راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌مایه‌تییه‌كان باوه‌ڕیان به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ق بووه‌

موکریان کاوە
دوای دەرکەوتنی داعش لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لەپارێزگاکانی موسڵ‌و کەرکوک، تەنیا زیانی گیانیی‌و جوگرافیی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان نەگەیاند بەڵکو ئەو هێزە متمانەی کەمە ئاینییەکانی وەکو…
27.11.2014  |  سلێمانی
Members of the Yazidi minority were forced to flee extremists and said that they recieved no protection from Iraqi Kurdish troops.
Members of the Yazidi minority were forced to flee extremists and said that they recieved no protection from Iraqi Kurdish troops.

رۆژی ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ یەکەم پێکادانی چەکداریی نێوان پێشمەرگەی کوردستان‌و سوپای عێراق کە ئەو کات (زەعیم عەبدولکەریم قاسم) سەرۆکی وڵات بوو، لەرۆژئاوای شاری سلێمانی روویداو تێیدا شۆڕشی ئەیلول راگەیەنرا. ئەو شۆڕشە دواتر سەرانسەری کوردستانی عێراقی گرتەوەو گەیشتە ئاستێک حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێن‌و ئەحمەد حەسەن بەکر لەمانگی ئازاری ١٩٧٠ مافی ئوتۆنۆمیی بەکوردستاندا. هەمیشە پێشمەرگە بڕبڕەی پشتی شۆڕش بووەو لەخانەقینەوە تا زاخۆ یەک جۆر پێشمەرگە هەبوو- بێجگە لەو کاتانەی حزبەکان پێشمەرگەی خۆیان هەبووە- تا کاتی دەرکەوتنی داعش هێزی پێشمەرگە خاڵی بووە لەباسی کەمە ئاینییەکانی کوردو هەموو پێکڕا لەهێزێکدابوون. بەڵام ئێستا وادیارە بارودۆخەکە گۆڕاوەو متمانەی کەمە ئاینییەکان بەو هێزە لەق بووە.

دوای زاڵبوونی چەکدارانی داعش لەشاری زۆرینە ئێزیدیی شنگال- ١٢٠ کیلۆمەتر لەباکووری رۆژئاوای شاری موسڵ- دانیشتووانی ئەو شارە رووبەڕووی کوشتنی بەکۆمەڵ‌و بردنی ژمارەیەکی زۆر لەکچان‌و ژنان بوونەوە. دوای ئەو رووداوانە شنگالییە رزگاربووەکان هەڵگەڕان بەچیای شنگال‌و لەوێ بەشێکیان وەکو چەکدار رایانگەیاند بەرپەرچی چەکدارانی داعش دەدەنەوە.

قاسم شەشۆ پیاوێکی تەمەن 61 ساڵانی ئێزیدییەو پێشتر لەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەرپرسیارێتی حزبیی هەبوو، دوای داگیرکردنی شنگال رایگەیاند وازی لەو حزبە هێناوەو ئێستا سەرکردایەتی ئەو چەکدارە ئێزیدییانە دەکات کە دەیانەوێ پارێزگاریی لەشنگال‌و ئێزیدییەکان بکەن.

شەشۆ راشکاوانە دەڵێ: "پێشمەرگە بەرگرییەکی زۆر کەمیان لەشنگال کردو بەئاسانی بۆ داعش-یان جێهێشت، وەکو ئەوەی مەڕێکی پاککراو بخەیتە بەردەم گەلە گورگێکی برسیی، بۆیە لەمەولا ئێزیدییەکان دەیانەوێ بەهێزو بازووی خۆیان پارێزگاریی لەخۆیان‌و کەرامەتیان بکەن".

لەلایەکی دیکە لەسنووری شارەکانی کەرکوک، خانەقین‌و موسڵ. کاکەییەکان دەستیان بەدروستکردنی هێزێکی چەکدار کردووە بۆ پارێزگاریی لەو گوندو ناوچانەی کاکەییان لێ نیشتەجێن. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی کاکەیی لەکەرکوک تائێستا زیاتر ١٤٠٠ کەس لەو هێزە ناویان تۆمارکردووە.

کاربەدەستانی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان رایانگەیاند: ئامادەن هەموو هاوکاریی‌و پێویستییەک پێشکەشی ئەو هێزانە بکەن کە ئێزیدییەکان‌و کاکەییەکان داوای دەکەن. نەک هەر ئەوە بەڵکو دەستیان بەئامادەکاریی کردووە بۆ چۆنێتی رێکخستنی ئەو هێزانە به‌مه‌رجێك به‌شێك بن له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان.

هێشتا دیار نییە پێکهاتەی ئەو هێزەی بۆ کاکەییەکان دروست دەکرێ چۆن چۆنییە. بەڵام ناو تۆمارکردن دەستیپێکردووەو ژمارەیەکی زۆری گەنجان ئامادەن لەو هێزەدا ناویان بنووسرێ.

رەجەب کاکەیی دانیشتووی شاری کەرکوک به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزی پێشمەرگە لەگوندەکانی (ئەلبو محەمەدو عەلی سەرا) لەباشووری کەرکوک بەتاکتیک بەرەکانی شەڕیان بۆ داعش چۆڵکرد، بەڵام لەو تاکتیکەدا زیانێکی گەورە بەر کاکەییەکانی ئەو دوو گوندە کەوت. بۆیە کاکەییەکان چیتر متمانە بەهێزێک ناکەن کە لەتاکتیک‌و ستراتیژی شەڕیاندا ئەوان فەرامۆش بکەن".

رەجەب بەڕێوەبەری ناوەندێکی رووناکبیرییە بەناوی (ناوەندی رووناکبیریی‌و کۆمەڵایەتی یارستان) بۆ پەرەپێدانی رەوشی فەرهەنگی کاکەییەکان وتی‌: "هەرگیز لەگەڵ ئەوەنیم کۆمەڵگە بەهەڕەمەکی چەکدار بکرێ، بەڵام واقیع ئەوە نییە کە ئێمە خوازیاریین بەڵکو دەبێ چەکی بۆ هەڵگرین. راستییەکەی ئەوەیە ئێمەی کەمینە ئاینییەکانی موسڵ‌و کەرکوک توشی شۆک بووین کاتێ بینیمان ئێمە ناپارێزرێن لەبەردەم هێزێکی وەکو داعشدا. چاوەڕوانی خەڵکی ئێمە لەپێشمەرگە چاوەڕوانی پارێزگاریی بوو لەسەروماڵمان، لەشەرەف‌و کەرامەتمان کەچی وا دەرنەچوو بۆیە ئێستا رێگەی دیکە دەگرینە بەر بۆ ئەوەی نەفەوتێین."

پێشتر (میر تەحسین بەگ) میری ئێزیدییەکانی عێراق‌و جیهان پەیامێکی بەهاوارەوەچوونی ئاراستەی سەرۆكی هەریَمی کوردستان‌و سەرۆك کۆماری عێراق‌و حکومەتەکانی هەولێرو بەغدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان‌و سەرۆکی ئەمریکا کردبوو کە ئیزیدییەکانی کوردستانی عێراق لەهەڕەشەو مەترسی داعش بپارێزن. میر لەپەیامەکەیدا داوایکردبوو "یارمەتی‌و هاوكاریی هاوڵاتیانی قەزای شنگال‌و ناوچەكانی سەر بەو قەزایەو ناحیەو گوندەكانی ئەو ناوچەیە كە ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێن بكەن. داواتان لێدەكەم، كە بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی‌و نیشتمانی بەرامبەریان بنوێنن‌و هاوكاریی ئەو هاوڵاتیانە بكەن بۆ رزگاركردنیان لەو باردۆخە نالەبارەی كەئەمڕۆ تێیدا دەژین. لەمڕۆدا براكانتان پێویستیان بەهاوكاری ئێوەیە. بەناوی خۆم‌و بەناوی ئاینی ئێزدییەوە داوایەكی مرۆڤانەتان لێدەكەم."

قاسم شەشۆ ئەو پیاوەی ئێستا سەرکردایەتی ئێزیدییە چەکدارەکان دەکات بەنیگەرانییەوە به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشمەرگە ئێزیدییەکانی نەپاراست، گەلی ئێمە کەوتە بارودۆخێک هەرگیز چاوەڕێی نەبووین، رووبەڕووی جینۆسایدێک بووینەوە کە زیانەکانی بەئاسانی نە پڕ دەبنەوەو نە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە دەمانەوێ خۆمان پارێزگاریی لەکەرامەت‌و نامووسمان بکەین".

شەشۆ دوای ئەوەی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ چووە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سووربوو لەسەر ئەوەی کە ئێزیدییەکان نەپارێزراون بۆیە هێزی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن، بەڵام بەهاوکاریی‌و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ کاربەدەستێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە نایەوێ ناوی بنووسرێ، رەخنە لەوە دەگرێ کە لەپاڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزی تایبەت بۆ ئێزیدیی‌و کاکەییەکان دروست بکرێ. ئەو بۆ "نیقاش" وتی "ئەرکی پێشمەرگەیە کاکەیی‌و ئێزیدیی‌و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بپارێزێت ئەگەر زیانی زۆر گەورەشی پێبگات. دابەشبوونی هێزی چەکدار بەسەر ئاین‌و تایەفەکاندا زەنگێکی خەتەرە بۆ ئەوەی لەشتی دیکەدا ئەوان جیا بکرێنەوە‌و کوردستان پارچە پارچە بکرێ بەسەر کەمە ئاین‌و پێکهاتەی دیکەدا."

ئەو کاربەدەستەی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی "باشترین کارێک کە بکرێ بۆ گێڕانەوەی متمانەی کاکەیی‌و ئێزیدییەکان بەپێشمەرگە، سزادانی ئەو بەرپرسانەی پێشمەرگەیە کە لەبەرەکانی شەڕدا هەروا هەڵاتن‌و کوردانیان لەبەردەم دڕندەکانی داعشدا جێهێشت. ئێستا ئەوان ناحەقیان نییە ئەگەر متمانەیان بەپێشمەرگە نەبێ‌، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا دروستکردنی هێزی تایبەت بەخۆیان بۆ شکۆی پێشمەرگەو دابەشبوونی هێز بەسەر کەمە ئاینییەکاندا مەترسیدارە."

لەعێراقی دوای سەدام حوسێن، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باشی یەکڕیزیی نەتەوەو کەمە ئاینییەکان بوو، بەڵام داعش هاوسەنگی ئەویشی گۆڕی‌و ئێستا کوردانی کاکەیی‌و ئێزیدیی دەیانەوێ پارێزراوبن لەلایەن کوڕە گەنجەکانی خۆیانەوە، چاودێران پێیان وایه‌ لەئێستاوە هێزی پێشمەرگە لەسەنگی مەحەکدایە تا بیسەلمێنێ شکستی ئەوان لەبەردەم داعش شکستێکی سەربازیی بووە نەک شکستێک لەباوەڕ نەبوونی بەپاراستنی کاکەیی‌و ئێزیدییەکان بۆ ئەمە گێڕانەوەی متمانەی لەدەستچوویان دەبێ بچێتە ستراتیژیی وەزارەتی پێشمەرگەوە.