راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دانیشتوانی‌ ناوچه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ جه‌نگ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گیرۆده‌ بوون

موسته‌فا حه‌بیب
خه‌ڵكی‌ ئه‌و گوندو شارانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ نێوان سوپاو هێزه‌ شیعه‌كان‌و چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌…
22.01.2015  |  به‌غدا
Fighters from among Anbar's tribes, who may - or may not - be aligned with extremist groups.
Fighters from among Anbar's tribes, who may - or may not - be aligned with extremist groups.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڤیدیۆی‌ پیاوێكی‌ به‌ته‌مه‌ن له‌گوندێكی‌ باكوری‌ به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌ناو خه‌ڵكیدا بینرا، كاتێك ئه‌و پیاوه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌كدارانی‌ داعش ده‌كات له‌گونده‌كه‌ی‌ خۆیان‌و وه‌سفی‌ ئه‌وان ده‌كات‌و قسه‌ به‌سوپای‌ عێراقی‌‌و میلیشیا شیعه‌كان ده‌ڵێت.

پاش چه‌ند رۆژێك له‌م رووداوه‌ سوپاو میلیشیا شیعه‌كان ده‌ستیان گرته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گونده‌داو ئه‌و پیاوه‌یان ده‌ستگیركرد، ئه‌ویش رایگه‌یاند كه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووه‌و به‌زه‌بری‌ هێز ئه‌و قسانه‌یان پێكردووه‌.

ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌ریده‌خات كه‌ گوزه‌رانی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كانی‌ جه‌نگ له‌ چ بارودۆخێكدایه‌و چۆن له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌سیخوڕ ده‌بینرێن‌و بوونه‌ته‌ قوربانی‌ شه‌ڕو بۆردومان‌و گه‌مارۆو ده‌ستگیركردن.

له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری‌ عێراق ده‌یان به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ له‌نێوان داعش‌و سوپای‌ عێراقی‌‌و هاوپه‌یمانه‌كانیدا هه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ری‌ خۆرئاوا له‌ئه‌نبار تا ده‌گاته‌ باكور له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین، له‌خۆرهه‌ڵات له‌دیاله‌، به‌هه‌زاران كه‌سی‌ دانیشتوانی‌ گوندو شاره‌كانی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ سه‌ره‌ڕای‌ مه‌ترسی‌ بۆردومان گه‌مارۆ له‌ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌یان به‌باشتر زانیوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ ببن.

كه‌ریم ناسڕی‌ كه‌ جوتیارێكی‌ نیشته‌جێی‌ ناوچه‌ی‌ ته‌ئمیمی‌ نزیك شارۆچكه‌ی‌ بێجییه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوه‌ ناوه‌ داعش ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌داو وه‌ها له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێت كه‌ كرێگرته‌ی‌ سوپان، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ سوننه‌ین".

ناسڕی‌ درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "داعش چه‌ند كه‌سێكی‌ له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستگیركردووه‌ به‌بیانووی‌ هاوكاریی‌ كردنی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌فته‌ی‌ رابردووش كاتێك داعش هه‌ڵات‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاتنه‌ ناوه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌كرێگرته‌و سیخوڕی‌ داعشمان ده‌زانن.. هیچ لایه‌ك متمانه‌ی‌ به‌ئێمه‌ نییه‌".

له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگرتوون چه‌ندین گرتووخانه‌ی‌ كردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی‌ كاتیش دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت وه‌ك باڵه‌خانه‌ی‌ زانكۆ یان ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگا ده‌كاته‌ گرتوخانه‌و ئاڵای‌ خۆی‌ لێ‌ هه‌ڵده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر له‌فرۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان بشیوێنێت‌و بۆردومانی‌ بكه‌ن.

له‌یه‌كێك له‌جاره‌كان فرۆكه‌یه‌كی‌ هاوپه‌یمانان گرتوخانه‌یه‌كی‌ موسڵی‌ بۆردومان كردووه‌ كه‌ ده‌یان كارمه‌ندی‌ پێشووی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌مانی‌ تیا گیراوه‌، داعش سوودی‌ له‌و رووداوه‌ بینی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌دژی‌ حكومه‌ت‌و ئه‌مه‌ریكا هانبدات.

ئه‌مڕۆ عێراق چه‌ندین به‌ره‌ی‌ شه‌ڕی‌ جیاواز هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ شه‌ڕی‌ تیا ده‌كرێت‌و زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌هێزو تواناكانی‌ هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌.

ئه‌فسه‌رێكی‌ پله‌ به‌رز له‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌ی‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ‌ داعش نزیكه‌ی‌ 30 به‌ره‌یه‌ له‌پارێزگاكانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌و موسڵ‌و نزیك هه‌ولێر، رۆژانه‌ش ئه‌م ناوچانه‌ شه‌ڕی‌ گه‌وره‌یان تیا ده‌كرێت".

ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كان له‌و گوندو شارۆچكانه‌ ده‌كرێن كه‌ خه‌ڵكیان تێدایه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ نه‌بن چۆڵی‌ ناكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن داعش خه‌ڵكی‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ ناچار ده‌كات بمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ وه‌ك قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌ به‌كاریان بهێنێت.

له‌باره‌ی‌ گله‌یی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كه‌ سوپا مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ خراپ نییه‌و هه‌ندێجار میلیشیا شیعه‌كان ره‌فتاری‌ نابه‌جێ‌ ده‌كه‌ن، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ داعش ده‌گه‌ڕێین له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ داعش عێراقین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یزانێت".

له‌شاری‌ بوهروزی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌غدا، مه‌جید عوبێدی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێت "گوندو شاره‌كانمان بوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ پێكدادانی‌ داعش‌و میلیشیاكانی‌ شیعه‌.. به‌رده‌وام شه‌ڕی‌ لێده‌و هه‌ڵێ‌ له‌هه‌ردوولاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت".

عوبێدی‌ كه‌ برایه‌كی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ میلیشیا شیعه‌كان به‌تۆمه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ داعش رفێندراوه‌، ده‌ڵێت "داعش‌و میلیشیا شیعه‌كان هه‌ردوولا به‌خراپی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌رلایه‌كیان به‌سیخوڕی‌ ئه‌وه‌ی‌ ترمان ده‌زانن".

یه‌كێكی‌ تر له‌و كێشانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كانی‌ شه‌ڕ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن وێرانبوونی‌ ماڵ‌و حاڵ‌و نه‌مانی‌ ئاوو كاره‌باو خزمه‌تگوزارییه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌تر ئه‌و كاتانه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ردوولاوه‌ گه‌مارۆ ده‌درێن‌و ناتوانن بۆ هێنانی‌ خواردن‌و سوته‌مه‌نی‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌ر بۆ نموونه‌ ناوچه‌ی‌ خالیدییه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ رومادی‌ له‌ئه‌نبار ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌یه‌ گه‌مارۆدراوه‌، نه‌عیم دلێمی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خواردنمان لێبڕاوه‌و ئه‌مانه‌وێ‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام سوپا گه‌مارۆی‌ خستووینه‌ته‌ سه‌ر".

دلێمی‌ ده‌شڵێت "له‌چه‌ند لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ داعش گه‌مارۆی‌ داوین ناهێڵێت كه‌س بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو قه‌ڵغانی‌ مرۆیی‌ به‌كارمان بهێنن.. جگه‌ له‌خواردن كه‌لوپه‌لی‌ پزیشكیشمان لێ‌ بڕاوه‌".

له‌هه‌موو ساتێكدا خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كانی‌ شه‌ڕ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ مردنیان له‌سه‌ره‌، ئه‌وان بوونه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌و ململانێ‌ سه‌ربازییه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌رپا بووه‌، هه‌ندێكیان له‌و ماوه‌یه‌دا ئاواره‌بونیشیان تاقیكرده‌وه‌، به‌ڵام دواجار گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان به‌چاره‌سه‌ر زانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو مه‌ترسییه‌كان.