راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژماره‌ی‌ به‌غدا خه‌ڵكی‌ ده‌پارێزێت

ئیبراهیم ئەلجبوری
به‌هۆی‌ خراپی‌ بارودۆخ‌و ئه‌و كێشه‌ تایفییه‌ی‌ شاره‌كانی‌ عێراقی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا ئێستا ئه‌و…
3.04.2014  |  كه‌ربه‌لا
In Iraq, having the wrong license plate can get you killed.
In Iraq, having the wrong license plate can get you killed.

ئه‌وانه‌ی‌ له‌عێراقدا به‌شوێن ناكۆكی‌ تایفییه‌وه‌ن بچوكترین هۆكار ده‌كه‌نه‌ بیانوو بۆ كوشتنی‌ مرۆڤ، ژماره‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ش كه‌م نین كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان كراونه‌ته‌ ئامانج، چونكه‌ ژماره‌ی‌ پارێزگایه‌كی‌ پێوه‌ بووه‌ كه‌ شیعه‌نشین یاخود سوننه‌نشین بووه‌، بۆ ده‌ربازبوون له‌م ده‌رده‌سه‌رییه‌ ئێستا به‌شێك له‌هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلی‌ ژماره‌ به‌غدا ده‌كڕن تا نه‌ناسرێنه‌وه‌ كه‌ دانیشتووی‌ كامه‌ پارێزگان.

ئه‌بو عه‌مار تائی‌ كه‌ له‌رێی‌ كه‌ربه‌لا به‌غدا ئۆتۆمبێلی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ نه‌فه‌ری‌ پێیه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ گۆڕیوه‌ به‌دانه‌یه‌كی‌ تر كه‌ ژماره‌كه‌ی‌ به‌غدایه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ عه‌دلی‌ به‌غدا رووبه‌رووی‌ هێرش بووه‌وه‌.

تائی‌ ده‌ڵێت "هاوڵاتییه‌ك داوای‌ لێكردم له‌ناوچه‌ی‌ مه‌حمودییه‌وه‌ بگوێزمه‌وه‌ بۆ عه‌دل، كه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ‌ سێ‌ كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامێكی‌ گشتی‌ هێرشیان كرده‌ سه‌رم، هۆكه‌شی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م ژماره‌ی‌ كه‌ربه‌لای‌ پێوه‌ بوو، چه‌ند هاوڵاتییه‌كی‌ تر هاتن به‌هانامه‌وه‌و رزگارم بوو، هه‌ر دوای‌ ئه‌و رووداوه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م گۆڕییه‌وه‌ به‌دانه‌یه‌كی‌ ژماره‌ به‌غداو سێ‌ هه‌زار دۆلار باقیم دایه‌وه‌".

ئه‌میر حه‌مید به‌هه‌مان شێوه‌ رووبه‌رووی‌ هێرش بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگری‌ هه‌یه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌كه‌ی‌ كه‌ربه‌لایه‌ له‌ناوچه‌ی‌ محاویلی‌ باكوری‌ بابل ته‌قه‌ی‌ لێكراوه‌.

ئه‌میر ده‌ڵێت "كاتێك كه‌چوومه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ گوێزانه‌وه‌ی‌ لم، له‌سه‌ر رێگایه‌كی‌ گشتی‌ له‌ناو بێستانه‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌م لێكرا، خۆیشم نازانم چۆن رزگارم بوو".

ئه‌میر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ده‌می‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ بیستوویه‌تی‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی تایفییه‌وه‌ دراوه‌ته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ناوچه‌یه‌كی‌ نائارامدا بووه‌ كه‌ بوونی‌ ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ كه‌ربه‌لا تیایدا ئاسایی‌ نییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌میریش ده‌یه‌وێت ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ بگۆڕێت.

حه‌یده‌ر حه‌سناوی‌ كه‌ كاری‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبێل ده‌كات وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ماوه‌ی‌ پێنج ساڵه‌ له‌نێوان به‌غداو كه‌ربه‌لاو هه‌رێمی‌ كوردستان له‌هاتوچۆدایه‌، به‌ڵام به‌م دواییه‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ ژماره‌ به‌غدای‌ كڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كرێته‌ ئامانج. ئه‌م هه‌نگاوه‌شی‌ پاش ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ خه‌ریك بووه‌ له‌ناوچه‌ی‌ عوزێم بكوژرێت.

خاوه‌نی‌ پێشانگاكانی‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبێل ئه‌وه‌ ناشارنه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ ئۆتۆمبێلی‌ ژماره‌ی‌ به‌غدا خواستی‌ زیاتری‌ له‌سه‌ره‌، وه‌ك ئه‌یاد جشعمی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات هه‌ندێجار جیاوازی‌ نرخی‌ ئۆتۆمبێلی‌ ژماره‌ به‌غداو كه‌ربه‌لا ده‌گاته‌ چوار هه‌زار دۆلار.

سه‌فا موسه‌وی‌ كه‌ ئه‌ویش پێشانگای‌ كڕینی‌‌و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبێلی‌ هه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كانیشدا خه‌ڵك ژماره‌ی‌ به‌غدای‌ ده‌وێت، له‌كاتێكدا جیاوازی‌ نرخیان ده‌گاته‌ ده‌ هه‌زار دۆلار، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی‌ ئه‌و خراپ له‌سه‌ر بازاڕ شكاوه‌ته‌وه‌.

سه‌فا غانمی‌ یه‌كێكه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ ژماره‌ به‌غدای‌ كڕیوه‌، ئه‌مه‌ش له‌مه‌ترسی‌ هاتوچۆ رزگاری‌ كردووه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "به‌بێ‌ ترس به‌رێگاكاندا ده‌ڕۆم‌و ده‌چمه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ركاتێكیش بمه‌وێت ئۆتۆمبێله‌كه‌م خێرا ده‌فرۆشرێت".

ته‌نانه‌ت پیاوانی‌ پۆلیس‌و سوپاش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنیندا زیاتر له‌ژماره‌كانی‌ به‌غدا دڵنیاترن وه‌ك پارێزگاكانی‌ تر، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ خواست له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ به‌غدا ئێجگار زیاد بكات.