راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌یشتن به‌كۆبانی‌.. رێگا زه‌حمه‌ت‌و پڕ ئاسته‌نگه‌كه‌

عەبدولخالق دۆسکی
په‌یامنێری‌ نیقاش هه‌وڵیدا خۆی‌ بگه‌ێنێته‌ كۆبانی‌‌و رووماڵی‌ شه‌ڕه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ش رێگایه‌كی‌ پڕ چه‌ڵه‌مه‌ی‌…
4.12.2014  |  دهۆك
A cameraman in Turkey watches the destruction of Kobani, over the border in Syria.
A cameraman in Turkey watches the destruction of Kobani, over the border in Syria.

له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌گه‌ر بته‌وێت له‌شاری‌ دهۆكه‌وه‌ بچیته‌ كۆبانی‌، ئه‌وا ناكرێت رێگاكانی‌ فیشخاپورو ره‌بیعه‌ی‌ جاران به‌كاربهێنیت، به‌ڵكو تاكه‌ چاره‌ بڕینی‌ رێگایه‌كی‌ پێچاوپێچی‌ نێوان سنوری‌ توركیاو سوریایه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 470 كیلۆمه‌تر.

له‌و رێگا سنورییه‌ی‌ پیایادا تێپه‌ڕده‌بیت، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر شارێكی‌ سوریادا شارێكی‌ توركیا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ شاری‌ جه‌زیره‌ به‌رامبه‌ر دێركه‌، 45 كیلۆمه‌تر له‌ولاتره‌وه‌ شاری‌ قامیشلۆی‌ سوریا ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر ماردینی‌ توركیاو به‌و شێوه‌یه‌، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوو خۆمان گه‌یانده‌ باشوری‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ ئورفه‌و له‌شاری‌ سروجی‌ هاوسنوری‌ سوریا گیرساینه‌وه‌، ئێستا ئه‌مشاره‌ پڕیه‌تی‌ له‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌كۆبانییه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون، چونكه‌ سروج‌و كۆبانی‌ ته‌نها 10 كیلۆمه‌تر له‌یه‌كتره‌وه‌ دوورن.

ئه‌وا دوو مانگ زیاتره‌ ئاواره‌كانی‌ كۆبانی‌ له‌م شاره‌ ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وان ته‌واو ماندوێتی‌ به‌روخساریانه‌وه‌ دیاره‌، سه‌رجه‌میشیان له‌پێنج كامپی‌ بچووكدا جێیان كراوه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌یی‌ هه‌ر یه‌كێك له‌چادره‌كان زیاتر نییه‌ له‌ 12 مه‌تر كه‌چی‌ تیایاندایه‌ خێزانێكی‌ یانزه‌ كه‌سی‌ له‌خۆگرتووه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌یته‌ كۆبانی‌ ده‌بێت پێشوه‌خته‌ سه‌ردانی‌ ناوه‌ندێكی‌ په‌یه‌ده‌ بكه‌یت، چونكه‌ ئه‌وان تاكه‌ لایه‌نن مافی‌ رێگه‌دانیان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی‌ خه‌ڵك، له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵ‌ فایزه‌ عه‌بدی‌ هاوسه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانی‌ كۆبانی‌ كۆبووینه‌وه‌.

كۆبانی‌ له‌چوار لاوه‌ گه‌مارۆدراوه‌، به‌شی‌ خۆرهه‌ڵات‌و باشوری‌ به‌ته‌واوی‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، به‌شی‌ باكوریشی‌ سنوری‌ توركیایه‌ كه‌ به‌ده‌یان تانك له‌حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدا وه‌ستاون، هه‌رچی‌ به‌شی‌ خۆرئاوایه‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ به‌ده‌ست شه‌ڕڤانانی‌ یه‌په‌گه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ 250 پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ چوون‌و 45 چه‌كداری‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریاش.

فایزه‌ له‌دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی‌ بۆ روونكردینه‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هاتووچۆی‌ كۆبانی‌ زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ سوپای‌ توركیا كچێكی‌ به‌ناوی‌ قه‌ده‌ر كوشتووه‌ كاتێك ویستوویه‌تی‌ بچێته‌ ناو شاره‌كه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "تاكه‌ ده‌روازه‌ی‌ هاتوچۆی‌ فه‌رمی‌ خاڵی‌ سنوری‌ مورشید بیناره‌".

له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌دا چه‌ندین رۆژنامه‌نووس له‌وڵاتانی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیاو فه‌ره‌نساو ئیتاڵیاو پۆڵه‌نداوه‌ هاتبوون تا رێیان پێبدرێت بچنه‌ كۆبانی‌، به‌ڵام فایزه‌ هه‌موویانی‌ بێهیوا كرد.

ئه‌و رۆژه‌ به‌ناچاری‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ شاری‌ ئورفه‌و بۆ به‌یانییه‌كه‌ی‌ چووینه‌ شاره‌وانی‌ شاره‌كه‌‌و سه‌ردانی‌ به‌شی‌ تایبه‌ت به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسانمان كرد، ئینجا به‌ره‌و خاڵی‌ سنوری‌ (مورشید بینار) كه‌وتینه‌ رێی‌‌و چوینه‌ سه‌ر ئه‌و گردۆڵكه‌یه‌ی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان ته‌رخانكراوه‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ سه‌ربازی‌ توركی‌ لێیه‌.

له‌سه‌ر ئه‌و گردۆڵكه‌یه‌ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌و كه‌ناڵه‌ جیهانییه‌كانیش هه‌ر له‌وێوه‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، زۆری‌ پێنه‌چوو له‌گه‌یشتنی‌ ئێمه‌ له‌پڕ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بیستراو بینیمان له‌ناو كۆبانی‌ دوكه‌ڵێكی‌ زۆر له‌لای‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌، یه‌كێك له‌وێ‌ وتی‌ ئه‌وه‌ چه‌كه‌ قورسه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆردومانی‌ داعش ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا گوێمان له‌ته‌قینه‌وه‌ی‌ گوله‌ هاوه‌نێك بوو له‌به‌ری‌ خۆرئاوای‌ شاره‌كه‌، ناوه‌ ناوه‌ش ده‌نگی‌ ته‌قه‌ ده‌بیسترا بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س له‌ناو بینا رووخاوه‌كاندا هاتوچۆ بكات.

ئه‌و رۆژه‌ هه‌تا نزیكه‌ی‌ كاتژمێر چواری‌ پاشنیوه‌ڕۆ له‌سه‌ر ئه‌و گردۆڵكه‌یه‌ ماینه‌وه‌و ته‌ماشای‌ دیمه‌نی‌ فرۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانانمان ده‌كرد كه‌ مۆڵگه‌كانی‌ داعشیان بۆردومان ده‌كردو ئه‌و شاره‌یان یه‌كپارچه‌ كردبووه‌ ته‌پوتۆز.

بۆ ئێواره‌ دیسانه‌وه‌ چووینه‌وه‌ بۆ باره‌گاكه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ تا رێگه‌یه‌ك بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌مان دابین بكه‌ین، له‌وێ‌ شه‌ڕڤانێكی‌ بریندارم بینی‌ به‌ناوی‌ (چافشین) كه‌ باسی‌ بارودۆخی‌ ناو كۆبانی‌ بۆ ده‌كردین، به‌قسه‌ی‌ ئه‌و نزیكه‌ی‌ حه‌وت هه‌زار شه‌ڕڤانی‌ یه‌په‌گه‌ ئێستا له‌ناو كۆبانیدان‌و له‌لایه‌ن ژنێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێن به‌ناوی‌ عالیه‌ ئه‌حمه‌د.

ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ باس له‌ژماره‌ی‌ چه‌كدارانی‌ هه‌ردوولای‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌ن ناچونیه‌كن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ روونه‌ هه‌م یه‌په‌گه‌و هه‌م داعش به‌ڕێگای‌ جیاواز چه‌كیان پێده‌گات، به‌پێی‌ ئامارێكی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ شه‌هیدو بریندارانی‌ كۆبانیش بێت، به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ دوو مانگه‌وه‌ تائێستا 130 شه‌ڕڤانی‌ یه‌په‌گه‌ كورژراون‌و ژماره‌ی‌ كوراوانی‌ داعش گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌شت سه‌د چه‌كدار.

رۆژێ‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر به‌هیوای‌ گه‌یشتن به‌كۆبانی‌ چووینه‌ گوندی‌ مه‌عسه‌لیه‌ی‌ توركیا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كۆبانییه‌وه‌، له‌وێ‌ ژیان به‌ئاسایی‌ ده‌چووه‌ رێوه‌‌و چوتیاره‌كان خه‌ریكی‌ كاروباری‌ خۆیان بوون، به‌ئاسانیش ده‌نگی‌ ته‌قه‌و ته‌قینه‌وه‌ ده‌بیسترا له‌و گونده‌ی‌ 800 مه‌تر له‌كۆبانییه‌وه‌ دووره‌.

له‌م گونده‌ نزیكه‌ی‌ دووسه‌د كه‌س له‌كه‌سوكاری‌ شه‌ڕڤانه‌كانی‌ كۆبانی‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مانه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ هاتوون‌و یه‌ك داوا كۆیكردوونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش داخوزان كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌زوویی‌ كۆبانی‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ داعش بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.

چوار رۆژ له‌و گونده‌ ماینه‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ندجارێك په‌یوه‌ندیمان كرد به‌په‌رپرسانی‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌په‌گه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌مان بدرێت بچینه‌ ناو شاره‌كه‌و له‌وێ‌ رووماڵی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ خۆمان بكه‌ین، به‌ڵام وه‌ك فایزه‌ پێی‌ وتین ئه‌گه‌ر چوونه‌ ناو كۆبانی‌ زه‌حمه‌ت بێت، ئه‌وا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ زه‌حمه‌تتر ده‌بێت.

كۆبانی‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی‌ رووبه‌ره‌وه‌ بچوكه‌، به‌ڵام خۆڕاگری‌ رۆڵه‌كانی‌ ناوێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پێبه‌خشیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ژێر په‌لاماری‌ به‌رده‌وامی‌ داعشدایه‌، به‌ڵام كاتێك ئێمه‌ سنورمان جێهێشت زیاتر له‌سه‌دا هه‌شتای‌ خاكه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست یه‌په‌گه‌وه‌ بوو.