راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شنگال موسڵ ده‌خنێكێنێت
رێگای‌ سه‌ره‌كی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ داعش ده‌پچڕێت

تایبه‌ت
به‌ئازادكردنی‌ شنگال رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ داعش له‌یه‌ك دابڕان‌و ئه‌مه‌ش بووه‌ بارگرانییه‌كی‌ تر بۆ دانیشتوانی‌ موسڵ.
3.12.2015  |  موسڵ

ته‌مومژی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ شنگال ره‌وییه‌وه‌و ئه‌و شاره‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ده‌ست داعش سه‌ندرایه‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و تاڵه‌مووه‌ی‌ موسڵی‌ به‌توركیاو سوریاوه‌ ده‌به‌سته‌وه‌ بچڕا، بۆیه‌ ئێستا بازرگانه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ به‌دوای‌ رێیه‌كی‌ نوێدا ده‌گه‌ڕێن تا خۆراك‌و كاڵا پێویسته‌كانی‌ تر بگه‌ێننه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌.

 

لۆرییه‌كی‌ مارسیدسی‌ ره‌نگ زه‌رد كه‌ له‌نێو كاروانی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ سه‌ر رێی‌ موسڵ – شنگال – ره‌ققه‌دا بوو، له‌شه‌وو رۆژێكدا رێی‌ لێگیراو ئیتر نه‌یتوانی‌ به‌ڕێی‌ جارانی‌ خۆیدا تێبپه‌ڕێت له‌نزیك چیای‌ شنگاله‌وه‌، چونكه‌ ئیتر ئه‌و رێگایه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی‌ ئێزدی‌‌و شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌، ئه‌وه‌تا دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێیه‌كی‌ نوێی‌ ده‌ربازبوون بدۆزێته‌وه‌.

 

هه‌موو ئه‌و كاروانانه‌ی‌ له‌موسڵه‌وه‌ تێده‌په‌ڕین به‌ره‌و خۆرئاوا، ده‌بوو هه‌ردوو شاری‌ ته‌له‌عفه‌رو پاشان شنگال ببڕن، دوای‌ ئه‌وه‌ ده‌چوونه‌ سوریا بۆ شاری‌ حه‌سه‌كه‌و ئینجا بۆ ره‌ققه‌.

 

ماوه‌ی‌ نێوانی‌ موسڵ‌و ره‌ققه‌ كه‌ دوو سه‌ره‌كیترین پێگه‌ی‌ داعشن نزیكه‌ی‌ 350 كیلۆمه‌تره‌، له‌وه‌ش 130 كیلۆمه‌تری‌ له‌خاكی‌ عێراقدایه‌، هیشام عابد شۆفێری‌ لۆرییه‌ مارسیدسه‌ مۆدێل 1980كه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ عێراق پێی‌ ده‌ڵێن "ئاغچه‌م" ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جاران ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ به‌بێ‌ كێشه‌ به‌شه‌ش بۆ حه‌وت كاتژمێر ده‌بڕی‌.

 

ماوه‌و كاتی‌ نێوان ئه‌م شاره‌ له‌وه‌تی‌ شنگال له‌مانگی‌ رابردووه‌وه‌ ئازادكراوه‌ وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌ی‌ شنگالدا خه‌ڵكی‌ موسڵ تووشی‌ دڵه‌راوكێ‌ بوون، چونكه‌ پێیان وابوو هێرشه‌كه‌ شاره‌كه‌ی‌ ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رزوو نرخی‌ كه‌لوپه‌له‌ سه‌ره‌كییه‌كان دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادی‌ كرد، به‌ڵام پاش ده‌ رۆژ به‌هۆی‌ ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ ئاغچه‌مه‌و هاوڕێكانیه‌وه‌ بارودۆخ ئاسایی‌ بووه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌یه‌كی‌ تریان دۆزییه‌وه‌.

 

عابد پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌و رێ دوورو درێژه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاغچه‌مه‌كه‌م له‌پێشی‌ ئه‌و كاروانه‌وه‌ بوو كه‌ دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌پچڕانی‌ رێگه‌ی‌ شنگال رێگایه‌كی‌ نوێمان دۆزییه‌وه‌، دڵنیاش نه‌بووین له‌وه‌ی‌ ده‌گه‌ینه‌ ره‌ققه‌، چونكه‌ ده‌بوو ناوچه‌یه‌كی‌ چۆڵ‌و بیابانێك ببڕین كه‌ ئه‌وسه‌ری‌ دیار نه‌بوو".

 

كاتێك تایه‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ ده‌پشكنی‌ وتی‌ "رێگایه‌كی‌ پڕ له‌مه‌ترسیمان بڕی‌، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌كی‌ ترمان نه‌بوو، ده‌بوو له‌وێوه‌ خواردن‌و كه‌لوپه‌ل بگه‌ێنینه‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار هاوڵاتی‌ موسڵ".

 

رێگای‌ كاروانی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ موسڵ ئێستا به‌ره‌و باشووری‌ شاره‌كه‌ ده‌ڕوات نه‌ك خۆرئاوا، بارهه‌ڵگره‌كان ده‌چنه‌ ناحیه‌ی‌ ته‌ل عه‌بته‌ له‌وێوه‌ به‌ڕێگایه‌كی‌ خۆڵدا شه‌ست كیلۆمه‌تر ده‌بڕن تا ده‌گه‌نه‌ ناحیه‌ی‌ قیروان، ئینجا به‌نزیك چیای‌ شنگالدا ده‌گه‌نه‌ خاكی‌ سوریا.

 

ئاغچه‌مه‌ باره‌هه‌ڵگره‌كه‌ كه‌ شۆفێره‌كه‌ی‌ به‌سه‌رسه‌خت ناوی‌ ده‌بات ده‌بێت ناوچه‌یه‌كی‌ بیابانی‌ دوورو درێژ له‌قه‌زای‌ به‌عاجی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ ببڕێت، له‌وێ‌ هیچ دیمه‌نێكی‌ ژیان نییه‌ جگه‌ له‌چه‌ند خانوویه‌كی‌ قوڕ كه‌ له‌دووره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون.

 

عابدی‌ شۆفێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م ڕێگا نوێیه‌ ژیانی‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ خاڵی‌ بووه‌ له‌خاوه‌ن مه‌ڕوماڵاته‌كان‌و ده‌ڵێت "خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر رێگاكه‌ دوكانی‌ بچوكیان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ فرۆشتنی‌ ئاوو خوارده‌مه‌نی‌‌و سوته‌مه‌نی‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات".

 

ده‌شڵێت "یه‌كێك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ پڕكردووه‌ له‌كه‌لوپه‌لی‌ ئۆتۆمبێل‌و له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ بارهه‌ڵگره‌كان چاك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌كیان ده‌كه‌وێت".

 

نه‌ك هه‌ر رێگاكه‌، به‌ڵكو كاته‌كه‌ش بووه‌ته‌ دوو هێنده‌، به‌جۆرێك هه‌ر بارهه‌ڵگرێت دوانزه‌ كاتژمێری‌ پێوسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگاته‌ ره‌ققه‌و ئه‌وه‌نده‌ش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.

 

حه‌سه‌ن زه‌نون یه‌كێكه‌ له‌بازرگانه‌كانی‌ موسڵ، كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌ زوو زوو په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ كاروانی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ ده‌پچڕێت، چونكه‌ له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا مۆبایل كارناكات، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كان نامێنێ‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌گه‌نه‌ سوریا، ئینجا له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كه‌م".

 

ده‌شڵێت "له‌دوو هه‌فته‌ی‌ رابردوودا بارودۆخه‌كه‌ زۆر خراپتر بووه‌، چونكه‌ كرێی‌ گواستنه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 25% زیادی‌ كردووه‌ به‌هۆی‌ خراپی‌ رێگاوه‌، نه‌شمانتوانیوه‌ ئه‌و نرخه‌ له‌سه‌ر كاڵاكان زیادبكه‌ین، چونكه‌ توانای‌ كڕین له‌موسڵدا ئێجگار لاوازه‌".

 

ئه‌و رێگایه‌ی‌ بارهه‌ڵگره‌كان به‌كاری‌ ده‌هێنن، هه‌مان رێگایه‌ داعش سوودی‌ لێده‌بینێت بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌ئۆتۆمبێلی‌ مه‌ده‌نیدا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا نه‌یانكه‌نه‌ ئامانج.

 

شۆفێره‌كانی‌ ئه‌و رێگایه‌ به‌چاوی‌ خۆیان بینیویانه‌ كه‌ چۆن كاروانێكی‌ بارهه‌ڵگری‌ پڕ له‌سه‌وزه‌ له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج‌و سێ‌ بۆ چوار دانه‌یان له‌خاكی‌ سوریادا بوونه‌ته‌ خه‌ڵووز.

 

له‌ماوه‌ی‌ ده‌ رۆژدا رێگای‌ موسڵ - ته‌لعه‌بته‌ – ره‌ققه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ڕێگا قه‌ره‌باڵغه‌كانی‌ نێوان عێراق‌و سوریا، به‌ڵام نازانرێ‌ تاكه‌ی‌ وا ده‌مێنێته‌وه‌.

 

هیشام عابد كه‌ ئه‌و رێگایه‌ بووه‌ته‌ فریادڕه‌س بۆیان ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ش خراپ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باران ببارێ‌ رێگا خۆڵه‌كه‌مان لێ‌ داده‌خرێت مه‌ترسی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیش بۆردومانی‌ فرۆكه‌كان‌و هێرشی‌ سه‌ربازییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ بگه‌نه‌ به‌عاج، ئه‌وا موسڵ به‌ته‌واوی‌ گه‌مارۆ ده‌درێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌