راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چیرۆكی‌ شۆفێره‌ كورده‌كان له‌رێگای‌ مه‌رگ
رفێندراوه‌كان: چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رفاندیانین

دەشتی عەلی
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵدا له‌رێگای نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا نزیكه‌ی‌ په‌نجا هاوڵاتی كورد رفێنراون، قوربانییه‌كانیش په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت ئاراسته‌ی‌ میلیشیاكانی‌ حه‌شدی شه‌عبی‌ ده‌كه‌ن.
1.10.2015  |  سلێمانی
چه‌كدارانی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا ( :وێنه Getty)
چه‌كدارانی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا ( :وێنه Getty)

ئه‌ركان سلێمان (32 ساڵه‌) دانیشتووی قه‌زای خانه‌قینه‌، رۆژی (4ی ئه‌یلول) به‌ئۆتۆمبیله‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانیدا ده‌یویست باره‌كه‌ی‌ له‌كوردستانه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ شاری نه‌جه‌ف، به‌ڵام له‌قه‌زای میقدادیه‌ (شاره‌بان)ی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ له‌كاروانه‌كه‌ داده‌بڕێت‌و به‌جێده‌مێنێت.

 

ئه‌ركان بۆ "نیقاش" وتی: "له‌شاره‌بان له‌سه‌ر رێگاكه‌ پێنج چه‌كدار به‌جلی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ئۆتۆمبیلێكی جۆری فۆرده‌وه‌ بازگه‌یان دانابوو، رێگایان لێگرتم و رفاندیانم".

 

ئه‌ركان خێزانداره‌، به‌وته‌ی‌ خۆی پێشتر هه‌ستی به‌مه‌ترسی رێگاكه‌ كردووه‌، به‌ڵام په‌یداكردنی نان بۆ خێزانه‌كه‌ی‌ ناچاری كردووه‌ ملی ئه‌و رێگایه‌ بگرێته‌به‌ر، وتیشی: "چه‌كداره‌كان لۆگۆو ئاڵای‌ گروپه‌كانی‌  حه‌شدی شه‌عبیان هه‌ڵگرتبوو، له‌شاره‌بان منیان به‌ره‌و باخێك گواسته‌وه‌ دواتر به‌ئۆتۆمبیلێكی مه‌ده‌نی به‌ره‌و خانوویه‌ك گواسترامه‌وه‌ كه‌ خێزانی تێدابوو".

 

رفێندراوه‌كان ده‌ڵێن ئامانجی چه‌كداره‌كان له‌م كاره‌ په‌یداكردنی پاره‌یه‌ و جۆرێكیتره‌ له‌بازرگانیكردن، ئه‌وان له‌رێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ ئه‌ركانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌برایه‌كیه‌وه‌ له‌خانه‌قین ده‌كه‌ن‌و داوای سێ‌ سه‌د هه‌زار دۆلار ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بچنه‌ ژێرباری داوای چه‌كداره‌كان، پاش پێنج كاتژمێر له‌رفاندنی، ئه‌ركان توانی له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێت‌و خۆی رزگاربكات.

 

ئه‌و وتی: "له‌ماڵه‌كه‌ ویستیان بۆ جێگایه‌كی تر بمگوێزنه‌وه‌، له‌رێگادا له‌گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری له‌شاره‌بان له‌ئۆتۆمبیله‌كه‌ خۆم فڕێدایه‌ خواره‌وه‌و خۆم رزگاركرد، بۆ رۆژی دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ ناو خێزانه‌كه‌م له‌خانه‌قین".

 

سه‌یر له‌رووداوی‌ رفاندنی‌ ئه‌ركان‌و زۆربه‌ی‌ رفێندراوه‌كانی‌ تردا ئه‌وه‌یه‌، رفێنه‌ره‌كان ئۆتۆمبێله‌كان نابه‌ن‌و هه‌ر له‌شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ به‌جێیان ده‌هێڵن، دواتر هاوڕێ‌ یان كه‌سوكاره‌كانیان ده‌چن ده‌یهێننه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی "نیقاش" له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌‌و په‌رله‌مانتارانی‌ كورده‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتوون، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تائێستا نزیكه‌ی‌ (50) هاوڵاتی له‌سه‌ر رێگای نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا رفێنراون، به‌شێكیان به‌پاره‌ ئازادكراون‌و به‌شێكیتریشیان كوژراون.

 

حه‌سه‌ن عه‌باس، دانیشتووی قه‌زای كفرییه‌ (180كم خوارووی‌ سلێمانی‌)و له‌نێوان (كه‌ركوك-به‌غدا) كاری شۆفێری ته‌كسی ده‌كات، له‌رۆژی (24ی ئاب) له‌كاتی رۆیشتنی به‌ره‌و به‌غداو له‌ده‌روازه‌ی‌ پایته‌خدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌نه‌فه‌ره‌كانیدا رفێنران.

 

حه‌سه‌ن بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "له‌نێوان بازگه‌ی‌ غالبیه‌و بنكه‌ی‌ پۆلیسی غالبیه‌ كه‌ دووری نێوانیان كه‌متر له‌300 مه‌تره‌، له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداری كه‌ جلی‌ سواتیان له‌به‌ردابوو ژماره‌یان نۆ كه‌س ده‌بوو رفێنراین، ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی‌ رفاندنه‌كه‌مان له‌كامێراكانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسدا ده‌ركه‌وتووه‌".

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا چه‌كداره‌كان كه‌ ئۆتۆمبیلی ره‌نگ ره‌شیان پێبووه‌و چه‌كی دۆشكه‌ی‌ له‌سه‌ر بووه‌، پێیان وتوون كه‌ ئێوه‌ داواكراون، حه‌سه‌ن وتیشی: "ده‌ستبه‌جێ ده‌ست‌و چاویان به‌ستین‌و نزیكه‌ی‌ دوو كاتژمێر به‌ئۆتۆمبیل گواستراینه‌وه‌".

 

چه‌كداره‌كان كه‌ سه‌ره‌تا خۆیان وه‌كو هێزێكی نیزامی سه‌ر به‌حكومه‌ت نیشانداوه‌، هه‌رزوو له‌رێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ كه‌وتنه‌ مامه‌ڵه‌و سه‌وداكردن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ حه‌سه‌ندا له‌كفری‌و له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیدا داوای ملیۆنێك دۆلاریان كردووه‌.

 

حه‌سه‌ن جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌چه‌كداره‌كانی راگه‌یاندووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ نیه‌و له‌بری ئه‌وه‌ ده‌توانن بیكوژن، پاش تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر رفاندنیدا به‌بڕی شه‌ست هه‌زار دۆلار له‌نێوان مه‌نده‌لی‌و ناحیه‌ی‌ قازانیه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای دیاله‌ ئازادیانكردووه‌.

 

ئاشكراشیكرد بۆ دابینكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌‌و رزگاركردنی ژیانی، ئۆتۆمبیل‌و خانووه‌كه‌ی‌ فرۆشتووه‌.

 

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی دیارده‌ی‌ رفاندنی هاوڵاتیانی كورد، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم تائێستا هیچ هه‌نگاو و هه‌ڵوێستێكیان نه‌نواندووه‌، "نیقاش"  په‌یوه‌ندیكرد به‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ دیاله‌، هه‌ردوو وته‌بێژه‌كه‌ جه‌ختیان كره‌وه‌ كه‌ هیچ زانیارییه‌كیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نیه‌، ئاسایش وتی‌ دۆسێكه‌ لای‌ پۆلیسه‌و پۆلیسیش وتی‌ لای‌ ئاسایشه‌.

 

خالید وه‌لید دانیشتوی شاری كه‌لاره‌ (145كم خوارووی‌ سلێمانی‌)، به‌ره‌به‌یانی رۆژی 23ی ئازار ئه‌وكاته‌ی‌ ده‌یویست پێش نیوه‌ڕۆ بگاته‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا له‌میقدادیه‌ (شاره‌بان) ئه‌و شوێنه‌ی‌ (ئه‌ركان)ی تێدا رفێنرا، ئه‌مانیش رفێنران.

 

خالید روونیكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌جلی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاكه‌ بازگه‌یان دانابوو، هه‌ردوو ئۆتۆمبیله‌كه‌یان ئاڵای میلیشیایه‌كی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكرابوو، له‌سه‌ره‌تادا خالیدو هاوڕێكه‌ی‌ واده‌زانن كه‌ بازگه‌كه‌ حكومییه‌‌و پیاوی ده‌وڵه‌تن.

 

خالید بۆ نیقاش وتی: "سه‌ره‌تا به‌بیانوی ئه‌وه‌ی‌ گوایه‌ ئێمه‌ داواكراوین ده‌ستگیركراین‌و ده‌ست‌و چاویان به‌ستین‌و بردینیان بۆ سه‌ربانی ماڵێك له‌ناو شاره‌بان كه‌ له‌نهۆمی خواره‌وه‌ی‌ خێزانی تێدابوو".

 

دوای چه‌ند كاتژمێرێك چه‌كداره‌كان له‌رێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سوكاری هه‌ردوو هاوڵاتییه‌ كه‌لارییه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیان داوای (500)هه‌زار دۆلار ده‌كه‌ن.

 

زۆرجار ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ كه‌ كاری رفاندن ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی‌ مامه‌ڵه‌و سه‌وداكردن له‌سه‌ر كه‌لوپه‌ل، سه‌ودا له‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌ی‌ نرخی ئازادكردنی رفێنراوان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیاندا.

 

پاش تێپه‌ڕبوونی شه‌ش رۆژ، دواجار رفێنه‌ره‌كان له‌سه‌ر (150) هه‌زار دۆلار رێكده‌كه‌ون له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی هه‌ردوو هاوڵاتییه‌كه‌دا، به‌ڵام ئۆتۆمبێلێله‌كه‌یان كه‌ له‌جۆری‌ تۆیۆتا پیكابه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ پێیان ده‌بێ‌ (11500 دۆلار) ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا ده‌گرن.

 

خالید وه‌لید ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر هێزێك هه‌بێت‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌ستگیربكات، ئێمه‌ شوێنی ئه‌و خانووه‌ی‌ تێیدا حه‌شاردرابووین ده‌زانین‌و شاره‌زاین، ئاماده‌ین له‌گه‌ڵیاندا بڕۆین، به‌ڵام هیوامان به‌حكومه‌ت نیه‌، چونكه‌ هه‌موویان گیرفانیان هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كاندا".

 

مانگی‌ ئایاری‌ رابردووش چوار پاسه‌وانی‌ سه‌ره‌ك كۆمار له‌لیوای‌ دووی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌رێی‌ عوزێم رفێندران له‌و كاته‌ی‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، تائێستاش چاره‌نووسیان به‌نادیاری‌ ماوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌ندامێكی كوردی لیژنه‌ی‌ ئاسایشی‌و به‌رگری له‌په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختده‌كاته‌وه‌ رفاندنی هاوڵاتیانی كورد له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی‌ به‌هاوكاری هه‌ندێك له‌ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگری عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت.

 

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری بۆ "نیقاش" روونیكرده‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌رفاندنی هاوڵاتیانی كورد به‌ئه‌ندامێتی دوو په‌رله‌مانتاری شیعه‌ پێكهێنراوه‌و بانگهێشتی فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌شیان كردووه‌.

 

وتیشی: "بۆمان ده‌ركه‌وت ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی‌ به‌هاوكاری هه‌ندێك له‌ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگری عێراق كاری رفاندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ندێك جار پاره‌ش وه‌رده‌گرن‌و بارمته‌كانیش ئازاد ناكه‌ن‌و ده‌یانكوژن".

 

له‌باره‌ی‌ هۆكاری به‌رده‌وامی دیارده‌كه‌و هه‌وڵه‌كان بۆ رێگه‌گرتن لێی‌و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی‌، شاخه‌وان عه‌بدوڵا بێئومێدی خۆی نیشاندا له‌چاره‌سه‌ركردنی‌و رایگه‌یاند: "دواجار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی شیعه‌ خۆیانه‌، بۆیه‌ دۆسیه‌كانیان بۆ داده‌خرێت".

 

بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، په‌یامنێری‌  "نیقاش" شه‌ش جار په‌یوه‌ندیكرد به‌كه‌ریم نوری، وته‌بێژی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ كورته‌ نامه‌یه‌كی مۆبایله‌وه‌ داوای‌ لێكرا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ لێدوان بدات، دواتر كه‌سێكی‌ تر وه‌ڵامی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ دایه‌وه‌و رایگه‌یاند لێدوان نادات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌