راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كامپی‌ عه‌ربه‌ت.. كه‌لتوری‌ جیاوازو خه‌می‌ هاوبه‌ش

ئەحمەد محەمەد
هه‌رچه‌نده‌ عه‌ربه‌ت له‌چه‌قی‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام ناوی‌ له‌سه‌ر زاره‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ لانه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ چه‌ندین چیرۆكی‌ ویژدان هه‌ژێنیان له‌ناخیاندا هه‌ڵگرتووه‌.
18.06.2015  |  سلێمانی‌

كامپه‌كه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌ت له‌خوارووی‌ سلێمانی‌، 2760 خێزانی‌ له‌خۆگرتووه‌ كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ شانزه‌ هه‌زار كه‌س ده‌بن به‌ئاین‌و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌بی‌ جیاوازه‌وه‌ له‌كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان، سوننه‌و شیعه‌و شه‌به‌ك‌و ئێزدی‌، عێراقی‌‌و سوری‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ په‌یام سه‌لام به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كامپی‌ ئاواره‌كانی‌ عه‌ربه‌ت.

 

هه‌موو ئه‌م پێكهاتانه‌ له‌عه‌ربه‌ت یه‌ك خاڵی‌ هاوبه‌ش كۆیكردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش هه‌ڵهاتنه‌ له‌ده‌ست داعش.

 

په‌یام سه‌لام به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند جاران یه‌ك كامپ له‌ناحیه‌كه‌دا هه‌بووه‌ بۆ ئاواره‌ سورییه‌كان، به‌ڵام پاش كه‌وتنی‌ موسڵ له‌ساڵی‌ رابردوو ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان زیادیكردووه‌، بۆیه‌ ئاواره‌ سورییه‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ كامپی‌ باریكه‌و له‌بری‌ ئه‌وان ئاواره‌ی‌ پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا له‌عه‌ربه‌ت نیشته‌جێكراون‌و هه‌رچی‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كانیشه‌ براونه‌ته‌ كامپی‌ سیته‌ك له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌.

 

ئه‌م ئاوارانه‌ به‌چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی‌ جیاواز روویان له‌كامپی‌ عه‌ربه‌ت كردووه‌، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ته‌نها به‌جل‌و به‌رگی‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون، یاخود چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی‌ پێویستیان پێیه‌ كه‌ توانیویانه‌ به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ خۆیان بیگوازنه‌وه‌.

 

كاوه‌ محه‌مه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌فرۆشیارانی‌ خوارده‌مه‌نی‌‌و وشكه‌ له‌عه‌ربه‌ت بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌هه‌زاران كه‌سی‌ خاوه‌ن زمان‌و رۆشنبیری‌ جیاواز روویان له‌عه‌ربه‌ت كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا خه‌ڵكی‌ عه‌ربه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و زمان‌و كه‌لتوره‌ جیاوازانه‌ راهاتوون.

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد ئاواره‌كان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و جیاوازییه‌یان، به‌ڵام له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ دیمه‌ن‌و كاره‌ساته‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت رووبه‌رووی‌ هه‌مان تاوان‌و ده‌رده‌سه‌ری‌ بوونه‌ته‌وه‌.

 

ده‌سته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئاواره‌ عێراقییه‌كان بۆ كامپی‌ عه‌ربه‌ت ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌پاش 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ له‌موسڵ هه‌ڵهاتن.

 

نه‌بیل موهه‌ندیس كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ كوردی‌ نیشته‌جێی‌ موسڵ بووه‌ ده‌ڵێت "ده‌رده‌سه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ له‌ئایاری‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام له‌حه‌وتی‌ حوزه‌یراندا بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ خراپی‌".

 

نه‌بیل ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ هیچ راستییه‌كیان له‌باره‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌وه‌ نه‌زانیوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌و له‌پڕ 10ی‌ حوزه‌یران موسڵ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش.

 

نه‌بیل به‌په‌له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ جێهێشتووه‌و رووی‌ كردووه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ "ته‌ل عه‌ده‌س" له‌باكوری‌ موسڵ، چه‌ند رۆژێك له‌وێ‌ ماوه‌ته‌وه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ش چووته‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌لقوش‌و له‌وێوه‌ بۆ كه‌ركوك‌و ئینجا بۆ عه‌ربه‌ت.

 

چیرۆكه‌كه‌ی‌ موهه‌ندیس جیاوازییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ چیرۆكی‌ عه‌لی‌ قه‌نبه‌ری‌ شه‌به‌كی‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌حوزه‌یراندا ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ جێهێشتووه‌و چووه‌ته‌ هه‌ولێرو له‌وێشه‌وه‌ بۆ عه‌ربه‌ت.

 

قه‌نبه‌ر له‌و گروپه‌ بوون كه‌ یه‌كه‌مجار گه‌یشتوونه‌ته‌ كامپه‌كه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاته‌ ئاواره‌ سورییه‌كانی‌ تێدابووه‌، بۆیه‌ ناچار بووه‌ بیست رۆژ له‌خوێندنگایه‌كدا بمێنێته‌وه‌ تا چادرێكی‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی‌ بده‌نێ‌.

 

داعش له‌مانگی‌ حوزه‌یراندا به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا موسڵ بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵكو په‌لاماری‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریدا كه‌ هاوڵاتیانه‌كه‌ی‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و فره‌ ئاین‌و فره‌ مه‌زهه‌بن، ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ گورزی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ توركمان نشین‌و شیگالی‌ ئێزدی‌ نشین بوون.

 

كه‌مال یه‌حیا كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ توركمانی‌ شیعه‌یه‌ سێ‌ مانگی‌ ویستووه‌ تا له‌قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ بگاته‌ عه‌ربه‌ت، ئه‌و رۆژی‌ 14ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوو له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ داوه‌‌و له‌چه‌ند كاتژمێری‌ یه‌كه‌مدا زیاتر له‌ 120 هاوه‌نی‌ ئاراسته‌ی‌ شاره‌كه‌ كردووه‌و به‌هۆی‌ ئه‌و هێرشه‌وه‌ 14 كه‌س له‌عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌ كوژراون.

 

سه‌ره‌تا رووی‌ له‌شنگال كردووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ چووه‌ته‌ ره‌بیعه‌و ئینجا بۆ به‌نداوی‌ موسڵ كه‌ به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ بۆ ناوچه‌ی‌ ته‌ل عه‌ده‌س‌و ئینجا له‌مانگی‌ ئه‌یلولدا گه‌یشتووه‌ته‌ عه‌ربه‌ت.

 

داعش رۆژی‌ 17ی‌ حوزه‌یران به‌ته‌واوی‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ كۆنترۆڵكردو به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌ توركمانن روویان له‌چیای‌ شینگال كرد.

 

موراد مه‌تۆ كه‌ ئاواره‌یه‌كی‌ ئێزدییه‌و له‌شنگاله‌وه‌ چووه‌ته‌ عه‌ربه‌ت، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ پاش هێرشی‌ داعش به‌چیای‌ شنگالدا هه‌ڵگه‌ڕاون، به‌ڵام له‌وێش برسێتی‌‌و تینوێتی‌ زۆری‌ بۆ خۆی‌‌و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ هێناوه‌و هه‌رچۆنێك بێت خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ سوریا، له‌وێوه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زاخۆو ئینجا رووی‌ له‌عه‌ربه‌ت كردووه‌.

 

دواهه‌مین ده‌سته‌ی‌ ئاواره‌كان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نباره‌وه‌ روویان له‌عه‌ربه‌ت كردووه‌، ئه‌مانه‌ش سه‌رجه‌میان له‌عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ن.

 

عه‌باس خه‌له‌ف سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ ئه‌بو حشمه‌ له‌ناحیه‌ی‌ یه‌سرب به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ خه‌ڵكی‌ یه‌سرب له‌باشوری‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو هه‌ڵهاتوون، كاتێك سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ناحیه‌كه‌ له‌ده‌ست داعش.

 

ئه‌و ده‌مه‌ به‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ی‌ 72 كاتژمێردا شاره‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، بۆیه‌ به‌په‌له‌ به‌ئاراسته‌ی‌ رووباری‌ دیجله‌ هه‌ڵهاتوون‌و سوار چه‌ند به‌له‌مێكی‌ بچووك بوون، عه‌باس خه‌له‌ف ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ به‌كاره‌ساتاوی‌ وه‌سف ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وا زۆر سارد بووه‌و چه‌ند منداڵێك له‌ئاوه‌كه‌دا خنكاون.

 

ئاواره‌كانی‌ ئه‌و ناحیه‌یه‌ ناچاربوون 17 رۆژ بمێننه‌وه‌ تا رێیان بدرێت بچنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ش گه‌یشتوونه‌ته‌ كامپی‌ عه‌ربه‌ت.

 

ئاواره‌كانی‌ ئه‌م كامپه‌ به‌ته‌نها له‌هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ پێكنه‌هاتوون، به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 500 خێزان له‌شاری‌ (كۆبانێ)وه‌ روویان لێكردووه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش په‌لاماری‌ شاره‌كه‌یدا.

 

ئاواره‌كانی‌ كامپی‌ عه‌ربه‌ت كێشه‌یان زۆره‌ له‌رووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ زستانێكی‌ سه‌خت‌و هاوینێكی‌ گه‌رمی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ری‌ كامپه‌كه‌ ته‌سكه‌و تائێستا چه‌ندین جار رووداوی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تیایدا روویداوه‌ جا به‌هۆی‌ شۆرتی‌ كاره‌باییه‌وه‌ بێت یان گڕگرتنی‌ ته‌باخه‌وه‌.

 

چیا حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران له‌سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ پێكهاته‌كانی‌ ئه‌و كه‌مپه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و مه‌زهه‌بن‌و له‌شاره‌كانی‌ عێراق‌و سوریاوه‌ روویان تێی‌ كردووه‌.

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ هه‌موویان یه‌ك چیرۆكی‌ هاوبه‌ش كۆیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵهاتنه‌ له‌ده‌ست داعش‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیخوازانه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین‌و كامپه‌كه‌ش له‌لایه‌ن پۆلیس‌و ئاسایشه‌وه‌ پارێزراوه‌.

 

چیا باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌كانیش هاوكاری‌ كامپه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و وه‌زاره‌تی‌ كۆچ كۆچبه‌ران 20 ملیار دیناری‌ له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌و فێركردندا خه‌رجكردووه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌م هاوكاریانه‌ پێداویستی‌ ئاواره‌كان پڕ ناكاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رۆژ به‌رۆژ ژماره‌یان رووه‌و هه‌ڵكشانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌