راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پۆلیس له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌
له‌خوارووی‌ عێراق بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ته‌شه‌نه‌ی‌ كردووه‌

له‌پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو چالاك بووه‌و سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كیشی ئێرانه‌.
21.01.2016  |  میسان
ده‌ستگیركردنی‌ بڕێكی‌ زۆر له‌تریاك له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ ئه‌فغانیه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌شێكی‌ بگه‌یشتایه‌ عێراق ( :وێنه SAC Neil Chapman (RAF))
ده‌ستگیركردنی‌ بڕێكی‌ زۆر له‌تریاك له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ ئه‌فغانیه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌شێكی‌ بگه‌یشتایه‌ عێراق ( :وێنه SAC Neil Chapman (RAF))

بۆ بیست ساڵ ده‌چێت پۆلیسی‌ پارێزگاكانی‌ خواروی‌ عێراق به‌شوێن بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ن، به‌ڵام له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا ئه‌و بازرگانییه‌ جموجۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ تێكه‌وتووه‌، ئێستا وایلێهاتووه‌ بازرگانه‌كان به‌هۆی‌ عه‌شیره‌ته‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ پۆلیسه‌كان ده‌كه‌ن.

 

زۆرێك له‌بازرگانه‌كان سوود له‌و رێگا لاوه‌كیانه‌ ده‌بینن كه‌ له‌پشتی‌ خاڵه‌كانی‌ پشكنینه‌وه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، دواینجار كه‌ریم محه‌مه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌گوێزێته‌وه‌، ویستبووی‌ به‌ماتۆڕسكیل خۆی‌ له‌خاڵی‌ پشكنینی‌ نێوان ناحیه‌ی‌ عزێرو قه‌زای‌ قه‌ڵعه‌ی‌ شاری‌ عه‌ماره‌ بدزێته‌وه‌، له‌رێگایه‌كی‌ لاوه‌كی‌ له‌لایه‌ن به‌شی‌ قه‌ڵاچۆكردنی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی‌ پۆلیسی‌ میسانه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو.

 

بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌پارێزگای‌ میسان ده‌ركه‌وتووه‌، كاتێكیش حكومه‌تی‌ به‌عس هۆڕه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ی‌ وشك كرد، بۆشاییه‌كی‌ باشی‌ وشكانی‌ بۆ بازرگانه‌كان دروست بووه‌ تا له‌ئێرانه‌وه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر بگه‌یه‌ننه‌ عێراق.

 

سه‌رچاوه‌كانی‌ پۆلیس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا یه‌كێك له‌پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان شاری‌ عه‌ماره‌یه‌، چه‌ند كه‌سێكی‌ ده‌ست رۆیشتووی‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌وێ‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌هێنن‌و به‌پارێزگاكانی‌ زیقارو به‌سره‌ له‌رێی‌ كوه‌یته‌وه‌ ده‌یبه‌نه‌ وڵاتانی‌ كه‌ندا، رێگایه‌كی‌ تریش به‌نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لادا ده‌ڕوات‌و له‌رێی‌ بیابانه‌وه‌ ده‌گاته‌ سعودییه‌.

 

محه‌مه‌د مجبل كه‌ پێشتر بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بووه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كۆتایی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ته‌كان هه‌تا ساڵی‌ 2003 ده‌ستگیركراوه‌ ئیتر وازی‌ له‌و كاره‌ هێناوه‌.

 

محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كان ده‌ستمان به‌بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كرد، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستكه‌وتمان زۆربوو، به‌ڵام كاره‌كه‌مان ئاسان نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌ژێر مه‌ترسی‌ كوشتندا بووین، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌‌و عێراق‌و ئێران‌و ئه‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌شمان له‌سه‌ر بوو كه‌ له‌سنوره‌كه‌دا بوون، به‌ڵام به‌چه‌ندین شێوه‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانمان ده‌شارته‌وه‌ له‌نێو كورتانی‌ گوێدرێژه‌كان‌و ناو كتێب‌و خواردن‌و یاری‌ منداڵان".

 

ده‌شڵێت "ده‌مانوسیت قازانجێكی‌ خێرامان ده‌ست بكه‌وێت، ئه‌و كاته‌ عێراق گه‌مارۆیه‌كی‌ ئابوری‌ قورسی‌ له‌سه‌ر بوو، رژێمیش سه‌رقاڵبوو به‌شه‌ڕی‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌و وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ باشترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئێمه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بازاڕی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو خواستی‌ زۆری‌ هه‌بوو بۆ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان".

 

ئه‌مڕۆ شێوازه‌كانی‌ قاچاغچێتی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان گۆڕدراون، وه‌ك جاران كار به‌گوێدرێژ ناكرێت‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئۆتۆمبێل‌و ماتۆڕسكیل ده‌گوازرێنه‌وه‌و شێوازی‌ نوێ‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ شاردنه‌وه‌یان.

 

له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناحیه‌ی‌ عزێرو له‌ناو خاكی‌ عێراق‌و هاوسنوری‌ ئێران، چه‌ندین گۆمی‌ ئاوو ناوچه‌ی‌ لمی‌‌و زه‌وی‌ ته‌خت هه‌یه‌، شوێنه‌كه‌ جێگه‌ی‌ خۆ شاردنه‌وه‌ی‌ تیادا نییه‌ جگه‌ له‌چه‌ند دارو دره‌ختێك كه‌ بازرگانه‌كان شه‌وانه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن بۆ خۆ مه‌ڵاسدان‌و گواستنه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

 

عه‌لوان مه‌رانی‌ یه‌كێك له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ناحیه‌كه‌ به‌گشتی‌‌و له‌گوندی‌ به‌یت ئه‌غازیر به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو بازرگانی‌ به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، زۆرێك له‌بازرگانه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌و حه‌شیش‌و تریاك‌و حه‌پ‌و كریستاڵ ده‌گوێزنه‌وه‌".

 

عه‌لوان ده‌شڵێت "بازرگانه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌شوێنی‌ مه‌به‌ست شه‌ش كاتژمێر رێگا ده‌بڕن به‌ماتۆرسكیل‌و به‌له‌م‌و به‌پێ‌".

 

پۆلیسی‌ ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌وان ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ناچارن رووبه‌رووی‌ مافیا گه‌وره‌كانی‌ قاچاغچێتی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ببنه‌وه‌.

 

په‌یامنێری‌ "نیقاش" ئاماده‌ی‌ دانیشتنی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بوو له‌كه‌ریم محه‌مه‌دی‌ بازرگان كه‌ سێ‌ كیلۆگرام حه‌شیش‌و سێسه‌د ده‌نكه‌ حه‌پی‌ هۆشبه‌ری‌ پێگیرابوو، محه‌مه‌د بێباكانه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد هه‌ركات ئازاد بكرێت ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌و كاره‌، چونكه‌ قازانجه‌كه‌ی‌ زۆره‌، هه‌رچه‌نده‌ سزای‌ بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌نێوان ده‌ ساڵ بۆ زیندانی‌ هه‌تا هه‌تاییدایه‌.

 

قاچاغچی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن شه‌ش هێنده‌ی‌ ده‌ستمایه‌كه‌یان قازانجیان ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆ نموونه‌ گرامێك كریستاڵ به‌ (150 بۆ 200) دۆلار ده‌كڕن‌و ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌(هه‌زار بۆ 1200) دۆلار.

 

پۆلیسی‌ ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر مۆڵگه‌ی‌ قاچاغچییه‌كان‌و ده‌ست به‌سه‌ر ماده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا ده‌گرن.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رپرس له‌پۆلیسی‌ میسان به‌"نیقاش"ی‌ وت "دوو مانگی‌ رابردوو سی‌ فه‌رمانی‌ گرتن بۆ بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان جێبه‌جێ‌ كراوه‌و رێگه‌گیراوه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین بڕی‌ گه‌وره‌، یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌وڵی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ سه‌د كیلۆگرام ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر بووه‌ له‌رێی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ بارهه‌ڵگره‌وه‌ كه‌ ویستویانه‌ به‌بازگه‌ی‌ سنوری‌ (شێب)دا بیپه‌ڕێننه‌وه‌".

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ئه‌وان له‌كات‌و له‌دوای‌ ئه‌نجامدانیشی‌ رووبه‌رووی‌ چه‌ندین مه‌ترسیان ده‌كاته‌وه‌.

 

ده‌شڵێت "زۆرجار عه‌شیره‌ته‌كان هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ گیراوه‌كان ده‌ده‌ن‌و یه‌كه‌ی‌ قه‌ڵاچۆكردنیی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانیش به‌باشی‌ پشتیوانی‌ ناكرێن‌و زۆرجار رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن ده‌بنه‌وه‌، به‌م دواییه‌ ئۆتۆمبێلی‌ یه‌كێك له‌كارمه‌نده‌كان سوتێنراوه‌و بۆمبێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا داندراوه‌ تا ده‌ست هه‌ڵبگرێت له‌كارێكی‌ پشكنین".

 

عێراق هه‌ر نه‌بووه‌ته‌ شوێنی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌ڵكو به‌قسه‌ی‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان رێژه‌ی‌ به‌كارهێنانیشی‌ له‌ناو گه‌نجاندا رووی‌ له‌هه‌ڵكشانه‌، ئه‌وه‌تا به‌پێی‌ تۆماره‌كانی‌ پۆلیسی‌ میسان له‌ساڵی‌ 2008ه‌وه‌ رێژه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر زیاتر ده‌بێت.

 

دكتۆر عه‌لی‌ مه‌حمود پسپۆڕی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئالوده‌بوون به‌ماده‌ هۆشباره‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "دوای‌ سێجار به‌كارهێنان كه‌سه‌كه‌ تووشی‌ ئالوده‌بوون ده‌بێت، بۆ ماده‌یه‌كی‌ وه‌ك كریستاڵ ته‌نها دوای‌ یه‌كساڵ ئالوده‌بوون كه‌سه‌كه‌ ده‌كوژێت"، ماده‌ی‌ كریستاڵ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌تریاك‌و حه‌شیش‌و ماده‌ی‌ تری‌ هۆشبه‌ر.

 

به‌هۆی‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌میسان‌و ده‌وروبه‌ری‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ هۆشیاركردنه‌وه‌یان ده‌ست پێكردووه‌.

 

به‌سام ساعدی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌ناو گه‌نجانی‌ میساندا ته‌شه‌نه‌ی‌ كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌مان راگه‌یاندووه‌".

 

به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ سنوره‌كانی‌ نێوان عێراق‌و ئێران قایم نه‌كرێن، ئه‌وا ناتوانرێت به‌ر به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بازرگانی‌‌و به‌كارهێنانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بگیرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌