راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پاش داعش.. عێراقێكی‌ بێ‌ خاوه‌ن‌و بێچاره‌

موسته‌فا حه‌بیب
حكومه‌تی‌ عێراق به‌هاوكاری‌ میلیشیا شیعه‌كانی‌ نزیك له‌ئێران توانی‌ چه‌ند شارێك له‌چنگ داعش ده‌ربهێنێت، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌…
9.04.2015  |  به‌غدا
A fighter from the Islamic State group: What happens when he and his colleagues are gone?
A fighter from the Islamic State group: What happens when he and his colleagues are gone?

پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو حكومه‌تی‌ عێراق به‌فه‌رمی‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ تكریتی‌ له‌ده‌ست داعش راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش پاش هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ كه‌م وێنه‌ له‌نێوان حكومه‌ت‌و میلیشیا شیعه‌كان‌و هێزی‌ ئاسمانی‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام زۆری‌ نه‌خایاند گه‌ڕه‌لاوژێ‌و پرۆسه‌ی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌شاره‌كه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا.

به‌قسه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌و میلیشیا شیعانه‌ی‌ چوونه‌ته‌ ناوشاره‌كه‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌سوتاندنی‌ ماڵ‌و دوكانه‌كان، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانیان لێ‌ تاڵانكردوون‌و چه‌ندین كه‌سیان به‌تۆمه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ داعش كوشتووه‌و ماڵوێرانی‌ به‌رۆكی‌ شاره‌كه‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر پێش ئه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ له‌داعش بسه‌نرێ‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌و گروپه‌ شیعانه‌ی‌ ده‌ست بكه‌ن به‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌ت ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ئه‌و گروپانه‌دا ناڕوات‌و نه‌یتوانیوه‌ وا له‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ش بكات ببنه‌ هاوپه‌یمانی‌‌و رووبه‌رووی‌ داعش ببنه‌وه‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ شاره‌كانی‌ عوزێم‌و جه‌له‌ولاو سه‌عدییه‌و میقدادیه‌ له‌پارێزگای‌ دیاله‌، هه‌روه‌ها تكریت‌و دۆر‌و بوعجێل له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین له‌داعش سه‌ندرانه‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ت نه‌یتوانی‌ ژیان بۆ ئه‌و شارانه‌ بگێڕێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌ها به‌ده‌ست گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانه‌وه‌یه‌.

ئێستا سه‌رجه‌می‌ ئه‌و شارانه‌ كه‌ زۆربه‌یان سوننه‌نشینن له‌گه‌ڕه‌لاوژه‌ی‌ ئیداری‌‌و ئه‌منیدا ده‌ژین‌و هه‌موو كاروباره‌كان به‌ده‌ست میلیشیاكانه‌وه‌یه‌و شوێنی‌ پۆلیس‌و دادگاو فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان گرتووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌ترسی‌ ئه‌و میلیشیایانه‌ ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خودی‌ میلیشیاكانیش رێگرن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌.

دانیشتوانی‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان ئێستا له‌دوولاوه‌ مه‌ست‌و حه‌یرانن، به‌شێكی‌ زۆری‌ ماڵه‌كانیان یان به‌ده‌ستی‌ داعش یاخود به‌ده‌ستی‌ میلیشیا شیعه‌كان وێرانكراوه‌و ناچار ده‌بن بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زیاتر به‌ئاواره‌یی‌ بمێننه‌وه‌.

به‌پێی‌ راپۆرتێك كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن "كۆمه‌ڵه‌ی‌ قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان"ه‌وه‌ ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا رۆڵی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌حكومه‌ت باڵاده‌ستره‌و دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ شه‌ڕه‌كه‌ ئاوان باڵاده‌ست ده‌بن.

ئه‌حمه‌د ئالوسی‌ كه‌ شیكارێكی‌ سیاسییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌ت شكستی‌ هێناوه‌ له‌ئاماده‌كاریی‌ بۆ قۆناغی‌ دوای‌ داعش، ده‌بوو هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و گروپه‌ سونییه‌كان رێك بكه‌وته‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ ناوچه‌كان بدات".

كاتێك كابینه‌كه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ راگه‌یه‌ندرا، حكومه‌ت هه‌وڵیدا هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ت‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان رابگه‌یه‌نێت كه‌ نه‌یاری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ بوون، پاش كه‌وتنی‌ موسڵیش له‌حوزه‌یرانی‌ رابردوو حكومه‌ت بڕیاریدا هێزێكی‌ ئه‌منی‌ بۆ سوننه‌كان پێكبهێنێت به‌ناوی‌ گاردی‌ نیشتیمانی‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ش تائێستا شكستیان هێناوه‌.

زۆرێك له‌سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ئه‌یلولی‌ رابردووه‌وه‌ حكومه‌ت له‌دانوستانی‌ نهێنیدایه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كانی‌ "سوپای‌ ئیسلامی‌"‌و "سوپای‌ موجاهیدین"‌و "كه‌تیبه‌كانی‌ سه‌وره‌ی‌ عه‌شرین"‌و چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی‌ نه‌یاری‌ حكومه‌ت، ئه‌م گفتوگۆیانه‌ش له‌هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌ئه‌رده‌ن‌و چه‌ند وڵاتێكی‌ تر به‌ڕێوه‌چوون، به‌ڵام ئه‌وانیش تائێستا بێئه‌نجام بوون.

به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی‌ گفتوگۆكان ئه‌و كاته‌ روون بووه‌وه‌ كه‌ عه‌شیره‌ت‌و گروپه‌ سونییه‌كان له‌شوباتی‌ رابردوو بڕیاریاندا به‌شداری‌ كۆنگره‌ی‌ ئاشتبوونه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت رایگه‌یاندبوو.

دیارترین ئه‌و ده‌سته‌ سونییانه‌ی‌ كه‌ ئێستا نه‌یاری‌ حكومه‌تن بریتین له‌"ده‌سته‌ی‌ زانایانی‌ ئیسلامی‌"و "سوپای‌ ئیسلامی‌"و "ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی‌ سه‌ربازی‌ شۆڕشی‌ عێراق"و "به‌ره‌ی‌ جیهادو ئازادكردن"و "حیزبی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی‌ ئیشتراكی‌"و "ئه‌نجومه‌نی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار"و "ئه‌نسار سوننه‌"و "ئه‌نجومه‌نی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ نه‌ینه‌وا".

ئه‌م گروپه‌ چه‌كدارانه‌ له‌پاڵ عه‌شیره‌ته‌كاندا له‌ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان پێگه‌ی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌‌و خه‌ڵكی‌ متمانه‌یان پێده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ هیچ كامێكیشیان ئاماده‌نه‌بوون هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ داعش ببه‌ستن.

یه‌كێكی‌ تر له‌شكسته‌كانی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ بوو نه‌یتوانی‌ هێزێكی‌ رێكخراو بۆ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان پێكبهێنێت پاش ئه‌وه‌ی‌ سوپاو پۆلیس له‌و ناوچانه‌ هه‌ڵهاتن، حكومه‌ت بۆ خۆیشی‌ متمانه‌ی‌ به‌كارمه‌ندانی‌ پۆلیس‌و سوپا نییه‌، چونكه‌ دوور نییه‌ هه‌ندێكیان بوبن به‌داعش.

ئێستا حكومه‌ت كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوێكی‌ گه‌وره‌وه‌، چونكه‌ هیچ پلانێكی‌ نییه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كان‌و له‌وه‌ش ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر سوپاو گروپه‌ شیعه‌كان له‌و ناوچانه‌ كشانه‌وه‌ جارێكی‌ تر داعش بگه‌ڕێته‌وه‌.

جه‌عفه‌ر محه‌مه‌داوی‌ كه‌ پله‌ی‌ عه‌قیده‌ له‌ناو سوپا به‌"نیقاش"ی‌ وت "سوپا چه‌ند فیرقه‌یه‌كی‌ به‌هێزو راهێنراوی‌ هه‌یه‌ وه‌ك هێزی‌ ئاڵتونی‌‌و دژه‌تیرۆرو هێزی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ خێرا، ئه‌مانه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كیان بوێت ده‌توانن ئازادی‌ بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن ده‌ست به‌و سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ بگرن".

محه‌مه‌داوی‌ ده‌شڵێت "پاراستنی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ئه‌ركی‌ سوپا نییه‌، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی‌ پۆلیسی‌ لۆكاڵ‌و ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ هێزێكی‌ پۆلیس له‌و ناوچانه‌ نین، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ندین جێگه‌مان ئازادكردووه‌ دواتر له‌ده‌ستمان چوونه‌ته‌وه‌".

ئێستا حكومه‌ت پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر سوپا له‌و ناوچانه‌ بهێڵێته‌وه‌ كه‌ ئازادیان ده‌كات هه‌تا هێزێكی‌ نوێ‌ پێكده‌هێنێت.

ئه‌م پلانه‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌دواوه‌یه‌، چونكه‌ هه‌م سوپا سه‌رقاڵ ده‌بن به‌و ناوچانه‌وه‌و ناتوانن جێگه‌ی‌ نوێ‌ ئازاد بكه‌ن، هه‌م داعشیش ده‌توانێت له‌ڕێی‌ شانه‌ نوستووه‌كانیه‌وه‌ خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌و په‌لاماری‌ سوپا بدات.

ئه‌و میلیشیا شیعه‌نه‌ی‌ ده‌چنه‌ ناو شاره‌ سونییه‌كانه‌وه‌ به‌لای‌ خه‌ڵكه‌وه‌ خۆشه‌ویست نین، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی‌ زیادبوونی‌ ئاژاوه‌ دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ بۆ خۆشیان چه‌ندین كاری‌ تۆڵه‌سێنیان ئه‌نجامداوه‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كانیش به‌تایبه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ دیاله‌ له‌وه‌ ده‌ترسن پێكهاته‌ی‌ دانیشتوان بگۆڕدرێت.

زۆرێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت زوو له‌گه‌ڵ هێزه‌ سونییه‌كان رێكبكه‌وتایه‌و هێزی‌ گاردی‌ نیشتمانی‌ پێكبهێنایه‌، ئه‌وا رووبه‌رووی‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رئێشه‌یه‌ نه‌ده‌بووه‌وه‌‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانیش خۆشیان لێ‌ نه‌ده‌بوو به‌شین.