راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ركرده‌كانی‌ داعش ده‌ستیان به‌هه‌ڵاتن كرد

موسته‌فا حه‌بیب
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ گومانیان كرد كه‌ كۆتایی‌ داعش نزیكه‌، ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌موسڵ‌‌و تكریت…
23.10.2014  |  به‌غدا
A fighter from the IS group shows off in Mosul earlier this year.
A fighter from the IS group shows off in Mosul earlier this year.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییه‌ نهێنییه‌ هاوڵگریانه‌ی‌ "نیقاش" له‌به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ عێراقییه‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتوون، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ ده‌ستڕۆیشتووی‌ داعش له‌و ناوچانه‌ دیار نه‌ماون كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ رێكخراوه‌كه‌دان، به‌تایبه‌تیش له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن زۆربه‌ی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ دیار نه‌ماون ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ گۆڕه‌پانه‌كانی‌ شه‌ڕو ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقین.

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ "نیقاش" ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌هه‌ڵاتووه‌كان ناوی‌ عه‌لی‌ حه‌مدانییه‌ كه‌ به‌نهێنی‌ پارێزی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ ناسراوه‌، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تری‌ نه‌ناسراویش هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ پاسه‌وانی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییه‌و له‌هه‌موو جموجۆڵه‌كانیدا له‌گه‌ڵیدایه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "دیارنه‌مانی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ داعش پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی‌ هه‌واڵگری‌ عه‌ره‌بی‌‌و بیانی‌ توانیویانه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ریزه‌كانی‌ داعشه‌وه‌و بڕوا به‌و سه‌ركردانه‌ بهێنن كه‌ واز له‌رێكخراوه‌كه‌ بهێنن‌و زانیارییان بده‌نێ‌ له‌باره‌ی‌ جموجۆڵه‌كانی‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر پێدانی‌ پاره‌ یان به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستگیر ناكرێن".

به‌قسه‌ی‌ ئه‌بو زه‌كه‌ریا حه‌تاب كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ گروپێكی‌ چه‌كداریی‌ دژه‌ داعش له‌ناو موسڵ‌ هۆكارێكی‌ تری‌ وازهێنانی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

حه‌تاب كه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش هێشتا هیچ یه‌كێك له‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان ناتوانن رووبه‌رووی‌ داعش ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا چوونه‌ته‌ پاڵ‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌ نوێیه‌ی‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ داعش له‌موسڵ‌ پێكده‌هێنرێت.

زۆربه‌ی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ داعش كه‌ بڕیاری‌ ئه‌منی‌‌و خزمه‌تگوزارییان به‌ده‌سته‌ له‌موسڵ‌ عێراقین‌و له‌خودی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ن، وه‌ك حه‌تاب ده‌ڵێت ئێستا له‌لای‌ خه‌ڵك ناخۆشه‌ویستن بۆیه‌ چه‌ند گروپێكی‌ چه‌كداری‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون‌و پێیان راگه‌یاندوون كه‌ دوای‌ ده‌ركردنی‌ داعش ده‌كوژرێن، بۆیه‌ به‌شێكیان له‌به‌ر پاراستنی‌ ژیانی‌ خۆیان وازیان له‌داعش هێناوه‌.

ره‌نگه‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوو پڕكێشه‌ترین ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ داعش بووبێت له‌وكاته‌وه‌ی‌ له‌ 10ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر موسڵدا گرتووه‌، چونكه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا له‌هه‌موو به‌ره‌كان شكستی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وت، هه‌ر له‌كۆبانییه‌وه‌ هه‌تا سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبارو باشووری‌ به‌غدا، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌سه‌دان چه‌كداری‌ لێكوژرا.

به‌پێی‌ ئاماری‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆی‌ عێراقی‌ له‌رۆژی‌ 10 هه‌تا 20ی‌ ئه‌م مانگه‌ 150 چه‌كداری‌ داعش له‌سه‌هلی‌ نه‌ینه‌واو ره‌بیعه‌و زوممار كوژراون، هه‌روه‌ها 50 چه‌كدار له‌تكریت‌و 100 له‌دیاله‌و 80ی‌ تریش له‌ئه‌نبارو ناوچه‌كانی‌ خوارووی‌ به‌غدا.

له‌سوریاش زانیارییاكان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا داعش 500 چه‌كداری‌ له‌كۆبانی‌ لێكوژراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ره‌قه‌و ده‌یرلزۆر ده‌یانی‌ تری‌ لێكوژراوه‌.

ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ وایكردووه‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ وازبهێنن، چونكه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كۆتایی‌ داعش نزیكه‌، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌ش فه‌رمانیداوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكوژرێن كه‌ وازیلێده‌هێنن.

هه‌ندێ‌ زانیاریش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ پاره‌كه‌ی‌ داعشی‌ له‌رێی‌ چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداوه‌وه‌ ناردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق تا له‌ئه‌گه‌ری‌ شكستیدا له‌فه‌وتان بپارێزرێن‌و له‌ئاینده‌دا بۆ پشتیوانی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ سودیان لێ‌ ببینێت.

ره‌شید سامه‌ڕایی‌ پسپۆڕی‌ ئه‌منی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ خیانه‌تیان له‌داعش كردووه‌و هه‌ڵهاتوون، باشترین ده‌ستكه‌وتن بۆ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، چونكه‌ ده‌توانرێ‌ سوودیان لێ‌ ببینرێت بۆ ئاشكراكردنی‌ پلانه‌كانی‌ داعش‌و شوێن‌و مۆڵگه‌كانیان".

داعش كه‌ ساڵی‌ رابردوو له‌قاعیده‌ جیابووه‌وه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا رێكخراوێكی‌ عێراقییه‌و زۆرینه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ له‌ئه‌فسه‌رانی‌ سوپاو ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ پێشووی‌ عێراقین‌و به‌شداری‌ چه‌ند خولێكی‌ ئاینییان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ خاوه‌ن بیرێكی‌ ئاینی‌ توندڕه‌و، به‌قسه‌ی‌ سامه‌ڕایی‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پشت له‌رێكخراوه‌كه‌ بكه‌ن.

سامه‌ڕایی‌ روونیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "سه‌ركرده‌كانی‌ داعش كه‌سانێكن كه‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕكردن راهاتوون، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكی‌ كه‌مه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ بیرێكی‌ ئاینی‌ توندڕه‌و، بۆیه‌ له‌رووی‌ ئاینییه‌وه‌ باوه‌ڕیان لاوازه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ قاعیده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ كه‌سانێك بوون له‌سه‌ر ئه‌و بیره‌ توندڕه‌وه‌ راهێنرابوون، ئینجا پاش ئه‌وه‌ فێری‌ شه‌ڕكرابوون، بۆیه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ داعش ئاسانتر پشت ده‌كه‌نه‌ رێكخراوه‌كه‌".

له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵهاتنی‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانیدا، داعش به‌فه‌رمانی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو له‌ناو موسڵ‌ مانۆڕێكی‌ سه‌ربازه‌ گه‌وره‌ی‌ رێكخست تا هێزو توانای‌ خۆی‌ نیشان بدات، له‌و مانۆڕه‌دا چه‌كدارانی‌ داعش به‌ده‌یان ئۆتۆمبێلی‌ مه‌ده‌نی‌ نوێ‌‌و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ موسڵ‌ سوڕانه‌وه‌.

هه‌ر پاش ته‌واوبوونی‌ مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ داعش ده‌ستیكرد به‌ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ره‌شبگیر له‌شاره‌كه‌دا كه‌ تیایدا چه‌ندین ئه‌فسه‌ری‌ سوپاو پۆلسی‌ پێشوو عێراق‌و له‌وانه‌ش كه‌ به‌م دواییه‌ ته‌وبه‌یان كردووه‌ ده‌ستگیركراون‌و خراونه‌ته‌ ئه‌و باڵه‌خانه‌ حكومیانه‌ی‌ كه‌ ئێستا داعش وه‌ك گرتوخانه‌ به‌كاریان ده‌هێنێت.

خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پاش هه‌ڵهاتنی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ئه‌بو محه‌مه‌د عه‌دنانی‌ وته‌بێژی‌ داعش‌و ئه‌بوبه‌كر خاتونی‌ والی‌ موسڵ‌‌و ئه‌بو عه‌لا عه‌فری‌ فه‌رمانده‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌سوریا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ موسڵ‌ بكه‌ن‌و جڵه‌ویان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.

وه‌ك هه‌ولێكی‌ تر بۆ ده‌رخستنی‌ هێزو توانای‌ خۆی‌، داعش هه‌ڵمه‌تێكی‌ كتوپڕی‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ سه‌هلی‌ نه‌ینه‌واو ره‌بیعه‌و به‌نداوی‌ موسڵ‌ ئه‌نجامدا كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌دان، له‌دیاله‌ش به‌ره‌یه‌كی‌ له‌قه‌ره‌ته‌په‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وێش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك لێكدرایه‌وه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ رووداوی‌ هه‌ڵاتنی‌ سه‌ركرده‌كانی‌.