راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ موسڵ‌ له‌سوپا هه‌ڵدێن‌و ده‌چنه‌ پاڵ‌ پێشمه‌رگه‌

عەبدولخالق دۆسکی
"هه‌ر كه‌ بینیم سوپای‌ عێراقی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شه‌نگال هه‌ڵدێت‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌داعش ده‌سپێرێت،…
10.07.2014  |  دهۆك
A soldier from the Iraqi Kurdish military, also known as the Peshmerga.
A soldier from the Iraqi Kurdish military, also known as the Peshmerga.

Tweet
//

شه‌مۆ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ربازه‌ هاوڕێكانی‌ كه‌ وه‌ك ئه‌و له‌كه‌مایه‌تییه‌كانن، پاش كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراق له‌ده‌وروبه‌ری‌ شه‌نگال په‌یوه‌ندییان به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌و خۆبه‌خشانه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان كارده‌كه‌ن.

شه‌مۆ ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌هاوڕێكانم له‌سوپای‌ عێراقی‌، له‌لای‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك خۆبه‌خش ناوی‌ خۆمان تۆماركردووه‌ بۆ پاراستنی‌ گونده‌كانمان، چونكه‌ ئێمه‌ ئێزدین‌و داعش ده‌یه‌وێت له‌ناومان ببات، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌ڵێنی‌ پاراستنی‌ ناوچه‌كانی‌ ئێمه‌و ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌كانی‌ داوه‌".

له‌قه‌زای‌ شێخانیش كه‌ زۆربه‌ی‌ گونده‌ شه‌به‌كه‌كان له‌وێن، به‌سه‌دان گه‌نجی‌ شه‌به‌ك له‌ناو لیستی‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا ناوی‌ خۆیان تۆماركردووه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ حسێن جومعه‌ی‌ ته‌مه‌ن 37 ساڵه‌، جومعه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا به‌ده‌یان هاوڵاتی‌ شه‌به‌ك بوونه‌ قوربانی‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كان، ئێستاش كه‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ر موسڵدا گرتووه‌، مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌رمان زیادكردووه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێمه‌ شیعه‌ین، بۆیه‌ به‌خۆبه‌خش له‌لای‌ پێشمه‌رگه‌ خۆم ناونووس كردووه‌".

جومعه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ نزیكه‌ی‌ 50 گوندی‌ شه‌به‌كنشین كه‌وتوونه‌ته‌ سنوری‌ پارێزگای‌ موسڵه‌وه‌و ئێستا مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌هاوكاری‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌ركی‌ پاراستنیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانی‌ خۆیان.

ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ قه‌زای‌ حه‌مدانیه‌ش راسته‌، چونكه‌ له‌وێش به‌ده‌یان هاوڵاتی‌ مه‌سیحی‌ خۆبه‌خشانه‌ چوونه‌ته‌ پاڵ‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، سرگۆن یوسف یه‌كێكه‌ له‌و خۆبه‌خشانه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ موسڵ‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش ژماره‌یه‌ك ماڵی‌ مه‌سیحی‌ سوتێنران‌و هه‌ندێكی‌ تریان كرانه‌ باره‌گای‌ داعش، ئێمه‌ش نامانه‌وێت هه‌مان ده‌ردمان به‌سه‌ر بێت، بۆیه‌ خۆبه‌خشانه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌كه‌مان ده‌پارێزین".

یوسف ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هۆكارێكی‌ تر هه‌بووه‌ له‌وه‌ی‌ وه‌ك خۆبه‌خش له‌لای‌ پێشمه‌رگه‌ خۆیان نانووس بكه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی‌ كار له‌ناوچه‌كه‌دا كه‌م بووه‌ته‌وه‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌پێشمه‌رگه‌ وه‌ریده‌گرن بۆ ئه‌وان زۆر باشه‌، له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "له‌حه‌مدانیه‌ به‌زه‌حمه‌ت هه‌لی‌ كار ده‌ست ده‌كه‌وێت، سێ‌ ساڵه‌ زانكۆم ته‌واوكردووه‌ كه‌چی‌ هیچ كارێكم ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، به‌و هیوایه‌م به‌كاركردنم له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌ موچه‌یه‌كی‌ باش چنگ بخه‌م".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ غه‌زوان حامد نوێنه‌ری‌ شه‌به‌ك له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا به‌"نیقاش"ی‌ وت "نزیكه‌ی‌ هه‌زار گه‌نجی‌ شه‌به‌ك له‌لای‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك خۆبه‌خش ناوی خۆیان تۆماركردووه‌، ره‌نگه‌ له‌ئاینده‌دا سوودیان لێ‌ ببینرێت".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ مه‌یسه‌ر حاجی‌ قایمقامی‌ قه‌زای‌ شه‌نگال به‌"نیقاش"ی‌ وت "شه‌ش هه‌زار كه‌س به‌خۆبه‌خش ناوی‌ خۆیان تۆماركردووه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ش سه‌ربازانی‌ هه‌ڵاتووی‌ سوپای‌ عێراقین".

مه‌یسه‌ر ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ هێشتا ده‌رگای‌ ناونووسین كراوه‌یه‌و رۆژانه‌ گه‌نجانی‌ ئێزدی‌‌و كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ تر ناوی‌ خۆیان تۆمارده‌كه‌ن، به‌قسه‌ی‌ ئه‌و "هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ خۆبه‌خشی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ترسیان له‌هاتنی‌ داعش بۆ ناوچه‌كانیان".

جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژو ئه‌مینداری‌ گشتی‌ پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌و پارێزگاری‌ له‌خه‌ڵك‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌كات.

یاوه‌ر له‌باره‌ی‌ ناونوسینی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ك خۆبه‌خش ده‌ڵێت "ئێمه‌ هێزی‌ پێویستی‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه‌و ده‌رگای‌ دامه‌زراندنمان نه‌كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ بۆ خۆمان كێشه‌ی‌ گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ‌ نه‌دانی‌ موچه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌غدا بڕیوێتی‌".

جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ خۆبه‌خشانه‌ پشتیوانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هیچ كه‌سێكمان دانه‌مه‌زراندووه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌ پێویستمان به‌پێشمه‌رگه‌ی‌ زیاتره‌و نه‌ پاره‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاترمان پێ‌ دابین ده‌كرێت".