راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌سه‌ر داوای‌ سیستانییه‌
خوێندكارانی‌ به‌غدا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ چه‌ك راده‌هێنرێن

ئیبراهیم ساڵح
به‌سه‌دان خوێندكار له‌خوێندنگاو زانكۆو په‌یمانگاكانی‌ به‌غدا له‌سه‌ر شه‌ڕو به‌كارهێنانی‌ چه‌ك راده‌هێنرێت، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش دوای‌ داوایه‌كی‌ سیستانی‌ ده‌ستی‌ پێكرد.
27.08.2015  |  به‌غدا
ئاهه‌نگی‌ ده‌رچوونی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ ( :وێنه Getty)
ئاهه‌نگی‌ ده‌رچوونی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ ( :وێنه Getty)

سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو ئه‌حمه‌د سافی‌ نوێنه‌ری‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ له‌شاری‌ كه‌ربه‌لاوه‌ رایگه‌یاند سیستانی‌ فه‌رمانیداوه‌ كه‌ خوێندكارانیش له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ چه‌ك رابهێنرێن "بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك" ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد "ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی‌ ورد بكرێت بۆ ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌ده‌وروبه‌ر رووده‌ده‌ن".

 

داواكه‌ی‌ سیستانی‌ وه‌ها لێكدرایه‌وه‌ وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ ئه‌و مه‌ترسییه‌ی‌ له‌دوای‌ داعشه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ توندوتیژی‌ رۆچۆته‌ ناو كۆمه‌ڵگای‌ عێراقییه‌وه‌.

 

چاودێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هۆشیاری‌ ئه‌منی‌‌و هه‌واڵگری‌ خه‌ڵكی‌ عێراق به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌درێت سوود له‌و توانایه‌ ببینرێت بۆ جێگركردنی‌ باری‌ ئه‌منی‌.

 

هه‌ر پاش ئه‌و داوایه‌ چه‌ندین خولی‌ راهێنان بۆ خوێندكاران له‌ئاسته‌ جیاجیكان كرانه‌وه‌، ئامانجی‌ سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ خوێندكار له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیدا ببێته‌ چاوی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ هه‌واڵگری‌ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاودێری‌ جموجۆڵه‌ گوماناوییه‌كان بكات.

 

وه‌سفی‌ هاشم نوێنه‌ری‌ به‌شی‌ راهێنانی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر یه‌كێك له‌و خوێندكارانه‌ چاوی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌بێت له‌ناوچه‌ یان زانكۆكه‌ی‌ خۆی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ تیرۆر دوور بخاته‌وه‌".

 

خوله‌كان به‌شێوه‌یه‌كن به‌شداربوو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ راناهێنرێن كه‌ هێزی‌ یه‌ده‌گی‌ ئه‌منی‌ یان حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بن، به‌ڵكو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ هه‌واڵگرییه‌یه‌ كه‌ له‌شاره‌كانی‌ عێراقدا دروست بووه‌.

 

كۆی‌ ئه‌و خولانه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 45 رۆژ ده‌بن، هه‌ر خولێكیش له‌ 15 رۆژ پێكدێت، تیایدا به‌شداربوو راده‌هێنرێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ چه‌ك‌و هونه‌ری‌ شه‌ڕكردن‌و راهێنانی‌ جه‌سته‌یی‌.

 

محه‌مه‌د وه‌ناس یه‌كێك له‌راهێنه‌رانی‌ ئه‌و خولانه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ كه‌س ناچار ناكه‌ین به‌به‌شداری‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ دووریشه‌ له‌هه‌موو بیروبۆچوونێكی‌ تایفی‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ ره‌خنه‌ی‌ زۆر له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌گیرێت‌و چاودێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ كارێكه‌ كۆمه‌ڵگا سه‌رتاپا ده‌كاته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ سه‌ربازی‌‌و له‌ژیانی‌ مه‌ده‌نی‌ دووری‌ ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌م له‌كاتی‌ پشوودا خۆیان به‌و راهێنانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن‌و هه‌م له‌و رێیه‌وه‌ ده‌توانن دژی‌ تیرۆر بوه‌ستنه‌وه‌.

 

رائید زیا كه‌ خوێندكارێكی‌ زانكۆیه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌سه‌ر داوای‌ مه‌رجه‌عیه‌ت‌و بۆ پارێزگاری‌ له‌عێراق به‌شداریمان كردووه‌، ئێمه‌ هه‌موو كاتێك ئاماده‌ین بۆ راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌ركی‌ پیرۆزی‌ به‌رگری‌".

 

پاش ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌و هاوكات له‌پاڵ‌ ئه‌م كاره‌دا ستراتیژێكی‌ نوێ‌ له‌بواری‌ ئه‌منیدا له‌به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌گۆڕینی‌ فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان‌و پێدانی‌ دۆسێی‌ ئه‌منی‌ به‌و فیرقه‌ سه‌ربازییه‌ سێ‌ هه‌زاری‌ كه‌سییه‌ی‌ له‌هێزه‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌كان پێكهێنراونه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ریكییه‌كان راهێنانیان پێده‌كه‌ن.

 

محه‌مه‌د روبێعی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌مانگی‌ ئه‌یلوله‌وه‌ ستراتیژێكی‌ نوێ‌ له‌به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئه‌ویش به‌جێگیركردنی‌ 22 خاڵ له‌شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ پایته‌خت كه‌ له‌رێیه‌وه‌ كۆنترۆڵی‌ به‌غدا ده‌كرێت‌و روو له‌هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بۆمب رێژكراو ده‌گیرێت".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ زۆركه‌س هیوایان به‌م ستراتیژه‌ نوێیه‌دا هه‌ڵواسیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ به‌غدا جێگیربێت، به‌ڵام هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بڕوایان به‌پلانێكی‌ له‌م جۆره‌ نییه‌و پێیان وایه‌ بێ‌ سوودو ده‌ستكه‌وته‌.

 

كه‌ریم نوری‌ وته‌بێژی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌راهێنان‌و چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ سه‌گی‌ پۆلیسی‌، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌م بابه‌ته‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ رێكخستنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌واڵگری‌‌و وشككردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ تیرۆره‌وه‌".

 

ئێستا ئه‌م هه‌نگاوه‌ عێراقییه‌كانی‌ كردووه‌ به‌دوو به‌شه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نگرو دژدا، ئه‌وانه‌ی‌ پشتیوانی‌ ده‌كه‌ن وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌یبینن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك له‌به‌غدا، ئه‌وانه‌ی‌ دژیشین یان هۆكاری‌ سیاسی‌ خۆیان هه‌یه‌، یان كه‌سانێكن ترسیان هه‌یه‌ له‌به‌سه‌ربازیكردنی‌ كۆمه‌ڵگاو خه‌می‌ ئه‌وه‌یان رۆژێك له‌رۆژان ئه‌و خوێندكاره‌ راهێنراوانه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێ‌ ناوخۆییه‌كان به‌كاربهێنرێن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌