راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خوێن هه‌یه‌ نرخی‌ ملیارێكه‌
عه‌شیره‌ته‌كانی‌ میسان.. شه‌ڕو تۆڵه‌كردنه‌وه‌ به‌به‌رچاوی‌ حكومه‌ته‌وه‌

به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بده‌ن، عه‌شیره‌ته‌كانی‌ میسان ده‌كه‌ونه‌ گیانی‌ یه‌كترو به‌ده‌یان كه‌س ده‌كوژرێن، ته‌نانه‌ت شه‌ڕی‌ وا هه‌یه‌ ده‌یان ساڵه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌.
17.09.2015  |  میسان

ئه‌و رۆژه‌ی‌ كه‌ریم ئه‌حمه‌د له‌به‌رده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان چاوه‌ڕێی‌ هاوڕێكه‌ی‌ ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیگه‌ێنێته‌ شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ له‌قه‌زای‌ مه‌یمونه‌ (40كم باشووری‌ خۆرئاوای‌ عه‌ماره‌) له‌پڕ گوولله‌یه‌كی‌ وێڵی‌ به‌ركه‌وت‌و له‌به‌رچاوی‌ سێ‌ منداڵه‌كه‌ی‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

 

كه‌ریم تاكه‌ قوربانی‌ شه‌ڕی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ میسان نییه‌ كه‌ ناوه‌ ناوه‌ ده‌كه‌ونه‌ گیانی‌ یه‌كتری‌‌و به‌هۆیانه‌وه‌ به‌ده‌یان كه‌س تیا ده‌چن.

 

ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 44 ساڵه‌ له‌ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژی‌ كه‌ شوێنی‌ گه‌رمی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كانه‌‌و پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش تیایدا ده‌سته‌وسانن، ئه‌بو حسام برای‌ كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "نازانین كێ‌ براكه‌می‌ كوشتووه‌، كاتێكیش لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سكاڵامان كرد به‌پرسیار دایان گرتینه‌وه‌، ئاخۆ دوژمنایه‌تی‌‌و كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌س هه‌یه‌ یان نا، به‌ڵێنیشیان پێداین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام باش ده‌زانین كه‌ ناگه‌نه‌ هیچ ئه‌نجامێك".

 

زۆربه‌ی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ دوو كه‌سه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات له‌سه‌ر ئاو یان ژن یان پارچه‌ زه‌وییه‌ك یاخود له‌سه‌ر ئاژه‌ڵێك، دواهه‌مین شه‌ڕیش له‌قه‌زای‌ مه‌یمونه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ دوو كه‌سه‌وه‌ بوو له‌دوو عه‌شیره‌تی‌ جیاواز له‌سه‌ر بڕێك خۆڵ، به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێكیان كوژراو له‌به‌رامبه‌ردا عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ ماڵی‌ بكوژه‌كه‌یان سوتاند، شه‌ڕه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌بوو قه‌زاكه‌ به‌ته‌واوی‌ داخراو هاتوچۆی‌ تیا راگیرا، چونكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان هه‌ڕه‌مه‌كی‌ ته‌قه‌یان ده‌كردو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش نه‌یانده‌توانی‌ هیچ بكه‌ن.

 

كێشه‌كانی‌ میسان له‌و كاته‌وه‌ گه‌وره‌ بووه‌ كه‌ فیرقه‌ی‌ 10ی‌ زرێپۆشی‌ سوپا له‌میسان‌و زیقارو موسه‌ننا كشاوه‌یه‌وه‌و ئێستا به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌نبار ده‌كات.

 

سه‌رحان سالم سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ پارێزگای‌ میسان دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ پۆلیسی‌ شاره‌كه‌ توانای‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كانیان نییه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌بێ‌ پشتیوانی‌ سوپا، پۆلیس ناتوانێت شه‌ڕه‌كان دابمركێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كان پێیانه‌ له‌چه‌كی‌ پۆلیس گه‌وره‌تره‌، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێ‌ شه‌ڕدا ئار بی‌ جی‌‌و هاوه‌ن‌و بیكه‌یسی‌ به‌كارده‌هێنن".

 

هه‌ندێجار هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خۆیان ده‌پارێزن له‌ده‌ستوه‌ردان له‌شه‌ڕی‌ عه‌شیره‌ته‌كان، كێشه‌یه‌كی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كارمه‌ندانی‌ پۆلیس خۆیان له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ن‌و زۆرجار هه‌وڵدانیان بۆ دامركاندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماردانیان ده‌كاته‌وه‌.

 

به‌قسه‌ی‌ عه‌میدی‌ ماف په‌روه‌ر حه‌سه‌ن عه‌بدولنه‌بی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌فه‌رمانده‌یی‌ پۆلیسی‌ میسان "زۆرجار هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نێوه‌ندگیری‌ له‌نێوان شه‌ڕكه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناتوانن هیچ یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌بێت سكاڵایه‌ك هه‌بێت‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و سكاڵایه‌ كه‌سێك ده‌ستگیر بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش روو نادات".

 

عه‌بدولنه‌بی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌یه‌ك له‌پیاوماقوڵانی‌ میسان هه‌وڵی‌ دامركاندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌خراپه‌كاره‌كان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ین ناكۆكییه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن، پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ لایه‌ن كه‌وتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌ بۆ دروستكردنی‌ فیتنه‌‌و سوود لێوه‌رگرتنی‌ بۆ بازرگانی‌ چه‌ك، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌ده‌سه‌ڵات بده‌ن".

 

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ خێڵه‌كییه‌وه‌، له‌ساڵانی‌ بیسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ عه‌شیره‌ته‌كان نه‌ریتێكیان داهێناوه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ، ئه‌ویش پێدانی‌ پاره‌یه‌ به‌كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ وه‌ك خوێنبایی‌.

 

موحسین داغر عیقابی‌ مێژوونووسی‌ شاره‌زا له‌بواری‌ عه‌شیره‌ته‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "مێژووی‌ ناكۆكی‌ هه‌ندێ‌ له‌عه‌شیره‌ته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌شتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێك عه‌شیره‌تی‌ ئال ئازیرج‌و عه‌شیره‌تی‌ به‌نی‌ لام كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی‌ قوڵه‌وه‌و چه‌ندین كه‌س له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ كوژراو ساڵانێكی‌ دوورو درێژ به‌رده‌وام بوو، ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت ناوه‌ ناوه‌ ناكۆكی‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌".

 

ته‌نانه‌ت بابه‌تی‌ پێدانی‌ خوێن له‌بری‌ كوژراو بووه‌ته‌ جۆرێك له‌بازرگانی‌‌و هه‌ندێ‌ له‌عه‌شیره‌ته‌كان رۆژ به‌رۆژ داوای‌ پاره‌ی‌ زیاتر ده‌كه‌ن، له‌یه‌كێك له‌رووداوه‌كاندا عه‌شیره‌تێك داوای‌ یه‌ك ملیار دیناری‌ له‌عه‌شیره‌تی‌ بكوژه‌كه‌ كردووه‌، سه‌ره‌نجام به‌بڕی‌ شه‌ش سه‌د ملیۆن دینار رێككه‌وتوون، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی‌ چاره‌سه‌ره‌كانی‌ خوێن به‌پاره‌ ته‌نها شه‌ست ملیۆن دیناری‌ تێده‌چێت، له‌رووداوێكی‌ تریشدا داوا له‌كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ كراوه‌ ده‌بێت شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ خۆیان جێبهێڵن‌و له‌جێیه‌كی‌ دوور نیشته‌جێ‌ ببن.

 

شێخ مه‌جید ساعیدی‌ پیاوی‌ ئاینی‌ ده‌ڵێت "داواكردنی‌ پاره‌ی‌ خوێن له‌رووی‌ شه‌رعه‌وه‌ قبوڵكراوه‌، به‌ڵام زیاده‌ڕه‌ویی‌ كردن تیایدا حه‌رامه‌، ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ زۆر داوا ده‌كات گوناهێكی‌ گه‌وره‌تری‌ كردووه‌، زۆرجاریش له‌ناكۆكییه‌كاندا پیاوانی‌ ئاینی‌ ئاماده‌نین نێوه‌ندگیری‌ بكه‌ن، چونكه‌ كه‌س گوێمان لێ‌ ناگرێ‌".

 

خه‌ڵكی‌ قه‌زاكانی‌ مه‌جه‌رو مه‌یمونه‌ هه‌موو رۆژێك له‌ژێر ره‌حمه‌تی‌ فیشه‌كی‌ دوو عه‌شیره‌تدا ده‌ژین كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چوار مانگه‌ به‌رده‌وامه‌و تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، له‌قه‌زای‌ مه‌جه‌ر به‌ده‌یان كه‌س كوژراون‌و ده‌یانی‌ تریش بریندابوون‌و چه‌ندین خێزان ئاواره‌بوون به‌هۆی‌ سوتاندنی‌ ماڵه‌كانیانه‌وه‌، له‌قه‌زای‌ مه‌یمونه‌ش هه‌شت كه‌س كوژراون‌و ژماره‌یه‌ك بریندار بوون‌و پێنج خانووش سوتێنراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ بازاڕی‌ ناوچه‌كه‌ داخراوه‌.

 

شایه‌تحاڵێك كه‌ خۆی‌ پێی‌ باش نه‌بوو ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كان چه‌كی‌ ماناوه‌ندو قورسی‌ به‌كارهێناوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ترس‌و دڵه‌راوكێیه‌كی‌ زۆر بڵاوبووه‌ته‌وه‌و خێزانه‌كان ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یان جێهێشتووه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ تیا بووه‌".

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌منیش نییه‌، هه‌ردوو عه‌شیره‌ت رێگای‌ میسان زیقاریان گرتووه‌و له‌رێگای‌ قه‌زای‌ مه‌یمونه‌و ناحیه‌ی‌ سه‌لام بازگه‌یان داناوه‌و به‌دوای‌ دوژمنه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن.

 

تائێستا چه‌ندینجار پیاو ماقوڵانی‌ عه‌ماره‌ هه‌وڵی‌ دامركاندنه‌وه‌ی‌ ئاگره‌كه‌یان داوه‌، به‌ڵام بێئه‌نجام بوون‌و رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان‌و زیانه‌ داراییه‌كان زیاتر ده‌بن.

 

شێخ عه‌بدولحسه‌ین عرنوسی‌ غه‌نامی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لبو غه‌نه‌م ده‌ڵێت "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ تر بووه‌ تا شه‌ڕ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌و ژیانی‌ تیا وه‌ستاوه‌".

 

هۆكاری‌ گه‌وره‌بوونی‌ كێشه‌كه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ گوێ‌ نه‌گرتن له‌قسه‌ی‌ پیاو ماقوڵان‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "بارودۆخی‌ عه‌شیره‌ته‌كان جاران زۆر باشتر بوو، گه‌نجه‌كان گوێیان له‌قسه‌ی‌ ریش سپیانی‌ میسان ده‌گرت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌س گوێ‌ له‌كه‌س ناگرێ‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌