راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شەڕێکی نەرم لەکەرکوک

رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌، نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لەشاری کەرکوک کرایەوە. لەدوای زاڵبوونی چەکدارانی داعش لەبەشێکی پارێزگای کەرکوک لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەوە سێیەمین هەنگاوی عەمەلی هەرێمی…
24.10.2014  |  که‌رکووک

تورکمان‌و عەرەبی ئەو شارە خێرا ناڕەزاییان لەکردنەوەی ئەو نووسینگەیە راگەیاندو بەکارێکی نا دەستووریی وەسفیانکرد، بەڵام ناڕەزایی ئەوان درەنگ کەوت، چونکە کورد لەڕێی ئەوە نەوەستا تا بۆچوونی ئەوان وەربگرێت‌و لەبینایەکی گەورەدا نووسینگەکەی دامەزراندو کاروبارەکانی خۆی دەستپێکرد.

دوای ئەوەی سەرەتای مانگی حوزەیران هێرشی داعش لەموسڵەوە بەرەو کەرکوک درێژبۆوه‌و لەبەشی باشووری ئەو شارە چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵکرد، سوپای عێراق لەو دەڤەرە وەکو بەهاری ساڵی 2003 کاتێ ئەمریکاو هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر عێراق، بەیەکجار بڵاوەی لێکردو هەموو چەک‌و جبەخانەکانیان بەجێهێشت، هەرێمی کوردستان هەرزوو دەرفەتی لەو بۆشاییە هێناو هێزی پێشمەرگەی لەشوێنی سوپا هەڵاتووەکەی بەغدا جێگیرکرد. خەونێک کە لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن کورد دەیویست بەجێبەجێکردنی مادەی 140 بیهێنێتەدی.

بەجێگیربوونی پێشمەرگە لەکەرکوک‌و هاتنە ئارای چەکدارانی داعش، بەغدا لەهەرکاتێک زیاتر دەستی لەو شارە دابڕاو هەولێر کارتەکانی خۆی لەوێ جێگیرکرد تا لە داهاتوودا بەکاریان بێنێ. هاوکێشەکان زیاتر گۆڕان کاتێ مانگی تەممووز چەند پێشمەرگەیەک کە لەشاری هەولێر بەبڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان نێردرابوون، چوونە کێڵگەی نەوتی (بای حەسەن)و بەتەواوی کۆنترۆڵیان کرد. ئەو کێڵگەیە رۆژانە 300 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێ‌و یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکانی بەرهەمهێنان‌و هەناردنی نەوتی ئەو شارە.

سەرکردایەتی سیاسی کورد بەوەوە نەوەستا بەڵکو رۆژی 27ی حوزەیرانی 2014 مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای دیداری لەگەڵ (ویلیەم هێگ) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەشاری هەولێر رایگەیاند: "مادەی 140ی دەستوور جێبەجێكرا‌و كۆتایی پێهات‌‌و چیتر ئەو پرسە باسی ناكرێت". ئەوەیش وەکو ئاماژەدانێک بەکۆنترۆڵکردنی کەرکوک لەلایەن هێزی پێشمەرگە.

لەو رۆژەدا بارزانی وتی: "لە دە ساڵی رابردوو زۆر ئاراممان گرت تا حكومەتی ئیتیحادی چارەسەری ناوچە جێناكۆكەكان بكات بەپێی مادەی 140 بەڵام چاوەڕوانییەکان بێ سودبوون، ئێستا هێزەكانی حكومەت لەو ناوچانە كشاونەتەوە‌و بەجێیان هێشتوون، لەبەر ئەوە پێویست بوو هێزی پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانە‌و بیانپارێزێت تا نەكەونە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان، ئێستا بەلای ئێمەوە مادەی 140 جێبەجێكرا‌و كۆتایی پێهات لەمەودوا جارێكی تر باسی ئەو مادەیە ناكەمەوە."

ئێستا کە بەغدا لەسەره‌تای‌ كاری‌ حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌یدایه‌ بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، بەکردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان پرسی نزیککردنەوەی کەرکوکی خسته‌وه‌ رۆژه‌ڤ. بەڵام تورکمان‌و عەرەب لەو شارە دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە.

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو دوای کردنەوەی نووسینگەیان لەشاری کەرکوک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "ئەمە هەنگاوێکە بۆ جەختکردەوە لەکوردستانیی بوونی کەرکوک، ئێمە ئەم شارە بەبەشێک لەکوردستان دەزانین‌و دەمانەوێ لەڕێی ئەم نووسینگەوە، دەنگی پێکهاتە جۆر بەجۆرەکانی بگەیەنێتە پەرلەمان. ئێرە دەبێتە سەکۆی کەرکوکییەکان بەتورکمان‌و عەرەب‌و کوردەوە".

هەرچەندە سەرەتای مانگی ئەیلول (هادی عامری) فەرماندەی سوپای بەدر چووە شاری کەرکوک‌و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە رایگەیاند: "نابێ بەتەنیا هێزی پێشمەرگە لەكەركوكدا بمێنێتەوەو ڕێگە نادەین پێشمەرگە بێ‌ هەماهەنگیی لەگەڵ سوپای‌ عێراق، لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بەمجۆرەی ئێستا بمێننەوە."

بەگشتی شەقامی سیاسی عەرەب‌و تورکمان نەیانتوانیوە وەکو پێشوو دەنگی ناڕەزایی بەرز بکەنەوە لەبەرامبەر هەنگاوە عەمەلییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەپرسی کەرکوک، بەرچاوترین هۆکار بوونی چەکدارانی داعشە لەدەوروبەری ئەو پارێزگایەو هەروەها ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو. ئەو دوو هۆکارە وایکردووە دەنگ‌و سەنگی کورد زۆر بەهێزتر لەساڵانی پێشوو ببینرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، تورکمانەکان (هەرچەندە ناڕەزاییان دەربڕیوە لەکردنەوەی نووسینگەی پەرلەمان لەکەرکوک) بەڵام لەژێرەوە داوایان کردووە لەکورد کە پشکی تورکمان لەو نووسینگەیەدا جیابکرێتەوە، بەو هەنگاوە کورد زیرەکانە دەتوانێ هاوهەڵوێستی تورکمان‌و عەرەب لەدژی خۆیان لێک هەڵبوەشێنێتەوەو پاڵپشتی زیاتر بۆ هەنگاوە عەمەلییەکانیان پەیدا بکەن.

کورد ئەمجارە بەمەرجی سێ مانگ مۆڵەتدان بەحکومەتەکەی عەبادی، بەشدارییان لەکابینەی تازە کردووە لەبەغدا، بەڵام رەنگە پرسی کەرکوک کە ئێستا بەفیعلی لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندایە، بێتە هۆی قەیرانێکی گەورە لەنێوان هەولێرو بەغداو لەئەگەری جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد کە سێ مانگیان بۆ داناوە یان جێبەجێنەکردنی، ئەوا کەرکوک ببێتە خاڵێکی بەهێز بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە تەنک‌و بێ متمانەکەی ئێستایان.

حکومەتی عێراق‌و چەکدارە میلیشیاکانی شیعە بەهاوکاری راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران، مانگی ئەیلول هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر شارۆچکەکانی ئامرلی‌و سلێمان بەگ لەباشووری رۆژهەڵاتی کەرکوک، ئەوان لەهێرشەکانیان سەرکوتووبوون‌و توانیان چەکدارانی داعش لەو دەڤەرانە دەرپەڕێنن. ئامانجی سەرەکی لەو هێرشە چڕو سەرکەوتووانە، کردنەوەی رێگای کەرکوک-بەغدایە کە هادی عامری لەسەردانەکەی بۆ کەرکوک، وەکو "مژدانە" کردنەوەی ئەو رێگایەی راگەیاند.

ئێستا پرسی کەرکوک لەژێر توێژاڵێکی تەنکدا سەری داپۆشراوەو لەژێرەوە بورکانێک دەگڕێت، لەنێوان هەولێرو بەغدا رۆژێک هەر دەتەقێتەوە کە دوور نییە چارەنووسی ناوچەکە بەتەواوی بگۆڕێت. کورد سوورە لەسەر ئەوەی کەرکوک بەشێکە لەکوردستان‌و سازش لەسەر ئەو مەبدەئە ناکەن، عەرەبی شیعەو سوننە لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی وەکو تورکیا و ئێران، هەرگیز بەوە رازی نابن، بۆیە شەڕێکی نەرم کە ئێستا بەڕێوە دەچێ چاودێران پێیان وایه‌ دەبێتە پاساو بۆ هەڵایسانی شەڕە راستەقینەکە کە جارێ دیار نییە براوەی یەکەم کێ دەبێ، چونکە نەیارەکانی کورد هێشتا گرفتارن بەناکۆکی تایفیی‌و مەزهەبییەوە.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌