راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌قینه‌وه‌ رۆژانی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ له‌خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا حه‌رامكردووه‌

ئیبراهیم ئەلجبوری
رۆژێكی‌ پێنج شه‌ممه‌ تێپه‌ڕ نابێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا گوێیان له‌ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك نه‌بێت،…
2.10.2014  |  كه‌ربه‌لا
Pilgrims at a shrine in Karbala, a conservative town where locals are being terrorised by sound bombs.
Pilgrims at a shrine in Karbala, a conservative town where locals are being terrorised by sound bombs.

له‌و كاته‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق رووبه‌رووی‌ لایه‌نگرانی‌ سه‌رخی‌ (پیاوی‌ ئاینی‌ شیعه‌) بوونه‌ته‌وه‌، ئیتر كه‌ربه‌لا ئارامی‌ لێبڕاوه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌دانیشتووانی‌ ئه‌و شاره‌ بێ‌ دوودڵی‌ په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ لایه‌نگرانی‌ ئه‌و پیاوه‌ ئاینییه‌ شیعییه‌ راده‌كێشن‌و خه‌تای‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆ كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ته‌نها بۆمبی‌ ده‌نگییه‌، هه‌ندێكی‌ تریش پێیان وایه‌ ئێستا كه‌ربه‌لا سنوری‌ به‌رووی‌ داعشدا كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپه‌ دزه‌یان كردووه‌ته‌ شاره‌كه‌ بۆیه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئاوهای‌ لێهاتووه‌.

سه‌رخی‌ كه‌ پیاوێكی‌ دیاری‌ ئاینی‌ شیعه‌یه‌ نه‌یارێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ ئێرانی‌‌و عێراقییه‌، سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ره‌مه‌زانی‌ رابردوو پۆلیس‌و سوپای‌ عێراقی‌ په‌لاماری‌ بنكه‌و باره‌گاكانیانداو خۆی‌ دیار نه‌ما، له‌م كه‌ین‌و به‌ینه‌دا چه‌ندین كه‌س له‌هه‌ردوولا كوژران یان بریندار بوون، سه‌رجه‌م بنكه‌و باره‌گاكانی‌‌و ماڵه‌كه‌ی‌ سه‌رخیش ته‌قێندرایه‌وه‌و چه‌ند جێگه‌یه‌كی‌ تر سوتێنران.

عه‌قید حه‌یده‌ر تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان له‌كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ كه‌ زۆرینه‌یان ته‌نها ده‌نگ بوون له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ جیاواز ئه‌نجامدراون، له‌وانه‌ شه‌قامی‌ موسه‌یه‌م ته‌مار له‌ناوه‌راستی‌ شار كه‌ پێنج جار له‌سه‌ر یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی‌ تیا ئه‌نجامدراوه‌و هه‌ر پێنج جاره‌كه‌ش له‌رۆژانی‌ پێنجشه‌ممه‌دا بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ له‌ناوخۆدا دروست ده‌كرێن‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌خرێنه‌ زبڵدانه‌وه‌، ئینجا له‌دووره‌وه‌ به‌كۆنترۆڵ‌ ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانیش له‌شوێنی‌ وه‌ستانی‌ ئۆتۆمبێلدا ئه‌نجام ده‌درێن.

له‌گه‌ڵ‌ به‌رنه‌گرتن له‌م حاڵه‌تانه‌ هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌ خه‌تا ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان‌و به‌كه‌مته‌رخه‌میان ده‌زانن، زۆركه‌سیش هه‌ن كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت ته‌نها له‌كاری‌ لایه‌نگرانی‌ سه‌رخی‌ ده‌چێت.

عه‌لا سابت كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ كه‌ربه‌لایه‌ پێی وایه‌ هه‌موو ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌ی‌ سه‌رخییه‌وه‌ ده‌كرێن وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك دژی‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ كرایه‌ سه‌ریان.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ كه‌ربه‌لا بڕیارێكی‌ ده‌ركرد به‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی‌ گروپی‌ سه‌رخی‌، ئه‌وانه‌شی‌ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كه‌ن رووبه‌رووی‌ دادگا ده‌كرێنه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ "بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بیروبۆچوونی‌ توندڕه‌وانه‌".

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌منی‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیویانه‌ كارگه‌یه‌كی‌ دروستكردنی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌‌و بۆمبی‌ ده‌نگی‌ له‌یه‌كێك له‌باره‌گاكانی‌ سه‌رخیدا بدۆزنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌ زیاد بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سێكی‌ وه‌ك پارێزه‌ر سه‌فا رازی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات هه‌مووی‌ له‌ژێر سه‌ری‌ داعشدایه‌، بۆچوونی‌ وایه‌ ئه‌ندامانی‌ داعش خۆیان تێكه‌ڵی‌ ئاواره‌كان كردووه‌ كه‌ له‌ره‌مادی‌‌و فه‌لوجه‌و ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ چوونه‌ته‌ شاره‌كه‌.

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ داعشیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ به‌ناوی‌ ئاواره‌وه‌ چوونه‌ته‌ شاره‌كه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ سه‌فا داوا ده‌كات ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان زیاتر له‌ئاواره‌كان بكۆڵنه‌وه‌.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌چه‌ند په‌یجێكی‌ فه‌یسبووك گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ندامێكی‌ داعش له‌ناوچه‌ی‌ نزیك مه‌زارگه‌كانی‌ حوسه‌ینییه‌و عه‌باسییه‌ بێت كه‌ پارێزراوترین شوێنی‌ كه‌ربه‌لان، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڤیدیۆیه‌ راست بێت ئه‌وا په‌یامێكه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كه‌ ده‌ستی‌ ده‌گاته‌ مه‌زارگه‌كانیش.

ئێستا زیاتر له‌هه‌شتا هه‌زار ئاواره‌ له‌كه‌ربه‌لا نیشته‌جێبوون، سه‌رجه‌میشیان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ناوچه‌ گه‌رمه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون، خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ش ترسیان له‌وه‌یه‌ كرانه‌وه‌ی‌ سنوری‌ كه‌ربه‌لا به‌دیوی‌ فه‌لوجه‌و ره‌مادی‌ رێگه‌ خۆش بكات بۆ دزه‌كردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعش.

خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ شاره‌كه‌ پێیان وایه‌ شكستهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ پشكنین‌و نه‌بوونی‌ زانیاری‌ هه‌واڵگری‌‌و لاوازی‌ خاڵه‌كانی‌ پشكنین هه‌موویان هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ دزه‌ بكاته‌ ناو كه‌ربه‌لاو ئێستا هه‌موو پێنجشه‌ممه‌یه‌ك دڵی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ دابخورپێنێت.

دایكی‌ ئه‌حمه‌د یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌وه‌ جه‌رگی‌ سوتاوه‌، ئه‌و به‌ر له‌سێ‌ هه‌فته‌ تاقه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ ناوچه‌ی‌ (موسه‌یه‌م ته‌مار) تیاچووه‌، به‌دڵێكی‌ پڕه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر بێده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وان نه‌بێت رۆڵه‌كانی‌ ئێمه‌ش وایان لێنایه‌ت".

ئه‌و هیواداره‌ زوو به‌فریای‌ شاره‌كه‌وه‌ بێن‌و دایكانی‌ تریش وه‌ك ئه‌و جه‌رگ سووتاو نه‌بن، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت نایه‌وێت هیچ پێنجشه‌ممه‌یه‌كی‌ تر به‌ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ به‌ئاگا ببێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌