راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

میلیشیا شیعه‌كان له‌سوپا به‌هێزترین

موسته‌فا حه‌بیب
به‌ده‌یان گروپی‌ چه‌كداری‌ شیعه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ "گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی"دا شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن، ئه‌م گروپانه‌ ئێستا…
29.01.2015  |  به‌غدا
نقطة تفتيش
نقطة تفتيش

شه‌ش گروپی‌ سه‌ره‌كی‌ چه‌كداری‌ شیعه‌ كه‌ بریتین له‌"عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و "به‌در"و "سه‌رایا سه‌لام"‌و "حیزبوڵا"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیب رسالی‌" له‌پاڵ‌ ده‌یان میلیشیای‌ بچووكی‌ تری‌ شیعه‌دا له‌سه‌ر گۆڕه‌پان رووبه‌رووی‌ داعش بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هیچ ئامارێكی‌ فه‌رمی‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ "گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی" به‌ڵام ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان له‌نێوان شه‌ست بۆ 90 هه‌زار چه‌كداردایه‌.

له‌باره‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانه‌وه‌و به‌شدارییان له‌شه‌ڕی‌ داعش له‌دوای‌ كه‌وتنی‌ موسڵه‌وه‌و به‌هێزی‌ ئه‌و گروپانه‌ له‌رووی‌ پڕچه‌كی‌‌و ئیداره‌دان‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه‌، "نیقاش" گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری‌ سوپای‌ عێراقیدا كرد.

رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یران موسڵ‌ به‌ته‌واوی‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش‌و رۆژێك دوای‌ ئه‌وه‌، كه‌وتنی‌ تكریتی‌ به‌دوادا هات، له‌و شه‌ڕانه‌دا پێنج فیرقه‌ی‌ سوپا كه‌ بریتی‌ بوون له‌فیرقه‌كانی‌ (18و12و4و3و2) به‌حه‌فتا هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ تێكشكان‌و هه‌ڵهاتن.

سێ‌ رۆژ دوای‌ كه‌وتنی‌ موسڵ‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ فه‌توای‌ "جیهادكردن"ی‌ ده‌ركرد‌و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ندین میلیشیای‌ نانیزامی‌ پێكهاتن‌و كه‌وتنه‌ به‌رده‌م داعش بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌به‌غداو پارێزگاكانی‌ خواروو نه‌گات، له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون‌و له‌ناو خه‌ڵكه‌ شیعه‌كه‌ی‌ عێراقدا دۆست‌و پشتیوانی‌ زۆریان په‌یداكرد.

نه‌قیب محه‌مه‌د ئه‌لساعدی كه‌ له‌لیوایه‌كی‌ سوپایه‌ له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ به‌گروپه‌كانی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللییه‌ زۆر پێشكه‌وتووتره‌ له‌چه‌كه‌كانی‌ سوپا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ موچه‌كه‌یان به‌قه‌د موچه‌ی‌ سه‌ربازێكه‌ كه‌ مانگانه‌ شه‌ش سه‌د دۆلاره‌".

له‌و شه‌ڕانه‌ی‌ له‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین دژی‌ داعش به‌ڕێوه‌ده‌چوون، هه‌میشه‌ چه‌كدارانی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی‌‌و سوپا سنورێك له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌و پێكه‌وه‌ شه‌ڕیان نه‌كردووه‌، له‌و شه‌ڕه‌ كه‌مانه‌ش كه‌ به‌هاوبه‌شی‌ كردوویانه‌، سه‌ربازه‌كان به‌چاوی‌ خۆیان بینیویانه‌ كه‌ چه‌كه‌كانی‌ گروپه‌ شیعه‌كان چه‌نده‌ باشتره‌.

وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ نه‌قیب ساعدی ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌دیارترین ئه‌و چه‌كانه‌ تۆپی‌ (106 ملیمه‌) كه‌ دروستكراوی‌ ئێرانه‌و له‌تۆپهاوێژه‌ روسییه‌كان ده‌چێت، هه‌روه‌ها هاوه‌ن له‌جۆره‌كانی‌ (120 ملیم، 82 ملیم، 60 ملیم) كه‌ هه‌موویان دروستكراوی‌ ئێران بوون، هه‌روه‌ها چه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكیشیان پێیه‌ كه‌ له‌حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌ له‌وانه‌ چه‌كی‌ قه‌ناسی‌ جۆری‌ "شتاینه‌ر"و چه‌كی‌ (m 16).

هه‌رچه‌نده‌ میلیشیا شیعه‌كان ئۆتۆمبێلی‌ هامه‌رو تانكیان پێ نییه‌، به‌ڵام چه‌كه‌ قورسه‌كانیان له‌سه‌ر پیكاب داده‌نێن، ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه‌ بۆ شه‌ڕی‌ داعش، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ داعش كۆڵانه‌و كۆڵانه‌و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌ئاسانی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ تیا ئه‌كه‌ن.

زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ پێیان وایه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا سوپا هێزی‌ سه‌ره‌كییه‌و میلیشیا شیعه‌كان هاوكاریی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك نه‌قیب ساعیدی‌ ده‌ڵێت له‌راستیدا سوپا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ نییه‌ كه‌ میلیشیا شیعه‌كان هه‌یانه‌و ئه‌وان خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ خۆیانن.

ساعیدی‌ ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی له‌ناو خۆیاندا به‌هاوبه‌شی‌ كارناكه‌ن، عه‌سائیب له‌گه‌ڵ‌ سه‌رایا نییه‌و هه‌ر لایه‌كیان به‌جیا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌یه‌ك".

هه‌ر بۆ نموونه‌ میلیشیاكانی‌ "سه‌رایا سه‌لام"ی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م له‌پڕ له‌شاری‌ سامه‌ڕا كشانه‌وه‌ له‌كاتێكدا شاره‌كه‌ زۆر پێویستی‌ به‌وان بوو، چونكه‌ هه‌ر دوای‌ چه‌ند رۆژێك داعش په‌لاماری‌ سامه‌ڕایدا.

هه‌ندێ‌ له‌زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌فسه‌رانی‌ "گاردی‌ شۆڕشی‌ ئێران" سه‌رپه‌رشتیاری‌ راسته‌وخۆی‌ میلیشیا شیعه‌كان ده‌كه‌ن به‌هاوكاریی‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ عێراقی‌ نزیك له‌ئێران له‌وانه‌ هادی‌ عامری‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ "به‌در"و قه‌یس خزعه‌لی‌ فه‌رمانده‌ی‌ "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و ئه‌بو مه‌هدی‌ موهه‌ندس.

له‌دیاله‌ی‌ باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌غدا هه‌فته‌ی‌ رابردوو شه‌ڕێكی‌ قورس له‌نێوان چه‌كداره‌ شیعه‌كان‌و داعشدا روویدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌قید جاسم مه‌عموری‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌دات سوپا له‌م شه‌ڕه‌دا رۆڵێكی‌ زۆر لاوه‌كی‌ گێڕاوه‌.

عه‌قید مه‌عموری له‌یه‌كێك له‌و فه‌وجانه‌ی‌ سوپایه‌ كه‌ له‌قه‌زای‌ خاڵسی‌ دیاله‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ربازه‌كان نیگه‌رانن له‌سوپاو واز ده‌هێنن‌و ده‌چنه‌ پاڵ‌ میلیشیا شیعه‌كان.

چه‌كداری‌ میلیشیاكان زۆر له‌سه‌ربازه‌كان بارودۆخیان باشتره‌، ئه‌وان ده‌ رۆژ له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕن‌و ده‌ رۆژ مۆڵه‌تن له‌ماڵه‌وه‌، به‌ڵام سه‌بازو ئه‌فسه‌ره‌كانی‌ سوپا بیست رۆژ له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ ده‌بن‌و حه‌وت رۆژ مۆڵه‌تیان پێ‌ ده‌درێت.

یه‌كێكی‌ تر له‌جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌كدارانی‌ میلیشیاكان ئه‌گه‌ر له‌به‌ره‌ی‌ جه‌نگدابن یان له‌هێڵه‌كانی‌ دواوه‌، چه‌كی‌ زۆر باشیان پێیه‌و چه‌نده‌ فیشه‌كیان بوێت ده‌توانن بیته‌قێنن، به‌ڵام سه‌ربازانی‌ سوپا ته‌نها 120 فیشه‌كیان پێ ده‌درێت.

به‌ڵام جیاوازی‌ هه‌ره‌ دیار ئه‌وه‌یه‌ چه‌كدارانی‌ میلیشیاكان ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕێكدا پاشه‌كشه‌ بكه‌ن یان هه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن سزا نادرێن‌و هیچ رێزی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناگرن، به‌ڵام سه‌رباز هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكات رووبه‌رووی‌ چه‌ندین سزا ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك بڕینی‌ موچه‌و دابه‌زاندنی‌ پله‌كه‌ی‌.

ئه‌م جیاوازییانه‌ وا له‌سه‌ربازه‌كان ده‌كات له‌سوپا دووربكه‌ونه‌وه‌و رووبكه‌نه‌ میلیشیا شیعه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌قید مه‌عموری ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كه‌ چه‌ندین سه‌ربازی‌ خۆی‌ وازیانهێناوه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ‌ میلیشیا شیعه‌كاندان.

له‌پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ خۆرئاوای‌ عێراق كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، میلیشیا شیعه‌كان له‌هه‌ردوو شاری‌ كه‌رمه‌و سه‌قڵاویه‌ به‌رگری‌ ده‌كه‌ن‌و رێگری‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ی‌ داعش به‌ئاراسته‌ی‌ به‌غدا بكشێت.

مولازو ئه‌مجه‌د ره‌حیم كه‌ ئه‌فسه‌ری‌ سوپایه‌ له‌ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ وت "گروپه‌كانی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی به‌جیا له‌سوپا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان متمانه‌یان به‌ئێمه‌ نییه‌و به‌وپه‌ڕی‌ نهێنییه‌وه‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

میلیشیا شیعه‌كان سیسته‌مێكی‌ هه‌واڵگری‌‌و ئیداری‌‌و پڕچه‌ككردنی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ كه‌ له‌وه‌ی‌ سوپا ده‌چێت، به‌ڵام نایانه‌وێت زانیاری‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپا بگۆڕنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار رێگه‌ناده‌ن سوپا به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كان بكه‌ن، هه‌روه‌ك رێگه‌ ناده‌ن سوپا بچێته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئه‌وان كۆنترۆڵی‌ ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ئه‌م جیاوازییانه‌، به‌ڵام هه‌رسێ‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ میلیشیاكان رۆڵی‌ گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش‌و چه‌ندین ناوچه‌یان له‌سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌و ئه‌نبار كۆنترۆڵكردووه‌.

هۆكاری‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ له‌به‌هێزی‌ میلیشیا شیعه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بیروباوه‌ڕ ئاینییه‌ی‌ هه‌یانه‌، چونكه‌ سه‌رجه‌میان شیعه‌ن‌و شه‌ڕه‌كه‌یان له‌دژی‌ داعش به‌ئه‌ركێكی‌ ئاینی‌ ده‌بینن‌و ته‌نانه‌ت ئاڵاكانیشیان هه‌ر ئاینییه‌، ئه‌م جۆش‌و خرۆشه‌ وایكردووه‌ به‌ده‌یان چه‌كداری‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌بێ‌ پلان بكه‌ونه‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌و له‌ناوبچن.