‌ عه‌شیره‌ته‌كان هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت ته‌رمه‌كانیشی‌ شێواندوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بترسێنێت‌و زانیاری‌ له‌سه‌ر نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌".

 

گروپه‌ چه‌كداره‌ سونییه‌ میانڕه‌وه‌كان رازی‌ نه‌بوون به‌یعه‌ت به‌داعش بده‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ چه‌ندین شه‌ڕی‌ قورس بوونه‌ته‌وه‌ له‌فه‌لوجه‌و هیت كه‌ سه‌ره‌نجام داعش تیایاندا براوه‌ بووه‌‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپانه‌ هه‌ڵهاتوون.

 

پاراستنی‌ شاره‌ ئازادكراوه‌كان

نه‌بوونی‌ هێزی‌ پێویستی‌ لۆكاڵی‌ كاری‌ خراپی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر توانای‌ حكومه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ شاره‌ ئازادكراوه‌كان پێویستیان به‌وه‌یه‌ هێزیان تیا بێت تا بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ دروست نه‌بێت‌و داعش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هێزه‌ لۆكاڵیانه‌ش بونیان نییه‌، بۆیه‌ سوپا ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینێت.

 

بوونی‌ سوپا له‌ناو شاره‌كاندا وایكردووه‌ توانایان كه‌م ببێته‌وه‌، چونكه‌ له‌بری‌ سه‌رقاڵبونیان به‌ڕاونانی‌ داعش، ناچارن پارێزگاری‌ له‌و شارانه‌ بكه‌ن كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستیان‌و رۆڵی‌ پۆلیسیش بگێڕن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ ئه‌نبار، هه‌رچی‌ حكومه‌تیشه‌ زۆر هێواش پرۆسه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌پۆلیسدا به‌ڕێوه‌ ده‌بات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ پێیان نییه‌.

 

ئه‌حمه‌د عه‌یفان فه‌رمانده‌ی‌ گروپێكی‌ بچووكی‌ چه‌كدارانی‌ عه‌شایه‌ره‌ له‌رومادی‌ كه‌ حكومه‌ت پاڵپشتی‌ ده‌كات، به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویستمان به‌خۆبه‌خشی‌ زیاتره‌، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ده‌رگا بۆ خۆبه‌خشه‌كان بكاته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌زانین هه‌زاران كه‌س هه‌ن ئاماده‌ن داعش له‌شاره‌كانیاندا ده‌ربكه‌ن".

 

له‌ساڵانی‌ 2006و 2007 ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ سه‌حوه‌كان گه‌یشته‌ 30 هه‌زار كه‌س كه‌ سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌عه‌شیره‌ته‌كان بوون‌و عه‌بدولستار ئه‌بو ریشه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بردن، هێزێكی‌ پڕ چه‌ك بوون‌و موچه‌یه‌كی‌ باشیان هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك عه‌یفان ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ ژماره‌یان له‌پێنج هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕ ناكات‌و چه‌كه‌كانیان خراپه‌و موچه‌یان كه‌مه‌.

 

شاری‌ رومادی‌ كه‌ دوو مانگه‌ پاككراوه‌ته‌وه‌ تائێستا كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ تێدایه‌، رێژه‌ی‌ كاولكاریی‌ خانوو دامه‌زراوه‌ حكومی‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ 80% به‌هۆی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ قورسه‌ی‌ تیایاندا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئه‌و ساڵانه‌ی‌ قاعیده‌ له‌وێ‌ ده‌ركرا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شاره‌كان كاول نه‌بوون.

 

تێبینی‌: ناوی‌ "سه‌لمان مه‌حلاوی‌" ناوی‌ خوازراوی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكه‌ كه‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌‌و له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ نه‌نوسراوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌