راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ربازبوون له‌فه‌لوجه‌
گه‌یشتن به ئه‌وروپا ئاسانتره‌ له‌گه‌یشتن به‌ به‌غدا

که‌مال عه‌یاش
ئێستا له‌فه‌لوجه‌ تاكه‌ رێگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌توانن خۆیانی‌ لێوه‌ ده‌رباز بكه‌ن، به‌ڵام رێگایه‌كی‌ پڕ نشێوو مه‌ترسی‌.
17.03.2016  |  ئه‌نبار
ئاواره‌كان فه‌لوجه‌ چاوه‌ڕێن رێیان پێبدرێت بچنه‌ كه‌ربه‌لا
ئاواره‌كان فه‌لوجه‌ چاوه‌ڕێن رێیان پێبدرێت بچنه‌ كه‌ربه‌لا

وه‌كو هه‌موو ناوچه‌كانی‌ تری‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش، خه‌ڵكی‌ فه‌لوجه‌ش ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌و شاره‌ ده‌رباز بكه‌ن‌و رزگاریان ببێ‌ له‌مه‌رگ‌و ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ی‌ تێی‌ كه‌وتوون‌و شه‌وو رۆژیان بووه‌ته‌ ده‌نگی‌ ته‌قه‌و بۆنی‌ باروت، به‌ڵام رێگاكانی‌ ده‌ربازبوونیش هیچ مه‌ترسی‌  كه‌متر نییه‌ له‌ناو شاره‌كه‌.

 

ره‌نگه‌ كه‌مجار گوێمان له‌وشه‌ی‌ "عیبره‌" بووبێت، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌ته‌ ده‌روازه‌ی‌ رزگاربوونی‌ خه‌ڵكی‌ فه‌لوجه‌‌و ده‌ربازبوون له‌و شه‌ڕه‌ی‌ له‌نێوان سه‌ربازانی‌ سوپاو داعشدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

 

ناوچه‌ی‌ "عیبره‌" ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی‌ سه‌قڵاوییه‌ (10كم باكوری‌ خۆرئاوا فه‌لوجه‌) گه‌یشتن به‌م ناوچانه‌ ئاسان نییه‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ چه‌ند جارێك هه‌وڵیان داوه‌ پێی‌ بگه‌ن‌و شكستیان هێناوه‌.

 

حامید ئه‌بو زیاد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌و رێیه‌وه‌ ده‌ربازی‌ بووه‌ خۆی‌‌و خێزانه‌ حه‌وت كه‌سییه‌كه‌ی‌ خستووه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسی‌، ئێستا ورده‌كاری‌ هه‌ڵاتنه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

 

حامید به‌"نیقاش"ی‌ وت "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیان له‌فه‌لوجه‌ ئاسته‌م بوو بڕیاری‌ خۆ ده‌ربازكردنماندا‌و خۆمان گه‌یانده‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان سوپاو داعشه‌وه‌، چه‌ند رۆژێك له‌ناو بێستانه‌كاندا خۆمان حه‌شاردا‌و هه‌موو ساتێكمان وه‌ك مۆته‌كه‌ بوو، چونكه‌ به‌رده‌وام ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ بۆردومان ده‌كرا".

 

ده‌شڵێت "هه‌ر چۆنێك بوو توانیمان بپه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌ری‌ ئه‌و به‌ر كه‌ دوو ساڵ بوو خه‌ونم پێوه‌ ده‌بینی‌، قورسترین قۆناغیش په‌ڕینه‌وه‌ بوو له‌پرۆژه‌ی‌ سه‌رسار كه‌ ته‌نها له‌دووسه‌د مه‌تر پێكهاتبوو، دوای‌ ئه‌وه‌ نۆ رۆژمان ویست تا گه‌یشتینه‌ به‌غدا".

 

رۆژانه‌ به‌ده‌یان خێزان له‌رێی‌ پرۆژه‌ی‌ سه‌رسارو ناوچه‌ی‌ "عیبره‌"وه‌ خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ گه‌یشتن به‌و ناوچه‌یه‌ زۆر ئاسته‌م بووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سوپا توانی‌ ناوچه‌ی‌ خالیدیه‌ ئازاد بكات.

 

هاشم ئه‌بو ئه‌حمه‌د كه‌ پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌ كاتێك سه‌ردانی‌ كچه‌كه‌ی‌ كردووه‌ له‌فه‌لوجه‌ گیری‌ خواردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ كچه‌كه‌ی‌ ویستوویانه‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، موشه‌ك به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كه‌وتووه‌و مێردی‌ كچه‌كه‌یی‌‌و دوان له‌كچه‌زاكانی‌ مردوون، دواتر پاش سێ‌ مانگ توانیوێتی‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی‌‌و دوو كچه‌زای‌ تری‌ ده‌ربازیان ببێت.

 

هاشم به‌"نیقاش"ی‌ وت "ویستم رێگایه‌كی‌ تر بدۆزمه‌وه‌، به‌ڵام نه‌متوانی‌، ناچار هه‌مان ئه‌و رێگایه‌مان گرته‌وه‌ كه‌ زاواكه‌م‌و كچه‌زاكانم تیایدا تیا چوون".

 

ده‌شڵێت "ئه‌وه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ عیبره‌ بینیم هچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ كۆچی‌ ئه‌وروپاوه‌ بیستومانه‌، خێزانه‌كان سوار به‌له‌مێك ده‌بن كه‌ به‌په‌ت راده‌كێشرێت‌و شوێنی‌ ده‌ كه‌سی‌ تیا ده‌بێته‌وه‌، هه‌ندێجار له‌و به‌ره‌وه‌ داعش ناچاریان ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌".

 

ته‌نانه‌ت هه‌ندێكه‌س بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ مه‌له‌ شوێنی‌ به‌له‌مه‌كان ده‌كه‌ون‌و ده‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ به‌ری‌ ئه‌وبه‌ری‌ ئاوه‌كه‌.

 

ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌و خێزانانه‌ كه‌ به‌ختیان ده‌بێت ده‌توانن به‌و رێگایه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌، هاشم‌و كچ‌و كچه‌زاكانی‌ له‌و كه‌سانه‌ بوون.

 

ناوچه‌ی‌ "عیبره‌" قۆناغی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ده‌ربازبوون، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ راكردن ده‌دات ده‌بێت چوار ناوچه‌ی‌ گرنگ ببڕێت كه‌ دووه‌میان ناوچه‌ی‌ "عه‌لی‌ حاته‌م"ه‌ له‌رومادی‌ ئینجا بازگه‌ی‌ "رزازه‌"‌و پردی‌ "بزیبز" خێزانه‌كان له‌م ناوچانه‌ به‌چه‌ند بیانوو فێڵێك ده‌په‌ڕنه‌وه‌ كه‌ ئێستا زۆربه‌یان لای‌ داعش‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاشكرا بوون.

 

مازن حه‌لبوسی‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌كرێی‌ رۆژانه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ فه‌لوجه‌ كاری‌ ده‌كردو به‌م دواییه‌ توانیوێتی‌ ئه‌و رێگا سه‌خته‌ ببڕێت‌و بگاته‌ به‌غدا، له‌وێشه‌وه‌ هه‌ر به‌قاچاخ خۆی‌ گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌وروپا.

 

مازن به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگای‌ نێوان توركیاو ئه‌وروپا زۆر ئاسانتره‌ له‌و رێگایه‌ی‌ له‌فه‌لوجه‌ لێی‌ ده‌ربازبووم، چونكه‌ له‌وێ‌ به‌سیانزه‌ رۆژو به‌ترس‌و دڵه‌راوكێ‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام كه‌چووم بۆ ئه‌وروپا وه‌ك ئه‌وه‌ بوو سه‌یران بكه‌م‌و هیچ نه‌ترسام".

 

ناوچه‌ی‌ "عیبره‌" كراوه‌ به‌سێ‌ به‌شه‌وه‌، یه‌كه‌میان بۆ هاتوچۆی‌ خه‌ڵك‌و دووهه‌میان بۆ هاتوچۆی‌ مه‌ڕو ماڵات‌و سێهه‌میان بۆ گوێزانه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ خۆراك، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م رێگایانه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج‌و له‌و به‌ریشه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان دیسانه‌وه‌ به‌ئامانجیان گرتوون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌