راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌رپرسی‌ لقی‌ پارتی‌ له‌موسڵ‌ بۆ نیقاش
مالیكی‌ ده‌یویست موسڵ‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست داعش

زانكۆ ئه‌حمه‌د
شه‌وێكی‌ دره‌نگ كه‌ ته‌واو بێهیوابوون له‌وه‌ی‌ تازه‌ شاره‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رچووه‌و داعش به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات،…
11.06.2014  |  سلێمانی
Head  of the KDP's Mosul office, Esmat Rajab (centre, with phone), surrounded by Iraqi Kurdish miltary.
Head of the KDP's Mosul office, Esmat Rajab (centre, with phone), surrounded by Iraqi Kurdish miltary.

Tweet
//

باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌شاری‌ موسڵ‌ ده‌كه‌وێته‌ لای‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌، ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی‌ كه‌م له‌و ناوچانه‌وه‌ دووره‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، كاتێك به‌رپرسی‌ لقه‌كه‌و پاسه‌وانه‌كانی‌‌و كادیرانی‌ ئه‌و حیزبه‌ بڕیاری‌ چۆڵكردنی‌ باره‌گاكه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن، له‌رێگا ده‌كه‌ونه‌ بۆسه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌عێراق‌و شام (داعش) دوان له‌پێشمه‌رگه‌كان بریندار ده‌بێت.

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ "نیقاش"دا باس له‌چۆنێتی‌ كه‌وتنی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ موسڵ‌ ده‌كات‌و پێی‌ وایه‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ عێراق "كه‌مته‌رخه‌م" بووه‌ له‌پاراستنی‌ شاره‌كه‌و ویستوویه‌تی‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست داعش بۆ ئه‌وه‌ی‌ حاڵه‌تی‌ كتوپڕی‌ له‌سه‌رجه‌م عێراقدا رابگه‌یه‌نێت.

نیقاش: ئه‌و ده‌مه‌ی‌ موسڵ‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش ئێوه‌ له‌ناو شاره‌كه‌دابوون، دواتر چۆن رزگارتان بوو؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ ته‌واوی‌ موسڵ‌ به‌هه‌ردوو به‌ری‌ لای‌ راست‌و لای‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعش، سه‌رجه‌م باره‌گا حیزبی‌‌و حكومییه‌كان چۆڵكران، ئه‌وه‌ی‌ مایه‌وه‌ ته‌نها باره‌گای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بوو، ئێمه‌ هه‌تا كاتژمێر 3.30 شه‌و له‌ناو باره‌گاكه‌دا ماینه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ بڕیاری‌ سه‌ركردایه‌تیمان بۆ هات كه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ ناو باره‌گا كۆبكه‌ینه‌وه‌و شاره‌كه‌ چۆڵ‌ بكه‌ین، دوای‌ یه‌ك سه‌عات له‌كه‌شێكی‌ نائارمدا هه‌موومان پێكه‌وه‌ كه‌وتینه‌ رێ، ئه‌وكات هه‌موو شه‌قامه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ باره‌گاكه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ بوو، بۆیه‌ كه‌وتینه‌ ناو بۆسه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ دایاننابوو، دراینه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌و دوان له‌پێشمه‌رگه‌كانمان برینداربوون، دواتریش داعش باره‌گاكه‌ی‌ سوتاندبووین.

نیقاش: پێشتر ئێوه‌ زانیاریتان هه‌بوو كه‌ داعش په‌لاماری‌ موسڵ‌ ده‌دات؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: به‌ڵێ‌ چه‌ند رۆژێكی‌ پێشتر ئێمه‌ش‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ده‌مانزانی‌ كه‌ داعش پلانی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌لاماری‌ لای‌ راستی‌ پارێزگاكه‌ بدات، چونكه‌ له‌وێ‌ باڵه‌خانه‌ی‌ پارێزگاو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ لێیه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگا هه‌ستیاره‌كان‌و باره‌گا سه‌ربازییه‌كان، داعش ده‌یویست له‌رێی‌ داگیركردنی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ موسڵه‌و هه‌واڵی‌ كه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ شاره‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وابوو له‌حاڵه‌تی‌ گرتنی‌ ئه‌و به‌شه‌شدا هێزه‌كانی‌ سوپاو پۆلیس له‌سه‌ر ئه‌و پێنج پرده‌ سه‌ره‌كییه‌ ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ به‌شی‌ لای‌ راست‌و چه‌پی‌ شاره‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و له‌وێ‌ به‌رگری‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ داعش نه‌یه‌ته‌ لای‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌، كه‌چی‌ پێشبینییه‌كه‌مان وا ده‌رنه‌چوو، كاتێكمان زانی‌ سه‌رجه‌م سه‌ربازه‌كان هه‌ڵهاتوون، ته‌نانه‌ت ده‌رگای‌ گرتوخانه‌كانیشیان كردووه‌ته‌وه‌.

نیقاش: پێت وایه‌ بۆچی‌ سوپا به‌رگری‌ نه‌كرد؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: ئه‌و سوپایه‌ی‌ هه‌یه‌ سوپایه‌كی‌ نیشتیمانی‌ نیه‌‌و مه‌زهه‌بیه‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵسۆز نه‌بوون بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌تا به‌رگری‌ لێبكه‌ن.

نیقاش: ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێوه‌ ئاگاداربن ژماره‌ی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعش چه‌ندبوون كه‌ هاتنه‌ ناو موسڵ‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: له‌رۆژی‌ 5ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ ئێواران چه‌كدارانی‌ داعش به‌ئۆتۆمبێل‌و چه‌كی‌ قورس ده‌هاتنه‌ ناو موسڵ‌، تا رۆژی‌ شه‌ممه‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك هه‌زار چه‌كدار له‌ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ‌ كۆبووبوونه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ش دواتر هاتنه‌ ناو شاره‌كه‌، به‌ڵام به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ موسڵ‌ پارێزگایه‌كی‌ ئێجگار به‌رفراوان‌و گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سوپا به‌رگری‌ بكردایه‌، داعش به‌10 هه‌زار چه‌كداریشه‌وه‌ بۆی‌ كۆنترۆڵ‌ نه‌ده‌كرا، دواجار به‌هۆی‌ داڕوخانی‌ هه‌یكه‌لیه‌تی‌ سوپاوه‌، هه‌موو سه‌ربازه‌كان هه‌ڵهاتن، به‌بۆچوونی‌ من توانای‌ داعش هه‌رچه‌ندێك بێت، ئه‌گه‌ر به‌رگریكاری‌ دڵسۆز هه‌بوایه‌ ئاسته‌م بوو بتوانن به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ كۆنترۆڵی‌ بكه‌ن.

نیقاش: به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ تۆ بێت، ئێستا شتێك نه‌ماوه‌ ناوی‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ نه‌ینه‌وا بێت؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: ئێستا ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌ته‌واوی‌ كه‌وتووه‌و هه‌موو بیناو باره‌گاكانی‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌.

نیقاش: هه‌ندێ‌ له‌میدیاكان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ داعش بڕی‌ 450 ملیۆن دۆلاری‌ له‌بانكه‌كانی‌ موسڵ‌ بردووه‌، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: دڵنیانیم بڕه‌كه‌ چه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاره‌ له‌بانكه‌كاندا هه‌بووبێت هه‌رچه‌ندێك بێت، بردویانه‌، چونكه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كان به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه‌و ئێستاش والییان داناوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كه‌.

نیقاش: پارێزگار چی‌ به‌سه‌رهات؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: ئه‌مڕۆ بۆخۆم په‌یوه‌ندیم به‌ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاره‌وه‌ كرد، پاش ئه‌وه‌ی‌ رووی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كرد ئێستا له‌پارێزگای‌ هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌، سه‌ركرده‌كانی‌ سوپاش نازانرێ‌ چییان به‌سه‌رهاتووه‌، ئه‌و دوو فه‌رمانده‌یه‌ی‌ له‌به‌غداشه‌وه‌ ره‌وانه‌كرابوون بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش عه‌بود قه‌نبه‌رو عه‌لی‌ غێدان، ئه‌وانیش هه‌ڵاتن بۆ لای‌ پێشمه‌رگه‌ له‌تلكێف.

نیقاش: ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ سه‌ربازه‌كان چه‌كه‌كانیان داوه‌ به‌پێشمه‌رگه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌ی‌ به‌لایه‌ناوه‌ گرنگ بوو ته‌نها ئه‌وه‌ بوو رۆحی‌ خۆیان قوتار بكه‌ن، هه‌موو شتێكیان جێهێشت له‌جل‌و به‌رگ‌و چه‌ك‌و ئۆتۆمبێل، ته‌نانه‌ت له‌ناو فرۆكه‌خانه‌ش هێلیكۆپته‌ریان جێهێشتووه‌، به‌شێكی‌ زۆر له‌وانه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌ك‌و ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانیان جێهێشتووه‌، ئه‌وانه‌شی‌ گه‌یشتنه‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌ خۆیان چه‌كه‌كانیان دا به‌ده‌سته‌وه‌ یان لێیان وه‌رگیرا بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ك له‌ناوچه‌كه‌دا بڵاونه‌بێته‌وه‌.

نیقاش: پێت وایه‌ جارێكی‌ تر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌ له‌لایه‌ن سوپاوه‌ كارێكی‌ ئاسانه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ‌ هه‌بێت، ده‌بێت حكومه‌تی‌ به‌غدا له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ مالیكی‌ داوای‌ لێبوردن بكات به‌وه‌ی‌ شكستی‌ هێناوه‌، ئینجا به‌سیاسه‌تی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كان، دوای‌ ئه‌وه‌ بیر له‌قۆناغی‌ ئازادكردن بكرێته‌وه‌.

نیقاش: به‌پێی‌ قسه‌ی‌ تۆ بێت ئه‌و پلانه‌ ئه‌منییه‌ی‌ سوپای‌ عێراق له‌پارێزگاكه‌ هه‌یبوو شكستی‌ هێناوه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: به‌ڵێ‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ده‌ركه‌وت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو مالیكی‌ له‌هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی‌ تردا شكستی‌ هێنا، پێش ساڵێك هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ مالیكی‌ تاكڕه‌وییه‌و ته‌نها قه‌یران دروست ده‌كات، مالیكی‌ خۆی‌ شكستی‌ هێنا له‌پارێزگاریكردن له‌موسڵ‌ ئینجا ده‌یویست به‌پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكات، من دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ نه‌كردایه‌و موچه‌ی‌ نه‌بڕینایه‌و پڕچه‌كی‌ بكردنایه‌، ئێستا پێشمه‌رگه‌ زیاتر هاوكاری‌ ده‌بوو.

نیقاش: ئه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆچی‌ به‌رگری‌ نه‌كرد؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: به‌پێی‌ رێكه‌وتن ئێمه‌ له‌ناو موسڵدا هێزمان نییه‌، به‌ڵكو پێشمه‌رگه‌ ته‌نها له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانن‌و ئاماده‌یه‌.

نیقاش: ئه‌گه‌ر داوا له‌پێشمه‌رگه‌ بكرێت به‌شداربێت له‌پرۆسه‌ی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌، هه‌ڵوێستتان چی‌ ده‌بێت؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌موو پشتیوانییه‌ك، به‌و مه‌رجه‌ی‌ مالیكی‌ وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌شه‌خسی‌ داوا له‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكات، ئه‌واش بێگومان پاش هه‌ماهه‌نگی‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگا ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كاندا.

نیقاش: مالیكی‌ داوای‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق كرد حاڵه‌تی‌ باری‌ نائاسایی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاتدا رابگه‌یه‌نرێت، بۆچوونی‌ ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: مالیكی‌ خۆی‌ ده‌یویست موسڵ‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست داعش بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ناچار بكات باری‌ نائاسایی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵاتدا رابگه‌یه‌نرێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست خۆی‌‌و تاقه‌ حاكم ده‌بێت، ئه‌گه‌رنا ده‌یتوانی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌كردایه‌و ئه‌و كاته‌ی‌ داعش له‌سه‌رسنوری‌ شاره‌كه‌ بوون رێی‌ پێ بگرتنایه‌، حه‌وت رۆژه‌ موسڵ‌ گه‌مارۆدراوه‌ ئه‌و هیچ هه‌نگاوێكی‌ هه‌ڵنه‌هێنا.

نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داعش له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌ترسی‌ دروست نه‌كردووه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ی‌ زیاد كردووه‌، چونكه‌ ئه‌وان شه‌ڕده‌فرۆشن هیچ جیاوازییه‌كیان نه‌كردووه‌ له‌نێوان هاوڵاتی‌ كوردو عه‌ره‌ب‌و پێكهاته‌كانی‌ تر، به‌نزیكبوونه‌وه‌یان له‌هه‌رێم هه‌وڵی‌ تێكدانی‌ ئارامی‌ ده‌ده‌ن، پێشمه‌رگه‌ش له‌سه‌ر سنور له‌حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌.

نیقاش: ئه‌ی‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌و ئاواره‌ چی‌ ده‌بێت كه‌ روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌؟

عیسمه‌ت ره‌جه‌ب: له‌ناوه‌ندی‌ موسڵدا نزیكه‌ی‌ ملیۆن‌و 700 هه‌زار كه‌س ده‌ژین، زیاتر له‌نیوه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌شاره‌كه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌یان له‌ده‌وروبه‌ری‌ موسڵن‌و به‌شێكیان هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یان زۆره‌ ناتوانرێت له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمدا جێبكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كامپیان بۆ دروست بكرێت له‌نزیك پارێزگای‌ دهۆك.