راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌كنیكی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ
حزبه‌كان په‌رله‌مان ده‌ده‌نه‌ ده‌ست میدیاكار‌و گه‌نجان

مەعاز فەرحان
لیستی‌ حزبه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ خولی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مان پڕه‌ له‌میدیاكار، سیمای‌ لیسته‌كان ئه‌وه‌ ده‌نوێنێت، چوار ساڵی‌ داهاتوو بڕیاری‌ كۆتایی‌ هه‌ر لای‌ حیزبه‌كان بمێنێته‌وه‌و لای‌ په‌رله‌مان نه‌بێت.
9.08.2018  |  سلێمانی
 ( :وێنه Hama Sur)
( :وێنه Hama Sur)

بڕیاره‌ 30ی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 20ی‌ ته‌مموز، سه‌رجه‌م حزبه‌ به‌شداربووه‌كان، لیستی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌شی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد.

 

به‌چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌لیستی‌ ناوی‌ كاندیدی‌ قه‌واره‌كان، چه‌ندین میدیاكار ده‌رده‌كه‌ون، به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ كه‌سانی‌ پله‌ باڵای‌ حزبه‌كانیش له‌ناو لیسته‌كاندا سه‌رنجه‌كان زیاتر ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وان.

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌پێی‌ لیستی‌ كراوه‌یه‌و كاندیده‌كان ده‌نگ بۆ قه‌واره‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م لیسته‌كان به‌دوای‌ ئه‌و رووخسارانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ دیارن‌و خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌یانناسن، باشترین بژارده‌ش له‌و رووه‌وه‌ پێشكه‌شكاری‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانن.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، 100 كاندیدی‌ پێشكه‌شكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجترین ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ كردووه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌هه‌مان كاتدا، له‌سه‌دا پێنجی‌ كاندیده‌كانی‌ راگه‌یه‌ندكارن‌و له‌سه‌دا 35 تا 40 گه‌نجن.

 

خه‌سره‌ۆ گۆران، به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، وتی‌ "جارێ‌ ئه‌و كلتوره‌ له‌ كوردستان باو نییه‌ كه‌ كه‌سانی‌ یه‌كه‌می‌ حزبه‌كان بچنه‌ په‌رله‌مان، پێویسته‌ وابێت، له‌ دونیادا سه‌ركرده‌ی‌ حزب له‌په‌رله‌مان ده‌بن‌و چونكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌بێت، ئه‌م كه‌لتوره‌ جارێ‌ نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ كوردستان".

 

گۆران بۆ "نیقاش"ی‌ وت "من له‌سوید خوێندنم ته‌واو كردوه‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تی‌ حزبی‌ سۆسیال دیموكرات به‌ئه‌مینداره‌كه‌یانه‌وه‌ كاندیدده‌كران بۆ په‌رله‌مان حزبه‌كانی‌ دیكه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌".

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان 100 كاندیدی‌ هه‌یه‌، دیارترینیان بێژه‌ره‌كانی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ KNNن، _زمانحاڵی‌ بزوتنه‌وه‌_كه‌ن چوار بێژه‌ر‌و كارمه‌ندێك‌و سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌شی‌ كه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح_ه‌ پێشتر رۆژنامه‌نوس بووه‌‌و له‌سه‌دا 50ی‌ كاندیده‌كانیش گه‌نجن.

 

زمناكۆ جه‌لال، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، وتی‌ "مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نج ناسنامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان لیسته‌كانی‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌نجیان تێدایه‌‌و رۆژنامه‌نوسه‌كانیش له‌په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن‌و له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ knn بوون‌و ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ش ئۆرگانێكی‌ گرنگی‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌".

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان یه‌كێكه‌ له‌و هێزانه‌ی‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌لیسته‌كه‌دا هیچ ئه‌ندامێكی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن_ئۆرگانی‌ باڵا_ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ تێدا نییه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ زمناكۆ جه‌لال ده‌ڵێت "بۆ ئێمه‌ فراكسیۆنه‌كان بونه‌ته‌ شوێنی‌ پێگه‌یاندنی‌ چه‌ندین كادیر، پێكهاته‌ی‌ گۆڕان ئاسۆییه‌‌و هه‌میشه‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆن ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌".

 

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش لیستێكی‌ 60 كه‌سی‌ كاندیدكردوه‌‌و له‌سه‌دا 9یان میدیاكارن‌و له‌ سه‌دا 19شیان گه‌نجن، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌ی‌ پێشتر له‌بواری‌ راگه‌یاندندا كاری‌ كردوه‌.

 

قاسم گه‌ڵاڵی‌، به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، باس له‌وه‌ده‌كات كاندیده‌كانیان له‌سه‌ر له‌سه‌ر ئاستی‌ ته‌مه‌ن‌و پسپۆڕیه‌تی‌‌و ڕه‌گه‌ز دابه‌شكراون.

 

قاسم گه‌ڵاڵی‌، له‌باره‌ی‌ كاندیدكردنی‌ رۆژنامه‌نوس‌و گه‌نجه‌كانه‌وه‌، وتی‌ "خه‌ڵك كاندیده‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی‌ حزب ده‌یكات به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رناچێت‌و ده‌نگده‌ران ریزبه‌ندییه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌‌و ڕه‌نگه‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ حزبیش خۆی‌ كاندید بكات ده‌رنه‌چێت".

 

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، 40 كاندیدی‌ هه‌یه‌‌و یه‌كێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌و هێزانه‌ی‌ له‌ناو لیسته‌كه‌یدا جێگه‌ی‌ دیاری‌ بۆ میدیاكاران ته‌رخانكردوه‌، چوار كارمه‌ندی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ په‌یام_زمانحاڵی‌ كۆمه‌ڵ_ كاندیدكردوه‌‌و سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌ش كه‌ سۆران عومه‌ره‌ پێشتر رۆژنامه‌نوس بووه‌‌و كاندیدێكی‌ دیكه‌شی‌ پێشتر میدیاكار بووه‌.

 

هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح جێگری‌ پێشووی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، 100 كاندیدی‌ هه‌یه‌‌و كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات 3 میدیاكاری‌ كاندید كردوه‌‌و له‌سه‌دا 50 زیاتری‌ كاندیده‌كانی‌ گه‌نجن.

 

غه‌مگین كۆساری‌، میدیاكار‌و كاندیدی‌ هاوپه‌یمانی‌، پێیوایه‌ ڕۆژنامه‌نوسان‌و میدیاكاران چانسێكی "زۆر باشیان" هه‌یه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ فراوانی ده‌نگده‌ران.

 

كۆساری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حیزب پێویستی به‌وه‌ نییه‌ ئه‌م ده‌موچاوانه‌ به‌ خه‌ڵك بناسێنێت، به‌ڵكو خۆیان ئه‌ستێره‌و زۆرجار خۆشه‌ویستن له‌ناو خه‌ڵكدا".

 

زیاتر وتی‌ "خاڵێكی تر هێنده‌ی ڕۆژنامه‌نوس‌و میدیاكار له‌ناو ڕووداوه‌ سیاسیه‌كاندایه‌و سه‌روكاری له‌گه‌ڵ چاودێری بابه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كاندا ده‌كات كه‌سێكی تر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی تێدانییه‌، په‌رله‌مانیش بۆخۆی ئه‌ركه‌كانی هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌بریتین له‌ چاودێری داموده‌زگاكانی حكومه‌ت‌و شه‌ن‌و كه‌وكردنی شیكاره‌ سیاسیه‌كان‌و ئیشكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساو پێشنیاری چاكسازی‌و لێپرسینه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی تری نێو ده‌سه‌ڵاته‌ سیادیه‌كان كه‌ ئه‌مانه‌ به‌ میدیاكاران ده‌كرێن".

 

پێشه‌وا هه‌ورامانی‌، پێشكه‌شكاری‌ كه‌ناڵی‌ ڕووداو‌و كاندیدی‌ پارتی‌، هۆكاری كاندیدكردنی راگه‌یاندنكاران بۆ "ناسراویان" له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

 

هه‌ورامانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌شێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌كان زۆرجار شه‌ڕو ململانێكانییان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش راگه‌یاندنكاره‌كان له‌ قسه‌كردن‌و به‌رنامه‌و گفتوگۆكاندا به‌هێزترن".

 

له‌خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌ماندا به‌شێكی‌ زۆر له‌گفتوگۆ تونده‌كان له‌نێوان ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌دا بوون كه‌ پێشینه‌یه‌كی‌ كاری‌ میدیاییان هه‌بوو زۆرجار چاره‌سه‌ری‌ پرسه‌ سیاسیه‌كانیان زیاتر ئاڵۆز ده‌كرد.

 

به‌ڵام پێشه‌وا هه‌ورامانی‌، ده‌ڵێت "راگه‌یاندنكاران به‌سروشتی كاره‌كه‌یان چه‌قی خه‌مه‌كانی خه‌ڵكن‌و هه‌میشه‌ ئاگاییان هه‌یه‌ له‌ دۆخی خه‌ڵكه‌، پێموانییه‌ ڕاگه‌یاندنكاره‌كان ململانێكه‌یان دروست نه‌كردووه‌ حزبه‌كان له‌ كۆتایدا راگه‌یاندن ئاراسته‌ ده‌كه‌ن".

 

ئه‌گه‌رچی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ختی رۆژنامه‌نوسان‌و گه‌نجان كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ هیچ له‌و راستیه‌ نه‌گۆڕێت كه‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان ده‌دات ئه‌و كه‌سانه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانن‌و له‌ناو باره‌گا حزبیه‌كان داده‌نیشن.

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئاستی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كاندان به‌ هه‌موو لیسته‌كانه‌وه‌ ژماره‌یان له‌په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات میدیاكار‌و گه‌نجه‌كان بۆ دوا بڕیار بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ حزبه‌كانیان كه‌ له‌پشته‌وه‌ یارییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

 

چوار ساڵی‌ رابردو به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ ده‌ركردنی‌ یاسا گرنگ‌و حه‌ساسه‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای‌ حزبه‌كان، وه‌ك یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ هۆكاری‌ یه‌كه‌می‌ ململانێی‌ توندی‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بوو، په‌رله‌مان نه‌ك پرسه‌كه‌ی‌ یه‌كلانه‌كرده‌وه‌ به‌ڵكو خۆشی‌ بووه‌ قوربانی‌‌و ماوه‌ی‌ دوو ساڵ داخرا.

 

به‌بڕوای‌ هۆگر چه‌تۆ، رێكخه‌ری‌ تۆڕی‌ شه‌مس بۆ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردن، كاندیدكردنی‌ میدیاكار‌و گه‌نجان دوو دیوی‌ هه‌یه‌، وتی‌ "له‌لایه‌ك ڕه‌خساندنی‌ ده‌رفه‌ت بۆ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان كارێكی‌ باشه‌، به‌ڵام له‌لاكه‌ی‌ دیكه‌وه‌ خاڵی‌ بوونی‌ لیسته‌كان له‌كه‌سانی‌ پله‌ی‌ باڵای‌ حزبه‌كان دامه‌زراوه‌كان لاواز ده‌كات‌و ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تییه‌‌و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌‌و كێشه‌ی‌ دروستكردوه‌".

 

به‌بڕوای‌ هۆگر، هه‌ندێجكار پێویسته‌ لیستی‌ داخراو هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ حزبه‌كان خۆیان بچنه‌ په‌رله‌مان، "ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌لیستی‌ نیمچه‌ كراوه‌دا كاندیده‌كان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌‌و ئه‌وه‌ مه‌ترسی‌ دروستده‌كات كه‌ كه‌سه‌ ناودار‌و به‌رپرسه‌كان خۆیان هه‌ڵبژێرن ده‌رنه‌چن، له‌م مۆدێله‌ كه‌ كه‌سه‌ كاریزما‌و ناوداره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانن دواجار ده‌بێت په‌رله‌مانیش بگه‌رێته‌وه‌ بۆ لای‌ ئه‌وان".

 

هه‌ر به‌ته‌نیا كاندیدكردنی‌ گه‌نجان‌و رۆژنامه‌نوسان نییه‌، به‌پێی‌ لیستی‌ كاندیدی‌ حزبه‌كان، له‌كۆی‌ حه‌وت لیستی‌ دیاری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان سه‌رۆكی‌ چواریان پێشتر میدیاكاربوون، كه‌ ئه‌وانیش سه‌رۆكی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و لیستی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و لیستی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێیه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دواییان ئاماده‌نه‌بوون رێژه‌ی‌ گه‌نج‌و میدیاكاره‌كانیان بۆ "نیقاش" ئاشكرا بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌