راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار شه‌ڕی‌ خۆبه‌خۆیان دواخستووه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌مڕۆ ئه‌نبار به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نها مه‌یدانی‌ شه‌ڕی‌ نێوان داعش‌و سوپاو پۆلیس‌و…
6.11.2014  |  به‌غدا
Some tribes in the north of Iraq pledge allegiance to the extremist group, IS. In the south, tribes are divided as to whether to do this.
Some tribes in the north of Iraq pledge allegiance to the extremist group, IS. In the south, tribes are divided as to whether to do this.

زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ ئه‌نبار ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش كۆتایی‌ هات، ئیتر عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كه‌ونه‌ یه‌كتر بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، جا ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ یان به‌كوشتنه‌وه‌ یاخود به‌پێدانی‌ پاره‌ كۆتایی‌ دێت.

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ ئه‌نبار سه‌ر به‌چه‌ند عه‌شیره‌تێكی‌ دیاریكراون، ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌میان سوننه‌ن‌و په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تییان له‌گه‌ڵ‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌رده‌ن‌و سعودییه‌و سوریادا هه‌یه‌.

ره‌شید سامه‌رائی‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ ئه‌منی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "قه‌یرانی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نبار زۆر ئاڵۆزه‌و هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێی‌ وایه‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌نێوان حكومه‌ت‌و داعشدایه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ شه‌ڕێكی‌ عه‌شایه‌ری‌‌و پێویستی‌ به‌هۆكاری‌ تر هه‌یه‌ بۆ كۆتایی‌ پێهێنانی‌".

عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار دیارترین لایه‌نی‌ ململانێكه‌ن، ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ تریش كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ بریتین له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و داعش، وه‌ك سامه‌ڕائی‌ ده‌ڵێت داعش سوودی‌ له‌ململانێی‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌كان بینیوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌.

ئه‌و ململانێ‌ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ ئه‌نباری‌ گرتووه‌ته‌وه‌ دوو به‌ره‌كی‌ له‌نێوان عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌و شاره‌دا دروستكردووه‌، له‌كاتێكدا پێشتر یه‌كگرتوو بوون‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كی‌ هاوبه‌شیان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ سه‌دان كه‌سیان له‌یه‌كتری‌ كوشتووه‌ تازه‌ خوێن كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان‌و ئه‌م ئاگره‌ وا به‌زوویی‌ دانامركێته‌وه‌.

ململانێی‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشوو له‌گه‌ڵ‌ به‌شێكیاندا رێكه‌وت‌و به‌پێدانی‌ ده‌ستكه‌وتی‌ بازرگانی‌‌و ئه‌منی‌ بردینییه‌ ریزی‌ خۆیه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێكی‌ تریان ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ پاڵی‌، به‌و پێیه‌ی‌ مالیكی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ تایفی‌ ده‌ناسێنن‌و پێیان وایه‌ دژی‌ خه‌ڵكی‌ سوننه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ناكۆكییه‌كه‌یان بوو.

ئه‌م ناكۆكییه‌ ته‌نانه‌ت په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو عه‌شیره‌ته‌كان خۆیشیان، هه‌ر بۆ نموونه‌ عه‌لی‌ حاته‌م دلێمی‌ یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ عه‌شیره‌تی‌ دلێم دژی‌ حكومه‌ت وه‌ستایه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر داعش بێلایه‌ن بوو، به‌ڵام ماجید سلێمان دلێمی‌ مامی‌ چووه‌ پاڵ‌ حكومه‌ت له‌دژی‌ داعش.

ئه‌وه‌ی‌ زیاتر بووه‌ مایه‌ی‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ داعش چووه‌ ناو ئه‌نبار، ئه‌وكات ده‌بوو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان یه‌كێك له‌دوو بژارده‌ هه‌ڵبژێرن یان ئاگربڕ له‌گه‌ڵ‌ داعش بكه‌ن‌و له‌دژی‌ نه‌وه‌ستنه‌وه‌، یاخود له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت رێكبكه‌ون له‌دژی‌ داعش.

زۆربه‌ی‌ ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی‌ ئێستا له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت رێككه‌وتوون رقیان له‌حكومه‌تی‌ عێراقه‌، به‌ڵام داعش به‌دوژمنی‌ سه‌رسه‌ختیان ده‌زانن، بۆیه‌ لایه‌نی‌ حكومییان هه‌ڵبژاردووه‌، له‌وانه‌ش عه‌شیره‌ته‌كانی‌: "ئه‌بو ریشه‌، فه‌هد، زیاب، عه‌لوان، عوبێد، عیسا، ئه‌لبوعه‌لی‌، ئه‌لبوبالی‌، ئه‌لنمر".

بۆ نموونه‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌بو ریشه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ پشتیوانانی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆپیشاندان بوون دژی‌ حكومه‌ت، دواجار بوونه‌ هاوپه‌یمانی‌ حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و داوا یاساییانه‌ی‌ به‌تۆمه‌تی‌ تیرۆر له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌بو ریشه‌ تۆماركرابوون.

ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ش كه‌ ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ پاڵ‌ حكومه‌ت‌و بێلایه‌نییان هه‌ڵبژارد، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌ندامه‌كانیان چوونه‌ پاڵ‌ داعش، بریتین له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌: "عه‌ساف‌و جابرو جومه‌یلی‌‌و عیساوی‌‌و قائیم"، سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانیش به‌نهێنی‌ پشتیوانی‌ خۆیان بۆ داعش راگه‌یاندووه‌.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كان له‌دژی‌ قاعیده‌ یه‌كیانگرت، ئێستا داعش توانیوێتی‌ دووبه‌ره‌كی‌ بخاته‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ داعش عێراقین‌و له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبارن، ته‌نانه‌ت خودی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌ش سه‌ر به‌یه‌كێك عه‌شیره‌ته‌ ناسراوه‌كانه‌.

ئه‌و شه‌ڕه‌ قورسانه‌ی‌ ماوه‌ی‌ یانزه‌ مانگه‌ ئه‌نباری‌ گرتووه‌ته‌وه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دان كه‌سی‌ ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ یه‌كتر بكوژرێن‌و به‌هۆیه‌وه‌ ناكۆكی‌ قوڵ‌ له‌نێوانیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ تۆڵه‌ له‌یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه‌و یه‌كتری‌ ده‌كوژن، ده‌وڵه‌تیش ئاگای‌ له‌م كه‌ین‌و به‌ینه‌ نییه‌، چونكه‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ له‌و شارانه‌دا نه‌ماون.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو به‌سه‌دان پیاوی‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لنمر له‌شارۆچكه‌ی‌ هیتی‌ سه‌ر به‌ئه‌نبار له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش كوژران، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و عه‌شیره‌ته‌ چووه‌ته‌ پاڵ‌ حكومه‌ت‌و له‌دژی‌ داعش وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لنمر رایانگه‌یاند كه‌ پیاوانی‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ترو ته‌نانه‌ت پیاوانی‌ ناو عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ خۆیشیان كه‌ له‌ناو داعشدان ئه‌و كه‌سانه‌یان كوشتووه‌.

ئه‌حمه‌د نمراوی‌ یه‌كێك له‌پیاوماقوڵانی‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لنمر به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌كوشتارگه‌كه‌ی‌ داعش هه‌ڵهاتووه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد هه‌ندێ‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ناسیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پیاوه‌كانیان كوشتووه‌، به‌شێكیان له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ئه‌نبار بوون‌و چه‌ند دانه‌یه‌كیشیان له‌خودی‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لنمر بوون".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا هێشتا شه‌ڕی‌ نێوان عه‌شیره‌ته‌كان به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ داب‌و نه‌ریتی‌ خۆیان، چونكه‌ ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ وا راهاتوون كه‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان خۆیان بۆ ماوه‌یه‌ك دوا بخه‌ن، به‌ڵام له‌بیریان ناچێته‌وه‌ ره‌نگه‌ دوای‌ چه‌ند مانگ‌و بگره‌ چه‌ند ساڵێكیش تۆڵه‌ی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

داب‌و نه‌ریتی‌ عه‌شیره‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ چه‌ند پیاوێكی‌ ئه‌م عه‌شیره‌ته‌ ده‌چن بۆ سه‌ردانی‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ تر‌و داوای‌ خوێنی‌ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یان ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كوژنه‌وه‌ یاخود كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌، رێگه‌یه‌كی‌ تریش هه‌یه‌ كه‌ عه‌شیره‌تی‌ دووه‌م له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر كوژراوێكدا بڕێكی‌ زۆر پاره‌ بدات به‌عه‌شیره‌تی‌ یه‌كه‌م.

چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كان بوونه‌ته‌ قوربانی‌ ململانێی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ له‌عێراقدا، چونكه‌ حكومه‌ت توانێتی‌ به‌پاره‌و پۆست به‌شێكیان به‌لای‌ خۆیدا به‌رێت‌و دووبه‌ره‌كی‌ بخاته‌ نێوانیان، هه‌روه‌ك چۆن ترس له‌داعش وایكردووه‌ به‌شێكیان له‌گه‌ڵیدا رێكبكه‌ون، سه‌ره‌نجامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌زاران كه‌سی‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ یه‌كتری‌ كوژراون.