راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لیستی‌ نوێ‌ به‌ڕێوه‌یه‌
داعش لیستێك به‌ناوی‌ 2070 كوژراوه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

خاڵس جومعە
بۆیه‌كه‌مجار داعش لیستێك به‌ناوی‌ 2070 كه‌س بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌چه‌ند جارێك له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ نه‌ینه‌وا له‌سێداره‌ی‌ داون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ناوی‌ تێدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ شوێنبزره‌.
27.08.2015  |  موسڵ
موسڵ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا
موسڵ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا

كاتێك له‌سه‌ر په‌یجێكی‌ فه‌یسبووك كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ده‌نگوباسی‌ موسڵ هه‌واڵه‌كه‌ی‌ خوێنده‌وه‌و زانی‌ داعش لیستی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و ناوانه‌ی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاترن له‌دوو هه‌زار كه‌س‌و له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌سێداره‌ی‌ داون، هه‌ستێكی‌ سه‌یری‌ له‌لا دروستبوو لێدانی‌ دڵی‌ خێرا خێرا بوو.

 

لێره‌ باسی‌ حه‌سه‌ن مسته‌فا ده‌كه‌ین، ئه‌و گه‌نجه‌ موسڵییه‌ی‌ سیانزه‌ مانگه‌ سۆراغی‌ باوكی‌ ده‌كات، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ له‌حوزه‌یرانی‌ 2014 داعش ده‌ستگیریان كردووه‌، ئیتر هه‌موو زانیارییه‌ك له‌باره‌یه‌وه‌ بڕاوه‌.

 

حه‌سه‌ن پاش ئه‌وه‌ی‌ دوو رۆژ له‌گرتوخانه‌یه‌كی‌ داعش له‌گه‌ڵ باوكیدا زیندانی‌ كرا، دواتر داعش ئازادیكردو به‌ره‌و دهۆك هه‌ڵهات، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "زانیاری‌ جۆراوجۆ له‌باره‌ی‌ چاره‌نوسی‌ باوكمه‌وه‌ باسده‌كرا، هیوامان ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێشتا له‌ژیاندا مابێت، به‌ڵام ناوه‌كه‌یمان له‌و لیسته‌ی‌ داعشدا دۆزییه‌وه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ بڵاویكرده‌وه‌".

 

وێنه‌گرتن قه‌ده‌غه‌یه‌... گریانیش قه‌ده‌غه‌یه‌

گرتوخانه‌كانی‌ داعش له‌نه‌ینه‌وا به‌هه‌زاران كه‌سیان تێدایه‌ كه‌ زۆربه‌یان هیچ له‌باره‌ی‌ چاره‌نوسیانه‌وه‌ نازانرێ‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ داعش ناوی‌ 2070 كه‌س له‌وانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوشتوونی‌، ناوه‌كانیشی‌ به‌دیواری‌ بنكه‌كانی‌ پۆلیسدا هه‌ڵواسیبوو، یان ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ناویان ناوه‌ "بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ئیسلامی‌".

 

هه‌ر كه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان بیست، خه‌ڵكێكی‌ زۆر به‌ره‌و بنكه‌كانی‌ پۆلیس چوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ سۆراغی‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان بكه‌ن، عومه‌ر جه‌رجیس كه‌ له‌نزیك بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ سۆمه‌ر نیشته‌جێیه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ، به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌و دیمه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ به‌چاوی‌ خۆی‌ بینیونی‌: "به‌ده‌یان كه‌سم بینی‌ كه‌ به‌روخساری‌ زه‌ردو هه‌ڵبڕسكاوه‌وه‌ روویان له‌بنكه‌كه‌ كردو به‌دوای‌ ناوی‌ كوڕ یان برا یان مێرد یاخود ناسیاوێكیاندا ده‌گه‌ڕان، زۆر پیاو هه‌بوون به‌چاوی‌ پڕ له‌فرمێسكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌‌و ژنانیش به‌ده‌نگی‌ به‌رز ده‌گریان‌و له‌خۆیان ده‌دا".

 

كاتێك خه‌ڵكه‌كه‌ له‌لیسته‌كان نزیك ده‌بونه‌وه‌ كه‌ ناویان لێنراوه‌ "لیسته‌كانی‌ مه‌رگ" پۆلیسه‌كانی‌ داعش به‌وردی‌ ده‌یان پشكنین‌و له‌ناوه‌كانیان ده‌كۆڵینه‌وه‌، رێگه‌یان نه‌ده‌دا هیچ كه‌س به‌كامێراو سمارتفۆنه‌وه‌ نزیك ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ لیسته‌كان نه‌گیرێت.

 

جه‌رجیس ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات هه‌ر كه‌سێك ناوی‌ ناسیاوێكی‌ خۆی‌ بدۆزیبایه‌وه‌ بۆی‌ نه‌بووه‌ ره‌خنه‌ بگرێت‌و رووبه‌رووی‌ چه‌كدارانی‌ داعش ببێته‌وه‌، چونكه‌ چه‌كه‌كانیان له‌سه‌ر پێ‌ بووه‌و هه‌ر كه‌سێك قسه‌بكات سڵ ناكه‌نه‌وه‌ له‌كوشتنی‌ به‌تۆمه‌تی‌ ره‌خنه‌گرتن یان جنێودان به‌ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌.

 

جه‌رجیس ده‌شڵێت "پیاوێكم بینی‌ كه‌ توند ده‌ستی‌ خستبووه‌ سه‌ر ده‌می‌ ژنه‌ ره‌شپۆشه‌كه‌ی‌‌و نه‌یده‌هێشت قسه‌ بكات، كاتێك چوونه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌و ده‌رگاكانیان داخست، له‌خۆی‌ ده‌داو هاواری‌ ده‌كرد بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ حاڵی‌ ببین".

 

هیچ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ موسته‌فا حه‌سه‌ن كه‌ هێشتا له‌موسڵ ماونه‌ته‌وه‌ نه‌یانوێرا بچن ته‌ماشای‌ "لیستی‌ مه‌رگ" بكه‌ن له‌ترسی‌ ژیانی‌ خۆیان، بۆیه‌ ناسیاوێكیان به‌و كاره‌ راسپارد.

 

حه‌سه‌ن ده‌ڵێت "سێ‌ رۆژ چاوه‌ڕێی‌ خزمه‌كه‌مان كرد، هه‌موو جارێك پێی‌ ده‌وتین نه‌خۆشم‌و نه‌متوانیوه‌ بچم، دواجار راستییه‌كه‌ی‌ پێ‌ وتین كه‌ ناوی‌ باوكیشم له‌لیسته‌كه‌دایه‌".

 

بێ‌ ته‌رم‌و بێ‌ گۆڕ

ئه‌وانه‌ی‌ ناویان له‌لیستی‌ مه‌رگدا هاتووه‌، داعش له‌چه‌ند كاتێكی‌ جیاوازدا كوشتوونی‌، زۆربه‌شیان ئه‌وانه‌ن له‌چوار مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ داعش له‌نه‌ینه‌وا ده‌ستگیركراون.

 

قوربانییه‌كان له‌هه‌موو چین‌و توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگان، ژن‌و پیاویان تێدایه‌، به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م كارمه‌ندانی‌ سوپاو پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن، ئینجا پاش ئه‌وان سیاسه‌تمه‌دارو پاڵێوراوانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوو به‌رپرسانی‌ لۆكاڵی‌ وه‌ك ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌تییه‌كان، پاش ئه‌وانیش فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌ت‌و پیاوانی‌ ئاینی‌ میانه‌ڕه‌و كه‌ ئاماده‌نه‌بوون بچنه‌ پاڵ بۆچوونه‌كانی‌ داعش، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك راگه‌یاندنكار.

 

له‌و لیسته‌ 2070 كه‌سییه‌ به‌ده‌یان بێ‌ دایك‌و باوك‌و بێ‌ كه‌سوكارو كه‌سانی‌ تازێبار جێده‌مێنن، به‌ڵام مانای‌ بوونی‌ 2070 گۆڕ ناگه‌یه‌نێت، چونكه‌ داعش زۆربه‌یانی‌ فڕێداوه‌ته‌ چاڵی‌ (خه‌فسه‌)وه‌ 15كم له‌باشووری‌ موسڵ، یان به‌شێكیان هه‌ر به‌زیندیی‌ سوتێنراون‌و ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌.

 

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م لیستانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌سوكاریان ونبووه‌ ئیتر هه‌موو گومانه‌كانی‌ ره‌وانده‌وه‌، نۆ مانگه‌ باوكی‌ سه‌میر به‌هیوای‌ ئه‌وه‌یه‌ تاقه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ببینێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندی‌ ده‌زگای‌ دژه‌ تیرۆر بووه‌، چونكه‌ هه‌ر جارێك چووه‌ته‌ لای‌ چه‌كدارێكی‌ داعش پێی وتووه‌ ماوه‌و  ته‌ندروستی‌ باشه‌.

 

كاتێك ناوی‌ سه‌میر له‌لیسته‌كه‌دا بڵاوبووه‌وه‌، باوكی‌ به‌گریانه‌وه‌ چوو بۆ لای‌ هه‌مان چه‌كدارو لۆمه‌ی‌ كرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ درۆی‌ له‌گه‌ڵ كردووه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌ "بۆ پێیتان وایه‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ هۆتێلی‌ هه‌یه‌ بۆ داڵده‌دانی‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان؟".

 

لیستی‌ دیكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌

ئه‌م لیستانه‌ی‌ داعش بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ ناوی‌ هه‌موو قوربانییه‌كانی‌ ده‌ستی‌ ئه‌و گروپه‌ نیین، به‌ڵكو ئه‌مانه‌ ته‌نها گیراوه‌ چاره‌نووس نه‌زانراوه‌كانن، هه‌ندێ‌ زانیاری‌ پشتڕاستنه‌كراوه‌ هه‌یه‌ كه‌ باس له‌لیستێكی‌ تر ده‌كات به‌ناوی‌ 570 كه‌س له‌وانه‌ی‌ له‌چوار مانگی‌ رابردوودا له‌سێداره‌ دراون.

 

داعش سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ چاڵی‌ (خه‌فسه‌)ی‌ پڕكرده‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ژماره‌یه‌ك گیراوی‌ زۆر هه‌یه‌ ناویان دیار نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێناچێت به‌مزووانه‌ موسڵ له‌داعش پاكبكرێته‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ بێگومانن له‌بوونی‌ لیستی‌ نوێ‌.

 

به‌م دواییه‌ كچه‌ دكتۆرێك كه‌ له‌موسڵ هه‌ڵهات به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌لاجه‌كانی‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ موسڵ پڕن له‌و كه‌سانه‌ی‌ داعش به‌مدواییه‌ كوشتوونی‌". هه‌روه‌ها وتیشی‌ "جێگه‌ی‌ وا هه‌یه‌ شوێنی‌ یه‌ك ته‌رمه‌، كه‌چی‌ دوو یان سێ‌ ته‌رمی‌ تێكراوه‌".

 

به‌شێك له‌وانه‌ی‌ كه‌سوكاریان شوێنبزره‌ هێشتا به‌دوای‌ چاره‌نووسیاندا وێڵن، چونكه‌ داعش ناوه‌كانی‌ له‌دیواری‌ بنكه‌كانی‌ پۆلیس لێكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ ناوێكی‌ بوێت ئه‌بێت سه‌ردانی‌ بنكه‌ی‌ "پۆلیسی‌ ئیسلامی‌" بكات.

 

موسته‌فا حه‌سه‌ن‌و براكانی‌ رازی‌ بوون به‌ئه‌مری‌ واقیع‌و له‌دهۆك پرسه‌یان بۆ باوكیان داناوه‌، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ وه‌ربگرنه‌وه‌و بینێژن.

 

سه‌رجه‌م ئه‌وناوانه‌ی‌ هاتوون، ناوی‌ خوازراون، له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ قسه‌كه‌ره‌كان‌و خێزانه‌كانیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌