راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانی‌ موسڵ‌ له‌ده‌ست داعش ده‌رباز نابن

تایبه‌ت
عه‌بدوڵا ئیسماعیل كه‌ پسپۆڕی‌ كه‌له‌پورییه‌وه‌ به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ باس له‌و بارودۆخه‌ ده‌كات كه‌ به‌سه‌ر موسڵدا…
27.06.2014  |  موسڵ
The Mosque of the Prophet Yunus in Mosul.
The Mosque of the Prophet Yunus in Mosul.

Tweet
//

عه‌بدوڵا له‌كاتێكدا ئه‌م قسانه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆنترۆڵكردنی‌ موسڵ‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ كه‌وته‌ تێكدانی‌ په‌یكه‌رو مه‌زارگا ئاینییه‌كان به‌و بیانووه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شی‌ په‌یداكردنه‌ بۆ خودا.

یه‌كێك له‌و په‌یكه‌رانه‌ی‌ داعش له‌رۆژی‌ 19ی‌ حوزه‌یران لایاندا په‌یكه‌ری‌ شاعیری‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌بو ته‌مام بوو كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ باب توبی‌ ناوه‌ندی‌ موسڵ‌، هه‌ر له‌نزیك ئه‌و په‌یكه‌ره‌ به‌شۆفڵێك مه‌زارگه‌یه‌كی‌ دێرینیان راماڵی‌ كه‌ به‌"قه‌بر ئه‌لبنت" ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ په‌یكه‌ری‌ مۆسیقارو شاعیری‌ به‌ناوبانگی‌ موسڵ‌ مه‌لا عوسمان موسڵی‌.

عه‌بدوڵا پێی‌ وایه‌ له‌بردنی‌ ئه‌م په‌یكه‌رو شوێنه‌وارانه‌ نامه‌یه‌كه‌ داعش ده‌ینێرێت بۆ ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی‌ تا بوونی‌ خۆی‌ بسه‌لمێنێت، هه‌روه‌ك ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت له‌كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ تێبگات به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌، بۆیه‌ ده‌پرسێت "باشه‌ په‌یكه‌ری‌ ئاشوری‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ‌، ئه‌ویش هاوبه‌شی‌ په‌یداكردن نییه‌ بۆ خودا، ئه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ لانابه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ره‌تا به‌و په‌یكه‌رانه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن كه‌ له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ ئازیزن، كه‌چی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا كه‌س ده‌نگی‌ لێوه‌ نه‌هات".

داعش به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو رۆژی‌ دواتر په‌یكه‌ری‌ مه‌ریه‌میان له‌سه‌ر كه‌نیسه‌ی‌ پاكیزه‌ له‌ناوچه‌ی‌ شیفا لابرد، له‌گه‌ڵ‌ مه‌زارگه‌ی‌ شێخ فه‌تحی‌، به‌ڵام له‌پڕ له‌به‌رده‌ مه‌زارگه‌ی‌ شێخ باهیردا وه‌ستان‌و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام نه‌بوو، ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مه‌زاری‌ پێغه‌مبه‌ران یونس‌و جه‌رجیس‌و شیت تێكده‌ده‌ن كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو سێ‌ به‌ناوبانگترین مزگه‌وتی‌ شاره‌كه‌وه‌.

فه‌رمانبه‌رێكی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ نه‌ینه‌وا له‌لێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌ی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و وێنانه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ شكاندنی‌ په‌یكه‌ری‌ ئاشووره‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌مۆزه‌خانه‌ی‌ موسڵ‌ راست نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ وێنه‌ی‌ په‌یكه‌رێكی‌ تره‌ له‌سوریا.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌دوور نه‌زانی‌ داعش ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ تێك بدات، چونكه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر مۆزه‌خانه‌داو تۆماری‌ هه‌موو پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی‌ له‌به‌ر ده‌ستدایه‌، له‌خاڵی‌ سیانزه‌هه‌می‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ش كه‌ ده‌ریانكردووه‌و ناویان لێناوه‌ "جاڕنامه‌ی‌ شار" به‌روونی‌ باسكراوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو په‌یكه‌ره‌كان تێك بشكێنرێت.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند چه‌ند ده‌ستنوسێكی‌ به‌نرخ له‌كتێبخانه‌ی‌ گشتی‌ ناوچه‌ی‌ فه‌یسه‌ڵییه‌ دیار نه‌ماون، ئه‌و ده‌ستنوسانه‌ش نوسراوی‌ ئاینین كه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زو پێست نوسراون‌و تیایاندایه‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌گاته‌ 800 ساڵ‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ‌ كتێبخانه‌ی‌ ئه‌وقافیش دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌.

فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "چه‌كدارانی‌ داعش بینراون كه‌ خۆیان ده‌ستنوسه‌كانیان بردووه‌، ته‌نها ئه‌وانیش ده‌توانن كارێكی‌ وابكه‌ن، چونكه‌ به‌پێی‌ جاڕنامه‌كه‌ی‌ خۆیان هه‌ركه‌سێك دزی‌ بكات ده‌ستی‌ ده‌بڕنه‌وه‌".

هه‌تا ئێستا نازانرێت ژماره‌ی‌ ئه‌و ده‌ستنوس‌و پارچه‌ شوێنه‌وارانه‌ چه‌ندن كه‌ دیار نه‌ماون، چونكه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كان ده‌وام ناكه‌ن‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ مۆزه‌خانه‌و كتێبخانه‌كانیش له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن.

غانم عابدو وته‌بێژی‌ مانگرتوانی‌ گۆڕه‌پانی‌ ئه‌حرار به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند هێشتا په‌یكه‌ره‌كان نه‌شكێندراون، به‌ڵكو گوێزراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ تر، ئه‌مه‌ش ئه‌و زانیارییه‌یه‌ كه‌ شێخ جه‌مال عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ گروپی‌ چه‌كداری‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ پشت راستی‌ كرده‌وه‌و وتی‌ "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ته‌نها ئه‌و چه‌ند په‌یكه‌ره‌ی‌ گرته‌وه‌ كه‌ له‌شوێنه‌ گشتییه‌كاندابوون‌و له‌به‌ر چاوی‌ خه‌ڵكدابوون".

شوێنه‌وارناسانی‌ نه‌ینه‌وا دڵگرانن له‌م هه‌نگاوانه‌و پێیان وایه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ مێژووی‌ حه‌وت هه‌زار ساڵی‌ ئه‌و پارێزگایه‌، پێشیان وایه‌ بێده‌نگیكردن له‌و كارانه‌ واده‌كات داعش به‌رده‌وام بێت پارچه‌كانی‌ ناو شاری‌ دێرینی‌ حه‌زرو شاری‌ مێژوویی‌ نه‌مرودو مۆزه‌خانه‌ی‌ كه‌له‌پوری‌ له‌ناو ببات كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دواهه‌مینیان دووه‌م كۆنترین‌و گه‌وره‌ترین مۆزه‌خانه‌یه‌و ساڵی‌ 1951 كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و شوێنه‌وارناسانه‌ ترسیان له‌وه‌یه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ شاراوه‌كانیش بگرێته‌وه‌ وه‌ك گردۆڵكه‌ی‌ تل قینجوق كه‌ چه‌ندین پارچه‌ شوێنه‌واری‌ له‌ژێردایه‌، هه‌روه‌ها مه‌ترسیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر مۆزه‌خانه‌ی‌ كه‌له‌پوری‌ ناو زانكۆی‌ موسڵ‌.

مامۆستایه‌كی‌ زانكۆ كه‌ گرنگی‌ به‌پارچه‌ شوێنه‌واره‌كان ده‌دات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ خێرا پۆلیس‌و سوپا هه‌ڵهاتوون كه‌ نه‌توانراوه‌ هیچ شتێك ده‌رباز بكرێت‌و وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت هه‌ر له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ گروپه‌ مافیاكان له‌موسڵ‌ بازرگانی‌ به‌پارچه‌ شوێنه‌واره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ زانكۆ كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ وتی‌ "ده‌بێت داعش تێبگه‌ن سه‌رده‌می‌ بتپه‌رستی‌ به‌سه‌رچووه‌، بڕواهێنانی‌ ئه‌وان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌، تاكه‌ رێگایه‌ بۆ پاراستنی‌ مێژوو شارستانێتی‌ نه‌ینه‌وا".