راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌ڵای‌ شیعه‌و كلیلكی‌ كورده‌كان له‌ئاڵۆزیدایه‌
دوزخورماتوو دوای‌ داعش چاوه‌ڕێی‌ ناكۆكییه‌كی‌ گه‌وره‌تره‌

هه‌ستیار قادر
ئاگری‌ ناكۆكی‌ نێوان كوردو توركمانه‌ شیعه‌كانی‌ دووزخورماتوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ خامۆش بووه‌، به‌ڵام مه‌ترسی‌ گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات.
26.11.2015  |  هه‌ولێر
چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌خاڵێكی‌ پشكنینی‌ دوزخورماتوو ( :وێنه وكالة الاناضول)
چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌خاڵێكی‌ پشكنینی‌ دوزخورماتوو ( :وێنه وكالة الاناضول)

ئاڵۆزیه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ قه‌زای‌ دوزخورماتوو له‌نێوان كوردو شیعه‌ توركمانه‌كاندا ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ململانێیه‌كی‌ تائیفی‌ نوێ له‌و ناوچه‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ردوولا رێكه‌وتنی‌ راگرتنی‌ پێكدادانی‌ نێوانیان ئیمزا كردووه‌.

 

رێككه‌وتنێكی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی شیعه‌ له‌قه‌زای‌ دوزخورماتووی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین له‌17ی‌ ئه‌م مانگه‌دا توانی‌ تا هێندێك ئاو بكات به‌ئاگری‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ تائیفیه‌ی‌ كه‌ به‌ر پێنج رۆژ له‌و رێكه‌وتنه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ی‌ قه‌زا جێناكۆكه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا.

 

12ی‌ ئه‌م مانگه‌ (تشرینی‌ دووه‌م) ده‌مه‌قاڵێیه‌كی‌ نێوان هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی‌ بازگه‌ی‌ سێریانی‌ سلێمان به‌گی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌باشوری‌ دوزخورماتوو، بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ سێ چه‌كداری‌ ئه‌و گروپه‌ شیعه‌یه‌و هه‌رزوو ئاگری‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ گه‌یشته‌ ناو قه‌زاكه‌ كه‌ كوردو توركمانی‌ شیعه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پێكده‌هێنێن‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵ و دوكانی‌ یه‌كتر ده‌ستی‌ پێكرد.

 

قه‌زای‌ دوزخورماتوو ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینی‌ باكوری‌ عێراقه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1978 رژێمی‌ پێشوی‌ حیزبی‌ به‌عس له‌عێراق به‌بڕیارێك ئه‌و قه‌زاییه‌ی‌ له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك جیا كرده‌وه‌و لكاندی به‌سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ .

 

 ئه‌و قه‌زایه‌ كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی‌ كوردو توركمانی‌ شیعه‌و سوننه‌و عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ی‌ تیدایه‌، یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌و ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق نه‌یتوایی‌ خاوه‌ندارێتی‌  یه‌كلایی‌ بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كورد داوا ده‌كات بخرێته‌وه‌ سه‌ر كه‌ركوك.

 

 هاوكێشه‌ی‌ ململانێی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ئێستادا له‌دوزخورماتوو كه‌ به‌"كه‌ركوكی‌ بچوكراوه‌" ناو ده‌برێت له‌نێوان كوردو توركمانه‌ شیعه‌كاندایه‌، كورد له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌ ئیداری‌‌و ئه‌منیه‌كانی‌ ئه‌وشاره‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و توركمانه‌ شیعه‌كانیش له‌دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ داعش، هێزی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیان له‌و سنوره‌ پێكهێنا وه‌ك مانۆڕێك بۆ پاڵپشتی‌ هاونه‌ته‌وه‌ مه‌زهه‌ب شیعه‌كه‌یان.

 

 ئه‌گه‌رچی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هاوكاری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی بوو له‌گرتنه‌وه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌ سه‌ر به‌دوزخورماتوو له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردودا له‌ده‌ستی‌ داعش، به‌ڵام ئه‌و هاوكێشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌دژی‌ داعش به‌م دواییه‌ گۆڕاوه‌ بۆ ململانێیی‌ نێوخۆیی‌ نێوانیان له‌سه‌ر هه‌ژمونی‌ ئه‌و شاره‌.

 

 محه‌مه‌د مه‌هدی‌ به‌یاتی‌ به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ باكوری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی كه‌ توركمانێكی‌ شیعه‌ی‌ دوزخورماتووه‌، ئه‌و قه‌زایه‌ به‌"قه‌ڵای‌ توركمان" وه‌سف ده‌كات‌و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌مدواییه‌ له‌دوزخورماتوو رویداوه‌ "فیتنه‌گێری‌" بوه‌و كه‌سانێك ده‌ستیان تێیدا هه‌بوه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ ناویان بهێنێت.

 

به‌یاتی‌ له‌لێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ په‌راوێزخستنی‌ توركمانه‌ شیعه‌كان له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌و شاره‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی‌ روداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ هه‌بووه‌و ده‌ڵێت "نه‌بونی‌ متمانه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ له‌دوزخورماتوو، هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكی‌ تری‌ ناكۆكیه‌كانیش له‌داهاتودا به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م زیان به‌ كورد ده‌گه‌ێنێت هه‌رچه‌نده‌ هیچ لایه‌كمان بڕیاری‌ شه‌ڕكردنمان نیه‌".

 

پێكدادانه‌كانی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ دوزخورماتوو ده‌ریخستن كه‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ پێكهاته‌ مه‌زهه‌بی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌و شاره‌دا هێشتا به‌كرداری‌ بوونی‌ نیه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی‌ كوردو توركمان بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن.

 

هه‌ریه‌ك له‌كوردو توركمان ململانێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر زۆرینه‌ بونیان له‌وشاره‌ كه‌ سه‌نگی‌ مه‌حه‌كی‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتیه‌تییه‌، گه‌ر به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور راپرسی‌ له‌باره‌ی چاره‌نوسیه‌وه‌ بكرێت.

 

به‌یاتی‌ وتی‌ "سێ په‌رله‌مانتاری‌ توركمانی‌ شیعه‌ی‌ عێراقمان له‌دوزخورماتوو ده‌نگیان هێناوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌وشاره‌ زۆرینه‌ین".

 

له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2014ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا سێ په‌رله‌مانتاری‌ توركمانی‌ شیعه‌ له‌سێ لیستی‌ جیاواز له‌سه‌ر ده‌نگی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ بونه‌ په‌رله‌مانتار، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان نه‌یانتوانی‌ ده‌نگی‌ پێویست بۆ هیچ كام له‌كاندیده‌كانیان له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین به‌ده‌ست بهێنن له‌رێگه‌ی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانیانه‌وه‌ له‌دوزخورماتوو.

 

دوزخورماتوو جگه‌ له‌ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌ سێ ناحیه‌ی‌ تری‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش (یه‌نگیچه‌و ئامرلی‌) زۆرینه‌ توركمان‌و (سلێمان به‌گ)ی‌ زۆرینه‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ن، هه‌رچی‌ كوردیشه‌ له‌سنوری‌ ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ ئامارێكی‌ ره‌سمی‌ نیه‌ له‌باره‌ی‌ رێژه‌ی‌ دیاریكراوی‌ پێكهاته‌كان تیایدا.

 

شه‌لال عه‌بدول قایمقامی‌ قه‌زای‌ دوزخورماتوو له‌پشكی‌ كورد كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ده‌كرد له‌گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌ شه‌عبیدا هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ به‌یاتی‌ به‌وه‌ی‌ ده‌ست هه‌بووه‌ له‌پشت ئاڵۆزیه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ دوزخورماتوو.

 

شه‌لال به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشتر توركمانه‌كان له‌و سنوره‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ریان‌و ئێستاش تۆڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، له‌دوای‌ هاتنی‌ چوار فه‌وجی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی بۆ ناوچه‌كه‌  144 هاوڵاتی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ كوژراون كه‌ پێنجیان كوردبوون، به‌ڵام كورد هێزی‌ سه‌ربازی‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات".

 

قایمقامی‌ دوزخورماتوو وتیشی‌ "ره‌خنه‌ی‌ توركمانه‌ شیعه‌كان له‌سه‌ر به‌شداری‌ ئیداریان له‌جێی‌ خۆی نیه‌و 65%ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و كارمه‌ندانی‌ پۆلیسی‌ دوزخورماتوو له‌و پێكهاته‌یه‌ن".

 

ئه‌گه‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ نێوان كوردو توركمانه‌ شیعه‌كان له‌ئاینده‌دا به‌دوور نازانرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانن دژ به‌داعش ئه‌گه‌رچی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتییش بێت، به‌ڵام ئاینده‌ی‌ ئه‌وشاره‌و چاره‌نوسی‌ له‌دوای‌ نه‌مانی‌ ئه‌و گروپه‌ گرێیه‌كی‌ تری‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ عێراقه‌ كه‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئاسان نیه‌ له‌سایه‌ی‌ جیاوازی‌ تێروانینی‌ پێكهاته‌كانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.

 

 شه‌لال عه‌بدول  تێڕوانینی‌ كورد له‌سه‌ر چاره‌نوسی‌ دوزخورماتوو ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوره‌وه‌ كه‌ دابڕاندنێتی‌ له‌سه‌لاحه‌دین‌و لكاندنێتی‌ به‌كه‌ركوكه‌وه‌و ده‌شڵێت "دوزخورماتوو كلیلی‌ ده‌روازه‌ی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌و هه‌ر شتێك روبدات  لێره‌وه‌ روده‌دات‌و پێگه‌یه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ كورد".

 

 به‌ڵام توركمانه‌كان تێروانینی‌ جیاوازیان هه‌یه‌‌و نیازی‌ ئۆغلو په‌رله‌مانتاری‌ شیعه‌ی‌ توركمانی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌پشكی‌ دوزخورماتوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "چاره‌نوسی‌ دوزخورماتوو له‌روی‌ ده‌ستوریه‌وه‌ نادیاره‌ بۆیه‌ پێویسته‌ یان بكرێته‌ پارێزگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ یان یه‌كه‌یه‌كی‌ ئیداری‌ سه‌ربه‌خۆ".

 

ئۆغۆلو وتیشی‌"ده‌بێت كورد له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌ستبداته‌ سیاسه‌تی‌ راكێشانی‌ هاوسۆزی‌ پێكهاته‌كانی‌ تر بۆ كۆتاییهێنان به‌ئاڵۆزی‌ سیاسی‌ له‌دوزخورماتووداو هێنانه‌ كایه‌ی‌ پێكه‌وه‌ ژیان تیایدا".

 

عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانی‌ ئه‌و سنوره‌ به‌به‌راورد به‌كوردو توركمانی‌ شیعه‌ كه‌مترن له‌رووی‌ ژماره‌و هه‌ژمونی‌ ئیداری‌و ئه‌منیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش تێروانینی‌ خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ی‌ ئه‌و قه‌زاكه‌ له‌تێروانینی‌ كورده‌وه‌ نزیكه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ گوشاری‌ شیعه‌كان له‌سه‌ریان هۆكار بێت بۆ ئه‌و نزیك بونه‌وه‌یه‌یان له‌كورده‌وه‌.

 

شێخ سامی‌ به‌یاتی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ عه‌شیره‌ته‌ سونه‌كانی‌ دوزخورماتوو كه‌ ئێستای‌ ئاواره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ گیرۆده‌ی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ سه‌لاحه‌دین بوین به‌هۆی‌ پشتگوێخستنی‌ ناوچه‌كانمانه‌وه‌، بۆیه‌ باشتره‌ له‌وان جیابكرێینه‌وه‌و بخرێنه‌ سه‌ر كه‌ركوك".

 

ناكۆكیه‌كانی‌ قه‌زای‌ دوزخورماتوی‌ جێناكۆك له‌نێوان كورد توركماندا پێده‌چێت زه‌نگی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ بێت بۆ ململانێه‌كی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ توندتر كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا سه‌رهه‌ڵبدات‌و گه‌وره‌تر بێت بۆ ناكۆكی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ زۆرینه‌ شیعه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و قه‌زایه‌ خاڵی‌ پێكه‌وه‌به‌ستنی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ زۆرینه‌ سوننه‌و كه‌ركوكی‌ زۆرینه‌ كوردو ناوچه‌كانی‌ ناوه‌راستی‌ زۆرینه‌ شیعه‌یه‌.

 

وته‌بێژێك به‌ناوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌راگه‌یه‌نداروێكدا سه‌باره‌ت به‌بوونی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌دوزخورماتوو  وتی‌ "هه‌رێمی كوردستان له‌تێكشكاندن‌و له‌ناوبردنی تیرۆریستاندا ناكۆكی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا نییه‌و هه‌ر كات بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ داعش پێویست بێت هێزی پێشمه‌رگه‌و حه‌شد یارمه‌تیی یه‌كتر ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ حه‌شدی شه‌عبی بێت دوزخورماتوو داگیر بكات كه‌ خاكی كوردستانه‌‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌یپارێزێت".

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هیچ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسی‌ دوزخورماتووه‌وه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ چاودێران پێیان وایه‌ ناكۆكی‌ قوڵی‌ قه‌زاكه‌ له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ تۆخ ده‌بێته‌وه‌.

 

واسق هاشمی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژیه‌كان، قه‌زای‌ دوزخورماتوو به‌"بۆمبێكی‌ ته‌وقیتكراو" ده‌زانێت كه‌ به‌رای‌ ئه‌و له‌هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌‌و ده‌شڵێت "وێنه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ له‌ئێستادا زۆر ته‌مومژاوی‌‌و مه‌ترسیداره‌".

 

واسق هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ له‌دوزخورماتوو رووده‌دات له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعشدا ئه‌جنێدای‌ ده‌ره‌كی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌ بۆ دروستكردنی‌ ئاڵۆزی‌ تیایدا، ئه‌گه‌ر سیاسیه‌تمه‌داره‌كانی‌ هه‌ردوولا عه‌قڵیان نه‌خه‌كار، شه‌ڕ ته‌نها به‌و ناوچه‌یه‌وه‌ ناوه‌ستێت‌و زۆر شوێنی‌ تری‌ عێراق ده‌گرێته‌وه‌و ده‌مانخاته‌ شه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌