راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌شداریی‌ راسته‌قینه‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش
ئه‌مه‌ریكا به‌ئاسمانه‌وه‌ ناوه‌ستێت‌و مارێنز ده‌خاته‌ شه‌ڕه‌كانه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌وه‌ بووه‌ ته‌نها له‌ئاسمانه‌وه‌ شه‌ڕی‌ داعش بكات، ئه‌مجاره‌ مارێنزی‌ به‌شداری‌ پێكرد، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ ئاسته‌نگی‌ زۆری‌ له‌پێشه‌.
31.03.2016  |  به‌غدا
_ ( :وێنه حيدر محمد علي)
_ ( :وێنه حيدر محمد علي)

هه‌فته‌ی‌ رابردوو گۆڕانكارییه‌كی‌ گرنگ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا روویدا، بۆ یه‌كه‌مجار پاش دووساڵ ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌بوو هێزه‌ پیاده‌كه‌ی‌ بخاته‌ ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت چاری‌ ئه‌و گروپه‌ شیعانه‌ بكات كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتنی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو سه‌ربازانی‌ ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م تۆپ هاوێژیان به‌ئاڕاسته‌ی‌ داعش له‌نه‌ینه‌وا ته‌قاند، به‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار هێزی‌ پیاده‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌پاڵ سوپای‌ عێراق‌و پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وای كرد.

 

ژه‌نه‌راڵ جۆ دانفۆرد فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا له‌گه‌ڵ ئاشتۆن كارته‌ری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ رایگه‌یاند 200 سه‌ربازی‌ هێزی‌ پیاده‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا (مارێنز) له‌شه‌ڕی‌ نه‌ینه‌وا تۆپهاوێژیان بۆ هاوكاری‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌كارهێناوه‌.

 

له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مه‌ریكادا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ یه‌كه‌ی‌ 26 له‌هێزه‌كانی‌ مارێنز به‌ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند سه‌ربازێكی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ داعشه‌وه‌ له‌بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ نزیك موسڵ بوونه‌ قوربانی‌.

 

ئه‌م بڕیاره‌ كتوپڕه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌كو هه‌موو بڕیارێكی‌ تر عێراقییه‌كانی‌ كرد به‌دوو به‌شه‌وه‌، كوتله‌ سوننه‌و كورده‌كان پشتیوانیان كردو هێزه‌ شیعه‌كانیش ره‌تیان كرده‌وه‌، به‌ڵام بۆچوونی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌وه‌ قورستربوو، هه‌ڕه‌شه‌یان كرد به‌كوشتنی‌ سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان.

 

گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌دوژمنی‌ سه‌رسه‌ختی‌ خۆیان ده‌زانن، ئه‌و كاته‌شی‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق بوو شه‌ڕێكی‌ دوورو درێژ له‌نێوان سوپای‌ ئه‌مه‌ریكاو گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كاندا روویدا‌و ئێستاش ئه‌و گروپانه‌ رازی‌ نین ئه‌مه‌ریكا به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ داعش بكات.

 

چه‌ند كاتژمێرێك دوای‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مه‌ریكا "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندیس كه‌ هه‌ر خۆی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ربازی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌، له‌گه‌ڵ "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ قه‌یس خزعه‌لی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ "نوجه‌با" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌كره‌م كه‌عبی‌ كه‌ سه‌رجه‌میان نزیكن له‌ئێرانه‌وه‌، دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ به‌شدارییه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند.

 

كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا رایانگه‌یاند "مارێنز هاتووه‌ بۆ پاراستنی‌ داعش.. وه‌ك چۆن له‌رابردوودا شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا كرد، ئه‌مجاره‌ش شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌"، هه‌روه‌ها گروپی‌ عه‌سائیب ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وه‌ك هێزی‌ داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكیدا ده‌كه‌ن‌و پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ریكا داعش ده‌كاته‌ بیانوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق، بۆیه‌ داوایان له‌گروپه‌كانی‌ تر كردووه‌ ئاماده‌بن بۆ شه‌ڕی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا.

 

هه‌رچی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ نوجه‌بایه‌ رایگه‌یاندووه‌ "سه‌ربازه‌كانمان ئاماده‌ن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داگیركاری‌ نوێ‌، موشه‌ك‌و بۆمبه‌كانمان ناهێڵێت بنكه‌كانتان به‌ئارامی‌ بمێنێته‌وه‌.. یاده‌وه‌ری‌ ئه‌و ساڵانه‌یان بۆ ده‌گێڕینه‌وه‌ كه‌ تووشی‌ شكستمان كردن".

 

بۆچوونی‌ ناچونیه‌ك

له‌به‌رامبه‌ردا زۆرێك له‌هاوڵاتیان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌شداری‌ ئه‌مه‌ریكا له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، "هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان" كه‌ سه‌رجه‌م حیزبه‌ سوننه‌كانی‌ عێراق له‌خۆده‌گرێت پێشوازی‌ خۆی‌ راگه‌یاند بۆ به‌شداری‌ مارێنز له‌شه‌ڕه‌كاندا.

 

هه‌ڵوێستی‌ هێزه‌ سوننه‌كانی‌ عێراق شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، له‌وه‌ته‌ی‌ داعش له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ هێرشی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر عێراق، ئه‌م حیزبانه‌ داوا له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن سوپای‌ پیاده‌ی‌ بخاته‌ ناو شه‌ڕه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیشه‌،  به‌ڵام حكومه‌ت‌و هێزه‌ شیعه‌كان دژی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ن.

 

عێراقییه‌كان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵبوون به‌باس‌و خواس له‌سه‌ر به‌شداری‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌وه‌شدا دوو بۆچوونی‌ جیاواز هه‌بوو، بۆچوونێك له‌گه‌ڵ‌و بۆچوونێكی‌ تر دژ بوو، ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كرد به‌شێكیان به‌گرنگیان ده‌زانی‌‌و به‌شێكی‌ تر پێیان وابوو ئه‌وه‌ جۆرێكی‌ تره‌ له‌داگیركاری‌، بۆچوونێكیش هه‌بوو پێ وابوو ئه‌م به‌شدارییه‌ دواكه‌وتووه‌.

 

له‌رووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ عه‌قید قه‌یس ساعدی‌ له‌سوپای‌ عێراقی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ریكا دواجار بڕیاریدا به‌شداری‌ شه‌ڕێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ داعش بكات.. جاران ته‌نها به‌فرۆكه‌ به‌شداری‌ ده‌كرد، به‌ڵام كه‌ زانی‌ كاریگه‌ریی‌ نییه‌، ئیتر هێزی‌ پیاده‌ی‌ به‌كارهێنا".

 

ساعدی‌ ده‌شڵێت "به‌كوشتنی‌ دوو سه‌ركرده‌ی‌ دیاری‌ داعش كه‌ بریتین له‌عه‌بدولره‌حمان قادولی‌‌و ئه‌بو عومه‌ر شیشانی‌، ئه‌مه‌ریكا رێی‌ بۆ به‌شداری‌ سوپاكه‌ی‌ خۆش كرد، له‌كاتێكدا 19 مانگه‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ داعشی‌ كردووه‌و نه‌یتوانیوه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ وه‌ها دروست بكات".

 

گروپه‌ شیعه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكادا

چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌و به‌غدا‌و به‌شێكی‌ ئه‌نبار له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعشدان، هه‌رچی‌ هێزی‌ پیاده‌ی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو هه‌ولێر هه‌ن، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ پێشبینی‌ ده‌كرێت هیچ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا روو بدات؟

 

مارێنز له‌بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ مه‌خمور له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ سنوری‌ نه‌ینه‌وا جێگیركراون، هه‌رچی‌ گروپه‌ شیعه‌كانه‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ بێجین له‌باكوری‌ سه‌لاحه‌دین كه‌ ئه‌مه‌شیان له‌سنوری‌ باشووری‌ نه‌ینه‌واوه‌ نزیكه‌، ماوه‌ی‌ نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ نزیكه‌ی‌ 130 كیلۆمه‌تره‌.

 

مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوو هێزه‌ شیعه‌كان ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ بێجیان راگه‌یاندو بڕیاریاندا به‌ره‌و موسڵ هێرش بكه‌ن، به‌ڵام پێنج مانگ تێپه‌ڕیوه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌به‌ره‌ی‌ موسڵ پێشڕه‌وی‌ بكه‌.

 

ئه‌بو زه‌ینه‌ب ته‌لیباوی‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ خۆی‌ دانیشتوی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌یه‌‌و له‌به‌ره‌ی‌ بێجی‌ له‌شه‌ڕدایه‌، له‌رێی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هۆكاری‌ سیاسی‌ نه‌ك سه‌ربازی‌ رێ له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌گرێت ده‌ست به‌ئازادكردنی‌ موسڵ بكات كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌هێزه‌كه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ دووره‌".

 

ده‌شڵێت "چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هێزێكی‌ زۆری‌ كۆكرده‌وه‌ بۆ ئازادكردنی‌ شاری‌ شه‌رگات له‌باشووری‌ موسڵ، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك سیاسی‌ عێراقی‌‌و سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا رێ به‌به‌شداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناده‌ن له‌شه‌ڕی‌ موسڵدا".

 

ئه‌بو زه‌ینه‌ب ده‌شڵێت "شه‌رگات تاكه‌ شاره‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و بنكه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌مه‌خمور، فرۆكه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆردومانی‌ داعش ناكه‌ن له‌شرگات، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بێت‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ نه‌چێته‌ ناوی‌".

 

مانگی‌ شوباتی‌ رابردوو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا بڕیاریدا رێگری‌ بكرێت له‌به‌شداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌شه‌ڕی‌ نه‌ینه‌وا، به‌و پێیه‌ی‌ موسڵییه‌كان به‌شداری‌ ئه‌و گروپانه‌یان پێ خۆش نییه‌‌و ده‌بێت له‌بری‌ ئه‌وان هێزی‌ لۆكاڵی‌ نه‌ینه‌وا به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات.

 

له‌ئه‌نبار له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ عێراق هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌سه‌دان سه‌ربازو راوێژكاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌بنكه‌ی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له‌شارۆچكه‌ی‌ به‌غدادی‌ جێگیركراون، له‌ده‌وروبه‌ری‌ فه‌لوجه‌ش هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌‌و چه‌ند مانگێكه‌ هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ فه‌لوجه‌ ده‌ده‌ن، ماوه‌ی‌ نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ش ته‌نها 150 كیلۆمه‌تره‌.

 

حه‌سه‌ن سالم په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ "سادقون" سه‌ر به‌"عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ریكا رێگه‌مان پێنادات فه‌لوجه‌ ئازاد بكه‌ین.. ئه‌گه‌ر واشنتۆن جدییه‌ له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش ئه‌بێت پێش موسڵ، فه‌لوجه‌ ئازاد بكات كه‌ له‌به‌غداوه‌ نزیكه‌".

 

گروپه‌ شیعه‌كان ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پشتیوانی‌ داعش‌و بۆردومانكردنی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و سوپای‌ عێراقی‌ له‌رێی‌ فرۆكه‌كانیه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ره‌تی‌ كرده‌وه‌ حاڵه‌تی‌ له‌و شێوه‌یه‌ روویدابێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ تۆمه‌تێكه‌ كه‌ زۆرێك له‌عێراقییه‌كان بڕوایان پێی‌ هه‌یه‌.

 

ئه‌مه‌ریكا باش ده‌زانێ‌ كه‌ هێزێكی‌ پێشوازی‌ لێكراو نییه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ شیعه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌دووری‌ ئه‌وان داناوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ره‌ی‌ شه‌ڕانه‌ی‌ كه‌ به‌شداری‌ تیا ده‌كات دووره‌ له‌وانه‌وه‌.

 

به‌ڵام له‌ئاینده‌دا رێی‌ تێده‌چێت رووبه‌رووبوونه‌وه‌ رووبدات، چونكه‌ گروپه‌ شیعه‌كان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ موسڵ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئازادكردنی‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ خۆرئاوای‌ موسڵ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌ن.

 

ته‌نانه‌ت به‌ر له‌چه‌ند مانگێك ئه‌و گروپانه‌ هێزێكیان دروستكردووه‌ به‌ناوی‌ "فیرقه‌ی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ عه‌باس" كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ئازادكردنی‌ شاری‌ ته‌له‌عفه‌ر‌و له‌دانیشتوانه‌ ئاواره‌ بووه‌كه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ پێكهاتووه‌.

 

بۆچی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ دژی‌ حكومه‌ته‌؟

حكومه‌تی‌ عێراقی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌حكومه‌ته‌ به‌پێی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 2015، به‌ڵام ئه‌م گروپانه‌ له‌زۆر بابه‌تدا دژی‌ حكومه‌تن، بۆ نموونه‌ به‌شداری‌ وشكانی‌‌و ئاسمانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌شه‌ڕی‌ داعشدا.

 

به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شداری‌ مارێنز به‌ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ سه‌ر به‌حكومه‌ته‌ بۆچی‌ دژی‌ ئه‌و بڕیاره‌یه‌‌و بۆچی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌رده‌وام ره‌خنه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌گرن.

 

چاودێران جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و پابه‌ند نابێت به‌بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌، بگره‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ حكومه‌ت شكستی‌ هێنا كه‌ ده‌یدان بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌.

 

له‌مانگی‌ شوباتی‌ رابردوو عه‌بادی‌ فه‌رمانیدا به‌دامه‌زراندنی‌ فه‌ریق روكن موحسین كه‌عبی‌ فه‌رمانده‌ی‌ پێشووی‌ پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌بری‌ ئه‌بو مه‌هدی‌ موه‌هه‌ندیس، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێزه‌ شیعه‌كان به‌توندی‌ دژی‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌.

 

گروپی‌ "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" كه‌ ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندیس سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌حكومه‌ت كردو له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "گروپه‌كانی‌ موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی‌‌و حه‌شد گروپی‌ عه‌قیده‌یین‌و پێكهاته‌ی‌ ئیدای‌ خۆیان هه‌یه‌و وه‌ك پێكهاته‌ سه‌ربازییه‌ كلاسیكییه‌كان نین، فه‌رمانده‌كانی‌ شاره‌زایی‌ شه‌ڕی‌ نا كلاسیكین‌و توانای‌ جوڵه‌ی‌ خێراو بڕیارو گۆڕانی‌ پلانی‌ سه‌ربازییان هه‌یه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌سه‌ر مه‌یدانه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆ به‌شدارییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌به‌رده‌م به‌ربه‌ستی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیدایه‌، حكومه‌تی‌ عێراقیش له‌مه‌دا ده‌سته‌وه‌ستانه‌و هێزه‌كانی‌ خۆیشی‌ ناتوانن رووبه‌رووی‌ داعش ببنه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌