راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پاشماوه‌ی‌ شه‌ڕ له‌میسان
چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ مه‌رگ له‌م شاره‌ خۆی‌ مه‌ڵاسداوه‌

تاكه‌ ده‌نگێك هه‌موو ده‌نگ‌و ژاوه‌ژاوه‌كانی‌ تر كپ كرد، دوای‌ ره‌وینه‌وه‌ی‌ ته‌پوتۆزه‌كه‌، هاواری‌ دوو كوڕ به‌رزبووه‌وه‌ كه‌ مین قاچی‌ په‌ڕاندبوون‌و برا بچوكه‌كه‌شیانی‌ له‌ناو بردبوو.
5.11.2015  |  میسان

عه‌بدولئه‌میر جیزانی‌ باوكی‌ قوربانییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌هه‌موو ته‌مه‌نمدات ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ له‌و شێوه‌یه‌م به‌ر گوێ‌ نه‌كه‌وتووه‌، دوای‌ ئه‌و ده‌نگه‌ش ئه‌وه‌ی‌ بینیم پارچه‌ی‌ جه‌سته‌ی‌ كوڕه‌ بچوكه‌كه‌م‌و هاوارو ناڵه‌ی‌ كوڕه‌كانی‌ ترم بوو".

 

خێزانه‌كه‌ی‌ جیزانی‌ سه‌رجه‌میان به‌كاری‌ ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ خه‌ریكن‌و به‌دوای‌ زه‌وییه‌كی‌ به‌پیت‌و سه‌وزدا ده‌گه‌ڕێن بۆ له‌وه‌ڕاندنی‌ مه‌ڕو ماڵاته‌كانیان، ته‌نها تاوانی‌ ئه‌و شوانه‌ بچووكانه‌ش ئه‌وه‌ بوو له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی‌ په‌ڕ له‌میندا وێڵ بوو كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌كاتی‌ شه‌ڕه‌ نێوان ئێران عێراقدا.

 

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ تیب (30كم خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ عه‌ماره‌) به‌كاری‌ ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ سه‌رقاڵن، خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان دوو هه‌زار كه‌س ده‌بێت ساڵانه‌ له‌كاتی‌ سه‌وزبوونی‌ زه‌ویدا به‌ناوچه‌یه‌كدا بڵاوده‌بنه‌وه‌ له‌پارێزگای‌ میسان كه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی‌ 36 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌بێت.

 

خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌و گونده‌ سنورییه‌كانی‌ پارێزگای‌ میسان پشكی‌ شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌قوربانیانی‌ مین هه‌ر له‌په‌ڕینی‌ ده‌ست‌و قاچ‌و نابینابوونه‌وه‌ تا مردنی‌ چه‌ندین كه‌س.

 

له‌لای‌ مانگی‌ سوری‌ عێراق هه‌موو ساڵێك 10 قوربانی‌ مین له‌و پارێزگایه‌ تۆمار ده‌كرێت به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ناشاره‌زایانه‌ ده‌كه‌ونه‌ كێڵگه‌كانی‌ مینه‌وه‌.

 

حه‌یده‌ر جه‌وادی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مانگی‌ سوری‌ عێراقی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گروپه‌ خۆبه‌خشه‌كانمان خه‌ڵكی‌ هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ مینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌رزی‌ به‌هاردا كه‌ جوتیارو شوانه‌كان تیایدا چالاكن".

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ قوربانی‌، به‌ڵام ده‌زگا حكومییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ناچن به‌ده‌م قوربانییه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵكشانی‌ ژماره‌كه‌یان به‌هێزه‌.

 

عه‌بدولره‌زا ماهود به‌رپرسی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ میسان حكومه‌تی‌ عێراق به‌خه‌تابار ده‌زانێت له‌فه‌رامۆشكردنیان‌و ده‌ڵێت "تائێستا یاسایه‌ك ده‌رنه‌چووه‌ بۆ قوربانیانی‌ مین‌و پاشماوه‌كانی‌ جه‌نگ‌و هه‌موویان فه‌رامۆش كراون".

 

ماهود ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌نێو قوربانیانی‌ میندا تیایدایه‌ راده‌ی‌ په‌ككه‌وته‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ 80% كه‌چی‌ حكومه‌ت هیچی‌ بۆ نه‌كردوون، ده‌شڵێت "به‌هۆی‌ بێهیواییان تائێستا 250 خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت له‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ خۆیان تۆماركردووه‌".

 

ئه‌و مینانه‌ی‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌‌و دۆڵه‌كانی‌ میسان شاردراونه‌ته‌وه‌، به‌شێكیان به‌هۆی‌ لافاوه‌وه‌ شوێنیان گۆڕاوه‌و هیچ نه‌خشه‌و هێمایه‌كیش له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ دیاریكردنی‌ شوێنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ماون.

 

سه‌میر عه‌بود به‌رێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ژینگه‌ی‌ میسان ده‌ڵێت "هیچ نه‌خشه‌یه‌كمان له‌لا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌شوێنی‌ مینه‌كان له‌هێڵی‌ سنوری‌ له‌گه‌ڵ ئێرانداو ئاماره‌كانیش وا مه‌زه‌نده‌ی‌ ده‌كه‌ن سێ‌ ملیۆن مین هه‌بن".

 

سه‌میر به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌وڵمانداوه‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ مین كه‌م بكه‌ینه‌وه‌و خه‌ڵكیان لێ‌ دوور بخه‌ینه‌وه‌ له‌رێی‌ هه‌ڵواسینی‌ هێماو ته‌لبه‌ند كردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌".

 

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ پێشوو كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ تیایدا به‌شداربوون، ژماره‌ی‌ قوربانیانی‌ مین له‌عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ پێنج هه‌زار كه‌س، له‌نێو ئه‌وانه‌دا 800 كه‌س له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردوودا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ به‌شی‌ زۆریان له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ تیب‌و ناحیه‌ی‌ عه‌زیر بوون له‌قه‌زای‌ عه‌لی‌ هاوسنوری‌ ئێران.

 

پێشتر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ باشوری‌ ئه‌فه‌ریقا كردبوو بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین، له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2005و 2006دا سێ‌ هه‌زار مین هه‌ڵگیرانه‌وه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی‌ باره‌گای‌ كۆمپانیاكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ حیزبی‌ رووبه‌رووی‌ هێرش بوونه‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ له‌عێراق كشایه‌وه‌.

 

له‌ناوچه‌ی‌ تیب چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وت هه‌یه‌ كه‌ ئێستا به‌رهه‌میان نییه‌، كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ میسانیش ده‌یه‌وێت به‌هاوكاری‌ تیمی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ فیرقه‌ی‌ 10ی‌ سوپا مینه‌كان هه‌ڵبگرێته‌وه‌و ئه‌و كێڵگانه‌ بخاته‌وه‌ كار، به‌ڵام ئێستاش ئه‌و فیرقه‌یه‌ بۆ شه‌ڕی‌ داعش براوه‌ته‌ ئه‌نبارو كاری‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین راوه‌ستاوه‌.

 

خالید واهم به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمپانتیای‌ نه‌وتی‌ میسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین تێچوونی‌ زۆره‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ عه‌ره‌بی‌‌و بیانیدا كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ پاك بكرێته‌وه‌، تێچوونی‌ هه‌ر یه‌ك مه‌تر چوارگۆشه‌ چوار دۆلاره‌‌و به‌و پێیه‌ش هه‌ر تیمێكی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین رۆژانه‌ 1900 دۆلار خه‌رجی‌ ده‌وێت".

 

پسپۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ 70 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌خاكی‌ عێراق به‌مین چێنراوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ مه‌یسه‌م له‌فته‌ پسپۆڕ له‌كاروباری‌ مین ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێنج ملیۆن مین‌و زیاتر له‌حه‌وت ملیۆن بۆمبی‌ پاشماوه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ئێران عێراق له‌ناوچه‌ سنورییه‌كاندا بونیان هه‌یه‌.

 

مه‌یسه‌م به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و ژماره‌ زۆرو مه‌ترسیداره‌ی‌ مین، تائێستا حكومه‌تی‌ ناوه‌ند هیچ بڕیارێكی‌ ده‌رنه‌كردووه‌ بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان‌و به‌كارهێنانه‌وه‌یان له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، به‌ڵكو پاره‌یه‌كی‌ زۆر بۆ كڕینی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ ئه‌و شاره‌ خه‌رج ده‌كرێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌