راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئێزدییه‌كان به‌گومانن له‌گه‌ڕانه‌وه‌

عەبدولخالق دۆسکی
زیاتر له‌دوو مانگه‌ چه‌ند گوندێكی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شنگال ئازادكراون، به‌ڵام تائێستا دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ناوێرین بچنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، چونكه‌ هێشتا گومانیان هه‌یه
14.05.2015  |  دهۆک
نازحون
نازحون

زیاتر له‌دوو مانگه‌ چه‌ند گوندێكی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شنگال ئازادكراون، به‌ڵام تائێستا دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ناوێرین بچنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، چونكه‌ هێشتا گومانیان هه‌یه‌و له‌وه‌ ده‌ترسن هه‌ر رۆژێك بێت داعش بگه‌ڕێته‌وه‌.

 

پاش ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هێرشی‌ پێچه‌وانه‌یان بۆ سه‌ر داعش ده‌ست پێكرد، زیاتر له‌چوار هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شنگال‌و شێخانیان ئازادكردو له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ك داعش به‌ته‌واوی‌ دورخرایه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ئێزدین هێشتا ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌شنگال به‌سه‌ر ئه‌وان هات رووداوێك نییه‌ به‌ئاسانی‌ بیر بچێته‌وه‌.

 

ئیسماعیل ره‌شۆ كه‌ پیاوێكی‌ ئێزدی‌ ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵه‌، ترسی‌ له‌وه‌ هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كه‌ی‌ خۆیان (زۆرافا) كه‌ له‌نزیك ناحیه‌ی‌ سنونی‌ نه‌ینه‌وایه‌و ئێستا له‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌دایه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆمان، به‌ڵام ده‌ترسین رووداوه‌كانی‌ رابردوو رووبداته‌وه‌، ناتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بژین كه‌ خیانه‌تیان لێكردین‌و ژن‌و كچه‌كانیان بردین".

 

ره‌شۆ تاكه‌ كه‌س نییه‌ ئه‌و ترس‌و دڵه‌راوكێیه‌ی‌ هه‌بێت، به‌ڵكو دایكی‌ درمانه‌ كه‌ گونده‌كه‌ی‌ خۆیان (حه‌ردان)ی‌ جێهێشتووه‌، ئێستا ئه‌ویش ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "چه‌ندین كه‌سی‌ گونده‌كه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ده‌ستی‌ داعش كوژران، ئێستاش سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئازادكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم بچم‌و منداڵه‌كانم ببه‌مه‌وه‌ ئه‌وێ‌، چونكه‌ هێشتا بارودۆخ جێگر نییه‌و چه‌ندین بۆمب له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".

 

موسته‌فا سیدۆ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌وانه‌ی‌ حه‌زی‌ به‌چوونه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ زێدی‌ خۆی‌ كه‌ سنونییه‌و ده‌ڵێت "ئێستا سنونی‌ بووه‌ته‌ شاری‌ تارمایی‌، نه‌ ئاو هه‌یه‌ نه‌ كاره‌با‌و نه‌ خزمه‌تگوزاری‌، ته‌واوی‌ شاره‌كه‌ چۆڵبووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین كه‌س به‌ناوی‌ تۆڵه‌سێنییه‌وه‌ ده‌كوژرێن".

 

له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو داعش هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر شه‌نگال‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ ئه‌وكات به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌ بوون، داگیركردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ئاواره‌بوونی‌ هه‌وزاران خێزان‌و كوژرانی‌ سه‌دان كه‌س‌و بدیلگرتن‌و رفاندنی‌ سه‌دان ژنی‌ ئێزدی‌، ئێستاش ئه‌و رووداوه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌و ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌.

 

خدر دۆمڵی‌ مامۆستای‌ زانكۆی‌ دهۆك‌و پسپۆڕ له‌بورای‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كانی‌ زمارو سنونی‌‌و ره‌بیعه‌و ده‌وروبه‌ریان گرێداوه‌ به‌باشبوونی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منییه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ هه‌نگاوی‌ هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ متمانه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بگێڕدرێته‌وه‌و كێشه‌ی‌ كه‌ مایه‌تییه‌كانی‌ ئێزدی‌‌و مه‌سیحی‌‌و شه‌به‌ك چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ دانیشتووی‌ ئه‌و ناوچانانه‌".

 

دۆمڵی‌ پێی‌ وایه‌ كاری‌ هه‌ره‌ خێرا ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی‌ عێراق چه‌ند یاسایه‌ك ده‌ربكات‌و ئه‌و به‌ندانه‌ش كار پێبكات كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مافی‌ كه‌مایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌یان بۆ بگێڕدرێته‌وه‌.

 

له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان شێرزاد پیرموسا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێكخراوی‌ ئه‌له‌ند بۆ دیموكراسی‌ گه‌نجان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و ناوچانه‌ی‌ نزیكن له‌شه‌ڕه‌وه‌ به‌كه‌می‌ دانیشتوانه‌كه‌یان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ سنونی‌ كه‌ 22 هه‌زار خێزانی‌ تیابووه‌ ئێستا ته‌نها دووسه‌دیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ره‌بیعه‌ش راسته‌، به‌ڵام زوممار خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ سه‌د كیلۆمه‌تر له‌شه‌ڕه‌وه‌ دووره‌".

 

پیرموسا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ زه‌حمه‌ت كردووه‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ وه‌ك ئاوو كاره‌باو ته‌ندروستی‌‌و شاره‌وانییه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ زۆر خاو بووه‌ته‌وه‌.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ مه‌یسه‌ر حاجی‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ شنگال كه‌ ناحیه‌كانی‌ سنونی‌‌و ره‌بیعه‌و زومار له‌خۆ ده‌گرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ بوونی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌داو بوونی‌ یه‌په‌گه‌ له‌سه‌ر چیای‌ شنگال، مه‌ترسی‌ داعش له‌م ناوچانه‌ دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌"، هاوكات دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خزمه‌تگوزاری‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان دابین بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن.

 

له‌رووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئارامی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ موقه‌ده‌م عیزه‌دین سه‌عدون فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ 12ی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ره‌بیعه‌و سنونی‌ نیشته‌جێن، موقه‌ده‌م عیزه‌دین به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئێزدییه‌كان‌و هۆزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا دروست بووه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ناوبژی‌ كردووه‌و ئێستا ناوچه‌كه‌ ئارامه‌".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئێستا سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنورییه‌كان به‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كانه‌وه‌ هێشتا مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌‌و ئیداری‌ دڵنیایی‌ ده‌ده‌ن به‌هاوڵاتیان له‌باره‌ی‌ ئارامی‌ ناوچه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژیانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌ كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ر هاتووه‌ هێشتا به‌گومانن‌و ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك چۆن جار پێشوو پشتیان تێكراو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پێشمه‌رگه‌ جێی‌ هێشتن، ئه‌مجاره‌ش هه‌مان حاڵه‌تیان به‌سه‌ردا بێته‌و

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌