راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌رده‌می‌ تۆڵه‌و خوێنڕشتن
داعش ئاگرێكی‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌ئاسانی‌ دانامركێته‌وه‌

غه‌زوان حه‌سه‌ن جبوری‌
له‌دوای‌ ده‌ركردنی‌ داعشه‌وه‌ كێشه‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین چاره‌سه‌ر نه‌بوون، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك دوژمنایه‌تی‌ له‌نێو عه‌شیره‌ته‌كاندا دروست بووه‌ كه‌ دامركاندنه‌وه‌یان ئاسان نییه‌.
22.10.2015  |  تكریت
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ داعش له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین وه‌ده‌رنرا، ژماره‌یه‌ك له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ سیفه‌تی‌ پاڵه‌وان‌و ژماره‌یه‌كی‌ تر سیفه‌تی‌ ناپاكیان درایه‌ پاڵ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكیان رووبه‌رووی‌ داعش بوونه‌وه‌و هه‌ندێكی‌ تریشیان به‌ره‌ی‌ ئه‌و گروپه‌یان هه‌ڵبژارد.

 

عیماد عجێلی‌ (45 ساڵ‌) كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیشته‌جێیه‌، ناوێرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان (ئه‌بوعجێل له‌نزیك تكریت) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌وان تۆمه‌تباركراوه‌ به‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ هه‌بوو له‌كوشتارگه‌ی‌ سپایكه‌ر(حوزه‌یرانی‌ ساڵ رابردوو زیاتر له‌ 2000 خوێندكاری‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراق له‌بنكه‌ی‌ سپایكه‌ر له‌تكریت كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش‌و سه‌رجه‌میان له‌ناوبران)‌و ئێستا عه‌شیره‌ته‌كانی‌ جبورو عوبێدو دلێم داوای‌ خوێنی‌ كوڕه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

عیماد ده‌ڵێت "عجێلی‌ بوون به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنینی‌ سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رووبه‌رووی‌ سوكایه‌تی‌‌و لێدان‌و ده‌ستگیركردن ببیته‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "تائێستا چاره‌نووسی‌ 23 گه‌نجی‌ عجێل دیارنییه‌‌و كه‌سوكاره‌كه‌شیان سوكایه‌تیان پێده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ناوچه‌كانی‌ عجێل له‌رێی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ خاپور كراون".

 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئیبراهیم ده‌روێش جبوری‌ كه‌ به‌رپرسێكی‌ لۆكاڵی‌ حه‌شدی‌ عه‌شایره‌ ده‌ڵێت "عه‌شیره‌ته‌كانی‌ بوعجێل‌و بوناسڕ (سه‌دام سه‌ر به‌م عه‌شیره‌ته‌ بوو) دیارترین ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ن كه‌ به‌یعه‌تیان داوه‌ به‌داعش‌و نه‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ تریان كوشتووه‌و فڕێیان داونه‌ته‌ ئاوی‌ دیجله‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ موڵك‌و ماڵه‌كه‌یان تاڵان كردوون".

 

ده‌شڵێت "ناوو وێنه‌ی‌ به‌شداربوانی‌ تاوانی‌ سپایكه‌ر دیاره‌و عه‌شیره‌ته‌كانیشیان خۆیان لێ‌ بێبه‌ری‌ نه‌كردن تا تكریت ئازادكرایه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا تۆڵه‌یان لێ‌ ده‌كرێته‌وه‌و تازه‌ به‌هیچ قه‌ره‌بوویه‌ك رازی‌ نابین".

 

ناوچه‌ی‌ عۆجه‌ (10كم باشووری‌ تكریت) پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ عه‌شیره‌تی‌ بوناسڕه‌ ئێستا به‌ته‌واوی‌ چۆڵبووه‌و زۆربه‌ی‌ خانووه‌كان تاڵانكراون‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵهاتوون.

 

موعته‌ز ناسڕی‌ (31 ساڵ) كه‌ خۆی‌ دانیشتووی‌ عۆجه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌سه‌ره‌تاوه‌ 38 كه‌س له‌عه‌شیره‌ته‌كه‌مان چوونه‌ پاڵ داعش‌و تاوانیان ئه‌نجامدا، ئێستاش هه‌ر خۆیان به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌، به‌ڵام به‌هۆیانه‌وه‌ هه‌موومان كراوینه‌ته‌ ئامانج‌و ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆمان".

 

ناكۆكی‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌كانی‌ باكوری‌ سه‌لاحه‌دین له‌سه‌رخۆتره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌یه‌ك تایفه‌ن كه‌ سوننه‌یه‌، به‌ڵام له‌خوارووی‌ پارێزگاكه‌ له‌مه‌زهه‌ب‌و تایفه‌ی‌ جیاوازن‌و ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ناكۆكییه‌كه‌یان قووڵبووه‌ته‌وه‌.

 

قه‌زای‌ به‌له‌د (100كم خوارووی‌ سه‌لاحه‌دین) زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ شیعه‌ن، به‌ڵام سیان له‌ناحیه‌كانی‌ (ئیسحاقی‌‌و یه‌سرب‌و زڵوعیه‌) ناوچه‌ی‌ سوننه‌ نشینن، دوای‌ هێرشه‌كانی‌ داعش هه‌ردوو ناحیه‌ی‌ ئیسحاقی‌‌و یه‌سرب كه‌وتنه‌ ده‌ست ئه‌و گروپه‌‌و له‌وێ‌ چه‌ندین كارمه‌ندی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و خه‌ڵكی‌ سیڤیل كوژران، دواتر كه‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئازادیانكردنه‌وه‌، دانیشتوانی‌ هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ كه‌ ژماره‌یان 110 هه‌زار كه‌س ده‌بوو ناوچه‌كه‌یان چۆڵكرد.

 

ناحیه‌ی‌ یه‌سرب له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌له‌د چوار عه‌شیره‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ تێدایه‌ كه‌ بریتین له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ بوحشمه‌و بوجیلی‌‌و مه‌زاریع‌و ئه‌حباب له‌گه‌ڵ چه‌ند ورده‌ هۆزێكی‌ تر، ئێستا عه‌شیره‌ته‌كانی‌ به‌له‌د‌و به‌نی‌ سه‌عد له‌ده‌وروبه‌ری‌ یه‌سرب رێگه‌ ناده‌ن خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خوێن كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان.

 

له‌مڕووه‌وه‌ شێخ مه‌حمود سه‌عدی‌ یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ تۆوه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌ماڵی‌ ئێمه‌ كردو كوڕه‌كه‌م یان براكه‌می‌ كوشت، یان ئه‌وه‌تا تۆ ڕازیت یاخود به‌شداریت، ئێستا عه‌شیره‌ته‌كانی‌ یه‌سرب به‌رپرسیارن له‌خوێنی‌ هه‌شتا گه‌نجی‌ به‌نی‌ سه‌عد، چونكه‌ ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون وه‌ك خه‌ڵكی‌ زڵوعیه‌ له‌دژی‌ داعش بجه‌نگن".

 

شێخ مه‌حمود ناكۆكییه‌كه‌ی‌ بردووه‌ته‌ ئاستێكی‌ ترو ده‌ڵێت "خوشكه‌كه‌م شووی‌ به‌پیاوێك كردووه‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ مه‌زاریعی‌ یه‌سرب، ئێستا من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ بڕیون‌و داوام كردووه‌ خوشكه‌كه‌م ته‌ڵاق بده‌ن".

 

له‌تۆماره‌كانی‌ پۆلیسی‌ قه‌زای‌ به‌له‌د له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا (30) حاڵه‌تی‌ په‌لاماردانی‌ خه‌ڵكی‌ یه‌سرب تۆماركراوه‌ له‌بابه‌تی‌ لێدان‌و فڕاندن‌و سوكایه‌تی‌ پێكردن‌و رێگرتن له‌چوونه‌ ناو قه‌زاكه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی‌ پێشتر بوونه‌ته‌ قوربانی‌ داعش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی‌ خوێنی‌ رۆڵه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی‌ هه‌ڵهاتوون بۆچوونێكی‌ تریان هه‌یه‌.

 

ئه‌بو سه‌فوان عه‌زاوی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتوانی‌ یه‌سرب ده‌ڵێت "هۆكاری‌ تایفی‌‌و سیاسی‌‌و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وییه‌كی‌ به‌پیدا له‌رووباری‌ دیجله‌ وایكردووه‌ به‌شێك له‌عه‌شیره‌ته‌كان په‌نا بۆ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ببه‌ن‌و رێنه‌ده‌ن خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌".

 

ئه‌بو سه‌فوان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاگامان لێیه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر باخ‌و بێستانه‌كان‌و رێڕه‌وی‌ ئاوه‌كاندا بگرن‌و هه‌ر شتێك قابیلی‌ فرۆشتن بێت فرۆشتویانه‌، هه‌ندێ له‌عه‌شیره‌ته‌كان به‌پشتیوانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌یانه‌وێت پێكهاته‌ی‌ مه‌زهه‌بی‌‌و تایفی‌ ناوچه‌كه‌ بگۆڕن".

 

ئێستا حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ سه‌لاحه‌دین كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ بدۆزێته‌وه‌‌و ئاوێك به‌م ئاگره‌دا بكات كه‌ به‌هۆی‌ داعشه‌وه‌ هه‌ڵگیرساوه‌.

 

شێخ مه‌روان ناجی‌ جه‌باره‌ وته‌بێژی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین ده‌ڵێت "بێگومان قۆناغی‌ دوای‌ داعش كێشه‌ی‌ زۆری‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌، به‌ڵام عه‌شیره‌ته‌كان ده‌توانن به‌رپرسیارێتی‌ هه‌ڵبگرن‌و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ عه‌شیره‌ته‌كان بازنه‌ی‌ مه‌زهه‌ب‌و تایفه‌یان تێپه‌ڕاندووه‌، بۆنموونه‌ عه‌شیره‌تی‌ جبور شیعه‌و سوننه‌و كوردی‌ تێدایه‌".

 

ده‌شڵێت "داعش سه‌ر به‌هیچ عه‌شیره‌تێك نییه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ عه‌شیره‌ته‌كان هاوشێوه‌ی‌ بوعجێل‌و بوناسڕ زۆرترین چه‌كداریان له‌ناو داعشدا هه‌بووبێت".

 

جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ "چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها له‌رێی‌ یاساوه‌ ده‌بێت، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان لێگه‌ڕێت یاسا رێڕه‌وی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت‌و ئه‌و تاوانبارانه‌ی‌ چوونه‌ته‌ پاڵ داعش به‌سزای‌ یاسایی‌ خۆیان بگه‌ن، ئیتر كێشه‌كانی‌ تر ئاسان چاره‌سه‌ر ده‌بێت".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ موسته‌فا سۆفی‌ چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌عێراقدا ده‌گوزه‌رێ‌ مایه‌ی‌ گاڵته‌جاڕییه‌، چونكه‌ كه‌سانی‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ بو عجێل‌و بو ناسڕ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان وه‌ده‌رنراون به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاریی‌ داعشیان كردووه‌، كه‌چی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ تر هه‌مان تاوان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و خه‌ڵك ده‌كوژن‌و ماڵ تاڵان ده‌كه‌ن.

 

ده‌شڵێت "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی‌ ئێستا له‌ناوچه‌كه‌ باڵاده‌ستن یاساو سزا نایانگرێته‌وه‌و به‌كه‌یفی‌ خۆیان ئه‌و كاره‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ده‌یكه‌ن".

 

ده‌ست‌و دیاری‌ داعش بۆ عێراق ته‌نها كوشتن‌و رفاندن‌و ماڵوێرانی‌ نه‌بوو، به‌ڵكو دوژمنایه‌تییه‌كی‌ له‌دوای‌ خۆی‌ جێهێشتووه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئاسان نه‌بێت.  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌