راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حكومه‌تێكی نیشتمانی جیاواز
عێراق دواین ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئه‌مڕۆ عێراق له‌ به‌رده‌م دووڕیانێكی مێژووییدایه‌، وڵات هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ختی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌‌و به‌هه‌زاران خۆپیشانده‌ریش بۆ داوای خزمه‌تگوزاری له‌ ده‌رگای باره‌گا حكومییه‌كان ده‌ده‌ن.
16.08.2018  |  به‌غدا

خۆپیشانده‌رێكی به‌ته‌مه‌ن له‌میانی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی شاره‌كانی باشوور‌و ناوه‌ڕاستیان گرتووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م كامێرادا  به‌وپه‌ڕی ده‌نگی هاواری كرد‌و وتی: "مه‌سه‌له‌كه‌ چیتر سه‌باره‌ت به‌ كاره‌با‌و ئاو‌و ته‌ندروستی نییه‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی نیشتمانه‌، نیشتمانه‌كه‌م بده‌نه‌وه‌، نه‌وت‌و پاره‌ بۆ دۆزه‌خ، به‌ڵام عێراقم بده‌نه‌وه‌" ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ دیمه‌نه‌ هه‌ستبزوێنه‌كانی ئه‌م رۆژانه‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی هه‌موو عێراقییه‌كانه‌.

 

عێراق له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری سه‌ختدایه‌، چونكه‌ تائێستاش وڵات برینی شه‌ڕه‌كانی له‌دژی توندڕه‌وان ساڕێژ ده‌كات له‌نێو شارۆچكه‌ی وێران‌و دانیشتووانی ئاواره‌‌و ئابوورییه‌كی په‌ككه‌وتوو له‌ڕووی كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌و قه‌یرانی وشكه‌ساڵی‌و خراپی به‌رٍێوه‌بردندا، به‌ڵام ئه‌م ئاڵنگاریانه‌ ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بن له‌به‌رده‌م سیاسییه‌كانی عێراقدا بۆ چاككردنی بارودۆخه‌كه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ توركیا‌و ئێران ئێستا به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیانه‌وه‌ سه‌رقاڵن.

 

بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا عێراقییه‌كان له‌ حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌نی یه‌كێتی نیشتمانیدا ده‌ژین له‌دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی "داعش"دا، چونكه‌ مشتومڕه‌ تایفییه‌كان‌و جنێوی نێوان سوننه‌‌و شیعه‌ له‌م رۆژانه‌دا ده‌نگدانه‌وه‌یان نییه‌، سه‌یریش نییه‌ كه‌ دانیشتووانی ئه‌نبار‌و به‌سره‌‌و موسڵ‌و زیقار‌و به‌غدا‌و هه‌رێمی كردستان ده‌سته‌واژه‌كانی رێز‌و خۆشه‌ویستی ئاڵۆگۆڕ ده‌كه‌ن، خۆپیشاندانه‌كانی ئێستاش گه‌شه‌كردنی ئاستی هۆشیاری عێراقییه‌كانی ئاشكراكرد‌و كێشه‌كه‌یان وا ده‌ستنیشان كردووه‌ كه‌ قه‌یرانی سیاسییه‌كانه‌ نه‌ك هاووڵاتیان.

 

پێویسته‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كانیش به‌رله‌وه‌ی كار له‌كار بترازێت گوێ به‌م په‌ره‌سه‌ندنانه‌ بده‌ن، چونكه‌ وه‌ك عه‌لی سیستانی رێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئایینی شیعه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌میانی هۆشداریدانی به‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان وتی ناڕه‌زایی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌‌و گه‌وره‌تر ده‌بن‌و ره‌نگه‌ ببنه‌ مایه‌ی فه‌وزا. پێویسته‌ حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكانیش درك به‌وه‌ بكه‌ن‌و بڕیاری نوێ‌و بوێرانه‌‌و نائاسایی بۆ رزگاركردنی وڵات بده‌ن.

 

بورهان مه‌عموری ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی "سائیرون" كه‌ خاوه‌نی پله‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "وڵاته‌كه‌مان به‌قۆناغێكی مێژووییدا تێده‌په‌ڕێت‌و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا راست بكه‌نه‌وه‌‌و وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان بده‌نه‌وه‌‌و وڵات به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببه‌ن".

 

له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كۆتایی هاتووه‌، حزبه‌ عێراقییه‌كان له‌ حاڵه‌تێك له‌ نیگه‌رانیدا ده‌ژین، بۆ یه‌كه‌مین جاریشه‌ دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن له‌ژێر گوشاری ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ توڕانه‌دا كه‌ چاودێری ده‌رئه‌نجامی دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن، سیاسییه‌كان ترسیان له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی پشككاری هه‌یه‌ له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا ئه‌ویش له‌ترسی خۆپیشانده‌ران كه‌ داوای چاكسازی ده‌كه‌ن‌و له‌وه‌شدا سیستانی پشتیوانیانه‌.

 

هه‌روه‌ها یه‌كه‌م جاریشه‌ هاوپه‌یمانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستبه‌رداری داواكردنی پۆست‌و پله‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت، چونكه‌ هه‌فته‌ی رابردوو موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری هاوپه‌یمانی "سائیرون" چه‌ند پێشنیارێكی بوێرانه‌ی راگه‌یاند بۆ ده‌ربازكردنی وڵات له‌ قه‌یرانه‌كه‌‌و ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ بێت كه‌ جه‌ماوه‌ر خۆشیان بوێت‌و وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌شی له‌ كه‌سانی ته‌كنۆكرات بن، سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر حزبه‌كانی دیكه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ ده‌رنه‌بڕن ئه‌وا هه‌رچه‌نده‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵام بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرێت‌و ده‌چێته‌ پاڵ خۆپیشاندانه‌كان.

 

عه‌لی سیستانی یاریزانه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی وڵاتیش داوای كرد سه‌رۆك وه‌زیرانێكی به‌هێز هه‌ڵبژێردرێت كه‌ بوێر بێت له‌ دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی‌و ئه‌ندامانی حكومه‌تیش ته‌كنۆكرات بن، پشتیوانی خۆیشی بۆ به‌رده‌وامبوونی ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌ربڕی بۆ هێشتنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ر سیاسییه‌كان تا داواكارییه‌كان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتاری سوننه‌ عه‌بدولقه‌هار سامه‌ڕائی ده‌ڵێت: "هاووڵاتیان بێ ئومێدبوون له‌ سیاسییه‌كان ئه‌و حزبانه‌ش كه‌ ئێستا دانوستان ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌وتوونه‌ته‌ دۆخێكی سه‌خته‌وه‌ به‌هۆی گوشاری ناڕه‌زاییه‌كان‌و مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی له‌ نه‌جه‌ف".

 

سامه‌ڕائی به‌ "نیقاش"ی وت: "پێویسته‌ به‌ره‌و حكومه‌تێكی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی نوێ بچین دوور له‌ سه‌ودانامه‌ی نهێنی بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی گوشار ده‌كات به‌ئاڕاسته‌ی بڕیاری ئه‌رێنی، هاووڵاتیان‌و مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینیه‌ له‌ نه‌جه‌ف، له‌كاتێكدا هێشتا سیاسییه‌كان بیر له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی رابردوو ده‌كه‌نه‌وه‌،  تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ رزگاركردنی وڵات حكومه‌تێكی ته‌كنۆكراته‌ كه‌ وڵات له‌ گه‌نده‌ڵی‌و وێرانبوون ده‌رباز بكات".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌و كاره‌سات‌و وێرانكاریه‌ش كه‌ شه‌ڕی دژ به‌ "داعش" دروستی كردوون، به‌ڵام حاڵه‌تێك له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیشی له‌نێو عێراقییه‌كاندا هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌‌و تائێستاش چیرۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی نێوان سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان‌و دانیشتووانی ئه‌و شارانه‌ له‌نێو خۆیاندا ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ توندڕه‌وان داگیریان كردبوون، ئه‌مڕۆش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی هه‌زاران قوربانی له‌ سه‌ربازان‌و دانیشتووان‌و وێرانبوونی شاره‌كان ته‌نیا له‌ ئه‌ستۆی سیاسییه‌كاندایه‌.

 

هه‌ژموونی ئێران‌و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ

بۆیه‌كه‌مین جار له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا عێراق له‌ حاڵه‌تێك له‌ ئارامی دیپلۆماسیدا ده‌ژی له‌گه‌ڵ ئه‌و دراوسێیانه‌ی كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وڵاته‌كه‌یان كردبووه‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حساباته‌كانیان له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیان، چونكه‌ ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ سعودیه‌ كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرا به‌ ناردنی تیرۆریستان بۆ عێراق، ده‌روازه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق كردووه‌ته‌وه‌‌و ئه‌مڕۆ هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر له‌نێوان حكومه‌تی عێراق‌و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو هه‌یه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ڕووی سیاسی‌و بازرگانی‌و ئابوورییه‌وه‌.

 

هه‌رچی سوریاشه‌ كه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بوو بۆ ناردنی تیرۆریستان بۆ عێراق له‌ده‌یه‌ی رابردوودا، ئه‌مڕۆ رۆچووه‌ته‌ نێو قه‌یرانێكی ناوخۆیی، هاوكات توركیا‌و ئێرانیش رووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ناوخۆیی بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه‌.

 

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ حكومه‌تی عێراقی ماوه‌ته‌واوبوو به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی بڕیارێكی بوێرانه‌ی دا به‌ پابه‌ندبوون به‌و سزایانه‌وه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانیه‌كانی كه‌ به‌غدا هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بوو، چونكه‌ كارێكی مه‌ترسیداره‌ سه‌ركێشی بكرێت به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ تائێستاش یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ راوه‌دوونانی توندڕه‌وان له‌ وڵاته‌كه‌‌و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی ئاماده‌كرن‌و پڕچه‌ككردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق.

 

هه‌موو كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌ چاوی هاوسۆزی له‌ عێراق ده‌ڕوانێت، بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌وڵی پشتیوانیكردنی وڵاته‌كه‌‌و بنیاتنانه‌وه‌ی وێرانكارییه‌كانی جه‌نگ ده‌ده‌ن، به‌كرداریش پرۆژه‌ی بچووكی په‌ره‌پێدانیان ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ پێوێسته‌ گه‌وره‌تر بكرێن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی حكومه‌تێكی فیدراڵی نیشتمانی ده‌كه‌ن كه‌ زامنی ئه‌وه‌ بكات پاره‌كان نه‌چنه‌ گیرفانی گه‌ندڵكاران‌و به‌توندی هه‌وڵی دابینكردنی خزمه‌تگوزاری‌و بنیاتنانی سیستمێكی ئیداری باش بدات كه‌ داخوازی هاووڵاتیان جێبه‌جێ بكات.

 

پێویسته‌ سیاسییه‌كانی عێراق درك به‌ قه‌باره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ بكه‌ن‌و رێز له‌ حاڵه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی نێوان عێراقییه‌كان بگرن‌و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌كاربهێنن بۆ كاركردن له‌سه‌ر ده‌ركردنی بڕیاری نیشتمانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی له‌به‌رچاو بگرێت، هه‌روه‌ها كار بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌ڵه‌كانی رابردووش بكه‌ن، ئه‌مه‌ دوا ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق یاخود سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ره‌س، ئه‌م جاره‌ ئه‌نجامه‌كان پێشبینی نه‌كراون.

 

دووشه‌ممه‌ی رابردوو په‌رله‌مانتار مشعان جبوری له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ "تویته‌ر" نووسیبووی: "پێشهاته‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانێك له‌ باشووری عێراقی (شیعه‌) بێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و ستایشی سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشو‌و ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی بكات، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كار گه‌یشتووه‌ته‌ حاڵه‌تێك له‌ شكست‌و خراپی كه‌ پێویستی به‌ گۆڕینی ته‌واوی رێساكانی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌مووان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌