راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێنج بازنه‌ی‌ ئه‌منی‌ دروستكراوه‌
كه‌ربه‌لا ترسی‌ داعشی‌ لێنیشتووه‌

عه‌باس سه‌رحان
كه‌ربه‌لا ترسێكی‌ زۆری‌ لێنیشتووه‌و سنوره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ داعش ته‌واو قایم كردووه‌، نه‌وه‌ك پریشكی‌ ئاگره‌كه‌ بگاته‌ ناو ئه‌و پارێزگایه‌ش.
23.07.2015  |  كه‌ربه‌لا
به‌شێك له‌خه‌نده‌قه‌كه‌ی‌ نێوان كه‌ربه‌لاو ئه‌نبار
به‌شێك له‌خه‌نده‌قه‌كه‌ی‌ نێوان كه‌ربه‌لاو ئه‌نبار

كه‌ربه‌لا سنوری‌ هاوبه‌شی‌ 45 كیلۆمه‌تری‌ له‌گه‌ڵ پارێزگای‌ ئه‌نبار هه‌یه‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئایاره‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش، بۆیه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ نه‌ك هه‌ر له‌په‌لاماری‌ سه‌ربازیش ده‌ترسن، به‌ڵكو خه‌می‌ ئه‌وه‌یانه‌ له‌رێی‌ موشه‌ك‌و كاتیۆشاوه‌ ئاگری‌ داعشیان پێ بگات.

 

تائێستا لانی‌ كه‌م دووجار كاتیۆشای‌ داعش گه‌یشتووه‌ته‌ ناو كه‌ربه‌لا، جاری‌ یه‌كه‌میان كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو بوو كاتێك پێنج موشه‌ك ئاراسته‌ی‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ خوارووی‌ شاره‌كه‌ كرا بۆ ناو گردبوونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك، له‌كاتی‌ راپه‌ڕاندنی‌ نه‌ریته‌ ئاینییه‌كاندا، ئه‌وكات ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ وتیان سه‌رچاوه‌ی‌ موشه‌كه‌كان بنكه‌یه‌كی‌ جوڵاو بووه‌ له‌بیابانی‌ رومادییه‌وه‌ ئاراسته‌ كراوه‌.

 

له‌دوای‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكه‌ به‌هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌ستیانكرد به‌هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قێك به‌درێژایی‌ 45 كیلۆمه‌تر له‌سنوری‌ نێوان ئه‌نبارو كه‌ربه‌لا، به‌جۆرێك نزیكترین خاڵی‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگاكه‌ كه‌متر نه‌بێت له‌ 65 كیلۆمه‌تر، تێچوونی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش دوانزه‌ ملیۆن دۆلار بوو.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و پرۆژه‌ گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام عه‌باس عه‌بدولئه‌میر ئه‌فسه‌ری‌ خانه‌نشین پێی‌ وایه‌ ئه‌و خه‌نده‌قه‌ ناتوانێت رێگری‌ دروست بكات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ته‌كنیكی‌ شه‌ڕی‌ نوێ‌ گۆڕاوه‌، مه‌رج نییه‌ داعش به‌شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ په‌لاماری‌ كه‌ربه‌لا بدات‌و هێز بجوڵێنێ‌، رێی‌ تێده‌چێت ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك بنێرێته‌ ناو شاره‌كه‌و له‌وێ‌ جارێكی‌ تر كۆیان بكاته‌وه‌".

 

له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ زۆر پشتیان به‌خه‌نده‌قه‌كه‌ به‌ستووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌قیل مه‌سعودی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌پاش خه‌نده‌قه‌كه‌وه‌ دیوارێكی‌ مرۆیی‌ به‌هێز هه‌یه‌و چه‌ندین بورجی‌ چاودێری‌ داندراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چوار دیواری‌ تری‌ مرۆیی‌ له‌نێوان كه‌ربه‌لاو ئه‌نباردا دروستكراون".

 

ئه‌وه‌ی‌ تائێستا روویداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ رێگری‌ كردووه‌ له‌جوڵای‌ ئۆتۆمبێل‌و تانك‌و زرێپۆشه‌كانی‌ داعش، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ له‌خه‌م نه‌ڕه‌خسیون، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ داعش زوو زوو هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شاره‌ نوێده‌كاته‌وه‌.

 

بیرۆكه‌ی‌ خه‌نده‌قه‌كه‌ پاش پێشنیاری‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕ له‌كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌‌و ئه‌منی‌ هات، چونكه‌ تێگه‌یشتن داعش چه‌ندین شێوازی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر شاره‌كاندا، زۆربه‌ی‌ ئه‌و شێوازانه‌ش ده‌توانرێت له‌رێی‌ هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قه‌وه‌ پوچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ پارێزگاكه‌ هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌وتنی‌ خێرای‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك وایكردووه‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ بێخه‌م نه‌بن، جه‌واد عیدان یه‌كێك له‌دانیشتوانی‌ كه‌ربه‌لا پێی‌ وایه‌ داعش له‌لایه‌ن چه‌ندین ده‌زگای‌ هه‌واڵگرییه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت‌و پلانی‌ ورد بۆ شه‌ڕه‌كانی‌ داده‌نێت، بۆیه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ئاسان نییه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ ترسی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ی‌ زیادكردووه‌، هه‌وڵی‌ داعش بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ حه‌وت ئۆتۆمبێلی‌ به‌بۆمب چێنراو له‌رێگه‌ی‌ نخێبه‌و بگه‌ێنێته‌ كه‌ربه‌لا، سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش ویستوویه‌تی‌ به‌هاوكاری‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ په‌لاماری چه‌ند شوێنێكی‌ زیندووی‌ پارێزگاكه‌ بدات، به‌ڵام له‌و هه‌وڵه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.

 

بۆ رێگرتن له‌دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ حاڵه‌تی‌ له‌و شێوه‌یه‌، پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا بڕیاریدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كجاری‌ سنوری‌ وشكانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نبار دابخات.

 

جاسم فه‌تلاوی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ وت "بازگه‌ی‌ نخێب شوێنێكی‌ ئارام نییه‌، بۆیه‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ درا"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ زۆربه‌ی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كانی‌ نێوان سوریاو عێراق كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش له‌گه‌ڵ به‌شێكی‌ زۆری‌ رێگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌ندا.

 

هه‌فتانه‌ كه‌ربه‌لا به‌سه‌دان ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگری‌ له‌سوریاو ئه‌رده‌نه‌وه‌ بۆ دێت، به‌شی‌ زۆریان كه‌لوپه‌لی‌ سوری‌‌و ئه‌رده‌نین، یان له‌رێی‌ به‌نده‌ری‌ عه‌قه‌به‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌رده‌ن.

 

هاتنی‌ ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ بۆخۆی‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ تر بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌، چونكه‌ به‌شێكیان شوێن‌و كاتی‌ دروستكردنیان نه‌زانراون، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ رابردوو فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ربه‌لا بڕێكی‌ زۆری‌ هێلكه‌ی‌ له‌ناوبرد كه‌ له‌ئه‌نباره‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لا ره‌وانه‌ كرابوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كات‌و شوێنی‌ به‌رهه‌مهێنانیان نه‌زانرابوو.

 

داخستنی‌ رێگای‌ نخێب زیانی‌ زۆری‌ به‌بازرگانانی‌ ئه‌و رێگایه‌ گه‌یاندووه‌، چونكه‌ ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ جموجوڵێكی‌ به‌رده‌وامی‌ بازرگانی‌ له‌خۆگرتووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌بدولحسێن سه‌لمانی‌ بازرگان ده‌ڵێت "ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ربه‌لا زوتر بازرگانه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگایه‌كی‌ تر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ كاڵاكانیان".

 

ئه‌و پێی‌ وایه‌ داخستنی‌ رێگاكه‌ هۆكارێك ده‌بێت بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ كاڵا له‌ناو كه‌ربه‌لادا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ شاره‌كه‌ پێیان وایه‌ نرخه‌كان به‌رزببنه‌وه‌ له‌وه‌ باشتره‌ ده‌ستی‌ داعش بگاته‌ ناو كه‌ربه‌لا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌