راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش موسڵی‌ كردووه‌ته‌ كارخانه‌ی‌ دروستكردنی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌

خاڵس جومعە
تائێستا داعش له‌به‌رامبه‌ر دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ رایگه‌یاندووه‌…
31.10.2014  |  موسڵ

له‌هه‌فته‌كانی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ داعش بووه‌ به‌ڵا بۆ گیانی‌ دانیشتوانی‌ موسڵ‌ به‌گشتی‌‌و ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ نور له‌به‌شی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ به‌تایبه‌تی‌، له‌وێ‌ سه‌ره‌تا پیتی‌ "نون"ی‌ له‌سه‌ر ماڵی‌ مه‌سیحییه‌كان نووسی‌‌و له‌سه‌ر ماڵی‌ شیعه‌و سوننه‌ هه‌ڵاتووه‌كانیشی‌ نوسی‌ "موڵك‌و ماڵی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌"، له‌وه‌ به‌دواشه‌وه‌ له‌كاتی‌ بۆردومانه‌كان خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌ حه‌شارداو ئێستاش دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ترسێكی‌ زۆریان له‌جموجۆڵی‌ داعش هه‌یه‌.

به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك دایكی‌ عوده‌ی‌ له‌سه‌ربانی‌ خۆیانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ دراوسێیانی‌ كردووه‌و بینیوێتی‌ چه‌ند گه‌نجێك به‌به‌رده‌وامی‌ چاڵ‌ هه‌ڵده‌كه‌نن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانێت بۆچی‌ واده‌كه‌ن، هه‌رزووش مێرده‌كه‌ی‌ له‌و رووداوه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

پاش سێ‌ رۆژ هه‌مان ژن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ تری‌ بینیوه‌ كه‌ باری‌ ئۆتۆمبێلێكیان له‌و ماڵه‌ به‌تاڵكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رنجی‌ داوه‌ چه‌ند به‌رمیلێكیان پێیه‌ به‌قه‌باره‌ی‌ جیاواز كه‌ زۆر به‌وریاییه‌وه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌، ئیتر له‌وه‌ دڵنیا بووه‌ كه‌ پێشبینی‌ مێرده‌كه‌ی‌ راسته‌ كاتێك وتوویه‌تی‌ خانووی‌ ماڵه‌ مه‌سیحییه‌كه‌ی‌ دراوسێیان ده‌كه‌نه‌ كۆگای‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌.

داعش به‌م شێوه‌یه‌ ماڵه‌ به‌تاڵه‌كانی‌ موسڵ‌ به‌كارده‌هێنێت، چونكه‌ دورن له‌سه‌رنجی‌ فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاشكراش ببن، ئه‌وا له‌ناو ماڵ‌‌و گه‌ڕه‌كدان‌و به‌ئاسانی‌ ناپێكرێن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بۆردومانی‌ پێشووی‌ مۆڵگه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش ژن منداڵیشی‌ تیا بووه‌ته‌ قوربانی‌، هه‌ر بۆیه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران داوایكردووه‌ فرۆكه‌ عێراقییه‌كان ئیتر بۆردومانی‌ شاره‌كان نه‌كه‌ن.

به‌سه‌دان‌و بگره‌ به‌هه‌زاران ماڵ‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌رگاكانیان داخراوه‌و كه‌س نه‌یوێراوه‌ لێیان نزیك ببێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك داعش ئاراسته‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌‌و روویكرده‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا‌و په‌لاماری‌ پێشمه‌رگه‌یدا له‌شنگال‌و ره‌بیعه‌و سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا، ئیتر هاوكێشه‌كه‌ گۆڕا.

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ژنه‌ بینوێتی‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تری‌ شاره‌كه‌ش به‌تایبه‌تی‌ له‌حه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ باكوری‌ موسڵ‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر چاوی‌ خه‌ڵك، كاتێك داعش ماڵه‌ چۆڵه‌كانی‌ كردووه‌ته‌ كارگه‌ی‌ بۆمب چاندن‌و ترسێكی‌ زۆری‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شێكی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌یان چۆڵكردووه‌ نه‌وه‌ك له‌كاتی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌دا بته‌قنه‌وه‌.

ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ به‌دیاریكراوی‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌رێگا گرنگه‌كانی‌ داعشه‌ كه‌ بۆ گوێزانه‌وه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ بۆ به‌ره‌ی‌ به‌نداوی‌ موسڵ‌ به‌كاریده‌هێنێت كه‌ له‌وێ‌ شه‌ڕێكی‌ قوڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌.

نزیك له‌ماڵی‌ بیلال سه‌میر كه‌ خاوه‌نی‌ سێ‌ منداڵه‌، داعش به‌رمیل‌و ئۆتۆمبێلیان به‌بۆمب ده‌چاند‌و ته‌قینه‌وه‌یان ئاماده‌ده‌كرد، چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ دراوسێیان كه‌ ماڵی‌ به‌رپرسێكی‌ موسڵ‌ بوو، بووه‌ته‌ باره‌گایه‌كی‌ گرنگی‌ داعش.

سه‌میر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌هه‌ر ساتێكدا چاوه‌ڕێی‌ روودانی‌ كاره‌ساتێك بوون، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ به‌رده‌وام هاتوچۆ بۆ ئه‌و ماڵه‌ كراوه‌و چه‌ند ئۆتۆمبێلێك كیسه‌ی‌ پڕو وه‌یارو ته‌لی‌ جۆراوجۆریان گوێزاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و پیاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بێهیوا بووه‌ له‌وه‌ی‌ له‌و ترسه‌ رزگاریان ببێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ ماڵ‌‌و منداڵه‌كه‌ی‌ چوونه‌ته‌ ماڵی‌ برایه‌كی‌ كه‌ له‌گه‌ڕه‌كێكی‌ تره‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رپرسی ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی‌ پرسیوه‌ كه‌ی‌ كاره‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێت، ئه‌ویش پێی‌ وتووه‌ "ئێمه‌ له‌شه‌ڕێكداین له‌پێناو ئیسلام، كێ‌ له‌خۆی‌ ده‌ترسێت ده‌توانێت دوور بكه‌وێته‌وه‌".

ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌ی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتووه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتی‌ شه‌ڕ لێیان ده‌ڕوانێت‌و به‌كاریانده‌هێنێت، جا یان ده‌یداته‌ خێزانی‌ چه‌كداره‌كانی‌، یاخود ده‌یانكاته‌ باره‌گای‌ خۆی‌.

له‌به‌رێكی‌ شاره‌كه‌ گه‌وره‌ترین ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ هه‌یه‌ كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتووه‌و پڕیه‌تی‌ له‌كانزاو كارخانه‌، ئه‌مانه‌ش باشترین شوێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش ته‌قه‌مه‌نیان لێ‌ دروست بكات‌و ئێستا چه‌ند كه‌سێكی‌ شاره‌زا له‌وێ‌ شه‌وو رۆژ له‌كاردان، هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرێك له‌وانه‌ به‌ر له‌حوزه‌یرانیش هه‌ر بۆ داعش كاریان كردووه‌، به‌ڵام ئێستا سه‌ربه‌ستانه‌تر ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌فته‌ی‌ رابردوو داعش هه‌ڵمه‌تێكی‌ ده‌ستپێكرد بۆ ژماردنی‌ ئه‌و خانووانه‌ی‌ خاوه‌نه‌كانیان جێیان هێشتووه‌، موسڵیشی‌ كرد به‌چه‌ند كه‌رتێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ر كه‌رتێكی‌ به‌ناوی‌ به‌رپرسی‌ ژماردنه‌كه‌وه‌ ناوناوه‌ تا به‌زوویی‌ كاره‌كه‌یان رابپه‌ڕێنن.

بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ بیسانی‌ نوێ‌ چه‌ند ماڵێك هه‌ن كه‌ خاوه‌نه‌كانیان به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و په‌ككه‌وتنی‌ خوێندنگاو زانكۆوه‌ جێیان هێشتووه‌، كه‌نعان عومه‌ر یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ چوونه‌ته‌ كه‌ركوك، به‌ڵام زانیوێتی‌ كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ئه‌و ماڵه‌دا گرتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ ژماردنه‌كه‌وه‌ زانیویانه‌ كه‌ چۆڵه‌.

كه‌نعان هه‌رزوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ موسڵ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خانووه‌كه‌ی‌ بده‌نه‌وه‌، پاش هه‌وڵ‌‌و ماندووبوونێكی‌ زۆر به‌ئاواته‌كه‌ی‌ گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند دراوسێیه‌كی‌ بۆ شایه‌دی‌ بردووه‌و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ژنه‌كه‌ی‌ بردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، چونكه‌ نه‌خۆشه‌.

ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ توانیبێتیان ده‌ست بگرن به‌ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیانه‌وه‌و داعش نه‌بێته‌ خاوه‌نی‌، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ خانووی‌ مه‌سیحی‌‌و شیعه‌كان بوونه‌ته‌ كارخانه‌ی‌ دروستكردنی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌‌و نازانن ئاخۆ پاش داعش ده‌بنه‌وه‌ خاوه‌نی‌ یاخود نا.