راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌نها له‌به‌غدا.. رفاندن به‌جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازییه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
چه‌ند رۆژێكه‌ دیارده‌ی‌ رفاندن له‌ناو به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌ربڵاو په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌، سه‌یره‌كه‌…
11.12.2014  |  به‌غدا
Kidnappers in Baghdad are disgusing themselves in Iraqi army uniforms.
Kidnappers in Baghdad are disgusing themselves in Iraqi army uniforms.

كاتێك نوار موحسین له‌دوكانی‌ زه‌ڕه‌نگه‌رییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بوو له‌ناوچه‌ی‌ كازمیه‌ی‌ باكوری‌ به‌غدا، سێ‌ كه‌س به‌جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ چوونه‌ دوكانه‌كه‌یی‌‌و پێیان راگه‌یاند له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داوا كراوه‌، نواریش هیچی‌ له‌ده‌ست نه‌هات ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا بڕوات، به‌ڵام پاش چه‌ند خوله‌كێك زانی‌ كه‌ رفێندراوه‌.

نوار ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌ كه‌ چۆن سێ‌ رۆژی‌ به‌سه‌ختی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بانده‌دا بردووه‌ته‌ سه‌ر تا ئه‌و كاته‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بڕی‌ نیو ملیۆن دۆلاریان داوه‌ته‌ رفێنه‌ره‌كان‌و ئه‌وانیش به‌بێ‌ پاره‌و مۆبایل له‌سه‌ر شه‌قامێك فڕێیان داوه‌.

نوار بڕیاریداوه‌ له‌لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان شكات نه‌كات، چونكه‌ له‌وه‌ ترساوه‌ ئه‌وانه‌ی‌ رفاندوویانه‌ به‌راستی‌ سه‌ر به‌و هێزانه‌ بن، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و بانده‌ی‌ رفاندیانم هه‌ر له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆمانن، چونكه‌ له‌خانویه‌كدا به‌ندیان كردم كه‌ دوور نییه‌ لێمانه‌وه‌، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی‌ منیان پێبرد ته‌نها دوای‌ پێنج خوله‌ك گه‌یشته‌ ئه‌و ماڵه‌ی‌ كه‌ سێ‌ رۆژ تیای‌ مامه‌وه‌".

پاش رووداوه‌كه‌ نوار شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ گۆڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رچاو نه‌بێت، مامه‌ڵه‌ی‌ پێشكه‌ش به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ تا عێراق جێبهێڵێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ داومه‌ به‌ڕفێنه‌ره‌كان به‌شی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌م بگه‌ینه‌ ئه‌وروپاو له‌وێ‌ چه‌ند ساڵێك پێی‌ بژین".

ئه‌وه‌ دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌یان حاڵه‌تی‌ رفاندنی‌ له‌م شێوه‌یه‌ له‌به‌غدا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا حكومه‌ت سه‌رقاڵه‌ به‌شه‌ڕی‌ داعش له‌پارێزگاكانی‌ نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دین له‌باكورو دیاله‌ له‌خۆرهه‌ڵات‌و ئه‌نبار له‌خۆرئاوه‌.

به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ رفاندنه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران بڕیاریدا به‌پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌م دیارده‌ی نوێیه‌ كه‌ ترسی‌ خستووه‌ته‌ دڵی‌ به‌غدادییه‌كانه‌وه‌.

ئه‌نجامی‌ لیژنه‌كه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو، ده‌ركه‌وت زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ رفاندن له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كه‌سانێك كراون كه‌ جلی‌ سه‌ربازییان له‌به‌ردا بووه‌و ئۆتۆمبێلی‌ گرانبه‌هایان پێبووه‌، له‌وجۆرانه‌ی‌ به‌رپرسه‌ باڵاكان پێیانه‌و جامه‌كانی‌ ره‌شه‌.

هه‌موو خه‌ڵكی‌ به‌غدا ده‌زانن كه‌ ته‌نها سێ‌ گروپ هه‌ن به‌م شێوه‌یه‌بن، هه‌م به‌رگی‌ سه‌ربازییان له‌به‌ردا بێت‌و هه‌م ئۆتۆمبێله‌كانیان گرانبه‌ها بێت، ئه‌وانیش بریتین له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و ده‌سته‌ی‌ پاسه‌وانی‌ به‌رپرسه‌ باڵاكان‌و ئه‌ندامانی‌ میلیشیا شیعه‌كان.

عه‌مید سه‌عد معه‌ن وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا باندی‌ رفاندنیان ده‌ستگیركردووه‌... ئه‌م باندانه‌ سودیان له‌ناوی‌ به‌رپرسانی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ میللی (گروپه‌ شیعه‌كان)‌و پێناسی‌ ساخته‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بینیوه‌".

مه‌عن وتیشی‌ "یه‌كێك له‌و باندانه‌ له‌ناوچه‌ی‌ ئه‌عزه‌مییه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌غدا ده‌ستگیركراون، ده‌ركه‌وتووه‌ بانده‌كه‌ له‌نۆ كه‌س پێكهاتوون‌و ئۆتۆمبێلی‌ گه‌وره‌یان پێبووه‌و جلی‌ سه‌ربازییان له‌به‌ركردووه‌".

خه‌ڵكی‌ به‌غدا متمانه‌یان به‌لێدوانی‌ به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌ماوه‌و له‌ناو خۆیاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گروپه‌ شیعه‌كان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن‌و كه‌سیشیان ناوێرن له‌لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سكاڵا بكه‌ن نه‌وه‌ك ئه‌و گروپانه‌ تۆڵه‌یان لێبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌ركان مه‌جید یه‌كێكه‌ له‌و به‌غدادیانه‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌م داوه‌وه‌، ئه‌ركان نیشته‌جێی‌ ناوچه‌ی‌ به‌یاعه‌و له‌هه‌مان ناوچه‌ پێشانگای‌ ئۆتۆمبێلی‌ هه‌یه‌، به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك ژماره‌یه‌كی‌ نه‌ناسراو په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ كردووه‌ پێی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی‌ لای‌ ئه‌وانه‌و ده‌بێت سه‌د هه‌زار دۆلار بدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیده‌نه‌وه‌.

ئه‌ركان ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" باسكرد كه‌ پاره‌كه‌ی‌ داوه‌و كوڕه‌كه‌یان بۆ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواتر رفێنه‌ره‌كان ئاشكرابوون، چونكه‌ له‌كاتی‌ په‌یوه‌ندیكردندا هه‌ڵه‌یان كردووه‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ بكه‌ن، به‌سیمكارتی‌ یه‌كێك له‌كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی‌ مۆبایل ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركان هاوڕێیه‌كی‌ له‌و كۆمپانیای‌ مۆبایله‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ توانیوێتی‌ بگات به‌خاوه‌نی‌ سیمكارته‌كه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ كوڕێكی‌ دراوسێیانه‌ كه‌ ئێستا وه‌ك خۆبه‌خش له‌گه‌ڵ‌ گروپه‌ شیعه‌كاندایه‌.

به‌ڵام ئه‌ركان پێی‌ باش بووه‌ بێده‌نگ بێت‌و له‌لای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سكاڵا نه‌كات، نه‌وه‌ك بابه‌ته‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌ودا بگه‌ڕێته‌وه‌و تۆمه‌تباری‌ بكه‌ن به‌وه‌ی‌ ناوو ناوبانگی‌ گروپه‌ شیعه‌كان ده‌شێوێنێت.

مه‌ترسی‌ داعش‌و نزیكبوونه‌وه‌ی‌ له‌به‌غدای‌ پایته‌خت وایكرد عه‌لی‌ سیستانی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ له‌عێراق داوا بكات خه‌ڵك خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ "جیهاد" ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌خه‌ڵكه‌ بێكارو خراپه‌كه‌ی‌ ناو كۆمه‌ڵگا تێكه‌ڵی‌ خۆبه‌خشه‌كان ببن بۆ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش.

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ ده‌كرا ئه‌م میلیشیا رێكنه‌خراوانه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی‌ یاسایی‌ گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا، بۆ نموونه‌ كوشتنی‌ تایفی‌ له‌و ناوچه‌ سوننانه‌ی‌ كه‌چوونه‌ته‌ ناوی‌ له‌پارێزگاكانی‌ دیاله‌و سه‌لاحه‌دین، له‌به‌غداش چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ رفاندن به‌سه‌ریاندا ساغ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌م سه‌رپێچییانه‌ش خودی‌ سیستانی‌ دانی‌ پیادا ناوه‌ كاتێك داوای‌ له‌حكومه‌ت كرد گێره‌شێوێنه‌كان ده‌ربكات‌و سزایان بدات.

ره‌شید سامه‌ڕایی‌ پسپۆڕی‌ ئه‌منی‌ به‌لایه‌وه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و گروپه‌ شیعییه‌نه‌ سه‌رپێچی‌ ئه‌نجام بده‌ن‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "پرۆسه‌ی‌ به‌سه‌ربازیی‌ كردنی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ زۆر به‌خێرایی‌ كراوه‌و پشتی‌ نه‌به‌ستووه‌ به‌هیچ رێوشوێنێكی‌ یاسایی‌".

سامه‌ڕایی‌ وتیشی‌ "یه‌كه‌م مه‌رجی‌ خۆبه‌خشی‌ له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ پێشتر هیچ تاوانێكی‌ ئه‌نجام نه‌دابێت‌و له‌ده‌رودراوسێكه‌شی‌ ده‌پرسن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن كه‌سێكی‌ چۆنه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر هه‌ڕه‌مه‌كی‌ وه‌رگیراون".

ئه‌و بێسه‌رو به‌ره‌ییه‌ی‌ له‌به‌غدا دروستبووه‌ به‌هۆی‌ سه‌رقاڵی‌ حكومه‌ت‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌شه‌ڕی‌ داعش، ده‌رگای‌ چه‌ندین تاوانی‌ تری‌ كردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك دزی‌‌و رفاندن، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و شێواوییه‌وه‌ سه‌ركرده‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كان كاتی‌ ته‌واویان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌خوو ره‌وشتی‌ چه‌كداره‌كانیان بكۆڵنه‌وه‌، سه‌ره‌نجام خه‌ڵكی‌ به‌غدا باجی‌ ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن‌و كه‌وتوونه‌ته‌ نێو به‌رداشی‌ مه‌ترسی‌ داعش‌و ته‌قینه‌وه‌و رفاندنه‌وه‌.