راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر بۆ ئاواره‌كان به‌خێر ناگه‌ڕێته‌وه‌

هێمن عەبدوڵڵا
هێشتا ته‌م‌و غوباری‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر دانه‌مركابۆوه‌ كه‌ یه‌كڕاست په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب…
27.11.2014  |  هه‌ولێر
The
The "anti-Arab" sticker that has been seen in Iraqi Kurdistan recently.

كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكی‌ زۆری‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان به‌دۆستی‌ داعش ده‌زانن، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووش ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ تا وه‌ك سه‌لمێنه‌ری‌ گومانه‌كه‌ی‌ خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێبكه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێك له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامده‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بزانن.

چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو ئۆتۆمبێلێكی‌ بۆمبڕێژكراو به‌باره‌گای‌ پارێزگای‌ هه‌ولێردا ته‌قییه‌وه‌ كه‌ له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ شاره‌كه‌دایه‌، هه‌ر چه‌ند خوله‌كێك دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ نه‌وزاد هادی‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تی‌ بۆ گروپی‌ داعش راكێشا، زۆری‌ نه‌خایه‌ند ئه‌و رێكخراوه‌ له‌رێی‌ په‌یجه‌كانی‌ خۆیه‌وه‌ له‌تویته‌ر به‌رپرسیارێتی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ هه‌ڵگرت.

هه‌رچه‌نده‌ زۆركه‌س پێیان وابوو كه‌ ئه‌نجامده‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ عه‌ره‌به‌، به‌ڵام به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ داعش ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ كردووه‌ كورده‌، چونكه‌ ناوی‌ "عه‌بدولره‌حمان كوردییه‌" هه‌رچه‌نده‌ هیچ لایه‌نێكی‌ ئه‌منی‌ به‌فه‌رمی‌ ئه‌و زانیاریه‌ی‌ پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بێئه‌وه‌ی‌ ورده‌كاری‌ باس بكه‌ن ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان توندتر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ ئه‌منی‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاو نه‌كرێته‌وه‌ توندكردنی‌ زیاتری‌ بازگه‌و فرۆكه‌خانه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا پێشتر هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب گله‌ییان له‌و رێوشوێنانه‌ هه‌بوو كه‌ له‌بازگه‌كان ده‌گیرانه‌ به‌ر.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كه‌ له‌ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌منی‌ شاری‌ هه‌ولێر كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب بێنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌ ده‌بوو كوردێك كه‌فاله‌تیان بكات، به‌ڵام له‌مه‌ودوا هاتنی‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌چه‌ند رێوشوێنێكی‌ تردا ده‌ڕوات" بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ جۆری‌ رێوشوێنه‌كان دیاری‌ بكات.

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستاندا دژی‌ هاتنی‌ به‌لێشاوی‌ ئاواره‌كانن، ته‌قینه‌وه‌كه‌یان به‌ده‌رفه‌ت زانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر دژایه‌تی‌ خۆیان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و داوا بكه‌ن كه‌ ئاواره‌ی‌ زیاتر وه‌رنه‌گیرێت‌و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ هه‌ن بخرێنه‌ ناو كامپه‌كانه‌وه‌و رێی‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ی‌ ناو شاره‌كانی‌ هه‌رێمیان پێنه‌درێت یان هه‌ر ده‌ربكرێن.

ئه‌حمه‌د شاكر كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ دانیشتوی‌ هه‌ولێره‌ پێی‌ وایه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ رێگرتن له‌ته‌قینه‌وه‌ ده‌بێت له‌بازگه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات‌و ده‌ڵێت "كاتێك ماوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا تێده‌په‌رێت، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌رمترو ئاسانتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ناوه‌راست‌و باشوری‌ عێراق سه‌ردانی‌ كوردستان ده‌كه‌ن ، ئێمه‌ ناڵێین ئه‌وان با داخلی‌ هه‌رێم نه‌بن، به‌ڵكو ده‌بێ زۆر به‌ ووردی‌ پشكنیانیان بۆ بكرێت، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ له‌و ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوانه‌ی‌ له‌هه‌ولێر ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ له‌ رێگای‌ بازگه‌كان ده‌ربازیان بووه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ پێشوتری‌ هه‌ولێر به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كاتێك له‌ 29ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ رابردوو باره‌گای‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێر له‌رێی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ به‌بۆمب چێنراوه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج‌و له‌ئاكامدا شه‌ش كه‌س كوژران‌و 62 كه‌سی‌ تر بریندار بوون.

له‌به‌رامبه‌ردا یاساناس سروه‌ كه‌ریم پێی‌ وایه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك له‌هه‌ر شارێكی‌ عێراقه‌وه‌ بێت مافی‌ ئاسایی‌‌و یاسایی‌ خۆیه‌تی‌ له‌و شوێنه‌ی‌ ده‌یه‌وێت نیشته‌جێبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدایه‌ كه‌ له‌بازگه‌و فرۆكه‌خانه‌كان رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ پێویست بگیرێته‌ به‌ر له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "رێی‌ تێده‌چێت له‌ناو ئاواره‌كانیشدا كه‌سی‌ خراپ‌و دۆستی‌ داعش هه‌ڵبكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌رجه‌میان له‌و رێكخراوه‌وه‌ نزیك بن، چونكه‌ ئه‌وانیش قوربانی‌ ده‌ستی‌ داعشن، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چاودێری‌ كه‌سه‌ خراپه‌كان بكه‌ن".

قادر ره‌زگه‌یی ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان پشتگیری‌ بۆچوونی‌ پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ داموو ده‌زگا ئه‌منیه‌كان چاوكراوه‌ بن‌و میكانیزمی‌ تر بگیرێته‌به‌ر له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاسته‌نگ بۆ هاوڵاتیانی‌ عێراق دروست بكرێت كه‌ ئه‌وانش به‌هۆی‌ شه‌ری‌ داعشه‌وه‌ روویان له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردوه‌، چونكه‌ ناكرێ سه‌رجه‌م ئه‌و هاوڵاته‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كورستان نیشته‌جێكراون به‌خراپه‌كارو هاوكاری‌ تیرۆرستان سه‌یر بكرێن".

ره‌زگه‌ریی‌ وتیشی‌ "هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌عێراق ناتوانێ سنوره‌كانی‌ به‌ڕووی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ره‌وه‌ دابخات بۆپاراستنی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌، به‌ڵكو پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی‌ تر بگیرێته‌به‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ مافی‌ هاوڵاتیانی‌ گه‌شتیاران پێشێلبكرێت".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ره‌نگین عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق داوا له‌هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌دا دان به‌خۆدا بگرن‌و كارێك نه‌كه‌ن له‌سه‌ر ناووناوبانگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌وێت‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "من له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دام بۆ هه‌موو كه‌سێك كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم دێته‌ ناوه‌وه‌ رێوشوێنی‌ پێویست بگیرێته‌ به‌ر، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌هه‌موو وڵاتانی‌ دنیا ده‌كرێت‌و مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ی‌ دێن هه‌موو خه‌ڵكی‌ باش بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌مانای‌ ئه‌وه‌ نایه‌ت ناڕه‌حه‌تییان بۆ دروست بكرێت".

ئه‌م قسانه‌ی‌ ره‌نگین عه‌بدوڵا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ له‌میدیا كوردییه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد پاش ته‌قینه‌وه‌ گێچه‌ڵ‌ به‌هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب كراوه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش هۆشداری‌ ده‌ده‌ن كه‌ هیچ كه‌سێك بۆی‌ نییه‌ یاساشكێنی‌ بكات.

هه‌ر له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ رابردوودا ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان رێیان به‌هاوڵاتیانی‌ كورد داوه‌ له‌كاتی‌ بوونی‌ گوماندا هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب بپشكنن، به‌ڵام پۆلیسی‌ هه‌ولێر به‌ته‌واوی‌ ئه‌مه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر كه‌سێك كارێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بكات توندترین سزا ده‌درێت.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر كه‌ كۆپییه‌كی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، پۆلیس رایده‌گه‌یه‌نێت بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ ته‌نها بۆ دروستكردنی‌ دووبه‌ره‌كییه‌و هیچ بنه‌مایه‌كی‌ راستی‌ نییه‌.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ " پشكنین‌و داواكردنی‌ ناسنامه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هاوڵاتیانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ته‌نیا كارمه‌ندانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌توانن هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌بی ببپشكن‌و داوای‌ ناسنامه‌یان لێبكه‌ن ، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ هاوڵاتیانه‌ی‌ كوردستانه‌ بۆ پاراستنی‌ ئارامی‌ شاره‌كان هاوكاریكردنی‌ ده‌زگاكانی‌ پۆلیس‌و ئاسایشه‌ له‌كاتی‌ بینینی‌ هه‌ر دیارده‌یه‌كی‌ نائاسایی، تاكو ئه‌وان به‌ئه‌ركی‌ خۆیان هه‌ڵسن".

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ تێدایه‌ "ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌هه‌ولێر ده‌ژین به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌و دوای‌ دڵنیابوون له‌ناسنامه‌كانیان نیشته‌جێكراون، ئه‌وانه‌شی‌ كێشه‌ی‌ مانه‌وه‌یان هه‌بێت یان گومانی‌ لێبكرێت، رێوشوێنی‌ یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌ به‌ر".

ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌رچییه‌ك بێت، ئه‌وانه‌ی‌ به‌دوای‌ بیانوو ده‌گه‌ڕێن له‌ئاواره‌كان، ره‌نگه‌ درێغی‌ نه‌كه‌ن له‌دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ ئاواره‌كان‌و ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ش ده‌كه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك تا گۆزه‌كه‌ له‌سه‌ری‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌بی‌ عێراق بشكێنن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌