ئه‌حمه‌د عه‌لی دانیشتووی گوندی "سیبایه"یه كه یه‌كێكه له‌گونده عه‌ره‌ب نشینه‌كانی قه‌زای شنگال به"نیقاش"ی وت "وه‌ك ئه‌وه‌ی بومه‌له‌رزه لێی دابین، له‌پڕ ماڵه‌كه‌مان ته‌ختی ئه‌رز بوو".
عه‌لی (34 ساڵ) خۆی‌و خێزانه چوارده كه‌سییه‌كه‌ی مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ له‌گونده‌كه‌یان هه‌ڵهاتوون، پاش ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئێزدی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سهریانو وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن 21 كه‌سیان لێ كوشتوون كه له‌نێویاندا ژن‌و منداڵ هه‌بووه‌و چه‌ند كه‌سێكی تریان لێ رفاندوون، ئه‌وكات میدیا ناوخۆیی‌و جیهانییهكانو رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، له‌نێویاندا رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی باسی ئه‌و رووداوه‌یان كرد.
عه‌لی كه ئێستا له‌نزیك ناحیه‌ی ره‌بیعه نیشته‌جێیه له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به"نیقاش"ی وت به‌دووربین ته‌ماشای گونده‌كه‌ی خۆیانی كردووه كه چۆن به‌شۆفڵ هه‌موو خانووه له‌گڵ دروستكراوه‌كانی تێكدراون.
له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه ده‌ڵێت "به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك شۆفڵه‌كان به‌پاسه‌وانی میلیشیا ئێزدییه‌كان به‌ته‌واوی گونده‌كه‌یان ته‌ختی زه‌وی كرد، ئینجا چوون بۆ گوندی (سایر)و چه‌ند گوندێكی تریش".
ئێزدییه‌كان كه گه‌وره‌ترین قوربانی ده‌ستی داعش بوون‌و له‌ئابی ساڵی رابردوو قه‌زاكه‌یان (قه‌زای شنگال 110 كم خۆرئاوای موسڵ) كه‌وته ده‌ست داعش، دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی پشتیوانی داعشیان كردووه‌و به‌شێكیان كچ‌و ژنه‌كانیان رفاندونو ماڵ‌و حاڵهكهیان تاڵانكردوون، ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌و له‌بێ یاسایی‌و بێ سهروبهرهییدا ته‌ڕو وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنن.
عه‌بدولستار ته‌ها یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان، هه‌فته‌ی رابردوو له‌میدیاكانه‌وه دهركهوتو وتی "چه‌كدارانی ئێزدی‌و په‌كه‌كه نزیكه‌ی ده هه‌زار عه‌ره‌بیان له‌ناوچه ئازادكراوه‌كانی شنگال ده‌ركردووه‌و له‌حه‌وت مانگی رابردوودا 22 گوندیان خاپور كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر رووبهروێكی زۆری كێڵگه‌ی كشتوكاڵیدا".
ته‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی پارێزبه‌ندی بۆ چه‌كدارانی ئێزدی ده‌سته‌به‌ركردووه تا پێشێلكاری بكه‌ن له‌چوراچێوه‌ی پرۆسه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی بكه‌ن كه له‌ئاینده‌دا بلكێنرێت به‌ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه.
قه‌زای شنگال كه ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی نێوان به‌غداو هه‌ولێره، نزیكه‌ی 270 هه‌زار كه‌س تیایدا ده‌ژیان، له‌پاڵ ئێزدی‌و عه‌ره‌ب، بڕێكی كه‌م هاوڵاتی كورد‌و شیعه‌ی له‌خۆگرتبوو، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئێزدی وه‌ك كورد هه‌ژمار نه‌كرێت، چونكه هێشتا ئه‌م باسه رای جیاوازی له‌سه‌ره.
ته‌هاو چه‌ند كه‌سێكی تر كه "نیقاش" په‌یوه‌ندی پێوه كردن، شێخ عه‌لی موراد یه‌كێك له‌سه‌رۆك هۆزه ئێزدییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن بهخاپوركردنی گونده‌كانیان "له‌نێویاندا ده‌یان ماڵی كه‌سانی بێ‌تاوان هه‌یه"، داوایان كرد لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نهینهواو په‌رله‌مانی عێراق به‌به‌شداری نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ سه‌ردانكردنی ناوچه‌كه‌و ده‌رخستنی راستییه‌كان.
موراد كه له‌گه‌ڵ گروپێكی چه‌كداردا له‌ئۆردوگای (گوه به‌ل) نزیك له‌گونده عه‌ره‌ب نشینه‌كان ماوه‌ته‌وه، لهپهیوهنییهكی "نیقاش"دا ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه گونده عه‌ره‌بییه‌كان خاپوركرابێتو وتی "كه ژنه‌كانمان رفێنرا بۆ كه‌س په‌یوه‌ندی پێوه نه‌كردین، بۆچی ئێستا سۆراخی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن".
رۆژی دواتر كاتێك وێنه‌ی یه‌كێك له‌خانووه وێرانكراوه‌كان بڵاوكرایه‌وه، موراد په‌یوه‌ندی كرد به"نیقاش"ه‌وه‌و به‌زمانێكی توڕه‌وه وتی "من به‌رپرسم له‌هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ئێزدییه‌كان ده‌یكه‌ن له‌گونده عه‌ره‌بییه‌كانی ناحیه‌ی سنونی، ئه‌وانه ژنه‌كانی ئێمه‌یان رفاند‌و ماڵ‌و حاڵیان تاڵانكردینو خانووه‌كانیان روخاندین".
وتیشی "ئه‌م گوندانه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ی 56 هه‌زار دۆنمی بنیادنراون كه موڵكی خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌ن، له‌رێی یاساوه ده‌یانگێڕمه‌وه".
ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رپرسه ئێزدییه‌كانه‌وه ده‌ستمان كه‌وتن جیاوازبوون له‌یه‌كتری، قاسم شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه له‌ده‌وروبه‌ری شنگال باسی له‌وه كرد كه چه‌ند ماڵێكی كه‌م روخێنراون له‌وانه‌ی سه‌ر به‌داعش بوون یان هاوكاری داعشیان كردووه.
له‌به‌رامبه‌ردا قاسم سمۆ به‌رپرسی ئاسایش له‌شنگال ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه هیچ كارێكی له‌و شێوه‌یه ئه‌نجام درابێتو به"نیقاش"ی وت "هه‌موو كارێكی له‌م شێوه‌یه له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان نایاساییه‌و هه‌ر كه‌سێك بیانكات ده‌ستگیریان ده‌كه‌ین‌و رووبه‌رووی دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه".
ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه‌ی هێنده‌ی تر ئاڵۆزكردووه ئه‌وه‌یه كه هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ش یه‌ك دهنگو یه‌ك هه‌ڵوێست نین، به‌شێكیان سه‌ر به‌پارتی یه‌كێتی دیموكراتین (په‌یه‌ده)ی نزیك له‌په‌كه‌كه، به‌شێكیشیان سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئێزدییه‌كانیش به‌سه‌ر ئه‌م دوو باڵه‌دا دابه‌ش بوون.
لانی كه‌م له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا كه شه‌ڕی داعش به‌رده‌وامه، لایه‌نه ناكۆكه‌كان ناتوانن ده‌نگیان یه‌ك بخه‌ن، به‌تایبه‌تی كه رۆژ به‌رۆژ زیاتر نێوانی ئێزدی‌و عه‌ره‌به‌كان ئاڵۆز دهبێتو تۆمه‌ت ئاراسته‌ی یه‌ك ده‌كه‌ن، كه‌سێكیش نییه ئاوێكی خێر به‌م ئاگره‌دا بكات.
هه‌رچی عه‌شیره‌ته عهرهبییهكانیشه له‌به‌شی باشووری چیای شنگال كه به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌مان چاره‌نووسی گونده ئازادكراوه‌كان رووبه‌روویان ببێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه ئێزدییه‌كان ئه‌وان به‌تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی مه‌ینه‌تی خۆیان ده‌زانن.