راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گونده‌ مه‌سیحییه‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن په‌تاكه‌ی‌ موسڵ‌ بیانگرێته‌وه‌

عەبدولخالق دۆسکی
"هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌موسڵه‌وه‌ دورین‌و پێشمه‌رگه‌ش له‌نزیك گونده‌كه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌ترسین وه‌ك…
24.06.2014  |  دهۆك
A Christian church in Mosul.
A Christian church in Mosul.

Tweet
//

گورگریس له‌گوندی‌ تلقسوفی‌ مه‌سیحینشیندا ده‌ژی‌ كه‌ 30 كیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی‌ موسڵه‌وه‌ دووره‌، له‌باره‌ی‌ مه‌ترسی‌ سه‌ر مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ وتی‌ "به‌ده‌یان خێزانی‌ مه‌سیحی‌ له‌موسڵه‌وه‌ هه‌ڵاتن‌و روویان له‌گونده‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كرد، به‌شێكیشیان چوونه‌ توركیاو له‌چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌دان له‌یه‌كێك له‌وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ بكه‌ن، چونكه‌ ته‌واو بێزاربوون له‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ له‌كۆڵیان نابێته‌وه‌".

ماریانی‌ كچی‌ گورگیس كه‌ خوێندكاری‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ بوو، هه‌ر كه‌ داعش گه‌یشته‌ ناو شاره‌كه‌ به‌په‌له‌ ئه‌وێی‌ جێهێشت، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌تا ئێستاش ترس له‌دڵمایه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌زانم ئه‌و گروپه‌ مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، له‌یوتیوبیش چه‌ند ڤیدیۆیه‌كم بینیوه‌ كه‌ چۆن داعش ده‌ستدرێژی‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچانی‌ مه‌سیحی‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت ئارامی‌ له‌موسڵ‌ به‌رقه‌رار بێت، ئێمه‌ له‌م گونده‌ دووره‌ ده‌سته‌ش به‌رده‌وام ده‌ترسین، خه‌ممانه‌ له‌پڕ شه‌وێك داعش بێته‌ سه‌رمان وه‌ك چۆن په‌لاماری‌ موسڵیاندا".

ئێستا گوندی‌ پیرۆزئاڤای‌ مه‌سیحینشین پڕبووه‌ له‌و هاوڵاتییه‌ مه‌سیحیانه‌ی‌ له‌موسڵ‌ هه‌ڵهاتوون‌و له‌لای‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان گیرساونه‌ته‌وه‌، له‌نێو ئه‌وانه‌شدا خێزانی‌ هێنری‌ بۆلس هه‌یه‌ كه‌ پێشتر دانیشتووی‌ گه‌ڕه‌كی‌ شیفای‌ موسڵ‌ بوون.

بۆلس ده‌ڵێت "كه‌ هاتووینه‌ته‌ ئێره‌ش هێشتا ترسمان هه‌یه‌ چه‌كداره‌كان په‌لامارمان بده‌ن، له‌وێ‌ هه‌موو ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆمان جێهێشتووه‌‌و هه‌ڵهاتووین، ئێستاش داوام له‌كوڕه‌كه‌م كردووه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێك پاره‌مان بۆ بنێرێت تا له‌عێراق بچینه‌ ده‌ره‌وه‌و روو له‌یه‌كێك له‌وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان بكه‌ین".

له‌ناحیه‌ی‌ ئه‌لقوش كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ مه‌سیحین، مه‌تی‌ سلێوه‌ له‌یه‌كێك له‌چایخانه‌كان دانیشتبوو باسی‌ ترسی‌ مه‌سیحییه‌كانی‌ ده‌كردو وتی‌ "ره‌نگه‌ هه‌ركاتێك بێت به‌خه‌یاڵیاندا په‌لامارمان بده‌ن، شه‌وانه‌ به‌نۆره‌ ئێشكمان ده‌گرت نه‌وه‌ك شتێك رووبدات، تا ژماره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌ ناحیه‌كه‌و ترسمه‌كه‌مان ره‌وییه‌وه‌".

ئاشور گورگیس سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئاشوری‌ خێرخوازی‌ له‌عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ (2500) خێزانی‌ مه‌سیحی‌ له‌موسڵدا ده‌ژیان‌و زیاتر له‌ نۆ سه‌د خێزانیان ئێستا به‌ره‌و گونده‌ مه‌سیحینشینه‌كان هه‌ڵهاتوون وه‌ك حه‌مدانیه‌و كرملیس‌و تلسقوف‌و تلكێف‌و ئه‌لقوش، به‌شێكی‌ تریشیان چوونه‌ته‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "چه‌كداره‌كان ماڵی‌ چه‌ندین خێزانی‌ مه‌سیحییان سوتاندووه‌و به‌شێكیشیان كردووه‌ته‌ باره‌گای‌ خۆیان، هه‌ر كه‌ گه‌یشتنه‌ ناو شاره‌كه‌ش كه‌نیسه‌ی‌ ئه‌رمه‌نیان گڕ تێبه‌ردا".

ئاشور ده‌ڵێت "ئێستا گونده‌ مه‌سیحییه‌كان بووه‌ته‌ هێڵی‌ ته‌ماسی‌ موسڵ‌ كه‌ ئێستا داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گرتووه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ترسن ئه‌و گروپه‌ په‌لاماری‌ ئه‌وانیش بدات".

فه‌رید یه‌عقوب به‌رپرسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ ئاشوری‌ له‌دهۆك باس له‌وه‌ ده‌كات به‌پێی‌ یاساكانی‌ داعش له‌موسڵ‌ "جزیه‌" به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كاندا ده‌سه‌پێت (بڕێك پاره‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ موسوڵمان نین)، ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا خه‌ڵكه‌ مه‌سیحییه‌كه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ‌ ترسیان لێ نیشتووه‌ ئه‌و په‌تایه‌ بگاته‌ ئه‌وانیش.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ماجید ئیلیا وته‌بێژی‌ پارتی‌ نیشتیمانی‌ ئاشوری‌ له‌دهۆك پێی‌ وایه‌ بوونی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گونده‌ مه‌سیحییه‌كان بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ترسی‌ خه‌ڵكه‌ مه‌سیحییه‌كه‌ كه‌م ببێته‌وه‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت ژماره‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا زیاتر بكرێت".

سه‌ربه‌ست باپیر به‌رپرسی‌ ناوچه‌ی‌ سنجاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانه‌كه‌ی‌ موسڵ‌ ژماره‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌روبه‌ری‌ ئه‌و شاره‌ زیاد كران، به‌تایبه‌تی‌ له‌قه‌زاكانی‌ سنجارو تلكێف‌و حه‌مدانیه‌و شێخان كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پێكهاتوون له‌مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ سوپا له‌موسڵ‌ كشایه‌وه‌.

باپیر به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا چڕكراوه‌ته‌وه‌و له‌م رۆژانه‌دا چه‌ند رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردولادا روویداوه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 12 پێشمه‌رگه‌ له‌نێو شه‌هیدو برینداردایه‌".

باپیر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و رێگه‌ نادات بكه‌ونه‌ ده‌ست داعش‌و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ژیانی‌ مه‌سیحی‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك پارێزراو ده‌بێت.

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌ڵام هێشتا مه‌سیحییه‌كان خه‌میان لێنیشتووه‌و ئارام ناگرن تا ئه‌و كاته‌ی‌ داعش له‌موسڵ‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، گورگیسیش له‌چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌دایه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئارام بێته‌وه‌و ماریانی‌ كچی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زانكۆ بۆ ته‌واوكردنی‌ خوێندنه‌كه‌ی‌.