راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دۆسێی‌ شوێن بزربووه‌كان
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌پڕ گۆڕو زیندان هه‌ڵیان ده‌لوشێت

ئیبراهیم ساڵح
شتێكی‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نجێكی‌ به‌غدایی‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌و نه‌یه‌ته‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ هیچ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسیه‌وه‌ بزانن.
28.04.2016  |  به‌غدا
له‌پشت دیواری‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌یان كه‌س شوێنبزر بوون ( :وێنه كامران نجم )
له‌پشت دیواری‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌یان كه‌س شوێنبزر بوون ( :وێنه كامران نجم )

رۆژی‌ 9ی‌ نیسان ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو كه‌ جلی‌ فه‌رمیان له‌به‌ردا بوو كه‌سێكی‌ به‌ره‌گه‌ز سۆدانیان له‌جێیه‌كی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا له‌به‌رچاوی‌ خه‌ڵكدا رفاند‌و بردیان بۆ شوێنێكی‌ نادیار.

 

خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ تائێستاش نازانن رفێنراوه‌كه‌ چی‌ به‌سه‌رهاتووه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌ زوو زوو دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌‌و خه‌ڵكی‌ ده‌ڕفێنرێن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دواتر هیچ له‌باره‌یانه‌وه‌ بزانرێ‌.

 

ساڵانی‌ 2006و 2007 له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ دیارده‌ی‌ رفاندن به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌به‌غدا هه‌بوو، ئه‌و خێزانانه‌ی‌ به‌ختیان هه‌بوو دواتر چاره‌نووسی‌ رۆڵه‌كانیان ده‌زانی‌ یان ته‌رمه‌كانیان ده‌دۆزینه‌وه‌ یاخود بۆیان ئاشكرا ده‌بوو كه‌ له‌زینداندان، به‌ڵام به‌هه‌زاران خێزانی‌ تر تائێستاش چاوه‌ڕێی‌ شوێن بزربووه‌كانیان ده‌كه‌ن.

 

له‌شانزه‌ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ ئیكتیمال ته‌ها هیچ شتێك له‌باره‌ی‌ وه‌لیدی‌ كوڕه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ نازانێت كه‌ به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ماڵ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

 

وه‌لید كه‌ شۆفێری‌ ته‌كسییه‌ وه‌ك هه‌موو رۆژانێكی‌ تر به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان له‌ناوچه‌ی‌ ئه‌عزه‌مییه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا جێهێشتووه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی‌ رۆژانی‌ تره‌وه‌ بۆ ئێواره‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

 

له‌و رۆژه‌وه‌ تائێستا دایكی‌ وه‌لید چاوه‌ڕێی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كوڕه‌كه‌یه‌تی‌‌و بێهیوا نه‌بووه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ژیاندا ماوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رگا نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ باوكی‌ وه‌لیددا لێی‌ نه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ شتێكیان ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام نه‌ لای‌ پۆلیس‌و نه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان هیچیان زانیوه‌و نه‌ كه‌سیش به‌ناوی‌ رفێنه‌رانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ كردوون.

 

به‌چاوی‌ پڕ له‌گریان‌و به‌ده‌م دوعاكردنه‌وه‌ دایكی‌ وه‌لید ده‌ڵێت "هێشتا بڕوام وایه‌ وه‌لید ماوه‌و هه‌وا هه‌ڵئه‌مژێت، هه‌مووان پێم ده‌ڵێن تازه‌ وه‌ك مردوو حیسابی‌ بۆ بكه‌م، به‌ڵام دڵم بڕوا ناهێنێت‌و ده‌زانم به‌م زوانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

 

هه‌رچی‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولوه‌هابی‌ باوكی‌ وه‌لیده‌ پێی‌ وایه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌لای‌ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ سه‌ر به‌حكومه‌ت به‌نده‌، هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌و رۆژه‌وه‌ روو ده‌ده‌ن تائێستا، زیاتر دڵنیای‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌و بۆچوونه‌.

 

ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "دواجار كه‌ په‌یوه‌ندیم به‌وه‌لیده‌وه‌ كرد رۆژی‌ دیار نه‌مانی‌ بوو، كاتێك تا كاتژمێر 10ی‌ شه‌و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، به‌ڵام ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ داخرابوو".

 

درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "دوای‌ نزیكه‌ی‌ دوو كاتژمێر توانیم په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ بكه‌مه‌وه‌و قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌م، پێی‌ وتم سه‌لامه‌ته‌و به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ له‌و نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و كه‌مێكی‌ تر دێته‌وه‌".

 

باوكی‌ وه‌لید بڕوای‌ به‌قسه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ نه‌هێناوه‌، چونكه‌ له‌و ده‌نگه‌ی‌ له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌یه‌وه‌ بیستوویه‌تی‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا نییه‌و له‌شوێنێكی‌ بێده‌نگه‌.

 

ده‌شڵێت "به‌ وه‌لیدم وت هۆڕینی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ لێبدات، به‌ڵام وتی‌ كاتی‌ گونجاو نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر گومانم كرد".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌پاش ئه‌و رۆژه‌وه‌ هیچی‌ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسی‌ وه‌لیده‌وه‌ نه‌زانیوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بنكه‌كانی‌ پۆلیس‌و نه‌خۆشخانه‌كه‌ی‌ بۆ گه‌ڕاوه‌، ته‌نانه‌ت چووه‌ته‌ پزیشكی‌ دادوه‌ریش بۆ ته‌رمه‌كه‌ی‌، به‌ڵام بێئه‌نجام بووه‌.

 

باوكی‌ وه‌لید به‌دووری‌ ده‌زانێت كوڕه‌كه‌ی‌ رفێندرابێت، چونكه‌ كه‌س په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ی‌ نه‌كردووه‌ تا داوای‌ پاره‌ی‌ لێبكات، پێشی‌ وانییه‌ كوژرابێت، چونكه‌ كوڕێكی‌ بێ كێشه‌یه‌و دوژمنی‌ نییه‌.

 

عه‌بدولوه‌هاب هه‌موو هیوای‌ به‌وه‌یه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌لای‌ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ بێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ ناسیاوێكی‌ بۆی‌ باس كردووه‌ كه‌ ناوه‌ ناوه‌ حاڵه‌تی‌ له‌و شێوه‌یه‌ رووده‌دات، به‌ڵام لیستی‌ هه‌موو گرتوخانه‌كانیش گه‌ڕاوه‌ هه‌ر ناوی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ نه‌بووه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ زیاتر باوكی‌ دڵنیا كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژی‌ دیارنه‌مانی‌ وه‌لید ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر رێوشوێنێكی‌ ئه‌منی‌ تونددا بووه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ موسڵ‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش.

 

چیرۆكی‌ وه‌لید له‌چیرۆكی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تر ده‌چێت كه‌ ساڵانی‌ رابردوو هه‌مان رووداویان به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئیبراهیم سامه‌ڕایی‌ كه‌ ساهیره‌ ئیبراهیمی‌ دایكی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌مانگی‌ ته‌موزی‌ ساڵی‌ 2006 دووكه‌س به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ئۆتۆمبێلێكی‌ سه‌ربازی‌ دابه‌زیون‌و بردویانه‌، ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ هیچی‌ له‌باره‌وه‌ نه‌زانیوه‌.

 

دایكی‌ ئیبراهیم هه‌موو بنكه‌كانی‌ پۆلیس‌و گرتوخانه‌كان گه‌ڕاوه‌، به‌ڵام ناوی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ڵێت له‌ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ كه‌ناڵێكی‌ لۆكاڵی‌ له‌باره‌ی‌ زیندانییه‌كانه‌وه‌ په‌خشی‌ كردووه‌، وێنه‌ی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ بینیوه‌، به‌ڵام وێنه‌كه‌ زۆر روون نییه‌و ناتوانێ‌ ته‌واو دڵنیا بێت.

 

حاڵی‌ خالیدو ئیبراهیم فه‌وزی‌ به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، ئه‌و دوو برایه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی‌ په‌نجا كه‌سی‌ تردا له‌ناوچه‌ی‌ سه‌یدییه‌ی‌ به‌غدا له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2005ه‌وه‌ دیار نه‌ماون‌و كه‌سوكاره‌كه‌یان هیچیان له‌باره‌وه‌ نازانن.

 

خێزانه‌كه‌ی‌ خالیدو ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كوڕه‌كانیان له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك به‌جل‌و به‌رگ‌و ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ گیراون كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و به‌دوای‌ گومالێكراوی‌ سه‌ر به‌گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا گه‌ڕاون.

 

به‌هۆی‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا پێیان وایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ ده‌ست رۆیشتووه‌كان له‌پشت كاره‌كه‌وه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌زگا نهێنییه‌كان زۆربه‌ی‌ جار به‌بیانووی‌ لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ ئاماده‌ نین هیچ زانیارییه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ن.

 

دایكی‌ عه‌لی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ختی‌ هه‌بووه‌و دوای‌ دوو ساڵ سه‌ره‌داوێكی‌ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسی‌ كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، چیرۆكه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2007 كاتێك عه‌لی‌ له‌بازاڕ بووه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویداوه‌و هێزێكی‌ ئه‌منی‌ چی‌ گه‌نج له‌و ناوه‌دا هه‌بووه‌ ده‌ستگیریان كردووه‌ به‌عه‌لیشه‌وه‌.

 

دوای‌ دوو ساڵ له‌گه‌ڕان دایكی‌ عه‌لی‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی‌ وتاربێژی‌ مزگه‌وتێكی‌ ناوچه‌ی‌ غه‌زالییه‌ بووه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌گرتوخانه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆیه‌‌و گومانی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بووه‌ ده‌ستی‌ له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا هه‌بووبێت، به‌ڵام دوای‌ چوارساڵ ئازادكراوه‌.

 

دایكی‌ عه‌لی‌ ده‌ڵێت "كه‌م كه‌س وه‌ك من به‌ختی‌ هه‌یه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ده‌ست بكه‌وێته‌وه‌، له‌رۆژی‌ ئازادكردنیه‌وه‌ هیچ رۆژێك ناهێڵم به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌".

 

به‌شێك له‌وانه‌ی‌ كوڕه‌كانیان بزر ده‌بێت میلیشیای‌ سه‌ر به‌حیزبه‌ ئاینییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌و كاره‌ جا ئه‌گه‌ر به‌هۆی‌ گومانه‌وه‌ بێت یان به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ كه‌سییه‌وه‌ بێت، چونكه‌ روویداوه‌ گه‌نجێك كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی‌ ئه‌و میلیشیایانه‌دا هه‌بووه‌و دواتر بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ رفاندویانه‌.

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ (2006-2007) به‌ده‌یان ته‌رمی‌ بێناونیشان ده‌دۆزرانه‌وه‌و ده‌برانه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌، له‌وێ‌ پزیشكه‌كان وێنه‌یان ده‌گرتن‌و هێمایه‌كیان ده‌دا له‌جه‌سته‌یان‌و رێیان ده‌دا بنێژرێن، دواتر له‌لایه‌ن هه‌ردوو دیوانی‌ وه‌قفی‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌ ده‌خرانه‌ ژێر خاك، له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ده‌یان هه‌زار گۆڕی‌ بێ ناونیشان هه‌ن.

 

له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆو دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نن هه‌ر كه‌سێك له‌لای‌ ئه‌وان ده‌ستگیر بكرێت له‌یه‌كه‌م ساتی‌ ده‌ستگیركردنیه‌وه‌ ناوی‌ تۆمار ده‌كرێت، جا به‌مه‌ستی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ برابێت یان به‌فه‌رمانی‌ ده‌دوه‌ر، به‌ڵام هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ ئاماده‌نین ناوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ئاشكرا بكه‌ن كه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 4ی‌ تیرۆر ده‌ستگیركراون.

 

حه‌یده‌ر سه‌عدی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ داد به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ ناوی‌ گیراوه‌كانیان ئاشكرا ناكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی‌ به‌تیرۆره‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش چه‌ند مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام دواتر ناوه‌كان ده‌ده‌ن به‌وه‌زاره‌تی‌ داد‌و له‌تۆماری‌ گشتی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ناویان تۆمار ده‌كرێت".

 

سه‌عدی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هیچ تۆمه‌تبارێك وه‌رناگرن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ فه‌رمی‌ له‌گه‌ڵ نه‌بێت، بۆیه‌ داوا له‌كه‌سوكاری‌ گیراوه‌كان ده‌كات سه‌ردانی‌ تۆماری‌ گشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ داد بكه‌ن، بۆ دڵنیابوون له‌ناوی‌ كه‌سه‌ بزربووه‌كانیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌