راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بێجی‌ بۆ من‌و رومادی‌ بۆ تۆ
ململانێی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا له‌قازانجی‌ عێراق شكاوه‌ته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌مه‌ریكاو روسیا هه‌ر یه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت بیسه‌لمێنن كه‌ شه‌ڕی‌ داعش له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌وان یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش تائێستا به‌خێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق.
22.10.2015  |  به‌غدا
مقاتلون من الحشد الشعبي ( :وێنه أحمد الربيعي)
مقاتلون من الحشد الشعبي ( :وێنه أحمد الربيعي)

شانزه‌ مانگه‌ داعش ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ عێراقی‌ داگیركردووه‌، به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و گروپه‌ دوو گورزی‌ كوشنده‌یان به‌ركه‌وت، یه‌كێكیان له‌رومادی‌‌و ئه‌ویتریان له‌بێجی‌.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو عێراق پڕیبوو له‌گۆڕانكاریی‌ ئه‌منی‌، له‌یه‌ك كاتدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق دوو هێرشی‌ به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا، له‌كاتێكدا پێشووتر یه‌ك هێرشیشیان بۆ نه‌ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ روونه‌ هۆكاری‌ ئه‌م سه‌ركاوتنانه‌ بۆ لایه‌نی‌ سیاسی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ك به‌ته‌نها ئه‌منی‌.

 

هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ عێراق‌و هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ توانیان له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژدا به‌ته‌واوه‌تی‌ قه‌زای‌ بێجی‌ له‌داعش پاكبكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ش مانگ هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام هیچیان پێ‌ ناكرێت، هه‌مانكات سوپای‌ عێراقی‌ چه‌كدارانی‌ عه‌شایه‌ر له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا به‌ته‌واوی‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاری‌ رومادی‌، ئه‌مانیش پێنج مانگه‌ هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌ ده‌ده‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ بچننه‌وه‌.

 

پێده‌چێت ململانێی‌ نوێی‌ نێوان هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانی‌ چوارقۆڵی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ روسیا كاریگه‌ری‌ ئه‌رێنی‌ هه‌بووبێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن؟‌و بۆچی‌؟

 

هێزی‌ تایبه‌ت‌و تۆپه‌ دوورهاوێژه‌كانی‌ ئێران له‌بێجی‌

سیانزه‌ی‌ ئه‌م مانگه‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و چه‌ند گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌وانه‌ "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و "به‌در"و "نوجه‌با"و "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" هێرشێكی‌ به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا بۆ سه‌ر قه‌زای‌ بێجی‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ له‌خۆگرتووه‌، سه‌ره‌نجام هێرشه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ تیا به‌ده‌ستهات.

 

ئه‌م هێزانه‌ توانیان له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژدا شاره‌كانی‌ "بێجی‌"‌و "سینییه‌"و "ئه‌لبوجواری‌"‌و "سناعی‌"‌و "عه‌سری‌" پاك بكه‌نه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ پاڵاوگه‌ی‌ بێجی‌، ئه‌م ئامانجانه‌ شه‌ش مانگه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچی‌ لێ‌ بچننه‌وه‌، ئاخۆ ئه‌بێ‌ چی‌ رویدابێت؟

 

ئه‌بو جه‌عفه‌ر ساعیدی‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هۆكاری‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ "نیقاش" روون ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "هێرشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ ئه‌نجامدران‌و به‌سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌ده‌ست داعش پاك كرانه‌وه‌".

 

بۆ یه‌كه‌مجار هێزێكی‌ تایبه‌تی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ناوی‌ "گروپی‌ توڕه‌یی‌" به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گروپی‌ راهێندراوی‌ هێزه‌ شیعه‌كانه‌ كه‌ له‌رووی‌ تواناو راهێنانه‌وه‌ هاوشانی‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ سه‌ر به‌سوپان.

 

ئه‌م هێزه‌ ژماره‌یان به‌سه‌دان كه‌سه‌و چه‌ند مانگێكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌فسه‌ره‌ ئێرانییه‌كان راهێنانی‌ قورسیان پێده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركه‌ زه‌حمه‌ته‌كان بگرنه‌ ئه‌ستۆ، وه‌ك ساعیدی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات "ئه‌م هێزانه‌ له‌شه‌ڕدا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن‌و ده‌توانن له‌رێی‌ ئاسمانه‌وه‌ بگه‌نه‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش".

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م گروپه‌، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌رێی‌ ئێرانه‌وه‌ چه‌ندین جۆره‌ چه‌كیان ده‌ست كه‌وتووه‌ كه‌ توانای‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌یان هه‌بووه‌، له‌وانه‌ چه‌ند تۆپێكی‌ دوورهاوێژ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا به‌كارده‌هێنرێن.

 

ساعیدی‌ ده‌ڵێت داعش پێشتر ده‌یانزانی‌ توانای‌ چه‌كه‌كانی‌ ئێمه‌ چه‌نده‌یه‌و ئه‌وه‌نده‌ دوور ده‌كه‌وتنه‌وه‌ كه‌ زیانیان پێنه‌گات، به‌ڵام ئه‌م تۆپه‌ دوورهاوێژه‌ نوێیانه‌ تووشی‌ شۆكی‌ كردن‌و به‌قورسی‌ بۆردومانی‌ كردن، دوای‌ ئه‌وه‌ش حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ئاسانی‌ چووه‌ ئه‌و ناوچانه‌.

 

هۆكارێكی‌ تر كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ستنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ بوو له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین، ئه‌م عه‌شیره‌تانه‌ هیچ لارییه‌كیان نه‌نواند له‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ گروپه‌ شیعه‌كان‌و راوێژكاره‌ ئێرانییه‌كان بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نباره‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

گروپه‌ شیعه‌كان له‌وه‌ تێگه‌یشتن به‌بێ‌ هاوكاریی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ هیچیان پێ ناكرێت، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو له‌شاری‌ تكریت له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ماڵ‌و حاڵێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكه‌ سوننه‌كه‌ تاڵانكران‌و سوتێنران، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌ری‌ به‌پێشڕه‌وییه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گرت.

 

سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌نێویاندا هادی‌ عامری‌ رابه‌ری‌ رێكخراوی‌ "به‌در"و ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندیس سه‌رۆكی‌ "كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا" توانیان هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌ دیاره‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین گرێ‌ بده‌ن، له‌وانه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ "جبور"‌و "عززه‌"و "ئه‌لبوناسڕ"و "جحێشات"‌و "سوامره‌".

 

ئه‌م عه‌شیره‌تانه‌ پێكه‌وه‌ هێزێكی‌ چه‌كداریان دروستكرد كه‌ ژماره‌یان گه‌یشته‌ سێ‌ هه‌زار كه‌س، به‌ڵام حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئه‌ركی‌ شه‌ڕكردنیان له‌به‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ نه‌سپارد به‌م هێزه‌، به‌ڵكو مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كانیان دانه‌ ده‌ست، به‌جۆرێك هه‌ر شارێك ئازادبكرێت ئه‌وان به‌رگری‌ لێبكه‌ن، به‌وه‌ش رێگرییان كرد له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داعش‌و خۆیان به‌پاراستنی‌ ئه‌منیه‌تی‌ شاره‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌بوون.

 

له‌رابردوودا گروپه‌ شیعه‌كان زۆر متمانه‌یان به‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین نه‌بوو، له‌وه‌ ده‌ترسان كه‌ زانیاری‌ بده‌ن به‌داعش له‌باره‌ی‌ جموجۆڵی‌ سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م گومانه‌ش چه‌ندین دانیشتنی‌ نهێنیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدان، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌ر بڕێك گومانیان ماوه‌.

 

ئه‌مه‌ریكا‌و عه‌شیره‌ته‌كان پێكه‌وه‌ له‌ئه‌نبار

شه‌ڕێكی‌ تر كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان ئه‌نجامیاندا شه‌ڕی‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ رومادی‌ پایته‌ختی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار بوو، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌مدا فیرقه‌ی‌ ئاڵتونی‌ سوپا به‌هاوكاری‌ عه‌شیره‌ته‌كان‌و سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ تۆماركرد.

 

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ سێبته‌مبه‌ره‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ئه‌نبار زیادكرد كه‌ پێكهاتوون له‌سه‌دان راوێژكارو هێلكۆپته‌ری‌ جه‌نگی‌ له‌جۆری‌ (ئاپاچی‌)‌و یه‌كه‌ی‌ شه‌ڕكه‌ری‌ سه‌ر به‌مارێنز، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ لێكه‌وته‌وه‌و ره‌تیان كرده‌وه‌ هاوكاری‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حكومه‌تی‌ عێراقییه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێكه‌وتنێك ئه‌نجامدراوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ قه‌ناعه‌ت به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هێنراوه‌ له‌رومادی‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن‌و عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان شاره‌كه‌ ئازاد بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واو بدرێت به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ بێجی‌".

 

سه‌ره‌نجام ئه‌مه‌ریكا توانی‌ قسه‌ی‌ خۆی‌ بباته‌ سه‌رو حكومه‌تی‌ عێراق ناچار بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان پڕچه‌ك بكات، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ سه‌رسه‌ختانه‌ دژی‌ ئه‌م داوه‌یه‌ وه‌ستابوونه‌وه‌، دواجار ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ توانیان هاوكاری‌ سوپا بكه‌ن بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ رومادی‌.

 

فازیل فه‌هداوی‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ سه‌دان چه‌كداری‌ عه‌شیره‌ته‌كان ده‌كات له‌باشوری‌ رومادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رچه‌نده‌ به‌باشی‌ پڕچه‌ك نه‌كراوین، به‌ڵام لانی‌ كه‌م ئێستا چه‌كمان پێیه‌، یارمه‌تی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ین بۆ پاراستنی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان تا داعش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆیان".

 

یه‌كێكی‌ تر له‌هۆكاره‌كانی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ رومادی‌ گۆڕانكاری بوو له‌ستراتیژی‌ ئه‌مه‌ریكیدا، وه‌ك فه‌هداوی‌ ده‌ڵێت بۆ یه‌كه‌مجار به‌چڕی‌ فرۆكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆردومانی‌ داعشیان كرد له‌ئاسمانه‌وه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كانیان ده‌پاراست، به‌و هۆیه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بێ ترس ده‌چوونه‌ پێشه‌وه‌.

 

هێشتا چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ناوه‌ندی‌ رومادی‌ ئازادنه‌كراوه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش ژماریه‌كی‌ ئێجگار زۆر بۆمبی‌ چاندووه‌، ئه‌مه‌ش رێی‌ له‌پێشڕه‌وییه‌كانی‌ سوپا گرتووه‌.

 

كێبڕكێی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا

دوور له‌وه‌ی‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین ده‌گوزه‌رێ‌، راستییه‌كی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گر هه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پێش چاو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ تائێستا كێبڕكێی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ عێراق بووه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ حكومه‌تی‌ عێراق توانیوێتی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌دا رابگرێت؟

 

له‌وه‌تی‌ داعش شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ عێراقی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست، هیچ كاتێك حكومه‌تی‌ عێراقی‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو هێرشی‌ گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات، به‌ڵام هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ روسیا بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌ی‌ ئاسان كرد.

 

له‌وه‌ته‌ی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ چوارقۆڵی‌ پێكهێنراوه‌ له‌نێوان عێراق‌و سوریاو ئێران‌و روسیادا، حكومه‌تی‌ عێراقی‌ تووشی‌ روگیری‌ بووه‌ له‌هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ روسیادا هه‌ماهه‌نگیان هه‌بێت.

 

زیاتر له‌جارێك به‌رپرسانی‌ عێراقی‌ رایانگه‌یاندووه‌ هاوكارییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌س نییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی‌ روسیاش ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی‌ له‌عێراق زیادكرد تا هیچ بیانوویه‌ك بۆ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ نه‌مێنێت كه‌ داوای‌ هاوكاریی‌ له‌روسیا بكات.

 

ئێستا ئه‌مه‌ریكا هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ بۆ سه‌ر داعش زیادكردووه‌و له‌رۆژێكدا زیاتر له‌ 20 هێرش ئه‌نجام ده‌دات، له‌كاتێكدا جاران ته‌نها سێ‌ هێرشی‌ ئه‌نجام ده‌دا، هه‌روه‌ها ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ له‌ئه‌نبار زیادكردووه‌و به‌هه‌زاران كه‌سی‌ له‌چه‌كدارانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان راهێناوه‌و چه‌كی‌ داونه‌تێ‌‌و به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ رومادی‌ كردووه‌.

 

به‌ڵام گروپه‌ شیعه‌كانی‌ سه‌ر به‌ئێران كه‌ له‌سه‌لاحه‌دین له‌شه‌ڕدان، ده‌یانه‌وێت روسیا به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌كه‌ بكات، پێده‌چێت روسیاش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ هاتبێت به‌ده‌م ئه‌م داوایه‌وه‌و به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ بێجی‌ كردبێت.

 

ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی‌ وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌نووسیدا وتی‌ "ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ده‌ستی‌ هێناون به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانی‌ چوارقۆڵی‌‌و به‌به‌شداری‌ روسیا بووه‌".

 

له‌وه‌ ده‌چێت سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین به‌هۆی‌ كێبڕكێی‌ نێوان ئه‌مه‌ریكاو روسیاوه‌ بێت كه‌ هه‌ردووكیان ده‌یانه‌وێت بیسه‌لمێنن كه‌ كامیان باشترن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ عێراق سوودی‌ بینیوه‌ له‌م ململانێیه‌.

 

زیاد ئه‌حمه‌د چاودێری‌ سیاسی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ململانێی‌ نێوان واشنتۆن‌و مۆسكۆ ئاڵۆزه‌‌و هه‌ڵوێستی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیش تیایدا ناڕوونه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ به‌هۆی‌ ململانێی‌ هه‌ردوو زلهێزه‌كه‌وه‌ بووه‌".

 

ده‌شڵێت "له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراق پێویسته‌ به‌ئاگایانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات‌و ئه‌مه‌ریكا بترسێنێت به‌وه‌ی‌ په‌نا بۆ روسیا ده‌بات، هه‌روه‌ك ده‌بێت سوود له‌پێشنیاره‌كانی‌ روسیا ببینێت بۆ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ عێراق، به‌ڵام نابێت كارێك بكات كه‌ روسیا توڕه‌ بكات".

 

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌نبار ده‌ریده‌خات كه‌ عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان ئه‌مه‌ریكایان پێباشه‌و نایانه‌وێت ببنه‌ هاوپه‌یمانی‌ روسیا، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ سه‌لاحه‌دینش پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ده‌سه‌لمێنێت‌و ده‌ریده‌خات حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌به‌ره‌ی‌ روسیان‌و دژی‌ به‌شداری‌ ئه‌مه‌ریكان.

 

له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا عێراق قۆناغی‌ مه‌ترسی‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان داعش به‌هێزو باڵاده‌سته‌، به‌دووریش نازانرێت له‌ئاینه‌دا ململانێی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا زیان به‌عێراق بگه‌یه‌نێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌