راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌كان له‌كه‌ربه‌لا بێلانه‌ ده‌مێننه‌وه‌

عه‌باس سه‌رحان
ئاواره‌كان له‌كه‌ربه‌لا نه‌ ده‌توانن خانوو به‌كرێ‌ بگرن‌و نه‌ كرێی‌ مانه‌وه‌ی‌ هۆتێلیشیان پێیه‌، ئه‌و كه‌مپه‌شی‌ بڕیاره‌ بۆیان دروست بكرێ‌، جارێ‌ وا به‌زوویی‌ ئه‌نجامی‌ نابێ‌.
11.06.2015  |  کەربەلا
له‌وێ‌ داعش‌و لێره‌ش ژیانێكی‌ سه‌خت‌و پڕ ده‌رده‌سه‌ری‌ ( :وێنه آرام كريم- ميتروغرافي)
له‌وێ‌ داعش‌و لێره‌ش ژیانێكی‌ سه‌خت‌و پڕ ده‌رده‌سه‌ری‌ ( :وێنه آرام كريم- ميتروغرافي)

فایز حه‌یده‌ری‌ ته‌واو شپرزه‌ بووه‌، چونكه‌ ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌یان له‌هۆتێله‌كانی‌ كه‌ربه‌لا كۆتایی‌ هاتووه‌و خاوه‌نی‌ ئه‌و هۆتێلانه‌ش بڕیاریان داوه‌ هه‌رچی‌ شڕوشیتاڵیان هه‌یه‌ فڕێی‌ بده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

فایز له‌موسڵه‌وه‌ رووی‌ له‌كه‌ربه‌لا كردووه‌و له‌گه‌ڵ 1200 خێزانی‌ ئاواره‌ی‌ تردا له‌و 23 هۆتێله‌ نیشته‌جێبوون كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانه‌وه‌ بۆیان به‌كرێ‌ گیرابوو.

 

ئێستا به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ هۆتێله‌كان نوێ‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌و ئه‌وانیش بڕیاریان داوه‌ ئاواره‌كان بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

له‌م گه‌رمایه‌ی‌ ئێستادا كه‌ چل پله‌ی‌ سه‌دی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، حه‌یده‌ری‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌حه‌وت كه‌س پێكهاتوون كار وابڕوات ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بمێننه‌وه‌، باری‌ ته‌ندروستی‌ دایكیشی‌ زۆر سه‌خته‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ شه‌كره‌ی‌ هه‌یه‌.

 

بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ خاوه‌ن هۆتێله‌كان بۆ چه‌ند رۆژێك كاره‌باو ئاویان لێ‌ كوژاندوونه‌ته‌وه‌، فایز ده‌ڵێت "له‌پڕ تاریكی‌ باڵی‌ به‌سه‌ردا كێشاین‌و هه‌موو رێگاكانمان به‌روودا داخرا".

 

چیرۆكی‌ نیشته‌جێبوونی‌ ئاواره‌كان له‌هۆتێله‌كانی‌ كه‌ربه‌لا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ رابردوو كاتێك داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵ‌و سه‌لاحه‌دیندا، ئه‌و كاته‌ شه‌پۆلێك له‌خه‌ڵكی‌ ده‌ربه‌ده‌ر روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خواروی‌ عێراق كرد، ئه‌وانه‌ی‌ بۆ شاره‌كانی‌ خواروو كشان له‌مزگه‌وت‌و حسه‌ینییه‌كاندا مانه‌وه‌.

 

نۆ مانگی‌ ته‌واوه‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران 23 هۆتێلی‌ بۆ ئه‌و ئاواره‌نه‌ به‌كرێگرتووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ نوێ‌ ناكرێنه‌وه‌.

 

عه‌بدولره‌زاق شه‌یال كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندی‌ یه‌كێك له‌هۆتێله‌كانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ كۆتایی‌ هاتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئاواره‌كان وه‌ستاوین، ناتوانین هه‌تا ماوه‌ به‌بێ‌ كرێ‌ بیانهێڵینه‌وه‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ ئاواره‌كان چه‌ند جارێك خۆپیشاندانیان بۆ به‌رده‌م پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئه‌نجامدا، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا هیچ گوێی‌ پێ نه‌داون.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌یلا فه‌لیح سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان ده‌ست وه‌رناده‌نه‌ گرێبه‌ستی‌ نێوان وه‌زاره‌ت‌و هۆتێله‌كانه‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌بێ‌ ئاگاداری‌ ئێمه‌ كراوه‌، بۆیه‌ مافی‌ ئه‌وه‌مان نییه‌ قسه‌ی‌ تیا بكه‌ین‌و هیچ چاره‌شمان پێ نییه‌".

 

له‌دووری‌ ده‌ كیلۆمه‌تر له‌كه‌ربه‌لاوه‌ ئێستا كار بۆ دروستكردنی‌ كامپێك ده‌كرێت كه‌ بڕیار وایه‌ (1250) كه‌ره‌ڤانه‌ له‌خۆ بگرێت‌و ئه‌و خێزانانه‌ی‌ تیا جێبكرێته‌وه‌ كه‌ له‌هۆتێله‌كاندا بوون،  به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش زۆر هێواش به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و نیوه‌ی‌ ته‌واو نه‌كراوه‌، به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌ت‌و پارێزگاش خه‌تاكه‌ی‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ یه‌كتر.

 

ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌هۆتێله‌كان ده‌ركراون پێیان وانییه‌ كابینه‌و كه‌ره‌ڤانه‌كان دادی‌ ده‌ردی‌ ئه‌وان بدات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌و هیچ جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كیان پێنه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیچ داهاتیان نییه‌ بژێوی‌ ژیانی‌ خۆیانی‌ پێ دابین بكه‌ن.

 

له‌مڕووه‌وه‌ فایز حه‌یده‌ری‌ ده‌ڵێت "نه‌ ده‌توانین كار بكه‌ین‌و نه‌ مافی‌ ئه‌وه‌مان پێده‌درێت خانوو به‌كرێ‌ بگرین، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن داعش تێكه‌ڵمان بووبێت". كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاواره‌كان ته‌نانه‌ت بۆیشیان نییه‌ پارێزگاكه‌ جێبهێڵن.

 

ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ چاره‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌شیان بۆ دوو مانگه‌، چونكه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئاینی‌ كه‌ربه‌لا ئاماده‌یی‌ نیشان داوه‌ كه‌ بۆ دوو مانگ كرێی‌ هۆتێله‌كانیان بگرێته‌ ئه‌ستۆ، له‌وه‌ به‌دواوه‌ نازانرێت چاره‌نوسیان به‌چی‌ ده‌گات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌