راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ناكۆكی‌ به‌ر له‌ئازادكردنی‌ موسڵ
په‌كه‌كه‌و پارتی‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ پایته‌ختی‌ داعش ناسازێن

هه‌ستیار قادر
به‌ر له‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ ده‌ست پێبكات له‌سه‌ر ئاستی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان مقۆمقۆی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ئاخۆ ئه‌و هێزه‌ كێیه‌ كه‌ مافی‌ به‌شداریكردنی‌ هه‌یه‌.
24.03.2016  |  سلێمانی‌
پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و موسڵدا
پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و موسڵدا

له‌ئێستاوه‌ دوو له‌هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ كوردستان (پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) ناكۆكیانه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان له‌پرۆسه‌ی‌ چاوه‌ڕوانكراوی‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ موسڵ له‌ده‌ست داعش،  پارتی‌ كرێكاران ئاماده‌سازی‌ ده‌كات‌و پارتی‌ دیموكرانیش رازی‌ نییه‌ یه‌ك هه‌نگاوی‌ تر په‌كه‌كه‌ له‌موسڵ نزیك ببێته‌وه‌.

 

هه‌ریه‌ك له‌م دوو هێزه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن، خودی‌ شه‌ڕه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو قۆناغی‌ دوای‌ ئازادكردنی‌ موسڵه‌، چونكه‌ به‌شدارییان له‌و شه‌ڕه‌دا مافی‌ ئه‌وه‌یان ده‌داتێ‌ شه‌ش‌و به‌شی‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌و شاره‌ بكه‌ن.

 

گه‌یشتی‌ دوو كاروانی‌ سوپای‌ عێراق بۆ  قه‌زای‌ مه‌خموری‌ هاوسنوری‌ شار موسڵ له‌مانگی‌ شوباتی‌ رابردووداو هێرشه‌كانی‌ 24ی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئازار) ئاماژه‌ی‌ دواین ئاماده‌كاری‌ بوون بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وشاره‌ له‌ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش كه‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ كۆنترۆڵیان كردووه‌.

 

ئه‌و هێزه‌ی‌ سوپا كه‌ له‌دوو لیوای‌ فیرقه‌ی‌ پانزه‌ی‌ سوپای‌ پێكهاتوون، به‌گه‌یشتنیان له‌سه‌ربازگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت جێگیركران‌و ناوی‌ لێنرا سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وا.

 

وته‌بێژێك به‌ناوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كاریه‌كانمان كردووه‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌و چاوه‌رێی‌ سه‌عاتی‌ سفر ده‌كه‌ین كه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ فه‌رماندی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ پێمان بگات".

 

ئه‌و وته‌بێژه‌ كه‌ له‌به‌ر رێكاره‌ یاسایی‌‌و سه‌ربازییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هه‌مئاهه‌نگیه‌كی‌ زۆر له‌نێوان سوپای‌ عێراق‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌واو پێشمه‌رگه‌ رۆڵی‌ به‌رچاوی‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێت.

 

ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ بۆته‌ یه‌كێك له‌ گرێكوێره‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش نه‌ك ته‌نها له‌سنوری‌ عێراقدا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌وشاره‌ به‌دووه‌م گه‌وره‌ترین پێگه‌ی‌ داعش ده‌ده‌نرێت له‌ناوچه‌كه‌دا.

 

ئاڵۆزی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ته‌نها له‌به‌هێزی‌ پێگه‌ی‌ سه‌ربازی‌ داعشدا نییه‌ له‌و شاره‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌سروشتی‌ جیاوازی‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ به‌شداری‌ تیادا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئاینده‌ی‌ بونیان له‌و شاره‌ له‌پاش قۆناغی‌ داعش.

 

جگه‌ له‌سوپای‌ عێراق‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌ریه‌ك له‌حه‌شدی‌ نیشتیمانی‌ سونه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی شیعه‌و هێزی‌ مه‌سیحیه‌كان‌و  هێزه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌و پرۆسه‌یه‌دا.

 

 له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2015داو كاتێك شاری‌ شه‌نگالی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا له‌ده‌ستی‌ داعش ئازادكرا، پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی‌ ئاڵاو به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ئه‌وشاره‌   بووه‌ ناكۆكیان كه‌ تائێستاش ئاڵۆزیه‌كانی‌ نێوانیان هێور نه‌بۆته‌وه‌.

 

عه‌گید كه‌لاری‌ به‌رپرسی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (یه‌په‌گه‌) باڵی‌ سه‌ربازی‌ په‌كه‌كه‌ له‌سنوری‌ قه‌زای‌ شه‌نگال به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ به‌شداری‌ له‌شه‌ڕی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا بكه‌ین‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆكارێك ده‌زانین بۆ گره‌نتی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردییه‌كانی‌ تر".

 

هێزه‌كه‌ی‌ كه‌لاری‌ كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن نزیكه‌ی‌ چوار هه‌زار چه‌كدار ده‌بن له‌ناوچه‌ی‌ شه‌نگال‌و ده‌وروبه‌ری‌ جێگیرن كه‌ ده‌كه‌وێت سنوری‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ موسڵه‌وه‌‌و هاوسنوریشه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌ كوردیه‌كانی‌ كوردستانی‌ سوریا كه‌ په‌كه‌كه‌ تیایدا باڵا ده‌سته‌ له‌رووی‌ سه‌ربازی‌‌و ئیدارییه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌م پێشهاتانه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ ئازادكرنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌نێوان هێزه‌كاندا دابه‌ش ببن بێ ئه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ نوسراو له‌نێوان په‌كه‌كه‌و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت.

 

عه‌گید كه‌لاری‌ ده‌ڵێت "سنوری‌ شه‌ڕكردنی‌ ئێمه‌ دیاریكراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ تائێستاش به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ بۆ چۆنێتی‌ به‌شداریكردنمان له‌ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ به‌ته‌نها دیالۆگه‌و پێویسته‌ به‌ر ده‌ستپێكردی‌ ئه‌و پرۆسه‌ هه‌ندێ پرس یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ جیاوازی‌ بۆچوون هه‌یه‌".

 

پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان هێزێكی‌ عێراقی‌ نییه‌و ته‌نانه‌ت بوونی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌فه‌رمی‌ نه‌ناسێنراوه‌، چاودێران وای ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ سوربوونی‌ په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر به‌شدارییان له‌شه‌ڕی‌ موسڵ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ كه‌یفی‌ به‌به‌شدارییان دێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ناوچه‌كه‌داو ته‌نانه‌ت ئێرانیش پشتگیری‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ په‌كه‌كه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ نادركێننن.

 

په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ژێر ناوی‌ راسته‌وخۆی‌ خۆشیدا به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌كات، ئه‌وا ده‌توانێت به‌ناوی‌ ئه‌و هێزانه‌وه‌ به‌شداربێت كه‌ له‌چه‌كدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئێزدییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا دروستی‌ كردوون، به‌و پێیه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت خاكی‌ خۆیان ئازاد بكه‌نه‌وه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌سنوره‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ موسڵ ده‌بینرێن كه‌ هاوسنوری‌ هه‌رێمه‌ له‌به‌ری‌ رۆژئاوایه‌وه‌، تائێستا ئه‌وان خۆیان به‌و هێزه‌ ره‌سمیه‌ ده‌زانن كه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ هه‌مئاهه‌نگیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

 

جه‌مال ئیمینكی‌ سوپا سالاری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ هێزه‌كانیان به‌شدارده‌بن له‌ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا بێ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت ئه‌ركی‌ دواتری‌ چی‌ ده‌بێت كه‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو ئه‌وه‌ش پێویستی‌ به‌رێكه‌وتنه‌.

 

جه‌مال ئیمینكی‌ تێبینی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ به‌شداری‌ په‌كه‌كه‌ له‌و شه‌ڕه‌داو به‌"نیقاش"ی‌ وت "جگه‌ له‌پێشمه‌رگه‌ هیچ هێزێكی‌ تر به‌شدار نابێت له‌شه‌ڕی‌ موسڵدا، ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌په‌كه‌كه‌وه‌ نییه‌و گۆره‌پانی‌ خه‌باتی‌ ئه‌وان كوردستانی‌ توركیایه‌و ناوچه‌ی جێناكۆكه‌كانی‌ ئه‌وسنوره‌ش پێشمه‌رگه‌ ئازادی‌ ده‌كات‌و پێویستی‌ به‌كه‌سیش نابێت".

 

وه‌ك چۆن سه‌عاتی‌ سفی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌ده‌ست حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدایه‌ ئاوهاش هه‌ڵكردنی‌ گڵۆپی‌ سه‌وز بۆ به‌شداریكردنی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ جیاوازه‌كان له‌و پرۆسه‌یه‌دا چاوه‌رێی‌ به‌غدایه‌.

 

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئازادكردنه‌ی‌ نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت "پرسی‌ به‌شداریكردنی‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌ جیاوازه‌كان له‌و پرۆسه‌یه‌دا له‌ ده‌ستی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌  هێزه‌ چه‌كداره‌كاندایه‌".

 

له‌نۆی‌ ئه‌م مانگه‌دا (ئازار) كۆنگره‌یه‌ك بۆتاوتوێكردنی‌ پرسی‌ ئازاد كردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وا له‌هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامدرا به‌به‌شداری‌ نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌و پرسه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ په‌كه‌كه‌ بانگهێشت بكرێت.

 

ئه‌و كۆنگره‌یه‌ زیاتر پرسی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وای‌ تاوتوێكرد بێ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بۆ دوو گرێكوێره‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ببات كه‌ ئه‌وانیش ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ به‌شداری‌ تێدا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ موسڵ له‌دوای‌ داعش كه‌ تائێستا به‌ته‌مومژاوی‌ ماونه‌ته‌وه‌.

 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیان له‌سنوری‌ موسڵ له‌پاش ئازادكردنی‌ به‌نده‌ به‌چاره‌نوسی‌ قه‌زای‌ شه‌نگاله‌وه‌.

 

عه‌گید كه‌لاری‌ ده‌ڵێت "ده‌بێت له‌و قۆناعه‌دا ئه‌وه‌ یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ شه‌نگال سه‌ر به‌ هه‌رێم ده‌بێت یان ناوه‌ند، ئه‌گه‌ر ببه‌سترێته‌وه‌ به‌هه‌رێمیشه‌وه‌ ده‌بێت هێزی‌ تایبه‌ت له‌خه‌ڵكی‌ ئه‌وشاره‌ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان بپارێزن".

 

ئه‌و تێروانینه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌دایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ نه‌مێننه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نین هێزی‌ سه‌ربازی‌ تر ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزن‌و هێزی‌ تایبه‌ت له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ دروست بكرێت.

 

مه‌حما خه‌لیل كه‌ له‌دوای‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شه‌نگاله‌وه‌ به‌رپرسیارێتی‌ قیمقامی‌ ئه‌و شاره‌ی‌ وه‌رگرتووه‌ به‌دووری‌ ده‌زانێت له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌كه‌كه‌ به‌شداری‌ له‌شه‌ڕی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا بكات به‌و پێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌شێك نییه‌ له‌سیستمی‌ به‌رگری‌ عێراق.

 

مه‌حما خه‌لیل به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ قۆناغی‌ دوای‌ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌قۆناغی‌ به‌ر له‌ئازادكردنی‌ ئاڵۆزتره‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش رێنادات هیچ هێزێكی‌ نا عێراقی‌ به‌شداری‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بكات به‌ په‌كه‌كه‌شه‌وه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ناڕوونه‌ قۆناغی‌ دوای‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌‌و به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ سنوری‌ نه‌ینه‌وایه‌ كه‌ به‌جێناكۆكی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند داده‌نرێت‌و به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق خاوه‌ندارێتی‌ له‌نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 

پێشمه‌رگه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر دوباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ به‌ر له‌ده‌ركه‌وتنی‌ داعش  به‌ده‌ستێوه‌ی‌ بوون، په‌كه‌كه‌ش ئاماده‌ نییه‌ له‌هیچ یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌ كه‌ ئازادیكردوون، ره‌نگه‌ شه‌نگال دیارترین نموونه‌ بێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ د. دلاوه‌ر عه‌لادین سه‌رۆكی‌ ئینستیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ (مێری) به‌دوری‌ ده‌زانێت كه‌ ئاڵۆزی‌ له‌نێوان په‌كه‌كه‌و پێشمه‌رگه‌ روبدات له‌دوا قۆناغی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌كه‌ رێكه‌وتنی‌ نوسراو له‌نێوانیاندا هه‌بێت بۆ ئه‌و قۆناغه‌.

 

دلاوه‌ر عه‌لادین به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هیچ كام له‌په‌كه‌كه‌و پێشمه‌رگه‌دا نییه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ لاوه‌كی‌ بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، ده‌بێت پێشوه‌خت ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌"، به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ناكۆكی‌ قوڵی‌ نێوان پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان نازانرێ‌ ئاخۆ زه‌مینه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ ئه‌و دوو هێزه‌ له‌سه‌ر موسڵ له‌بار ده‌بێ‌ یان نا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌