راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تۆڵه‌كردنه‌وه‌ چاوه‌ڕێیانه‌
خێزانی‌ داعشییه‌كان له‌تكریت شار به‌ده‌ر ده‌كرێن

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
كه‌سوكاری‌ داعشیییه‌كان له‌تكریت‌و ده‌وروبه‌ری‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر رقی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌و داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌میان شاربه‌ده‌ر بكرێن‌و تۆڵه‌یان لێبكرێته‌وه‌.
10.09.2015  |  تكریت
متظاهرون في تكريت يطالبون برحيل عائلات عناصر تنظيم داعش
متظاهرون في تكريت يطالبون برحيل عائلات عناصر تنظيم داعش

له‌گوندێكی‌ دووره‌ ده‌ستی‌ خۆرئاوای‌ تكریت، حاجی‌ ژنه‌ سوونییه‌ مه‌حمود (52 ساڵ) له‌ناو ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ دانیشتووه‌ كه‌ له‌دوو ژووری‌ له‌قوڕ دروستكراو پێكهاتووه‌.

 

ئه‌م ژنه‌ دایكی‌ دوو كوڕه‌ (تۆفیق‌و نه‌سر) كه‌ هه‌ردوكیان به‌یعه‌تیان به‌داعش داوه‌و له‌گه‌ڵیدا شه‌ڕیان كردووه‌ له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین، یه‌كێكیان كوژراوه‌و چاره‌نووسی‌ ئه‌وه‌ی‌ تریشیان دیار نییه‌، هه‌ندێ له‌خه‌ڵكی‌ گونده‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ له‌موسڵ یان حه‌ویجه‌ بێت، هه‌رچی‌ سوونییه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ژنی‌ كوڕه‌ كوژراوه‌كه‌ی‌‌و سێ‌ كچه‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین.

 

كاتێك بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بۆ سه‌ر شاره‌كه‌ ده‌ستی‌ پێكردو كوڕه‌كه‌ی‌ كوژرا، حاجی‌ ژنه‌ سونییه‌ تكریتی‌ جێهێشت، له‌مڕووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ترسا ئه‌م جێگه‌یه‌م هه‌ڵبژاردووه‌، نه‌وه‌ك تۆڵه‌ له‌منداڵه‌كانمان بكرێته‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هاتنه‌ ناو تكریت، ماڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڕه‌كی‌ جه‌معیه‌ سوتاندین‌و ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر كۆمه‌كی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ژین".

 

نه‌عیم عه‌لی‌ كه‌ چالاكوانێكی‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانه‌‌و سه‌ردانی‌ گونده‌كه‌و ماڵی‌ سونییه‌ی‌ كردووه‌، له‌باره‌ی‌ ژیانی‌ ئه‌و خێزانه‌وه‌ ده‌ڵێت "پێشبینی‌ ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد خێزانێك هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ماڵوێران بن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ نان‌و ئاویان نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا ئه‌و ژنه‌ كه‌ به‌داعش ده‌ڵێت (شۆڕشگێڕه‌كان) هێشتا پێی‌ وایه‌ ئه‌وان باشترن له‌خه‌ڵكی‌ تر".

 

سه‌باح كه‌ كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن حه‌ڤده‌ ساڵه‌و ئه‌ویش سه‌ر به‌داعشه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ باوكی‌ ناڕازی‌ بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سێ‌ هاوڕێی‌ تریدا هه‌ڵهاتووه‌‌و له‌و كاته‌وه‌ تائێستا باوكی‌ هیچ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسیه‌وه‌ نازانێت.

 

باوكی‌ سه‌باح (44 ساڵ) ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ له‌دۆزه‌خدا ده‌ژیم، له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆمدا زیندانی‌ كراوم‌و ناتوانم بێمه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ جنێوم پێ‌ ده‌درێت‌و سوكایه‌تیم پێ‌ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ناچمه‌ بازاڕیش‌و هه‌ندێ‌ هاوڕێم پێداویستییه‌كانم بۆ ده‌كڕن، بۆ مامه‌ڵه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كانیش ناسیاوێكمان راده‌سپێرم‌و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێكیشمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌م ده‌ینێرم بۆ نه‌خۆشخانه‌".

 

ده‌شڵێت "خۆم پۆلیسم ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌دیارنه‌مانی‌ كوڕه‌كه‌م‌و بێبه‌ریم كردووه‌، ئه‌گه‌ر بڕوام به‌وه‌ هه‌بوایه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یكات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م ده‌چوومه‌ ناو داعش كاتێك ئه‌وان شاره‌كه‌یان چۆڵكرد، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ به‌منداڵه‌كانیشم ده‌وترێت داعشی‌‌و پیاوكوژ‌و منداڵانی‌ تر ئاماده‌ نین یارییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن".

 

شێخ جه‌مال علیاوی‌ سه‌رۆكی‌ عه‌شیره‌تی‌ بوعه‌لی‌ جاسم له‌تكریت‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیاوماقوڵانی‌ تكریت به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگه‌ ناده‌ین كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كان له‌موسڵ بمێننه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ براو كه‌سوكارو رۆڵه‌كانی‌ ئێمه‌یان كوشت‌و شاره‌كه‌یان وێرانكرد".

 

ده‌شڵێت "له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتووین رێگه‌ بده‌ین به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سوكارانه‌ی‌ خۆیان له‌رۆڵه‌كانیان‌و داعش بێبه‌ری‌ ده‌كه‌ن‌و له‌لای‌ عه‌شیره‌ت‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ڵێننامه‌ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناهێڵین تێكه‌ڵی‌ خه‌ڵكی‌ ببن‌و ده‌بێت به‌گۆشه‌گیری‌ بمێننه‌وه‌".

 

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ داعش له‌تكریت‌و ده‌وروبه‌ری‌ دوو جۆرن، به‌شێكیان له‌دیاله‌و موسڵ‌و باشووری‌ به‌غداوه‌ هاتوون‌و به‌شی‌ دووه‌میشیان له‌خه‌ڵكی‌ تكریتن.

 

له‌زڵوعیه‌ (110 كم باشووری‌ تكریت) كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ داعش تا ئه‌وپه‌ڕی‌ رۆیشتوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ تۆڵه‌ له‌كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كان بكه‌نه‌وه‌، له‌وێ‌ سێ‌ ماڵیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌و چه‌ند كه‌سێكیان كوشتووه‌و به‌ئاشكرا داوایانكردووه‌ كه‌سوكاری‌ هه‌موو داعشییه‌كان بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش دروشم‌و لافیته‌یان له‌سه‌ر ماڵی‌ ئه‌و كه‌سانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا نوسیوه‌.

 

عه‌قید سائر جبوری‌ له‌پۆلیسی‌ تكریت له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاش ئه‌وه‌ی‌ تكریت كه‌وته‌ ده‌ست داعش، ده‌یان گه‌نجی‌ شاره‌كه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردن كه‌ هه‌ندێكیان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان یان بۆ خواستی‌ سه‌ركردایه‌تیكردن چووبوون، چونكه‌ ئه‌وان بۆ 35 ساڵ حوكمی‌ عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌".

 

ده‌شڵێت "پاش ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ له‌نیسانی‌ رابردوو، ده‌یانیان لێ‌ كوژران‌و له‌سه‌دا 90یان رایانكرد بۆ حه‌ویجه‌و شرگات‌و موسڵ، ئه‌وه‌شی‌ كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ یان خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌ یان كه‌سوكاره‌كانیان له‌لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پۆلیس بوونه‌ته‌ كه‌فیلیان".

 

كاتێك له‌به‌رده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ دان ده‌دات به‌مریشكه‌كانی‌، حاجی‌ ژنه‌ سوونییه‌ هه‌ر به‌و ئاواته‌وه‌یه‌ رۆژێك داعش بگه‌ڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت "نۆ مانگ شاره‌كه‌ له‌ده‌ست داعشدا بوو به‌وپه‌ڕی‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌ژیاین، ئه‌و رۆژانه‌ هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌