راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌
بۆچی‌ موسڵ‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش؟

موسته‌فا حه‌بیب
له‌سیناریۆیه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ شكسته‌كه‌ی‌ یانزه‌ ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ری‌ سوپاكه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌به‌رامبه‌ر…
15.06.2014  |  به‌غدا
Iraqi army uniforms discarded by soldiers as they left town, on the ground in Mosul.
Iraqi army uniforms discarded by soldiers as they left town, on the ground in Mosul.

Tweet
//

مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ئاماده‌نییه‌ هۆكاری‌ شكسته‌كه‌ی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو ئاشكرا بكات، به‌ڵام ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ پیلانێك بووه‌و ئێمه‌ ئاگاداری‌ ورده‌كارییه‌كه‌ین"، ئه‌وه‌ی‌ له‌م بێنه‌و به‌رده‌یه‌دا روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ربازو پۆلیسه‌كان فه‌رمانی‌ پاشه‌كشه‌یان پێدراوه‌، به‌ڵام ئاخۆ كێ‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی‌ ده‌كردووه‌؟ بۆچی‌؟ چۆن كاره‌كه‌ سه‌ریگرت؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ هێشتا وه‌ڵامه‌كه‌یان ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام بێگومان تا سه‌ر به‌شاراوه‌یی‌ نامێنێته‌وه‌.

به‌ر له‌كه‌وتنی‌ پارێزگاكه‌ چوار فیرقه‌ی‌ سه‌ربازی‌ به‌ته‌واوی‌ 18 شارو شارۆچكه‌كه‌ی‌ نه‌ینه‌وادا بڵاو بووبوونه‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئه‌م هێزانه‌ له‌ناو 74 گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ هه‌ردوو به‌ری‌ راست‌و چه‌پی‌ موسڵدابوون.

ئه‌حمه‌د حه‌مدانی‌ ئه‌فسه‌ر له‌پۆلیسی‌ موسڵ‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی‌ نه‌ینه‌وا بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ چه‌كداره‌كان، زانیمان شتێك رووده‌دات، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووین به‌و خێراییه‌ بكه‌وێته‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ زانیاری‌ ئه‌وه‌مان پێگه‌یشت كه‌ سوپا‌و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ له‌شاره‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌‌و ئێمه‌ش وه‌ك پۆلیسی‌ لۆكاڵی‌ مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌مان لا دروست بوو چۆن رووبه‌رووی‌ چه‌كداره‌كان ببینه‌وه‌ به‌ته‌نها، بۆیه‌ له‌به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانمان بۆ هات كه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ین".

به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌، پۆلیسی‌ لۆكاڵی‌ دوا هێزی‌ فه‌رمی‌ بوون پاشه‌كشه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پۆلیسی‌ لۆكاڵی‌‌و پۆلیسی‌ ئاماده‌ی‌ شاره‌كه‌ ژماره‌یان 30 هه‌زار كه‌سه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت كه‌ دۆسێی‌ ئه‌منی‌ نه‌ینه‌وا به‌ده‌ست پۆلیسی‌ لۆكاڵی‌ پارێزگاكه‌وه‌ نه‌بووه‌، چونكه‌ مالیكی‌ متمانه‌ی‌ پێیان نه‌بوو.

هێزه‌كانی‌ سوپاو پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ كه‌ له‌ژێر ناوی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ نه‌ینه‌وادا كۆبوونه‌ته‌وه‌، زۆربه‌یان له‌و شیعانه‌ن كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ تره‌وه‌ چوون‌و مالیكی‌ هه‌موو متمانه‌یه‌كی‌ به‌مانه‌ هه‌ڵچنیبوو.

شه‌وی‌ دووشه‌ممه‌و به‌ره‌به‌یانی‌ سێشه‌ممه‌ ئه‌و سه‌دان هه‌زار پۆلیس‌و سه‌ربازه‌ی‌ له‌شاره‌كه‌دا بوون‌و چه‌ندین خاڵی‌ پشكنینیان دانابوو، بێئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئاگای‌ لێبێت شاره‌كه‌یان جێهێشت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌ك هه‌فته‌ به‌ر له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌ فه‌ریق روكن عه‌بود قه‌نبه‌ر فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ سوپاو فه‌ریق روكن عه‌لی‌ غێدان فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ وشكانییه‌كان چوونه‌ موسڵ‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ پلانی‌ ئه‌منی‌ پارێزگاكه‌، له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ جموجۆڵی‌ چه‌كداران بڵاوبووه‌وه‌.

قه‌نبه‌رو غێدان له‌گه‌ڵ‌ فه‌ریق مه‌هدی‌ غه‌راوی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ نه‌ینه‌وا له‌كاتی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ داعش له‌ناو موسڵدابوون، به‌ڵام هه‌رزوو كشانه‌وه‌و خۆیان راده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیانپارێزێت.

به‌پێی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی‌ له‌یوتیوب بڵاوبووه‌وه‌، ئه‌و سێ‌ فه‌رمانده‌یه‌ له‌كاتی‌ كشانه‌وه‌یاندا هێزێكی‌ زۆریان له‌گه‌ڵدا بووه‌، به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ یه‌ك فیشه‌كیان نه‌ته‌قاندووه‌ بۆ به‌رگری‌ له‌شاره‌كه‌.

ئه‌میر ساعدی‌ كه‌ سه‌ربازێكی‌ فیرقه‌ی‌ چواری‌ سوپایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خه‌تای‌ پاشه‌كشه‌ی‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی‌ ناو موسڵ‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ فه‌رمانده‌ گه‌وره‌كان، كاتێك ئه‌فسه‌ره‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ خۆمانم بینی‌ شه‌وی‌ دووشه‌ممه‌ تووشی‌ شۆك بوو بوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌فسه‌ره‌كه‌ پێی‌ وتین فه‌رمانی‌ پێكراوه‌ كه‌ زوو شاره‌كه‌ جێبهێڵین، سه‌ره‌تا وامانزانی‌ گاڵته‌مان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كات، به‌ڵام دوایی زانیمان راسته‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش جله‌كانی‌ خۆمان گۆڕی‌‌و له‌سه‌ربازگه‌كه‌ هه‌ڵهاتین".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ نه‌قیب خزێر مه‌هدی‌ له‌پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات شه‌وی‌ دووشه‌ممه‌ زانیویانه‌ بارودۆخی‌ به‌شی‌ راستی‌ شاره‌كه‌ تێكچووه‌‌و ده‌ڵێت "له‌نیوه‌شه‌ودا فه‌رمانمان بۆ هات كه‌ شاره‌كه‌ چۆڵ‌ بكه‌ین، پێشیان وتین خۆتان سه‌ربه‌ستن كه‌ ئایا به‌كۆمه‌ڵ‌ ده‌كشێنه‌وه‌ به‌چه‌ك‌و ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌ یان به‌ته‌نها، زۆربه‌مان پێمان باشبوو به‌ته‌نها پاشه‌كشه‌ بكه‌ین".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌رێی‌ ئامێری‌ بێسیمه‌وه‌ داوای‌ پاشه‌كشه‌یان لێكراوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرای‌ بكات كێ‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ لێكردوون.

له‌و كاته‌ی‌ سه‌ربازه‌كان سه‌رگه‌رمی‌ هه‌ڵهاتن بوو بۆ ناو هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین، داعش سه‌رقاڵی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ بوو كه‌ له‌نه‌ینه‌وا ده‌ستی‌ كه‌وتبوو‌ون ده‌یبردنه‌ سوریا.

هه‌رچه‌نده‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ سه‌ربازه‌كان كشانه‌وه‌، به‌ڵام لیوایه‌ك به‌ناوی‌ "صوله‌ فرسان" فه‌رمانی‌ پاشه‌كشه‌یان پێنه‌گه‌یشتبوو، بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ به‌ده‌ستی‌ چه‌كداره‌كان كوژران، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م لیوایه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌وره‌ دراوه‌و بواری‌ هه‌ڵهاتنیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، تا داعش چووه‌ته‌ ناو باره‌گاكه‌یان‌و سه‌رجه‌م سه‌ربازه‌كانی‌ كوشتووه‌.

دیمه‌نی‌ جل‌و به‌رگی‌ كه‌وتووی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و ئۆتۆمبێل‌و كه‌ولپه‌له‌كانی‌ پۆلیس‌و سوپا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ موسڵ‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ عێراقییه‌كانی‌ نیگه‌ران كردوو پێیان وابوو ئه‌مه‌ شوره‌ییه‌ بۆ نیشتیمان‌و سوپا.

سه‌لام فارس كه‌ پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌م بینی‌ زۆر گریام، له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا ئه‌وه‌ دووهه‌مین جاره‌ سوپاكه‌مان ئه‌و كاره‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ردا دێت"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات خه‌تاكه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆی‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كاندایه‌".

سه‌ربازه‌ هه‌ڵاتووه‌كان خۆیان تێكه‌ڵی‌ شه‌پۆلی‌ خه‌ڵكه‌ ئاواره‌كه‌ كردوو گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌وێ‌ ئینجا خۆیان ئاشكرا كردوو داوایان كرد بگه‌یه‌نرێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان.

له‌م رووه‌وه‌ حاكم زاملی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌م كه‌س ده‌زانێ‌ كێ‌ له‌پشت ده‌ركردنی‌ فه‌رمانی‌ پاشه‌كشه‌وه‌یه‌، ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ مالیكی‌ بێت، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی‌ ئاشكرا ناكات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌دڵنیاییه‌وه‌ چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ شكستخواردووی‌ گه‌نده‌ڵ‌ له‌پشت رووداوه‌كه‌ی‌ موسڵه‌وه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ بكرێت‌و بدرێنه‌ دادگا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وره‌ی‌ سه‌رباز روخاوه‌و سه‌ره‌نجامیش كاره‌ساتی‌ كه‌وتنی‌ پارێزگاكه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌".