راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گروپه‌ سوننه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ نێوان به‌رداشی‌ حكومه‌ت‌و داعشه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و داعشدا هێڵی‌…
16.10.2014  |  به‌غدا
Members of tribes in Anbar province with guns earlier this year: they plan to defend their own territory and remain neutral.
Members of tribes in Anbar province with guns earlier this year: they plan to defend their own territory and remain neutral.

نه‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و نه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌یانتوانی‌ وا له‌گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان بكه‌ن كه‌ پاڵپشتییان بكه‌ن بۆ شه‌ڕی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش، سه‌رجه‌م ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ش كه‌ له‌وپێناوه‌دا له‌هه‌ولێرو عه‌مانی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌رده‌ن به‌ڕێوه‌چوون، سه‌ره‌نجامه‌كه‌یان شكست بوو.

هه‌م ئه‌مه‌ریكاو هه‌م حكومه‌تی‌ عێراقیش باش ده‌زانن پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌س نییه‌ بۆ رووخاندنی‌ داعش، به‌ڵكو پێویستیان به‌هاوكاری‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی‌ سوننه‌یه‌ كه‌ خۆیان به‌میانه‌ڕه‌و ناوده‌به‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ تاكه‌ گروپن كه‌ به‌چه‌كه‌وه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ داعش ئاماده‌ییان هه‌یه‌.

له‌پارێزگا سووننه‌نشینه‌كان شه‌ش گروپی‌ چه‌كداری‌ سوننه‌ی‌ "میانه‌ڕه‌و" هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌"ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ شۆڕشگێڕان" كه‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوان ده‌یان عه‌شیره‌تی‌ سوننه‌یه‌، هه‌روه‌ها "سوپای‌ ئیسلامی‌"‌و "سوپای‌ موجاهیدین"‌و "كه‌تیبه‌كانی‌ سه‌وره‌ی‌ عه‌شیرین"‌و "پیاوانی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌"‌و "ئه‌نسار ئیسلام".

له‌وكاته‌ی‌ كه‌ سوپای‌ عێراق به‌زه‌بری‌ هێز كۆتایی‌ به‌خۆپیشاندانی‌ سوننه‌كان هێناو سه‌ربازێكی‌ زۆر چوونه‌ شاره‌ سوننه‌نشینه‌كانه‌وه‌، داعش سودی‌ له‌توڕه‌یی‌ خه‌ڵك‌و عه‌شیره‌ته‌كان بینی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ شاره‌كانه‌وه‌و هیچ یه‌كێك له‌و گروپانه‌ش رووبه‌رووی‌ نه‌وه‌ستانه‌وه‌.

پاش چه‌ند مانگێك له‌فه‌رمانڕه‌وایی‌ داعش به‌سه‌ر شاره‌كانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و موسڵ‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ به‌غدا، داعش داوایكرد سه‌رجه‌می‌ ئه‌و گروپانه‌ موبایه‌عه‌تی‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكرده‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ كێشه‌ له‌نێوانیاندا دروست بوو.

له‌كاتێكدا سوپای‌ عێراقی‌ چه‌ند مانگێكه‌ ده‌یه‌وێت شكۆی‌ خۆی‌ بگیڕێته‌وه‌و له‌شه‌ڕێكی‌ بێئه‌نجامدایه‌ له‌به‌رامبه‌ر داعش، له‌ناوخۆی‌ شاره‌كانیشدا داعش رووبه‌رووی‌ نه‌یاری‌ زۆر بووه‌ته‌وه‌و تائێستا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان چه‌ند كه‌سێكی‌ كوژراوه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا داعش به‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ داونه‌ته‌وه‌و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌ی‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ جیاواز كوشتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌حه‌ویجه‌ روویدا.

ته‌نانه‌ت هێرشه‌ ئاسمانییه‌ به‌رده‌وامه‌كان‌و ئه‌و چه‌كه‌ پێشكه‌وتووانه‌ی‌ دراون به‌سوپای‌ عێراقی‌‌و پێشمه‌رگه‌، به‌س نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ ئه‌منی‌ ره‌شید سامه‌رایی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات.

سامه‌رایی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌بێ‌ به‌شداری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان، شكستپێهێنانی‌ داعش كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌، ئه‌و گروپانه‌ له‌ناوخۆی‌ شاره‌كان دۆستی‌ زۆریان هه‌یه‌و شاره‌زان له‌به‌كارهێنانی‌ چه‌كداو ده‌زانن داعش چۆن جموجۆڵ‌ ده‌كات".

ئه‌م گروپانه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م چه‌ندین كێشه‌دان، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ چه‌كی‌ پێویستیان نییه‌و به‌ته‌نهاش له‌توانایاندا نییه‌ رووبه‌رووی‌ داعش ببنه‌وه‌، له‌وه‌ش ده‌ترسن هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراقدا ببه‌ستن، نه‌وه‌ك سبه‌ینێ‌ پشتیان تێبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر سه‌حوه‌كانی‌ هێنا، كاتێك مالیكی‌ به‌هه‌موو هێزو توانایه‌وه‌ له‌دژیان وه‌ستایه‌وه‌.

ناڕۆشنییه‌كی‌ زۆر له‌كاری‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كاندا هه‌یه‌، به‌رپرسه‌كانیان خۆیان له‌وه‌ ده‌پارێزن كه‌ له‌راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌ربكه‌ن، ته‌نها چالاكیی‌و به‌یاننامه‌كانیان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و وێبسایته‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆیشیان باسی‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان له‌دژی‌ كوشتنی‌ هه‌ڕه‌مه‌كین‌و خۆیان به‌دوژمنی‌ داعش ده‌زانن.

نیقاش توانی‌ لێدوانی‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ "سوپای‌ موجاهیدین" وه‌ربگرێت به‌ناوی‌ ئه‌بو سه‌میر ئه‌لوجومه‌یلی‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ گروپه‌كه‌یه‌ له‌ئه‌نبار، ئه‌بو سه‌میر وتی‌ "كاره‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌دژی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلین له‌ناو به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌، هه‌روه‌ك چۆن سیاسه‌ته‌ تایفییه‌كانی‌ حكومه‌تیش دژی‌ سوننه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

به‌قسه‌ی‌ ئه‌لجومه‌یلی‌ ئێستا ئه‌و گروپه‌ سوننییانه‌ له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌دان كه‌ یه‌ك له‌یه‌ك قورسترین، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت بچنه‌ پاڵ‌ حكومه‌ت یاخود پاڵ‌ داعش، بۆیه‌ بڕیاریانداوه‌ به‌بێلایه‌نی‌ بمێننه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ داعش‌و حكومه‌ته‌وه‌ شاره‌ سوننه‌كان وێرانبوون، ده‌مانه‌وێت ئاوه‌دانیان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌، ساڵی‌ 2006 هاوكاری‌ حكومه‌تمان كرد بۆ ده‌ركردنی‌ قاعیده‌، به‌ڵام حكومه‌ت كه‌وته‌ شوێنمان‌و سه‌ركرده‌كانی‌ ده‌ستگیركردین، هاوپه‌یمانێتیش له‌گه‌ڵ‌ داعش له‌لای‌ ئێمه‌ كارێكی‌ ره‌تكراوه‌یه‌".

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ناو باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، ئه‌و دانوستانه‌ نهێنیانه‌ی‌ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو سه‌ركرده‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌نێوه‌ندگیری‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی‌‌و كوردییه‌كان، تائێستا به‌زه‌حمه‌ت ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و راوێژكارانه‌ی‌ واشنتۆن ناردونی‌ بۆ به‌غدا له‌پێناو هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژه‌نه‌راڵ‌ جۆن ئالین سه‌رۆكی‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵی‌ داوه‌ په‌یوه‌ندی‌ ببه‌ستێت له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێكانی‌ له‌گروپ‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان، كاتێك كه‌ له‌ئه‌نبار وه‌ك ژه‌نه‌راڵێكی‌ سه‌ربازی‌ كاریكردووه‌، به‌ڵام تووشی‌ سه‌رسوڕمان بوین كه‌ بیستمان زۆربه‌یان هاوكاریكردنمان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێستا ئه‌و سه‌ركردانه‌ به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق په‌رته‌وازه‌ بوون".

سێ‌ مانگی‌ ره‌به‌قه‌ له‌هه‌ولێرو عه‌ممانی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌رده‌ن دانوستانی‌ نهێنی‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ عێراق‌و سه‌ركرده‌ی‌ گروپه‌ سوننییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌سه‌ر خواستی‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و گفتوگۆیانه‌ شكستیان هێناوه‌.

دیارترین ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی‌ دانوستانه‌كان بوونی‌ ئه‌و میلیشیا شیعانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپا چوونه‌ته‌ شاره‌ سوننه‌نشینه‌كان، له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د زه‌وبه‌عی‌ یه‌كێك له‌سه‌كرده‌كانی‌ "كه‌تیبه‌كانی‌ سه‌وره‌ی‌ عه‌شرین" به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت حكومه‌ت میلیشیا شیعه‌كان له‌شاره‌كانمان بباته‌ ده‌ره‌وه‌و بۆردومانی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌ بێگوناهه‌كه‌ رابگرێت‌و قه‌ره‌بووی‌ ئاواره‌كان بكاته‌وه‌و سوپاش بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كان".

حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ هه‌وڵیدا ئه‌و داخوازییانه‌ جێبه‌جێ‌ بكات‌و بڕیاریدا بۆردومانی‌ سه‌ر شاره‌كان رابگیرێن، به‌ڵام زۆری‌ نه‌خایاند ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك نه‌یتوانی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌شاره‌ سوننه‌كان پاشه‌كشه‌ پێبكات، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ زه‌وبه‌عی‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ عه‌بادی‌ خێری‌ ناوێت بۆ شاره‌ سووننه‌نشینه‌كان.

زه‌وبه‌عی‌ ده‌ڵێت "داعش‌و میلیشیا شیعه‌كان هه‌ردوولا تیرۆریستن، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ میلیشیاكان بین دژی‌ داعش، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ نا لۆژیكه‌، ئه‌وه‌ی‌ روویاوه‌ له‌واقیعدا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ‌ له‌گروپه‌ سوننه‌كان پشتیوانی‌ داعشیان كردووه‌ دژی‌ میلیشیا شیعه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا سوننه‌ن".

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زه‌وبه‌عی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌ناو شاره‌ سوننه‌نشینه‌كاندا ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی‌ سوننه‌ شوێنگه‌وتوویه‌كی‌ زۆریان هه‌یه‌، ناوه‌ ناوه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ دروستكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌، دواهه‌مین بڕیاریشیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پاڵپشتی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌كه‌ن دژی‌ داعش، هه‌روه‌ها هاوكاری‌ داعشیش نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوپاو میلیشیا شیعه‌كان هێرشیان كرد، ئه‌وا رووبه‌روویان ببنه‌وه‌.

دیارترین ئه‌و ناوچه‌ ستراتیژیانه‌ی‌ له‌ده‌ست گروپه‌ چه‌كداره‌ سوننه‌كانه‌وه‌یه‌ بریتییه‌ له‌سنوری‌ به‌غدا له‌لای‌ باكورو خۆرئاواو باشووره‌وه‌، له‌وێ‌ ئه‌وان له‌حاڵه‌تی‌ به‌رگریدان، به‌ڵام له‌و ناوچانه‌ داعش په‌لاماری‌ سوپاو میلیشیاكان ده‌دات.

ئه‌مڕۆ شاره‌ سوننه‌نشینه‌كان بوونه‌ته‌ مه‌یدانی‌ شه‌ڕێكی‌ جیهانی‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ رۆژانه‌ خوێندنگاو پردو باڵه‌خانه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان وێران ده‌بن‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ ئاواره‌ ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌لجومه‌یلی‌‌و زه‌وبه‌عیش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن له‌ئاسۆدا هیچ چاره‌سه‌ك به‌دی‌ ناكه‌ن.