راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌رجی‌ كورد نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كانه‌
جه‌له‌ولا شارێكی‌ پڕ له‌كاولكاری‌‌و خاڵی‌ له‌خه‌ڵك

دەشتی عەلی
ساڵێك زیاتر به‌سه‌ر ئازادكردنی جه‌له‌ولادا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام تائێستا ژیان بۆ شارۆچكه‌كه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و هیچ هاوڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی تیا نابینرێت.
24.12.2015  |  سلێمانی‌
جه‌له‌وڵا، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا كورد پێی‌ ده‌ڵێت گوڵاڵه‌ ( :وێنه دشتي علي )
جه‌له‌وڵا، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا كورد پێی‌ ده‌ڵێت گوڵاڵه‌ ( :وێنه دشتي علي )

رۆژی (23ی تشرینی دووه‌می 2015) ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئازادكردنی ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولای‌ سه‌ر به‌قه‌زای خانه‌قین (70 كلم باكوری رۆژهه‌ڵاتی به‌عقوبه‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ دیاله‌) له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش تێپه‌ڕی.

 

له‌وكاته‌وه‌ تائێستا جگه‌ له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كوردستان، رێگه‌ به‌هیچ هاوڵاتیه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێی ناحیه‌كه‌ نه‌دراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌ژیانی ئاسایی بكه‌نه‌وه‌.

 

به‌وته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا، له‌پاش داگیركردنی شارۆچكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، زیاتر له‌(80) هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون‌و تائێستاش له‌كه‌مپه‌كانی سنووری قه‌زاكانی كه‌لارو خانه‌قین‌و كفری نیشته‌جێن، ده‌شڵێت ئاواره‌كان له‌دۆخێكی ناهه‌مواری مرۆیی‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

 

دایكی‌ باسم ژنێكی گه‌نم ره‌نگه‌، له‌نێو كه‌مپێكی ناحیه‌ی‌ كۆكسی سه‌ر به‌ قه‌زای كفری (20 كم باكوری‌ جه‌له‌ولا) نیشته‌جێیه‌، ژیانی كوله‌مه‌رگی ئاواره‌ی‌ به‌سه‌رو سیما ماندووه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌، دایكی باسم ده‌یووت "زیاتر له‌ساڵێكه‌ چاوه‌ڕوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆمان، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مڕۆو به‌یانیمان پێده‌كه‌ن، ته‌واو بێزاربووین تاكه‌ی‌ له‌چاوه‌ڕوانیدا بمێنینه‌وه‌".

 

ئه‌و داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات كاربكات بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی جه‌له‌ولا تاوه‌كو بتوانن زستان له‌نێو خانووه‌كانی خۆیان ببه‌نه‌سه‌ر.

 

ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی ئازادكردنی جه‌له‌ولا، زیانێكی زۆر به‌ر شارۆچكه‌كه‌ كه‌وتووه‌و تۆڕه‌كانی ئاو‌و ئاوه‌ڕۆو كاره‌باو كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر تێكچوون‌و تائێستا چاكنه‌كراونه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو رێگا له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ خۆش بكات.

 

شێخ یه‌عقوب لهێبی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا حكومه‌تی به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ ده‌ستی هاوكاری‌و یارمه‌تی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناحیه‌كه‌ درێژناكات تاوه‌كو خه‌ڵكه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

 

لهێبی‌ بۆ "نیقاش" ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد له‌چه‌ند مانگی رابردوودا لیژنه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ پێكهێنرابوو چوونه‌ته‌ شارۆچكه‌كه‌یان بۆ خه‌مڵاندنی زیانه‌ به‌ركه‌وتووه‌كانی كه‌رته‌ خزمه‌تگوزراییه‌كان‌و وتی "لیژنه‌كه‌ رایانگه‌یاند جه‌له‌ولا پێویستی به‌ 100 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان".

 

زیاتر له‌ساڵێكه‌ ده‌رگای سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان له‌ جه‌له‌ولا داخراون‌و فه‌رمانبه‌ره‌كانی ده‌وام ناكه‌ن، به‌ڵام مووچه‌كانیان به‌رده‌وامه‌‌و ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌ له‌ناو خانوویه‌كی جه‌له‌ولادا رۆژانه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق، تائێستا (669) هه‌زار خێزان له‌عێراقدا ئاواره‌بوون كه‌ ده‌كاته‌ (سێ)ملیۆن‌و (300)هه‌زار كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش (61)هه‌زار خێزان له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی پارێزگای دیاله‌ ئاواره‌بوون.

 

وه‌زیری كۆچ‌و كۆچبه‌رانی عێراق، كێشه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی له‌نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ جه‌له‌ولا بۆ ئه‌و كاولكارییه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ دووچاری شارۆچكه‌كه‌ هاتووه‌، به‌بڕوای ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژیان بۆ ناحیه‌كه‌ پێویستی به‌پاره‌یه‌كی زۆرو هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ماهه‌نگییه‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی دڵخۆشكه‌ر.

 

جاسم محه‌مه‌د، وه‌زیری كۆچبه‌رانی عێراق بۆ "نیقاش" وتی "كێشه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولا، چونكه‌ به‌شێك له‌عه‌ره‌به‌كانی جه‌له‌ولا چه‌كیان له‌دژی كورد هه‌ڵگرتوو له‌پاڵ داعش شه‌ڕیانكرد".

 

به‌قسه‌ی‌ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌عه‌ره‌به‌كانی‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی "كروی" له‌گه‌ڕه‌كی (ته‌جنید)ی جه‌له‌ولا نیشته‌جێببون، له‌گه‌ڵ هاتنی داعش بۆ سنووره‌كه‌ ئه‌وانیش چوونه‌ته‌ پاڵ داعش‌و به‌هۆیه‌وه‌ (ته‌جنید) بوو به‌قه‌ڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌. له‌پاش ئازادكردنی شارۆچكه‌كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵهاتن‌و ئێستا له‌شاری به‌عقوبه‌ نیشته‌جێن.

 

ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌ترسی‌ پێشمه‌رگه‌ ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان جێهێشتووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ رێگریكردن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كجاره‌كیان، له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ خانووه‌كانیان ده‌ڕوخێنرێت‌و ئێستا به‌شێكی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ته‌ختی‌ زه‌وی‌ كراوه‌.

 

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌رچه‌نده‌ خۆیان ده‌بوێرن له‌باسكردنی‌ بابه‌تی‌ رووخاندنی‌ خانووه‌كان، به‌ڵام به‌روون‌و ره‌وانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێڵی سووریان به‌رامبه‌ر به‌و عه‌ره‌بانه‌ داناوه‌و رێگه‌ناده‌ن جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ گرفتێك له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، چونكه‌ به‌غدا پێیوایه‌ ئه‌وانیش به‌شێكن له‌پێكهاته‌كانی شارۆچكه‌كه‌و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆیان.

 

مه‌حمود سه‌نگاوی، فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ "نیقاش" وتی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌و كه‌سانه‌ ناده‌ین كه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ن یاخود ده‌ستیان به‌خوێنی كورد سووره‌ جارێكیتر بێنه‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولا".

 

ئێستا لایه‌نی‌ كوردی‌ بۆ سه‌لماندنی‌ كوردبوونی‌ ناوچه‌كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ له‌جه‌له‌ولاوه‌ گۆڕیوه‌ بۆ گوڵاڵه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌ بووه‌و له‌پرۆسه‌ی‌ ته‌عریبدا گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئاواره‌كان گرنگه‌ به‌كوردو عه‌ره‌به‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، ئیتر شارۆچكه‌كه‌ ناوی‌ هه‌ر چییه‌ك بێت بۆ ئه‌وان باسێكی‌ ئه‌و تۆ نییه‌.

 

جاسم محه‌مه‌د وه‌زیری كۆچ‌و كۆچبه‌ران هاوشێوه‌ی خودی ئاواره‌كان نازانێت كه‌ی‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان دێت بۆ جه‌له‌ولا‌و ده‌ڵێت "كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌وا چۆن خه‌ڵك بگه‌ڕێنه‌وه‌‌و كێ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ تۆڕی كاره‌با‌و ئاو و ئاوه‌ڕۆ كاتێكی زۆری ده‌وێت". وتیشی:"هێشتا نازانین بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نی له‌جه‌له‌ولا ماوه‌ یان نا".

 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری پێشمه‌رگه‌ داویه‌تی به‌"نیقاش"، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌كاتی پاككردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو گوندی (سه‌ید جابرو سه‌ید ئه‌حمه‌د)ی‌ سه‌ر به‌جه‌له‌ولا توانراوه‌ (16) به‌رمیل TNT كۆبكه‌نه‌وه‌.

 

له‌ئێستادا شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی‌و جگه‌ له‌هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش هیچ هێزێكی دیكه‌و هاوڵاتیه‌كی مه‌ده‌نی تێیدا نابینرێت‌و شوێنه‌واری جه‌نگ‌و كاولكاری به‌دیار ده‌كه‌ون. فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌هیچ هێزێكی عێراقی ناده‌ن بچنه‌ ناوچه‌كه‌.

 

مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌ هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌ ده‌ڵێت "لاریمان نیه‌ له‌وه‌ی‌ هێزێكی هاوبه‌ش له‌كوردو عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ئێمه‌ پێكبهێنرێت، گرفتمان نیه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌بێ یان هه‌رێم، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی بكه‌ین، چونكه‌ رێگه‌ناده‌ین خه‌ڵكی تیرۆریست تێكه‌ڵ به‌هێزی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ ببێ‌".

 

ئێستا خه‌می‌ گه‌وره‌ی‌ ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌و خه‌می‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانه‌.

 

ئه‌كره‌م ساڵح به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ هاوكات ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه‌ به‌"نیقاش" وت "هه‌رچه‌ند له‌ئێستادا جه‌له‌ولا ئارامه‌، به‌ڵام مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كاندا گروپه‌ چه‌كداره‌كان جارێكیتر سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌‌و ده‌ست به‌جموجوڵ بكه‌نه‌وه‌".

 

له‌نێوان ئه‌م بێنه‌و به‌رده‌یه‌و داڕوخانی‌ ژێرخانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ شاره‌كه‌، تاكه‌ زانیارییه‌ك كه‌ روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێناچێت تا چه‌ند مانگ‌و ساڵی‌ تریش جه‌له‌ولا به‌كه‌ڵكی‌ ژیان بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌