راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌
ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ كران باڵانسی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌

شاڵاو محەمەد
له‌سه‌ر گردۆڵكه‌یه‌ك وه‌ستابوو له‌یه‌كێك له‌و ناوچه‌ جێناكۆكانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌پاش حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌…
23.10.2014  |  که‌رکووک
The deputy head of Iraqi Kurdistan’s Ministry of Peshmerga, Anwar Haj Othman, was interviewed near the front lines.
The deputy head of Iraqi Kurdistan’s Ministry of Peshmerga, Anwar Haj Othman, was interviewed near the front lines.

له‌به‌ر هۆكاری‌ ئه‌منی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ داوایكرد ناوی‌ ئه‌و شوێنه‌ ئاشكرا نه‌كرێت كه‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ لێ‌ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام له‌دووری‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێكه‌وه‌ فرۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان بۆردومانی‌ مۆڵگه‌كانی‌ داعشیان ده‌كرد كه‌ له‌به‌ری‌ ئه‌و به‌ری‌ باره‌گاكه‌ی‌ ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو.

ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ له‌گه‌ڵیدا بوون بۆ په‌یامنێری‌ "نیقاش"یان باسكرد كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ‌ داعش ئه‌و چه‌كه‌ كۆنانه‌ی‌ پێیان بووه‌ زوو زوو له‌كاركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ش زیانی‌ پێگه‌یاندوون، به‌ڵام ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ ئێستا بۆیان ره‌وانه‌ كراوه‌ وره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ داونه‌تێ‌، ئه‌م قسه‌یه‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ش پشتڕاستی‌ كرده‌وه‌ كاتێك وتی‌ "ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ كران باڵانسی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌ گۆڕی‌".

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ متمانه‌یان به‌سوپای‌ عێراق نه‌ماوه‌، به‌ڵام پێی‌ وانییه‌ داعش بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر به‌غدادا بگرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا رێگه‌ به‌وه‌ نادات.

نیقاش: وه‌كو شاره‌زایه‌كی‌ ئه‌منی‌‌و به‌رپرسێكی‌ پێشمه‌رگه‌، پێت وایه‌ چی‌ بووه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش بتوانێت له‌پاش 10ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خاكی‌ عێراق بۆخۆی‌ كۆنترۆڵ‌ بكات، چاوه‌ڕێتان ده‌كرد په‌لاماری‌ پێشمه‌رگه‌ش بدات؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: داعش پێش 10ی‌ حوزه‌یران ئاماده‌كاری‌ كردبوو، دڵنیابوو له‌وه‌ی‌ 85% عه‌ره‌بی‌ سوونه‌كان‌و به‌عسیه‌كان پشتگری‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌توانێت به‌كه‌مترین كات چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كۆنترۆڵ‌ بكات، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ بوونی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ش له‌قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ كه‌ركوك پێشبینی‌ ده‌كرا دوای‌ موسڵ چه‌كدارانی‌ داعش ڕوو له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوك بكات، چونكه‌ له‌ناو ده‌زگا ئه‌منیه‌كان‌و سوپای‌ عێراق شانه‌ی‌ نوستوی‌ ئاماده‌ كردبوو بۆ كاتی‌ سفر داینابوو، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژی‌ یه‌كه‌مدا پانته‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌خاكی‌ عێراق داگیركرد، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌ك‌و پێداویستیه‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2003 تا 2013 ئه‌مه‌ریكا ناردبووی‌ بۆ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، پشكی‌ شێری‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیرا.

نیقاش: ئێوه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سوننه‌كان هاوكاری‌ داعش بوون، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ عه‌ره‌بێكی‌ زۆری‌ سوننه‌ له‌ده‌ست داعش هه‌ڵهاتوون‌و په‌نایان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان هێناوه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: ئێمه‌ نه‌مانووتووه‌ هه‌موو عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ هاوكاری‌ داعشن، چونكه‌ ئه‌وانیش به‌شێكیان بوونه‌ته‌ قوربانی‌ داعش، ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئاواره‌كانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ دوور نییه‌ ئه‌وانیش تیایاندا بێت سۆزیان بۆ داعش هه‌بێت، به‌ڵام له‌ژێر چاودێری‌ وردی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌‌و ئاسایش‌و دژه‌ تیرۆردان تا نه‌توانن شانه‌ی‌ نهێنی‌ دروست بكه‌ن.

نیقاش: له‌وه‌ته‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌ستی‌ پێكردووه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا، پێت وایه‌ له‌مه‌ به‌دواوه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌پێشمه‌رگه‌ ئاسان ده‌بێت؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: كێشه‌ی‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌رابردوو نه‌توانراوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ نابێت چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌به‌غداوه‌، چونكه‌ به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كێشه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كێشه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بێت، نه‌وه‌كو په‌یوه‌ست بكرێت به‌به‌غداده‌وه‌.

نیقاش: ئه‌ڵته‌رناتیڤی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ چییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌هۆی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند هه‌مان بووه‌ بێئومێد بوین لێیان، به‌ڵام باشترین كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ رێك بخه‌ینه‌وه‌و یه‌ك بگرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و به‌رگریه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌یكات بۆته‌ به‌شێك له‌هێزی‌ هاوپه‌یمانی‌ جیهانی‌ دژی‌ داعش، ده‌بێت كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هێزه‌ پێشكه‌وتووه‌ جیهانیه‌كان ڕابهێنرێت.

نیقاش: چه‌ند جارێك به‌رپرسانی‌ پێشمه‌رگه‌ وتویانه‌ ئه‌و ناوچه‌ جێناكۆكانه‌ی‌ به‌ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌یه‌ تازه‌ پاشه‌كشه‌ی‌ تیا ناكرێت، ئه‌مه‌ كێشه‌كانتان له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند قوڵتر ناكاته‌وه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: شتێك نیه‌ ناوی‌ ناوچه‌ی‌ جێناكۆك بێت، به‌ڵكو ناوچه‌ی‌ كوردی‌ هه‌یه‌و به‌عه‌قڵی‌ شۆڤینی‌ داگیركراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌یه‌وێت ئێمه‌ له‌ناوچه‌كان بكشێنه‌وه‌ با ئێستا قسه‌ی‌ دڵی‌ خۆی‌ بكات نه‌وه‌كو چوار ساڵی‌ دیكه‌.

نیقاش: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند داوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكات، هه‌ڵویستی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ چی‌ ده‌بێت؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناكشێینه‌وه‌.

نیقاش: ئه‌و چاكانه‌ی‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاو ئێران بۆ پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ كراون، توانیوێتی‌ باڵانسی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بگۆڕێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ داعش له‌ئارادایه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌دڵنیایه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ باڵانسی‌ شه‌ڕ به‌قازانجی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بگۆڕێت، ده‌توانین ئه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار مانگی‌ ڕابردوو 28 جار چه‌كدارانی‌ داعش هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر 28 جاره‌كه‌ تێك شكێنراون، هه‌روه‌ها ئێمه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ تیرۆرستی‌ پڕ چه‌ك ئه‌كه‌ین كه‌ زۆرینه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ جۆری‌ ئه‌مریكیه‌، به‌ڵام ئه‌و چه‌كه‌نه‌ی‌ به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌ بوون ئه‌و چه‌كه‌ ڕوسیانه‌ بوون كه‌ له‌جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌م دروستكرابوون كه‌ درابوو به‌عێراق، ئه‌و چه‌كانه‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق - ئێران، عێراق - كوه‌یت‌و شه‌ڕی‌ دژ به‌پێشمه‌رگه‌ی‌ پێكرابون بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌مانتوانی‌ پێشڕه‌وی‌ بكه‌ین، به‌ڵام كاتێك چه‌كی‌ نوێمان پێگه‌یشت توانیمان باڵانسی‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌قازانجی‌ كوردو پێشمه‌رگه‌ ته‌واو بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌نه‌ی‌ هاوكاریان كردوین له‌سوپاسكردن بێبه‌شیان ناكه‌ین.

نیقاش: ئه‌و وڵاته‌نه‌ی چه‌كی‌ قورسیان‌ به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ داوه‌، مه‌رجه‌كانیان چییه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: ئێمه‌ فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازین‌و ئاگاداری‌ مه‌رج نین ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم دانرابن، به‌ڵام تاكه‌ مه‌رجێك كه‌ ئاگادارین ئه‌وه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش كه‌ شه‌ڕێكی‌ جیهانه‌ به‌رگری‌ پێبكه‌ین، بۆ نمونه‌ وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا جۆره‌ چه‌كێكی‌ داوه‌ به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌هه‌وا زیاتر بۆ كورد پێویست بووه‌، چونكه‌ ئه‌وان چه‌كی‌ درع شكێنیان بۆ ناردین كه‌ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆر پێویست بوو.

نیقاش: حكومه‌تی‌ عێراق له‌كاتی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌دا هیچ چه‌كی‌ داوه‌ به‌پێشمه‌رگه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌ڵێ‌ چه‌كی‌ داوه‌ به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام زۆر كه‌مه‌.

نیقاش : چۆنه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ ناردووه‌ له‌كاتێكدا هه‌ولێرو به‌غدا كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوری‌‌و سه‌ربازییان هه‌یه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌هۆی‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌ربازیه‌ی‌ بوونی‌ هه‌یه‌ له‌رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش حكومه‌تی‌ ناوه‌ند چه‌كێكی‌ زۆر كه‌می‌ داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌رژوه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ زیاتر تێدا بووه‌.

نیقاش : ئایا فشاری‌ هیچ وڵاتێك له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بووه‌ بۆ پێدانی‌ چه‌ك به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ش به‌فشاری‌ ئه‌مه‌ریكا بوو.

نیقاش: ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ داعش خۆی‌ بۆ په‌لاماری‌ به‌غدا ئاماده‌ ده‌كات، به‌ڕای‌ ئێوه‌ سوپای‌ عێراقی‌ توانای‌ پاراستنی‌ پایته‌ختی‌ هه‌یه‌ ؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: توانای‌ سوپای‌ عێراقیمان له‌یه‌كه‌م رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌سه‌ره‌تایی‌ مانگی‌ حوزه‌یران بینی‌، بۆیه‌ هیچ پێشبینیه‌كی‌ سه‌ربازیم بۆ سوپای‌ عێراقی‌ نیه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا قبوڵی‌ ناكات پایته‌ختی‌ عێراق له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعش داگیر بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌داگیركردنیش نزیكبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریكا هێزێكی‌ زیاتری‌ بخاته‌كار بۆ كۆنترۆڵكردنی‌.

نیقاش: جگه‌ له‌فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ ئه‌مریكا، چ ووڵاتێكی‌ دیكه‌ به‌شداری‌ ئاسمانی‌ ده‌كات بۆ بۆردومانكردنی‌ موڵگه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش (كاتی‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌دووری‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك فرۆكه‌ بۆردومانی‌ مۆڵگه‌كانی‌ داعشی‌ ده‌كرد)؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: جگه‌ له‌فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ ئه‌مریكا، فرۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌ به‌ریتانیاش به‌شداری‌ ده‌كات‌و به‌رده‌وامیشه‌ له‌و ناوچه‌نه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵكردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعشدان.

نیقاش: چه‌ند رۆژی‌ رابردوو هه‌واڵی‌ ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ شه‌رڤانانی‌ كۆبانی‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ به‌فه‌رمانی‌ كێ‌ كرا؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: به‌فه‌رمانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بوو كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، ئه‌و هاوكارییه‌ش به‌هاوكاری‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ ئه‌مریكا گه‌یه‌ندرا، ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه‌ تاكو هێزی‌ وشكانی‌ به‌ناوی‌ هێزی‌ پشتیوانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌رێی‌ توركیاوه‌ بچێته‌ كۆبانی‌ به‌رگری‌ له‌و شاره‌ بكات.

نیقاش: وه‌كو پسپۆڕێكی‌ سه‌ربازی‌ پێشبینی‌ ده‌كه‌یت داعش كه‌ی‌ كۆتایی‌ بێت؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی‌ لێ ده‌ربكرێت به‌سێ‌ مانگ شه‌ڕی‌ داعش ته‌واو ده‌بێت، چونكه‌ داعش ناتوانێت به‌رگه‌ی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان بگرێت‌و رۆژانه‌ تێكده‌شكێنرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ تیكه‌ڵاوكردنی‌ سیاسه‌ت له‌شه‌ڕی‌ داعشدا پێشبینی‌ ده‌كرێت سێ‌ ساڵ بخایه‌نێت (وه‌ك خۆی‌ وتی‌ مه‌به‌ستی‌ له‌پشتیوانی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ بۆ داعش).

نیقاش: چاره‌نووسی‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ چی‌ به‌سه‌رهات كه‌ بڕیار بوو ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر بیكاته‌وه‌؟

ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان: كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بنكه‌نه‌ په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌كاته‌وه‌، به‌دڵنیایه‌وه‌ ده‌یكاته‌وه‌، به‌ڵام كاتی‌ كردنه‌وه‌كه‌ی‌ ته‌نها لای‌ ئه‌مریكایه‌.