راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش حیزبی‌ به‌عسی‌ هێنایه‌وه‌ به‌ر مه‌یدان

تایبه‌ت
پاش یانزه‌ ساڵ‌ له‌رووخانی‌، جارێكی‌ تر به‌هۆی‌ داعشه‌وه‌، حیزبی‌ به‌عسی‌ عێراقی‌ ناوی‌ هاته‌وه‌ ناو ناوان‌و ئێستا ئه‌ویش…
13.06.2014  |  موسڵ

Tweet
//

حیزبی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی‌ ئیشتراكی‌ كه‌ له‌نێوان ساڵانی‌ (1968 هه‌تا 2003) فه‌رمانڕه‌وای‌ عێراق بوو، به‌هۆی‌ هێرشی‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ یانزه‌ ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ پێی‌ له‌موسڵ‌‌و ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق دابڕاوه‌و ته‌واوی‌ چالاكییه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ش یاساغ كراوه‌.

رۆژی‌ 10ی‌ نیسان یان ئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ به‌رۆژی‌ ئازادكردن ناوی‌ ده‌به‌ن، له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ ئه‌و شاره‌ جارێكی‌ تر وێنه‌ی‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ له‌ناوچووی‌ عێراق ده‌ركه‌وته‌وه‌و ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ش له‌ئارادابوو كه‌ عیزه‌ت دوری‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك كۆماری‌ پێشوو سه‌ردانی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ پارێزگای‌ كردووه‌ له‌لای‌ راستی‌ شاره‌كه‌و پاش ئه‌وه‌ش بۆ نوێژكردن چووه‌ته‌ مزگه‌وتی‌ نه‌بی‌ یونس له‌لای‌ چه‌پی‌ ئه‌و شاره‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م قسانه‌ له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كرانه‌وه‌.

ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ چه‌ند چه‌كدارێك به‌چه‌كی‌ كلاشینكۆفه‌وه‌ داوایان له‌خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ كرد له‌گۆڕه‌پانی‌ ئاهه‌نگه‌كان كۆببنه‌وه‌، چونكه‌ عیزه‌ت دوری‌ له‌وێ‌ وته‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات به‌بۆنه‌ی‌ ئه‌و رووداوه‌ی‌ خۆیان ناویان ناوه‌ "شۆڕشی‌ میللی‌".

ئه‌و ئێواره‌یه‌ به‌سه‌دان كه‌س له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌‌و به‌كامێراو مۆبایل خۆیان ئاماده‌كردبوو بۆ دیمه‌نێك كه‌ زیاتر له‌ده‌یه‌یه‌كه‌ به‌رچاویان نه‌كه‌وتووه‌، پاش نزیكه‌ی‌ كاتژمێرێك له‌چاوه‌ڕوانی‌، پیاوێكی‌ ریشن چووه‌ سه‌ر مینبه‌ری‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌و رێنمایی‌ ئاینی‌ پێشكه‌ش ده‌كرد، خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌بێ‌ هیوایی‌ گه‌ڕانه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نانه‌ت گوێیان له‌ناوی‌ عیزه‌ت دوریش نه‌بوو.

هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك‌و تویته‌رو له‌رێی‌ كورته‌نامه‌وه‌ داوا له‌خه‌ڵكی‌ ده‌كرا چاوه‌ڕێی‌ وتارێكی‌ دوری‌ بن كه‌ وه‌ك "سه‌رۆكی‌ شه‌رعی‌" عێراق پێشكه‌شی‌ ده‌كات، هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و وتاره‌ی‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌رێی‌ كه‌ناڵی‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ به‌و بۆنه‌یه‌ی‌ خۆی‌ ناوی‌ لێنابوو"راپه‌ڕینی‌ ئازادیخوازان" له‌ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان، ئه‌و ده‌مه‌ ته‌واو هه‌ڵكشانی‌ ته‌مه‌ن پێوه‌ی‌ ده‌ركه‌وتبوو به‌چاویلكه‌یه‌كی‌ ئه‌ستوره‌وه‌ به‌زه‌حمه‌ت وشه‌كانی‌ بۆ ده‌خوێندرایه‌وه‌، له‌پشتیشیه‌وه‌ چوار كه‌س به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ روخساریان دیاربێت.

وه‌لید محه‌مه‌د سه‌لام كه‌ به‌ر له‌ 2003 ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ به‌عس بووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ڵواسینی‌ وێنه‌ی‌ سه‌دام‌و ده‌نگۆی‌ ئاماده‌بوونی‌ عیزه‌ت دوری‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاده‌وه‌ری‌ به‌عسیبوون له‌لای‌ موسڵییه‌كان تۆخ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ به‌عس له‌وشاره‌ لایه‌نگری‌ زۆر بووه‌.

وه‌لید ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ نه‌ دووری‌‌و نه‌هیچ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ زیندووه‌كانی‌ به‌عس له‌موسڵ‌ بن‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد ئه‌ندامانی‌ گروپی‌ چه‌كداری‌ ته‌ریقه‌ی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ (به‌ڵی‌ سه‌ربازی‌ حیزبی‌ به‌عس) خۆیان ئه‌م ده‌نگۆیه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی‌ داعش بێننه‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا ره‌یان ئه‌حمه‌د كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ یه‌كێك له‌چه‌كدارانی‌ گروپی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندییه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد ئه‌وان نۆ مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌نیازبوون "شۆڕش" بكه‌ن، ئه‌و ده‌مه‌ی‌ به‌هێز كۆتایی‌ به‌خۆپیشانده‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ نارازی‌ شاره‌كه‌ هێندرا، به‌ڵام به‌هۆكاری‌ رێكخستنه‌وه‌ كاره‌كه‌یان دواخستووه‌، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ به‌ته‌نها داعش له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نییه‌و چه‌ند گروپێك هه‌ماهه‌نگیان كردووه‌‌و ئامانجیشیان بریتییه‌ له‌"كۆتایی‌ هێنان به‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق دروستبووه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌شاری‌ موسڵه‌وه‌ به‌په‌یامنێری‌ "نیقاش"ی‌ راگه‌یاند داعش سه‌ره‌تا رێی‌ به‌حیزبی‌ به‌عس‌و عه‌شایه‌ره‌كان داوه‌ جموجۆڵ‌ بكه‌ن هه‌تا له‌ناو خه‌ڵكدا خوازراوبێت، به‌ڵام هه‌ر كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست ته‌نها مۆڵه‌تی‌ 24 كاتژمێری‌ داوه‌ به‌به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌كانی‌ سه‌دام لاببه‌ن، هه‌روه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه‌ له‌مزگه‌وتی‌ حه‌قی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ‌‌و پێی‌ راگه‌یاندوون هیچ ئاڵایه‌ك جگه‌ له‌ئاڵای‌ داعش به‌رز ناكرێته‌وه‌و هیچ بڕیارێكیش به‌بێ‌ ئه‌وان ده‌رناكرێت، ته‌نها یاساكانی‌ داعش كاری‌ پێده‌كرێت به‌و پێیه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ باڵای‌ ویلایه‌تی‌ نه‌ینه‌وایه‌.

به‌پێ لێكدانه‌وه‌ی‌ چاودێران ئێستا خه‌ڵكی‌ نه‌ینه‌وا به‌هه‌مان ئه‌و چاوه‌ ته‌ماشای‌ مالیكی‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ر له‌ساڵی‌ 2003 ته‌ماشای‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دامیان پێده‌كرد، هه‌موو گروپه‌كانی‌ وه‌ك به‌عس‌و داعش‌و ئه‌نسار سوننه‌و سوپای‌ موجاهیدون‌و ئه‌وانی‌ تریش به‌ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێشوازیان لێده‌كرێت كه‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی‌ مالیكی‌‌و ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ن كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ریان.

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ تێرامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی‌ سه‌ر به‌لایه‌نه‌كانی‌ شیعه‌ش كاری‌ سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆڵی‌ به‌عس له‌رووداوه‌كانی‌ موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین گه‌وره‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌كه‌ی‌ خۆیانی‌ پێ به‌رفراوان بكه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان بڕوای‌ ته‌واویان به‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عس هێڵی‌ سووره‌و پاشه‌كشه‌كردنی‌ عێراقه‌ بۆ ده‌ ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر.