راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوكه‌ڵ له‌ژێر پاڵتۆكه‌ی‌ خه‌لیفه‌دا

خاڵس جومعە
زۆركه‌س وایده‌بینن كه‌ موسڵ به‌ته‌واوی‌ خۆی‌ داوه‌ به‌ده‌ست یاساو رێساكانی‌ داعشه‌وه‌، به‌ڵام له‌راستیدا له‌ناو ئه‌و هه‌موو…
26.03.2015  |  موسڵ
متطرفون يحرقون السكائر في  الموصل بعد منعها في المدينة
متطرفون يحرقون السكائر في الموصل بعد منعها في المدينة

له‌سه‌ره‌تاوه‌ جگه‌ره‌كێشه‌كانی‌ موسڵ له‌مانگی‌ هه‌نگوینیدا ده‌ژیان‌و سه‌ربه‌ستانه‌ جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌ی‌ خۆیان ده‌كێشا، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ "ده‌زگای‌ چاودێری‌ رێكخراو" ئه‌و سه‌ربه‌ستیه‌یان لێسه‌ندرایه‌وه‌و بڕێكی‌ ئێجگار زۆری‌ جگه‌ره‌ی‌ ناو كۆگاكان سوتێنران‌و ده‌رگای‌ قاوه‌خانه‌كان داخران‌و كه‌وتنه‌ شوێن جگه‌ره‌كێشه‌كان.

له‌ناو بازاڕه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا داعش چه‌ندین مه‌فره‌زه‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌وێش باشترین شوێنه‌ بۆ راوكردنی‌ جگه‌ره‌كێشه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر ئیبراهیم حه‌سه‌ن (34 ساڵ)دا هات كاتێك به‌جگه‌ره‌وه‌ گیرا، ئیبراهیم برا بۆ گرتوخانه‌و پاش 24 كاتژمێر چووه‌ به‌رده‌م دادگای‌ به‌ناو شه‌رعی‌ داعش‌و فه‌رماندرا به‌غه‌رامه‌كردنی‌ به‌بڕی‌ پێنج هه‌زار دینارو سه‌ركۆنه‌كردنی‌‌و بیرهێنانه‌وه‌ی‌ چه‌ند ئایه‌ت‌و فه‌رموده‌یه‌ك كه‌ جگه‌ره‌یان حه‌رامكردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خۆ كوشتنێكی‌ له‌سه‌رخۆیه‌.

ئیبراهیم به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر زوو بڕه‌ پاره‌كه‌مداو پێم وابوو به‌ختم هه‌بووه‌ به‌راورد به‌وانه‌ی‌ هه‌مان حاڵه‌تیان به‌سه‌ر هاتووه‌، چونكه‌ چه‌ندین كه‌س دراونه‌ته‌ به‌ر جه‌ڵد، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ سزادانه‌ به‌ستراوه‌ به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ قازیه‌كه‌وه‌".

هیچ ئامارێك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ زانینی‌ ژماره‌ی‌ جگه‌ره‌كێشه‌كانی‌ موسڵ، به‌ڵام دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری‌ عێراقه‌ له‌رووی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌وه‌، له‌وڵاتێكدا كه‌ رێژه‌ی‌ جگه‌ره‌كێشه‌كان تیایدا ده‌گاته‌ 21%، بۆیه‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ پاكه‌تێك جگه‌ره‌ له‌پێشینه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ هه‌زاران پیاوه‌، ژماره‌ی‌ ژنه‌ جگه‌ره‌كێشه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ كه‌من كه‌ باس ناكرێت.

ئه‌بو قه‌یس كه‌ ساڵانی‌ سییه‌كانی‌ ته‌مه‌نی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جگه‌ره‌ له‌موسڵدا ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ده‌بێت زۆر وریابیت له‌كێشانیدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ زیندانی‌و جه‌ڵد لێدان نه‌بیته‌وه‌.

ئه‌بو قه‌یس شۆفێرێكی‌ ته‌كسییه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌په‌نایه‌كی‌ ماڵه‌كه‌یدا ئه‌وه‌نده‌ی‌ جگه‌ره‌ شاردووه‌ته‌وه‌ به‌شی‌ مانگێكی‌ بكات.

ئه‌و پیاوه‌ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌موو رۆژێك به‌ناو موسڵدا ده‌سوڕێته‌وه‌و به‌رده‌وام به‌نزیك چه‌كدارانی‌ داعشدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زا بووه‌ كه‌ بزانێت چۆن فێڵیان لێده‌كات، ده‌ڵێت "كه‌ ده‌زانم لێیان دوور كه‌وتومه‌ته‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشم، هه‌میشه‌ بۆنیشم هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌م بۆنی‌ جگه‌ره‌ی‌ لێنه‌یه‌ت، چونكه‌ سه‌گه‌كانی‌ خه‌لیفه‌ توانای‌ بۆنكردنیشیان به‌هێزه‌".

یه‌كێك له‌بازرگانه‌كانی‌ موسڵ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بردنی‌ جگه‌ره‌و توتن بۆ ناو موسڵ له‌رێی‌ سوریاوه‌یه‌، ئه‌ویش ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان له‌ناو كه‌لوپه‌لی‌ تردا ده‌یشارنه‌وه‌.

ئه‌و بازرگانه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و جگه‌رانه‌ له‌هه‌ولێرو دهۆكه‌وه‌ ده‌چنه‌ سوریاو له‌وێوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ موسڵ، چه‌ند بازرگانێكی‌ دانیشتووی‌ ئه‌و دوو شاره‌ كوردییه‌ به‌م كاره‌وه‌ خه‌ریكن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تر پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراقه‌ كه‌ ئه‌وانیش به‌شاراوه‌یی‌ ده‌ینێرن، كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو تانكی‌ سوته‌مه‌نی‌‌و به‌رمیلی‌ نه‌وتدا بیشارنه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و جگه‌ره‌و توتنانه‌ش كه‌ ده‌ست خه‌ڵك ده‌كه‌ون له‌جۆرێكی‌ خراپن‌و به‌قسه‌ی‌ بازرگانه‌ موسڵاوییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراون قاچاخچێتیان پێوه‌ بكرێت، چونكه‌ به‌گران ده‌فرۆشرێن‌و قازانجی‌ زۆریان لێ‌ ده‌كرێت.

دابه‌شكردنی‌ ئه‌و جگه‌ره‌و توتنانه‌ به‌سه‌ر فرۆشیاره‌ ورده‌كان‌و گه‌یشتنی‌ به‌جگه‌ره‌كێشه‌كان پڕ مه‌ترسییه‌، چونكه‌ چاوی‌ سیخوڕه‌كانی‌ داعشیان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ هه‌رچییه‌ك رووبدات ئاڵوگۆڕی‌ نێوان بازرگان‌و فرۆشیارو كڕیاره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ متمانه‌ بنیاد نراوه‌.

ئه‌بو قه‌یس هێما بۆ ئه‌و مینی‌ ماركێته‌ ده‌كات كه‌ جگه‌ره‌كه‌ی‌ لێده‌كڕێت‌و ده‌ڵێت "هیچ كه‌لوپه‌لێكی‌ تر نییه‌ به‌قه‌د جگه‌ره‌ قازانج بكات، خاوه‌نی‌ ئه‌م جێگه‌یه‌ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن ركابه‌ره‌كانیه‌وه‌ شكاتی‌ لێكراوه‌، به‌ڵام ئه‌ویش لێزانه‌و جگه‌ره‌و توتنی‌ نێرگه‌له‌ له‌جێگه‌یه‌كدا ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ نادۆزرێته‌وه‌".

چه‌كدارانی‌ داعش گرنگییه‌كی‌ زۆر ده‌ده‌ن به‌بابه‌تی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ جگه‌ره‌و به‌م دواییه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ تیایدا ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ جگه‌ره‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ناو به‌رمیلی‌ نه‌وتدا شاردراوه‌ته‌وه‌.

له‌م پرۆسه‌یه‌دا قازانجی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ ئه‌و بازرگانانه‌یه‌ كه‌ جگه‌ره‌كه‌ ده‌نێرن، چونكه‌ بڕێكی‌ زۆر پاره‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر غه‌رامه‌ی‌ سه‌ر جگه‌ره‌كێشێك پێنج هه‌زار دینار بێت، ئه‌وا بۆ بازرگانه‌كان ده‌گاته‌ چه‌ند ملیۆنێك، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌بازرگانه‌كان بڕی‌ ده‌ ملیۆن دینار غه‌رامه‌ كراوه‌.

بازرگانه‌ موسڵاوییه‌كه‌ زانیاریی‌ زیاتر بۆ "نیقاش" ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت "داعش بۆخۆی‌ چاو له‌هه‌ندێ‌ له‌بازرگانه‌كان ده‌پۆشێت، له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی‌ بڕێك قازانجدا".

بارودۆخه‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت ئه‌وا نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ دڵه‌راوكێیه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆ جگه‌ره‌كێشه‌كان، چونكه‌ به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت ده‌توانن ده‌ستیان بگاته‌ جگه‌ره‌و سه‌بوری‌ ئه‌و ژیانه‌ سه‌خته‌یان بدات كه‌ نۆ مانگه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا ده‌یگوزه‌رێنن.