راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵی داعش له‌موسڵ
شارێك هیچی‌ له‌جاران ناچێت

خاڵس جومعە
یه‌ك ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ موسڵ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌و له‌م ماوه‌یه‌دا گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌هه‌موو بواره‌ جۆربه‌جۆره‌كانی‌ ئه‌و شاره‌دا روویداوه‌و هیچی‌ له‌موسڵی‌ جاران ناچێت
11.06.2015  |  موسڵ
داعش ساڵێكی‌ له‌موسڵ ته‌واوكردو چاره‌نووس نادیاره‌
داعش ساڵێكی‌ له‌موسڵ ته‌واوكردو چاره‌نووس نادیاره‌

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ موسڵییه‌كان له‌ناو خۆیاندا مقۆمقۆیان بوو له‌سه‌ر یادی‌ ساڵانه‌ی‌ داگیركردنی‌ شاره‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ خاوه‌نی‌ چیرۆكێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانن، به‌ڵام چیرۆكی‌ سه‌ره‌كی‌ موسڵییه‌كانی‌ هه‌مووی‌ وه‌ك یه‌كه‌، "نیقاش" له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ دوا، كه‌ ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدان‌و لێره‌دا چیرۆكه‌كان وه‌ك خۆی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

 

شارێكی‌ یه‌ك ره‌نگه‌

یاسا تونده‌كانی‌ داعش زۆرێك له‌سیماكانی‌ ئه‌و شاره‌یان گۆڕیوه‌، به‌جۆرێك شێوه‌ی‌ به‌ده‌گمه‌ن ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر وێنه‌كه‌ی‌ جارانی‌.

 

سه‌عید موحسین كه‌ توێژه‌رێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژوودا ئه‌م شاره‌ مه‌سیحی‌‌و شه‌به‌ك‌و توركمانه‌ شیعه‌كانی‌ تیا نه‌بێت، داعش هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا ده‌ریانبپه‌ڕێنێ‌، به‌ڵكو موڵك‌و ماڵه‌كه‌شی‌ داگیر كردن".

 

سه‌عید ده‌شڵێ‌ "ئه‌و كه‌رتبوونه‌ی‌ كه‌وته‌ نێوان پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌زه‌حمه‌ت چاك ده‌بێته‌وه‌، زه‌حمه‌ته‌ جارێكی‌ تر كه‌مایه‌تییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان".

 

ئێستا ئه‌وانه‌ی‌ له‌و شاره‌دا ده‌ژین راسته‌ له‌رووی‌ پێكهاته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ جیاوازن‌و عه‌ره‌ب‌و كوردو توركمانیان تێدایه‌، به‌ڵام له‌رووی‌ پێكهاته‌ی‌ مه‌زهه‌بییه‌وه‌ یه‌ك ره‌نگن‌و هه‌موویان سوننه‌ن.

 

موحسین ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ داعش ململانێی‌ نێوان شارنشین‌و گوندنشینه‌كانی‌ تۆخ كردووه‌ته‌وه‌و ئێستا گوندنشینه‌كان له‌هه‌موو شتێكدا باڵاده‌ستن.

 

له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ كه‌ ئاخۆ داعش چی‌ له‌شاره‌كه‌ گۆڕیوه‌؟ ئه‌حمه‌د معازیدی‌ كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ موسڵه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گوندنشینه‌كان سوودیان له‌بوونی‌ داعش بینیوه‌ بۆ سه‌پاندنی‌ باڵاده‌ستی‌ خۆیان، ئێستا موسڵ بووه‌ته‌ گوندێكی‌ گه‌وره‌".

 

تارمایی‌ داعش به‌سه‌ر موسڵه‌وه‌

داعش ته‌نها ده‌ رۆژی‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بكات به‌گۆڕینی‌ روخساری‌ ئاینی‌‌و شارستانی‌ شاره‌كه‌، یه‌كڕاست كه‌وته‌ روخاندن‌و ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ مزگه‌وت‌و كه‌نیسه‌ دێرینه‌كان‌و هه‌موو ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كان.

 

به‌ساڵێك موسڵ بووه‌ شارێكی‌ به‌نیقاب داپۆشراوی‌ ریش درێژ، له‌و شاره‌ كه‌س بۆی‌ نییه‌ خواردنه‌وه‌ی‌ كهولی‌ بخواته‌وه‌و جگه‌ره‌ بكێشێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌مووان روو له‌مزگه‌وت بكه‌ن.

 

سوعاد یاسر كه‌ ژنه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ زانكۆی‌ موسڵه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو شتێك له‌ژیانمدا گۆڕدرا، مێرده‌كه‌م ریشی‌ درێژ كرده‌وه‌و خۆم‌و كچه‌ یانزه‌ ساڵه‌كه‌م نیقابمان پۆشیوه‌و بۆمان نییه‌ به‌ته‌نها بێینه‌ ده‌ره‌وه‌".

 

سه‌عید موحسنی‌ توێژه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆچوونی‌ خۆی‌ له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "سه‌پاندنی‌ ئه‌و بڕیارانه‌ به‌سه‌ر موسڵدا پلانێكی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ ئاماده‌كراوه‌، خه‌ڵكی‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆیان بزانن یه‌كپارچه‌ ره‌نگی‌ ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌یان گرتووه‌".

 

ده‌شڵێت "منداڵ‌و هه‌رزه‌كاره‌كان له‌هه‌موو ئه‌وانی‌ تر زیاتر كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌وه‌، خۆشییان به‌تاوان‌و توندوتیژییه‌كان دێت‌و به‌دیار په‌ڕاندنی‌ سه‌رو بڕینه‌وه‌ی‌ ده‌ست‌و ره‌جمكردن‌و فڕێدانه‌ خواره‌وه‌ ده‌وه‌ستن".

 

شارێكی‌ پڕ له‌هه‌ژار

له‌رووی‌ ئابورییه‌وه‌ هه‌موو كه‌رته‌كان ئیفلیج بوون‌و یه‌ك سوپا بێكار ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دیارده‌ی‌ هه‌ره‌ باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش هه‌وڵی‌ هه‌ژاركردنی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ده‌دات.

 

سه‌ید له‌تیف كه‌ بازرگانێكی‌ جگه‌ره‌ بوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "شه‌ڕی‌ بژێویمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، هه‌ر شتێك پاره‌ی‌ لێوه‌ په‌یدا بكرێت له‌ناوی‌ ده‌به‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند له‌شاره‌كه‌دا نه‌ماوه‌و هه‌موویان هه‌ژار كردووه‌".

 

ده‌ مانگه‌ ئه‌و بازرگانه‌ به‌هۆی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ جگه‌ره‌وه‌ بێكار بووه‌، هه‌موو ئه‌و سامانه‌شی‌ كه‌ هه‌یبووه‌ پاش ده‌ستگیركردنی‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ داعشه‌وه‌ له‌ده‌ستی‌ داوه‌.

 

له‌تیف ده‌ڵێت "به‌تۆمه‌تی‌ قاچاخچێتی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 25 رۆژ ده‌ستگیركرام‌و قازی‌ شه‌رعی‌ بڕیاریدا به‌غه‌رامه‌ كردنم به‌بڕی‌ 30 ملیۆن دینارو هه‌رچی‌ جگه‌ره‌ش هه‌مبوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت".

 

ئێستا داعش ده‌ست وه‌رده‌داته‌ هه‌ر شتێكه‌وه‌ كه‌ پاره‌ی‌ لێوه‌ په‌یدا بكرێت‌و رۆژ به‌رۆژیش لیستی‌ كه‌لوپه‌له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان فراوانتر ده‌كات.

 

ئه‌و بازرگانه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ پلانی‌ هه‌ژاركردنی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بچنه‌ پاڵ داعش، چونكه‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و گروپه‌ موچه‌یه‌كی‌ باش وه‌رده‌گرن‌و له‌موڵك‌و ماڵی‌ خه‌ڵكه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ به‌شیان ده‌درێ‌.

 

تۆقاندن سه‌رمایه‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌

ئه‌ندازیار سه‌عد عه‌بدو كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا بوو ئێستا له‌پاڵ داعشدایه‌ ده‌ڵێت "شاره‌كه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 90% ئارامه‌و ته‌نها ترسمان له‌بۆردومانی‌ فرۆكه‌ هه‌یه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ نه‌یاری‌ داعش بێت له‌موسڵدا زوو له‌ناو ده‌چێت، به‌سه‌دان ته‌رمی‌ ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ جاران‌و پاڵێوراوانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و رۆژنامه‌نووسان، به‌ڵگه‌ی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ له‌وباره‌یه‌وه‌.

 

بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ ئه‌منی‌ موسڵ داعش پشت ده‌به‌ستێت به‌ده‌زگای‌ "پۆلیسی‌ ئیسلامی‌"‌و ئاسایش‌و هه‌واڵگری‌، به‌ڵام سه‌رمایه‌ی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیان ئه‌و ترس‌و تۆقاندنه‌یه‌ كه‌ له‌ناو دڵی‌ خه‌ڵكیدا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی‌ بكات یان سه‌ری‌ ده‌په‌ڕێندرێت یاخود ده‌ستی‌ ده‌بڕێته‌وه‌و فڕێ‌ ده‌درێته‌ خواره‌وه‌ یان ره‌جم ده‌كرێت، خه‌ڵكه‌كه‌ش ناچارن ته‌ماشای‌ بكه‌ن.

 

عومه‌ر خزیر (35 ساڵ) بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ هه‌فته‌ له‌گرتوخانه‌یه‌كی‌ داعشدا بووه‌و له‌و رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك ده‌دراین، زیاتر له‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان ده‌چوو كه‌ به‌رامبه‌ر گیراوه‌كان ده‌یانكرد".

 

عومه‌ر ده‌شڵێت "چه‌ند جارێك گه‌یاندمیانه‌ لێواری‌ مه‌رگ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌قاچاغ جگه‌ره‌م هێنابوو، ناخۆشترینیان ئه‌وه‌ بوو جارێكیان بردمیانه‌ لێواری‌ چاڵی‌ به‌ناوبانگی‌ (خه‌سفه‌) بۆ ئه‌وه‌ی‌ بمكوژن، به‌ڵام دواتر گه‌ڕاندمیانه‌وه‌ بۆ زیندان".

 

وتیشی‌ "قازی‌ شه‌رعی‌ به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ به‌پێڵاو ده‌یكێشا به‌سه‌رماندا، هه‌ندێ‌ له‌به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌بوورانه‌وه‌".

 

موسڵ پاك‌و خاوێنه‌، به‌ڵام شارێكی‌ بێ‌ په‌یوه‌ندی‌

داعش ده‌یه‌وێت وه‌ها خۆی‌ نمایش بكات كه‌ ده‌وڵه‌تێكه‌و توانای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاری‌ هه‌یه‌، چه‌ند مانگێكه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌هه‌ڵمه‌تی‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌و قیرتاوكردنی‌ رێگاو بان‌و روناككردنه‌وه‌یان، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌ندازیار سه‌عد عه‌بدو هاوشێوه‌كانی‌ ده‌ستكه‌وتێكه‌ بۆ داعش كه‌ حكومه‌ت له‌ساڵی‌ 2003وه‌ بۆی‌ نه‌كراوه‌.

 

موسڵ ئێستاش شارێكی‌ گه‌مارۆدراوه‌و به‌زه‌حمه‌ت كه‌سێك ده‌توانێ‌ لێی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، سه‌میره‌ حه‌سه‌ن كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ خانه‌نشینه‌ سێ‌ رۆژی‌ پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌ كه‌سی‌ تردا بگاته‌ به‌غدا بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاری فه‌رمانگه‌یه‌ك.

 

سه‌میره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناچار بووم ماڵه‌كه‌م بخه‌مه‌ ره‌هنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌شاره‌كه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی‌ بیست رۆژدا نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌، ئه‌وا خانووه‌كه‌م ده‌بێته‌ موڵكی‌ ئه‌وان.

 

رێگایه‌ك كه‌ هێشتا بۆ هاتووچۆ مابێت چوونه‌ له‌موسڵه‌ بۆ شاری‌ ره‌ققه‌ی‌ سوریاو له‌وێوه‌ بۆ توركیا، بۆیه‌ ئێستا موسڵییه‌كان زۆر روویان له‌وێ‌ كردووه‌و پاشانیش بۆ ئه‌نكه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ‌و غازی‌ عه‌نتاب.

 

به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنی‌ شاره‌كه‌دا، داعش كه‌وته‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ شیرینی‌ به‌سه‌ر رێبوارانی‌ شاره‌كه‌داو لێدانی‌ سرودی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان، هه‌موو مزگه‌وته‌كانیشی‌ ناچاركردووه‌ بۆ وتاری‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌ باسی‌ ئه‌و رووداوه‌ بكه‌ن له‌ژێر دروشمی‌ "ده‌مێنێته‌وه‌و گه‌شه‌ ده‌كات".

 

ئێستا پرسیاری‌ هه‌یه‌ سه‌ره‌كی‌ لای‌ زۆربه‌ی‌ موسڵییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ تاكه‌ی‌ داعش ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا ده‌گرێت؟ چاره‌نووسی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ چی‌ ده‌بێت؟ هیچ رێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌