راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌غدا له‌خه‌م نه‌ڕه‌خسیوه‌
داعش ده‌توانێت بگاته‌ پایته‌خت؟

موسته‌فا حه‌بیب
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رومادی‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش ئێستا هه‌رسێ‌ پارێزگای‌ به‌غداو بابل‌و كه‌ربه‌لا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌دایه‌، پرسیاری‌ سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ پێشڕه‌ویی‌ داعش به‌كوێ‌ ده‌گات
28.05.2015  |  به‌غدا
به‌غدا پشتی‌ به‌میلیشیا شیعه‌كان به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌ترسی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داعش بیپارێزن ( :وێنه وكالة الأناضول )
به‌غدا پشتی‌ به‌میلیشیا شیعه‌كان به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌ترسی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داعش بیپارێزن ( :وێنه وكالة الأناضول )

سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو وته‌بێژی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ رومادی‌ له‌ده‌ست داعش راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ دیاره‌ به‌هۆكاری‌ سه‌ربازی‌‌و جوگرافی‌، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نبار كارێكی‌ ئاسان نابێت.

 

ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌وتنی‌ رومادی‌ وایكردووه‌ داعش ته‌واو نزیك ببێته‌وه‌ له‌هه‌رسێ‌ پارێزگای‌ به‌غداو بابل‌و كه‌ربه‌لا، ئه‌مه‌ش دڵه‌راوكێی‌ بۆ حكومه‌ت‌و خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچانه‌ دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ داعش هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی‌ فراوانكردنی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌ویی‌ خۆیدایه‌.

 

رومادی‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای‌ به‌غداو ته‌نها سه‌د كیلۆمه‌تر لێوه‌ی‌ دووره‌، شه‌ممه‌ی‌ رابردووش داعش توانی‌ شاری‌ "حەسیبە‌"ی‌ سه‌ر به‌رومادی‌ كۆنترۆڵ بكات كه‌ ئه‌مه‌شیان ته‌نها 85 كیلۆمه‌تر له‌پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، ماناكه‌ش دیاره‌، داعش ده‌یه‌وێت له‌به‌غدا نزیك ببێته‌وه‌و بیخاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌.

 

حاكمی‌ زاملی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌غدا توندوتۆڵكراوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌ترسی‌ داعشی‌ له‌سه‌ر نییه‌".

 

زاملی‌ وتیشی‌ "له‌سنوره‌كانی‌ باكورو خۆرئاواو باشوری‌ به‌غدا به‌هه‌زاران چه‌كدار بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ بكه‌ن له‌دزه‌كردنی‌ داعش" به‌ڵام ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ كێشه‌ له‌و سنورانه‌ روویداوه‌و له‌ناو پایته‌ختیشدا داعش شانه‌ی‌ نوستووی‌ هه‌یه‌.

 

خه‌ڵكی‌ به‌غدا به‌دیاریكراوی‌ دانیشتوانی‌ به‌ری‌ كه‌رخ دوودڵن له‌كۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌و هیچ متمانه‌شیان به‌قسه‌و دڵنیایی‌ به‌رپرسان‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان نییه‌.

 

سینان ته‌ها كه‌ مامۆستایه‌و ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ غه‌زالیه‌ی‌ به‌غدایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كێشه‌كه‌ له‌ژماره‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ نییه‌ كه‌ به‌غدا ده‌پارێزن، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌وه‌یه‌ ئه‌و هێزه‌ چه‌نده‌ به‌رگه‌ی‌ داعش ده‌گرن".

 

ده‌شڵێت "زۆربه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ داعش به‌هۆی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌ر له‌ساڵێك له‌تكریت‌و موسڵ روویداو دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ریش له‌رومادی‌ دووباره‌ بووه‌وه‌، له‌هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌دا سوپا هه‌ڵده‌هاتن‌و به‌رگریان نه‌ده‌كرد".

 

داعش به‌ر له‌وه‌ی‌ هێرش بكات ستراتیژی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ وره‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بشكێنێت‌و هێرشی‌ كتوپڕ بكات، بۆیه‌ زۆرجار پرسیار له‌وه‌ ده‌كرێت ئایا به‌غداو شاره‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ هه‌مان سیناریۆدان یان نا؟

 

ره‌نگه‌ هیچ كه‌س وه‌ڵامی‌ راسته‌قینه‌ی‌ له‌لا نه‌بێت‌و شه‌ڕه‌كان باشترین وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بن، به‌ڵام به‌روونی‌ دیاره‌ كه‌ داعش بووه‌ته‌ دراوسێی‌ به‌غداو هه‌وڵی‌ په‌لاماردانی‌ ده‌دات.

 

دیارترین ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ داعش ده‌یه‌وێت لێیان نزیك ببێته‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ "تارمیه‌"‌و "تاجی‌"ن له‌باكوری‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ "عامریه‌ی‌ فه‌لوجه‌"و "ئه‌بوغرێب" له‌خۆرئاواو "جه‌رف سه‌خر"و "یوسفیه‌"‌و "له‌تیفیه‌" له‌باشوری‌ به‌غدا، ئه‌م ناوچانه‌ سوننه‌نشینن‌و ناوچه‌ی‌ كشتوكاڵین، داعش به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت خۆیان تیا مه‌ڵاس بدات.

 

قه‌یس جه‌نابی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ یوسفیه‌ له‌باشوری‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌ترسن داعش ئه‌م ناوچانه‌ كۆنترۆڵبكات، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ناپاك ده‌زانن به‌و پێیه‌ی‌ شه‌ڕی‌ سوپامان نه‌كردووه‌، ئه‌وكات ژماره‌یه‌كی‌ زۆرمان لێ‌ له‌ناو ده‌به‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌رومادی‌ كردیان، ترسمان هه‌یه‌ له‌كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ماندا".

 

جه‌نابی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان متمانه‌یان به‌ناوچه‌ سونییه‌كان نییه‌و هه‌ركاتێك زانیان مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن‌و چاره‌نووسی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌داعش ده‌سپێرن.

 

ئه‌فسه‌رێكی‌ باڵای‌ هه‌واڵگری‌ عێراقی‌ كه‌ له‌ژووری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌شی‌ سوپاو پۆلیس‌و هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌به‌غدا كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر داعش نیازی‌ په‌لاماردانی‌ به‌غدای‌ هه‌بێت ئێستا نایكات، چونكه‌ ناچار ده‌بێت شه‌ڕی‌ سوپا بكات، هه‌ر كاتێكیش هه‌نگاوی‌ هه‌ڵهێنا فرۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا یه‌كه‌مین ئامانجی‌ ده‌بێت".

 

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كه‌ به‌مه‌رجی‌ بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌ی‌ قسه‌یكرد ده‌شڵێت "سوپا زانیاری‌ ته‌واوی‌ هه‌یه‌ كه‌ داعش نیازی‌ هه‌یه‌ له‌به‌غدا نزیك ببێته‌وه‌و هه‌وڵی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ نێوان ئه‌نبارو به‌غدا ده‌دات".

 

به‌پێی‌ زانیاری‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئامانجی‌ ئێستای‌ داعش ناوچه‌كانی‌ "ئیبراهیم بن عه‌لی‌"‌و "عامریه‌ی‌ فه‌لوجه‌"‌و "تارمیه‌"یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ كۆنترۆڵ بكات ئه‌وه‌ له‌رێی‌ ئه‌و تۆپه‌ دورهاوێژانه‌ی‌ له‌سوپای‌ عێراقییه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، ده‌توانێت فرۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا بۆردومان بكات كه‌ ته‌نها بیست بۆ سی‌ كیلۆمه‌تر له‌و ناوچانه‌وه‌ دووره‌.

 

جگه‌ له‌به‌غدا، پارێزگای‌ بابل له‌باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئه‌نبار له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ بابل له‌دانیشتنێكی‌ نهێنی‌‌و داخراودا بڕیاریانداوه‌ رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ توند بگرنه‌ به‌ر بۆ پاراستنی‌ پارێزگاكه‌، له‌وانه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌زاران چه‌كدار له‌سنوری‌ بابل‌و ئه‌نبار‌و بانگركردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌پارێزگاكانی‌ تر.

 

فه‌لاح رازی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ وت "باری‌ ئه‌منی‌ پارێزگاكه‌ جێگیره‌و ئه‌و رێوشوێنانه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا گیراونه‌ته‌ به‌ر، ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ هه‌ر دزه‌كردنێكی‌ داعش به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ رومادی‌‌و فه‌لوجه‌ی‌ نزیك ئێمه‌ی‌ كردووه‌".

 

یه‌كێكی‌ تر له‌و رێوشوێنانه‌ی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار گرتوێتیه‌ به‌ر هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قه‌ له‌نێوان "عامریه‌ی‌ فه‌لوجه‌"‌و "جرف  سه‌خر"، وه‌ك رازی‌ ده‌ڵێت حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ سنوری‌ پارێزگاكه‌ ده‌پارێزێت.

 

پارێزگای‌ كه‌ربه‌لاش له‌مه‌ترسی‌ داعشه‌وه‌ دوور نییه‌، بۆیه‌ پارێزگاكه‌ پشتی‌ به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌ستووه‌، "سه‌رایا سه‌لام" یه‌كێكه‌ له‌و میلیشیا شیعانه‌ی‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ له‌ناو ئه‌نبارو نزیك كه‌ربه‌لا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌شاره‌كانی‌ "ره‌حاله‌"‌و "نوخێب"ی‌ ئه‌نبار كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ پشتی‌ كه‌ربه‌لاوه‌.

 

پاش كۆنترۆڵكردنی‌ رومادی‌ داعش رایگه‌یاند ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ په‌لاماری‌ كه‌ربه‌لا بده‌ن، موقته‌دا سه‌دری‌ سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ سه‌دریش رایگه‌یاند "ده‌بێت ئه‌گه‌ری‌ وێرانكردنی‌ كه‌ربه‌لا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌گرنگ وه‌ربگرین‌و موجاهیده‌كان بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ شاره‌كه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌