راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لێسه‌ندنی‌ زۆره‌ملێ‌
داعش خه‌می‌ خۆراكیه‌تی‌

خاڵس جومعە
داعش سوود له‌هه‌موو ده‌رفه‌تێك ده‌بینێت بۆ به‌هێزكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌، ئێستاش كه‌ وه‌رزی‌ دروێنه‌ دانه‌وێڵه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆر عه‌نبار بكات‌و "ئاسایشی‌ خۆراكی‌" خۆی‌ به‌هێز بكات
4.06.2015  |  موسڵ
دروێنە لەحەویجە
دروێنە لەحەویجە

داعش سوود له‌هه‌موو ده‌رفه‌تێك ده‌بینێت بۆ به‌هێزكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌، ئێستاش كه‌ وه‌رزی‌ دروێنه‌ دانه‌وێڵه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆر عه‌نبار بكات‌و "ئاسایشی‌ خۆراكی‌" خۆی‌ به‌هێز بكات.

 

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ جوتیاران له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ رابردووه‌وه‌ كه‌وتنه‌ دروێنه‌ی‌ به‌روبومه‌كانیان، چه‌كدارانی‌ داعش چه‌ند رێنماییه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌، بۆ خۆشبه‌ختی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ش نزیكه‌ی‌ 70% زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ موسڵیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ناوچه‌یه‌كدا كه‌ 40% به‌روبوومی‌ عێراق له‌دانه‌وێڵه‌ دابین ده‌كات.

 

وه‌ك پیشه‌ی‌ هه‌میشه‌یی‌ خۆی‌ داعش لوت له‌هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌ژه‌نێت، بۆ دانه‌وێڵه‌ش به‌دیار جوتیارانه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ داناوه‌و ده‌بێت هه‌ر جوتیارێك 10%ی‌ به‌روبوومه‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ "زه‌كات"ه‌وه‌ بدات به‌و گروپه‌.

 

ئه‌حمه‌د فه‌تاح (ناوێكی‌ خوازراوه‌) كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌بنه‌ماڵه‌ جوتیارن به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌هه‌ر شوێنێكیش داعش چاودێری‌ دانه‌نابێت، ئه‌وا پشكی‌ خۆیان له‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ دانه‌وێڵه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌، مۆته‌كه‌ی‌ داعش له‌هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌و ناتوانین لێی‌ ده‌رباز ببین".

 

ده‌شڵێت "ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌یكات دزییه‌كی‌ ئاشكرایه‌ له‌ژێر ناوی‌ ئایندا، ناچارین ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت بیانده‌ینێ، ئه‌گه‌رنا یان ده‌كوژرێین یان سزا ده‌درێین".

 

ئه‌مساڵ رێگاكانی‌ فرۆشتنی‌ به‌روبومی‌ دانه‌وێڵه‌ ئێجگار به‌رته‌سكبووه‌ته‌وه‌، جوتیاره‌كان ناچارن به‌سایلۆكانی‌ داعشی‌ بده‌ن كه‌ ژماره‌یان سی‌ سایلۆیه‌، یاخود راسته‌وخۆ بیفرۆشن به‌بازرگانه‌كان.

 

سلێمان تاریق ناوی‌ خوازراوی بازرگانێكه‌ بۆ "نیقاش" قسه‌یكردو وتی‌ "دانه‌وێڵه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو نرخی‌ دابه‌زیوه‌، به‌جۆرێك نرخی‌ ته‌نێك گه‌نم له‌نێوان دووسه‌د بۆ چوار سه‌د هه‌زار دیناردایه‌و نرخی‌ ته‌نێك جۆ له‌دووسه‌د هه‌زار دینار تێپه‌ڕ ناكات".

 

له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ بازرگانی‌ به‌روبوومی‌ دانه‌وێڵه‌ له‌موسڵدا بره‌وێكی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می‌ داعشدا هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌، ئێستا بازرگانه‌كان په‌له‌یانه‌ بڕێكی‌ زۆر گلبده‌نه‌وه‌، تا دواتر به‌نرخێكی‌ گرانتر بیفرۆشنه‌وه‌.

 

ئه‌گه‌ر داعش له‌به‌روبوومی‌ دانه‌وێڵه‌دا پشكێك ببات، ئه‌وا له‌زه‌وی‌‌و زاری‌ مه‌سیحی‌‌و شیعه‌و سوننه‌ هه‌ڵاتووه‌كان سه‌رجه‌می‌ به‌روبومه‌كه‌ بۆ خۆیه‌تی‌، چونكه‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ به‌ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ سپاردووه‌.

 

سلێمان تارق له‌باره‌ی‌ شوێنی‌ هه‌ڵگرتنی‌ دانه‌وێڵه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سایلۆكانی‌ حكومه‌تدا هه‌ڵده‌گیرێن، ئه‌م به‌روبومه‌ش هه‌م ئه‌و بڕه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ناوی‌ "زه‌كات"ه‌وه‌ ده‌یسه‌نێ‌‌و هه‌م ئه‌وه‌ش كه‌ له‌جوتیارانی‌ ده‌كڕێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ كۆگای‌ بازرگانه‌كانیش خه‌ریكه‌ پڕ ده‌بن له‌دانه‌وێڵه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌مساڵ زۆر كه‌متره‌ له‌ساڵی‌ رابردوو.

 

ساڵانی‌ پێشوو له‌وه‌رزی‌ حاسڵاتدا به‌هه‌زاران ته‌ن گه‌نم‌و جۆ له‌موسڵه‌وه‌ هه‌نارده‌ی‌ پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق ده‌كران، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ شوێنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ دانه‌وێڵه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدایه‌.

 

دیارترین ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ موسڵ دانه‌وێڵه‌یان لێ‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت بریتین له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ی‌ سه‌ر به‌كه‌ركوك‌و شرگاتی‌ سه‌ر به‌سه‌لاحه‌دین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌قه‌زاكانی‌ سه‌ر به‌نه‌ینه‌وا.

 

رۆژی‌ 15ی‌ ئایاری‌ رابردوو داعش چه‌ند رێنماییه‌كی‌ نوێی‌ ده‌ركردو هه‌موو بازگه‌كانی‌ راسپارد كه‌ هیچ كه‌سێك بۆی‌ نییه‌ گه‌نم بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ موسڵه‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی‌ به‌شی‌ پێویستی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ لێ‌ دابین ده‌كات.

 

بیانووی‌ داعش بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت پێویستی‌ ستراتیژ خۆی‌ له‌گه‌نم بخات بۆ كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ ئارد، چونكه‌ دوو ملیۆن هاوڵاتی‌ موسڵ چاویان له‌ده‌ستی‌ ئه‌مه‌و ئه‌گه‌ر برسیان بێت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌