راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆبوونه‌وه‌ سه‌یره‌كه‌
كۆده‌نگی لایه‌نه‌ سوننه‌كان نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ره‌

که‌مال عه‌یاش
ناوه‌نده‌ عه‌شایری‌و سیاسییه‌كان كه‌ تا كاتێكی نزیكی پێش ململانێی هه‌ڵبژاردن‌و دواتریش له‌جه‌نگێكی میدیایی سه‌ختدا بوون، ئه‌مڕۆ هه‌وڵ ده‌ده‌ن داواكارییه‌كی یه‌كگرتوویان هه‌بێت.
23.08.2018  |  ئه‌نبار

هه‌ر كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر ئه‌نجامی كۆتایی ژماردن‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی راگه‌یاند پاش ئه‌وه‌ی گومان له‌و ئه‌نجامانه‌ كرا كه‌ له‌ته‌مموزی رابردوودا راگه‌یه‌ندران، زۆرینه‌ی كوتله‌‌و حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ په‌له‌ ده‌ستیان به‌ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی كراوه‌ كرد بۆ پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی ده‌بنه‌ بنه‌مای گه‌وره‌ترین فراكسیۆن كه‌ جڵه‌وی حوكم بۆ چوار ساڵی داهاتوو ده‌گرێته‌ ده‌ست.

 

پارێزگای ئه‌نباریش (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) ئارام نه‌بووه‌‌و هێشتا له‌ململانێیه‌كدایه‌ كه‌ به‌چاره‌نووسساز وه‌سف ده‌كرێت، ئه‌ویش خۆی له‌ده‌ستنیشانكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌لای هه‌مووان قبوڵكراو بێت‌و پشتیوانی بكرێت بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ بۆ پێكهاته‌ی سوننه‌ ته‌رخان كراوه‌، چونكه‌ چه‌ند كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی سه‌ركرده‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان ده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆده‌نگییه‌ك بۆ گرتنه‌ده‌ستی ئه‌و پۆسته‌.

 

محه‌مه‌د رێكان حه‌لبوسی پارێزگاری ئه‌نبار كه‌ زۆرترین ده‌نگی له‌ هاوپه‌یمانی "ئه‌نبار ناسنامه‌مانه‌"ی به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌وڵی گرتنه‌ده‌ستی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌دات له‌ڕێی لایه‌نگرانییه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی كۆڕ‌و كۆنگره‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ راگه‌یاندنی داواكاری پشتیوانیكردنی ئه‌و كاندیدكردنه‌.

 

حه‌لبوسی له‌دایكبووی 1982وه‌‌و له‌شار كه‌رمه‌ له‌دایكبووه‌‌و ده‌رچووی كۆلیجی ئه‌ندازیارییه‌‌و له‌بواری به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌و بیناسازیدا كاری كردووه‌ له‌ڕێی چه‌ندین هاوبه‌شی له‌نێوان كۆمپانیای "به‌یتولحه‌دید" كه‌ باوكی خاوه‌ندارێتی ده‌كات له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیا‌و رێكخراوێكی دیكه‌دا‌و ژماره‌یه‌كی زۆر پرۆژه‌ی له‌ پارێزگای ئه‌نبار جێبه‌جێ كردووه‌.

 

بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ساڵی 2014دا له‌ فراكسیۆنی (حه‌ل)دا كاندید كرا كه‌ جه‌مال كه‌ربولی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات‌و توانی بگاته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ 29ی ئابی 2017یشدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی دا بۆ پۆستی پارێزگار له‌جێی سوهه‌یب راوی پارێزگاری پێشوو.

 

گزنگی حه‌لبوسی له‌دوای تاریك‌و نوته‌كییه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ ساڵی 2014وه‌ پارێزگاكه‌ی ماندوو كردبوو كاتێك رێكخراوی داعش كۆنترۆڵی كرد‌و حه‌لبوسیش وه‌ك رزگاركه‌ر تێیدا ده‌ركه‌وت‌و هه‌موو بارودۆخه‌كه‌‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی قۆسته‌وه‌ كه‌ یارمه‌تیان دا له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كه‌ له‌ دوو ساڵ تێناپه‌ڕێت، پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بنیات بنێت ركابه‌ری نه‌كرێت.

 

سه‌یر نییه‌ ده‌نگی پشتیوانی له‌چوارچێوه‌ی چه‌ند چالاكییه‌كی جه‌ماوه‌ریدا به‌رز ببێته‌وه‌ كه‌ له‌ میدیادا بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرێت‌و وه‌ك داواكارییه‌كی جه‌ماوه‌ری ناسراوه‌، سه‌ره‌ڕای بوونی رای جیاجیا كه‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی لایه‌نگران یان نه‌یارانن، به‌ڵام له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ له‌نێو ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ی یه‌ك كۆنگره‌دا كه‌سایه‌تی ببینرێت پێشتر نه‌یاری حه‌لبوسی بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاڕاسته‌كردنی چه‌ندین تۆمه‌ت بۆ فراكسیۆنه‌كه‌ی.

 

بۆیه‌ كاتێك كه‌سایه‌تییه‌ك به‌قورسایی كه‌سایه‌تی شێخ حه‌مید هایس ده‌بینیت كه‌ به‌ لێدوان‌و بۆچوونه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ سیاسییه‌كانی ئه‌نبار ناسراوه‌، به‌دوای هۆكارێكی راسته‌قینه‌دا ده‌گه‌ڕێیت وه‌ڵامی بۆ هۆكاره‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ پێبێت، كه‌ دڵی لایه‌نه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی باش كردووه‌‌و هه‌موویانی له‌سه‌ر یه‌ك سه‌كۆ كۆكردووه‌ته‌وه‌.

 

هایس كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی رزگاركردنی ئه‌نباره‌، قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "نه‌مده‌زانی بانگهێشت كراوم بۆ كۆنگره‌یه‌كی عه‌شایری كه‌ تێیدا كاندیدكردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان راده‌گه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام خۆم له‌ ته‌ڵه‌یه‌كدا بینییه‌وه‌ كه‌ نازانم چۆن تێیكه‌وتووم".

 

زیاتر وتیشی: "هه‌مووان هه‌ڵوێستی من به‌رامبه‌ر سیاسییه‌كانی ئه‌نبار ده‌زانن‌و بوونیشم له‌ نێو لایه‌نگراندا له‌ پره‌نسیپی موجامه‌له‌كردن تێپه‌ڕنابێت كه‌ ناچاربووم به‌رامبه‌ر هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سه‌رپه‌رشتیاری كۆنگره‌كه‌ بینوێنم كه‌ ژماره‌ی ئاماده‌بووانی له‌ كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ر‌و ناسراوه‌كان له‌ بیست كه‌س تێنه‌ده‌په‌ڕی، هه‌روه‌ك كۆنگره‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو عه‌شایری ئه‌نبار ناكات، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ پارێزگای ئه‌نبار نه‌به‌سترا، به‌ڵكو له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو".

 

ناكرێت پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ ویستی پارێزگایه‌ك یاخود داواكارییه‌كی عه‌شایریدا كورت بكرێته‌وه‌، چونكه‌ پۆستێكی سیادییه‌‌و ته‌واوی پێكهاته‌یه‌ك ململانێی له‌پێناودا ده‌كات به‌ پاڵپشتی لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی‌و عه‌ره‌بی‌و نێوده‌وڵه‌تی‌و ناشكرێت ئه‌و داواكاریانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌جێندانه‌ دابنێن كه‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی هه‌ژموون‌و باڵاده‌ستی ده‌ده‌ن له‌ ململانێی سیاسی عێراقدا.

 

شێخ عه‌بدولڕه‌حمان زه‌وبه‌عی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی عه‌شایری فه‌لوجه‌یش تووشی شۆك بوو به‌ ناوه‌رۆكی ئه‌و كۆنگره‌یه‌‌و نه‌یده‌زانی كه‌ بۆ كاندیدكردنی حه‌لبوسی ئاماده‌بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ستایشی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كرد كه‌ حه‌لبوسی له‌ ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌دا به‌ده‌ستی هێناوه‌.

 

زه‌وبه‌عی له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ناكرێت پشت به‌و كۆنگره‌یه‌ ببه‌سترێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌ریتێكی میللی ناوخۆییه‌‌و ناكرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر لێكتێگه‌یشتنه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و هه‌رێمایه‌تییه‌كان هه‌بێت، پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پشككارییه‌دایه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ری رێكده‌كه‌ون".

 

هه‌روه‌ها وتی: "سه‌ركه‌وتنی حه‌لبوسی له‌ ئیداره‌دانی پارێزگای ئه‌نبار‌و پێشتریش نوێنه‌رایه‌تیكردنی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌یخاته‌ ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرێت پۆستی سه‌ركردایه‌تی‌و ئیداری باڵا بگرنه‌ ده‌ست، به‌ڵام پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نیا به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه‌ ناوه‌ستێت كه‌ كاندیده‌كه‌ هه‌یه‌تی، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران شاره‌زایی‌و په‌یوه‌ندی باشی هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی".

 

له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا ده‌بێت ئه‌و كۆنگره‌‌و هاوپه‌یمانیانه‌ ویستی نێوده‌وڵه‌تییان لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ پشتیوانیكردنی كه‌سایه‌تییه‌ك‌و دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كێكی دیكه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و ڤیتۆییه‌ی سعودیه‌‌و قه‌ته‌ر‌و توركیاش هه‌یانه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌بێت.

 

عه‌بدولڕه‌حمان لویزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ پارێزگای موسڵ له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ "تای ململانێی نێوان سعودیه‌‌و قه‌ته‌ر، پاڵی به‌ سعودیه‌وه‌ نا پێش رووداوه‌كان بكه‌وێت‌و چرای سه‌وز بۆ هاوپه‌یمانی میحوه‌ر هه‌ڵبكات كه‌ به‌م دواییانه‌ پێكهێنرا‌و پشتیوانی بۆ كاندیدكردنی حه‌لبوسی راگه‌یاند".

 

له‌نێوان گوشاره‌ سیاسییه‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كان‌و ویستی جه‌ماوه‌ردا كه‌ هه‌وڵ ده‌دات نوێنه‌رایه‌تیكردنێكی سیادی هه‌بێت، هه‌ندێك له‌ چاودێران‌و شرۆڤه‌كاران وای ده‌بینن ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ ده‌گمه‌نه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و پلانه‌ گه‌ورانه‌ی ره‌نگه‌ هه‌وڵی په‌كخستنی نموونه‌ سیاسییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بده‌ن.

ئیبراهیم موسڵیح كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "سووربوونی هه‌مووان له‌سه‌ر كاندیدكردنی حه‌لبوسی‌و كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان سه‌باره‌ت به‌و داواكارییه‌، وه‌ك ته‌ڵه‌یه‌ك وایه‌ مه‌به‌ست لێی خستنی پارێزگاری ئه‌نباره‌ كه‌ بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وتووه‌ شایانی سه‌ركردایه‌تیكردنه‌، وا دیاره‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌ده‌ستیهێناون‌و ئه‌و خێراییه‌ی پێی گه‌یشتووه‌ته‌ نێو دڵی هه‌مووان، زۆركه‌سی ترساندبێت".

 

وتیشی: "هه‌ر كه‌سێك سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وه‌رگرتبێت سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ خزمه‌تكردنی لایه‌نگرانی، هۆكاری ئه‌وه‌ش به‌دڵنیایی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و كار بۆ عێراق ده‌كات به‌گشتی بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت حه‌لبوسیش هه‌روا دووربێت له‌ لایه‌نگرانی تا پشتیوانی‌و كۆبوونه‌وه‌یان له‌ده‌وری له‌ده‌ست بدات وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كدا روویدا كه‌ پێشتر ئه‌ستێره‌ی سیاسییان گه‌شایه‌وه‌‌و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان وه‌رگرت، پاشان پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان له‌ده‌ست دا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌